ئەندازیار ڕێبین ئەحمەد حەوێز بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر بۆ گوڵان:   سەرەڕای وشكەساڵی و كەمئاوی یەك باخچە و پاركی هەولێر ڕووبەڕووی لەناوچوون نەبووەتەوە

ئەندازیار ڕێبین ئەحمەد حەوێز  بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر بۆ گوڵان:     سەرەڕای وشكەساڵی و كەمئاوی یەك باخچە و پاركی هەولێر ڕووبەڕووی لەناوچوون نەبووەتەوە

 

 

هەبوون و زیادكردنی ڕێژەی ستانداری سەوزایی شان بە شانی بەرفراوانبوونی شاری هەولێر، گرنگییەكی بنەڕەتی هەیە و پرسێكە پێویستە بایەخی جددی و بەرچاوی پێ بدرێت، ئەم بابەتە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ ئەندازیار ڕێبین ئەحمەد حەوێز بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* زۆر باس لە گرنگی و پێویستیی سەوزایی دەكرێت لە شارەكاندا، ئایا ڕێژەی سەوزایی لە ناو شاری هەولێر چەندە و تا چەند لە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتیدایە؟

- لە ڕاستیدا ڕێژەی سەوزایی ناو شاری هەولێر تا ئێستا (18.5%)ـە بە پێوەری ڕووبەر، چونكە پێوەر بۆ دیاریكردنی ڕێژەی سەوزایی زۆرە و ئەو ڕێژەیەی ئێمە دیاریمان كردووە بە پێی ڕووبەرە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر، كە سنووری هەر شەش بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ناو هەولێر دەگرێتەوە، ئەگەرچی ڕێژەی ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ سەوزایی هەر شارێك لە نێوان 30 تا 35%ـە، بۆیە لە ڕووی ڕێژەی سەوزاییەوە شاری هەولێر زۆری ماوە بگاتە ستانداردی نێودەوڵەتی، بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی پلان و بەرنامەمان هەبوو، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی نەتوانراوە پلان و بەرنامەكان بە تەواوی جێبەجێ بكرێن، ئەوە بوو لە ڕێگەی ئەو نەمامگانەی خۆمان كە چەندین نەمام و دار و درەختیان تێدا بەرهەم دێت و ئەو بەرهەمە ناوخۆییانە لە باخچە و پارك و نێوان شەقامەكاندا دەچێنین، بەو هۆیەوە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا توانیومانە ڕووبەری سەوزایی ناو شاری هەولێر بە ڕێژەی 1.5% زیاد بكەین.

* لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر پارك و باخچە لە ناو شاری هەولێر هەن، بەڵام ئەو زۆری و بەرفراوانییە پێویستیان بە زیاتر بەڕێوەبردن و نۆژەنكردنەوە هەیە، ئایا بۆ تەمویل و نۆژەنكردنەوەی پارك و باخچەكان چیتان كردووە؟

- بێگومان لە ئەنجامی ئەوەی كە ڕۆژانە خەڵك سەردانی باخچە و پاركەكان دەكەن، بەشێكیان لێرە و لەوێ سەوزایی و دارودرەختەكانیان وشك دەبن و تێك دەچن، یان لەناو دەچن، بۆ ئەمەش دەبێت پلانێك هەبێت بۆ نۆژەنكردنەوەیان، ئەگەرچی وەك باسمان كرد، قەیرانی دارایی كاریگەریی زۆری لەسەر ئەو لایەنەش هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ستافی بەڕێوەبەرایەتیی خۆمان هەیە و لە ڕێگەی ئەو دەرماڵەی هەمانە دەتوانین هەندێك نۆژەنكردنەوە بۆ پارك و باخچەكان بكەین، ئەو بەشانەش سەر لەنوێ چاك بكرێنەوە، یان نۆژەن بكرێنەوە بۆ هەموو باخچە و پاركەكان ئەو كێشە و گرفتانەی هەیە لە بەشی هونەریماندا دەرخستەمان ئامادەیە و هەموو دەرخستەكانیش بۆ سەرووی خۆمان بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەوانە كراون. هەروەها ڕێنمایی تایبەت هەیە بەوەی هەر پارك و باخچەیەك ئەگەر 10بۆ 15ساڵ بەسەریدا تێپەڕێت، پێویست بەوە دەكات هەموو بەش و بڕگەكانیان نۆژەن بكرێنەوە. هاوكات پلانی ئامادەكراو و دەرخستەشمان ئامادەیە بۆ دروستكردنی پارك و باخچەی دیكە، بەپێی بەرفراوانیی ئەو گەشەكردنەی لە ناو شار بەدی دەكرێت.

* هەولێر بەوە ناسراوە ژمارەیەكی زۆری شوێن و پانتایی زەوی بۆ باخچە و پارك لە ناو گەڕەكەكان و یەكەی نیشتەجێبوونەكاندا دیاری كراوە، ئایا بۆچی ساڵانە هەندێك لەو پارك و باخچانە دروست ناكرێت؟

- ئێمە وەك شارەزا و ئەندازیار هەندێك تێبینیمان لەسەر دابەشكردنی سەوزایی لە گەڕەك و یەكەنیشتەجێبووەكاندا هەیە، بۆیە كارەكە هەر ئەوە نییە كە پارچەیەك زەوی لە گەڕەكێك، یان لەشوێنێكی نیشتەجێبوون تەرخان بكەیت، بەڵكو پێویستە پێداچوونەوە بە دیاریكردنی شوێنی سەوزاییدا بكرێت، ئەویش ئەوەیە كە شوێنی نیشتەجێبوون لە گەڕەكەكاندا تەنیا چەند شوێنێكی بچووك نەبێت و نەكەوێتە ناو ماڵان، كە لە چەندین گەڕەك بووەتە هۆكاری گرفتی كۆمەڵایەتی، بەڵكو هەموو ئەو ڕووبەر و پارچە زەوییانەی بۆ سەوزایی و باخچەی گەڕەكێك تەرخان دەكرێت، ئەوە بكرێنە یەك ڕووبەری بەرفراوان و لە لایەكی گەڕەكەدا دابنرێت، كە بەمە سەوزایی و پانتاییەكە سوودی زیاتر دەبێت و كاریگەری و گرفتیش بۆ هیچ كەس و ماڵێك لەو گەڕەكە دروست ناكات، بۆ ئێمەش خزمەتكردنی ئاسانتر دەبێت، هەر بۆ نموونە لە كاتێكدا ڕێژەی 25%ی گەڕەكێك دادەنرێت بۆ چەند باخچەیەكی بچووك لە چەند شوێنێكی ناو گەڕەكەكە ئەو 25%ـە هەمووی بكرێتە یەك شوێن لە یەك لای گەڕەكەكە. بۆیە داواكارین لە لایەنی پەیوەندیدار نوێنەری ئێمە لە نەخشەدانانی ئاوەدانیدا بۆ پرس و ڕاوەرگرتن لەسەر باخچە و پاركەكان هەبێت، لەلایەكی دیكە لەگەڵ دروستكردنی هەر گەڕەكێكی تازە شوێن تەرخان كراوە بۆ باخچە و پارك، بەڵام لە بەر قەیرانی دارایی لە چەند ساڵی ڕابردوو نەمانتوانیوە لەو گەڕەك و شوێنانە باخچە و پاركی تازە دروست بكەین، ئەگەرچی ئێمە بەپێی ئەو بەرنامەی دامانناوە لەو پارچە زەوییانەی تەرخان كراون بۆ سەوزایی، بەكارمان هێناون، وەك غابات كە تێیاندا دار و درەختمان بە شێوەیەكی ئەندازەیی چاندووە، كە ئەمەش لە ڕووی سەوزایی و پاراستنی ژینگەشەوە سوودی خۆی دەبێت.

* ئایا زێدەڕۆیی لە لایەن وەبەرهێنەرانی یەكەكانی نیشتەجێبوونەوە لەسەر ئەو ڕووبەرە زەوییانە كراوە كە بۆ باخچە و پارك تەرخان دەكرێن؟ بۆچی هەندێ ڕووبەری زەوی كە بۆ باخچە و پاركن، بە ناوی زەویی نایاب فرۆشراون و ڕەگەزی زەوییەكە گۆڕاوە؟

- پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بەگشتی و یەكە نیشتەجێبوونەكانیش هیچ تەماسێكمان لەگەڵیان نییە، بەڵكو پەیوەستن بە نەخشەدانانی ئاوەدانی و سەرۆكایەتیی شارەوانییەوە، ئێمە هیچ نوێنەرێكمان لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان نییە، هەر بۆیە دەستەی وەبەرهێنان و نەخشەدانانی ئاوەدانی زیاتر لەو لایەنانە بەرپرسن، لەو كاتەوەی ئێمە لەم بەڕێوەبەرایەتییە دەستبەكار بووین، هیچ پارچە زەوییەك كە بۆ باخچە و پارك و سەوزایی تەرخان كرابێت، دەستكاری نەكراون و ڕەگەزەكەیان هەر وەك سەوزایی ماوە و نەگۆڕاون و ڕەگەزی هیچ پارچە زەوییەك ناتوانرێت هیچ لایەنێك بیگۆڕیت، بەڵكو تەنیا بە فەرمانی جەنابی سەرۆكی حكومەت دەگۆڕدرێت كە ئەوەش تەنیا لە كاتێكدایە كە پێویست بێت و یاسا و ڕێنماییەكانیش ڕێگە بدەن.

* لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ وشكەساڵی و كەمئاوی بوو، چۆن توانیتان ڕۆژانە بە بەردەوامی ئاودانی باخچە و پارك و دوورگەكانی ناوەڕاستی شەقامەكان ئەنجام بدەن؟

- سەرەڕای ئەوەی كە كەشوهەوای شاری هەولێر جیاوازە لە شارەكانی دیكەی هەرێم وەك سلێمانی و دهۆك، كە لەو شارانە لە هاویندا پلەی گەرما نزمترە و ڕێژەی شێ زیاترە، چونكە چوار دەوریان شاخ و چیایە و دەریاچە و سەرچاوەی ئاوی سەرزەوییان لێ نزیكە، بەڵام هەولێر دەشتاییە و هیچ ئاوێكی لێ نزیك نییە، هەر بۆیە شاری هەولێر لە هاوین پلەی گەرمای زۆر بەرزە و هەندێ ڕۆژ و كات دەگاتە 50 پلەی سەدی، وەرزی زستانیش سەرمایەكی زۆر و وشكی هەیە، كە ئەمانە هەمووی وا دەكات باخچە و پارك و دار و درەختەكانی شاری هەولێر زیاتر ڕووبەڕووی وشكبوونەوە و لەناوچوون ببن. هەموو ئەوانەی باسمان كرد و وشكەساڵی و كەمئاوییش، كاریگەرییان زۆر زیاتر دەبێت لەسەر شاری هەولێر، بەڵام ئێمە بەرنامەی تایبەتمان لەلایان كارمەند و ستافەكانمانەوە هەیە بۆ پرۆسەی ئاودانی باخچە و پارك و شوێنە سەوزاییەكان، بۆ دوورگەی ناوەڕاستی شەقامی 60مەتری بە ئاودانی پڕژاندن و دڵۆپەیە، كە بۆڕییەكانی ئاودان لە ژێرەوەیی سەوزاییەكان و دارودرەختەكاندایە، بۆ هەموو شوێنەكانی دیكە لە ڕێگەی تانكەرەوە بە درێژایی شەو و ڕۆژ ستاف و كارمەند دانراون پرۆسەی ئاودان جێبەجێ دەكەن و پرۆسەی ئاودان بە تانكەر لە ڕێگەی تەندرەوە بە كەرتی تایبەت دراوە، و لە هەر شوێنك بزانین ئاودانی پێویستە، یان لە لایەن هاووڵاتییانەوە ئاگادار بكرێینەوە، ئەوە دەمودەست تانكەرەكانی ئاودان دەگەنە شوێنەكان و دەست بە ئاودان دەكەن. ئەو پرۆسە بەردەوامەی ئاودان وای كردووە كە لەو وشكەساڵی و كەمئاویشدا یەك باخچە و پارك و شوێنی سەوزایی لە شاری هەولێر تووشی لەناوچوون و مەترسیی وشكبوون نەبێتەوە، لە لایەكی دیكە بەدواداچوونی بەردەواممان بۆ باخچە و پارك و شوێنە سەوزاییەكانی شاری هەولێر هەیە، هەر درەختێك، یان پارچەیەك سەوزایی كێشەی بۆ دروست بێت، یان وشك هەڵگەڕێت، ئەوە ئێمە نەمامگەی خۆمان هەیە لەو ڕێگەیەوە چارەسەری ئەو كێشە و گرفتانەش دەكەین.

* ئایا بۆچی ناكرێتە نەریتێك، كە هەموو ماڵ و دووكان و كۆمپانیا و سوپەرماركێت و كارگە و وێستگەكان لە بەردەمی شوێنەكانی خۆیاندا بە ئیجباری درەخت بچێنن و ئیدارەشی بدەن؟

- كارێكی بنەڕەتییە كە گیانی دۆستایەتیی ژینگەمان هەبێت و، هاووڵاتی و خێزانەكان خۆیان دۆستی ژینگە بن و هۆشیاریی ژینگەییان بەو ڕادەیە هەبێت، كە دارودرەخت و سەوزاییان وەك بەردەوامیی ژیان خۆش بوێت، لەلایەكی دیكەوە پێشتر لە شاری هەولێر هەندێ نەمام و درەخت چاندرابوون و چواردەوریان تەلبەند كرابوو، بۆ ئەوەی لەناو نەچن، بەڵام ئێستا لە چەندین گەڕەك و شەقام و شوێنی گشتی دارودرەخت و سەوزایی زۆر دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر گەشە دەكەن، كە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئێستا لە هەولێر ئاستی هوشیاری و پاراستنی ژینگە زۆر بەرز بووەتەوە و دەكرێت بڵێین پێویستە هاووڵاتییان بۆ جوانكاریی شار و پاراستنی ژیانی خۆیان و خۆشگوزەرانیی خێزانەكانیان، هەر یەكەی چەند نەمام و درەختێك لە بەردەمی ماڵەكانیاندا بچێنن و پارێزگاریشیان لێ بكەن، بەو هەنگاوەش دەتوانرێت ڕێژەی سەوزایی زیاتر بكرێت و ئاو و هەوای خۆشترمان دەست بكەوێت.

* بۆچی ئێستا وەك پێشتر ناتوانن نەمام و درەخت لە دەرەوەی وڵات بهێنن؟

- پێش قەیرانی دارایی حكومەت بە بەهای 700 ملیۆن دینار تا یەك ملیار دینار، نەمام و درەختی بۆ سەوزایی شاری هەولێر دەكڕی، بەڵام لەپاش ئەو كاتەوە ئێمە بەرنامەیەكمان دانا بۆ بەرهەمهێنانی نەمام و درەخت لە ناوخۆ، كە پێشتر یەك نەمامگەمان هەبوو، بەڵام وەك بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكان، دوو نەمامگەی دیكەشمان دروست كرد و ئێستا ساڵانە لە ڕێگەی هەر سێ نەمامگە 100 هەزار نەمام بەرهەم دەهێنین، كە ئەمەش لە ڕێگەی كۆكردنەوەی تۆوی دار و درەختەكانی سەرشەقامەكان و قەڵەمكردنی درەختەكانە، كە بە كەمترین خەرجیش بەرهەم دێت و تەنیا پارەی كیسی چاندن و كرێكارەكانی تێ دەچێت.

 

Top