ئاگرین عەبدوڵڵا ئاگرین بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و كاروباری ڕێگاوبان بۆ گوڵان: بە یەك گوژمە 60 ملیار دینار بۆ ڕێگای كەلار-دەربەندیخان تەرخان كراوە

ئاگرین عەبدوڵڵا ئاگرین بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و كاروباری ڕێگاوبان بۆ گوڵان: بە یەك گوژمە 60 ملیار دینار بۆ ڕێگای كەلار-دەربەندیخان تەرخان كراوە

 

ئاشكرایە حكومەتی هەرێمی كارنامەیەكی گشتگیری هەیە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و باشتركردنی دەستەبەری خزمەتگوزارییە بنەڕەتی و سەرەكییەكان بۆ هاووڵاتییان، یەكێك لەو بوارانەی خزمەتگوزارییەكان دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكانە و لەم ڕووەوە هەنگاوی باش و بەرچاو هەڵگیراوە، ئەم پرسە بووە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ ئاگرین عەبدوڵڵا ئاگرین بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن.

  • هەروەك ئاشكرایە بایەخدان بە دروستكردن و چاككردنەوەی ڕێگاوبانەكان یەكێكە لە ئەولەوییەتە سەرەكییەكانی حكومەت، ئایا گرنگترین پڕۆژەكانی ڕێگاوبان كە دەستیان پێ كردووە و جێبەجێ كراون چین؟
    - لە ئێستادا چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیی ڕێگاوبان لە بواری جێبەجێكردندان، بە چەشنی پڕۆژەی ڕێگای دۆڵی بالیسان كە نۆژەن دەكرێتەوە و بڕی سێ ملیار و حەوت سەد ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە و كۆمپانیای شارستێن تێیدا دەست بەكار بووە و درێژیی ئەو ڕێگایە نزیكەی 50 كیلۆمەتر دەبێت، كە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین لە حاجیاوا دەست پێ دەكات تا دەگاتە ناحیەی بالیسان، لەوێشەوە تا دەگاتە ڕێگای خەلیفان لەو ڕێگایە ئێستا 23 كیلۆمەتری خراوەتەبەر نۆژەنكردنەوە بە شێوەیەكی زۆر باش و ستاندار. چونكە ئەو بەشە كێشە و گرفتی زۆری تێدا دروست ببوو، لەبەر ئەوەی بارهەڵگرێكی زۆر ئەو ڕێگایە بەكاردەهێنن. هەروەها پڕۆژەی ڕێگای دۆڵی زەرزێش كە لە سنووری ئیدارەی سۆرانە، ئەوە كاركردن تێدا بەردەوامە. یەكێكی دیكە لە پڕۆژە گرنگەكان، كە لەلایەن ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی بۆ دانرا، دروستكردنی ڕێگای دوو سایدی نێوان سپیلك – خەلیفانە كە بڕی 64ملیار و دوو سەد و چل و پێنج ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە، ئەم ڕێگایە بەشێكە لە شادەماری ڕێگاوبانی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو بەشەی سپیلك بۆ خەلیفان بەشێكی گرنگی ئەو ڕێگا ستراتیژییەی نێوان پایتەختی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی سۆرانە و لەوێشەوە بەرەو دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران.
    * بەڵام چەندین پڕۆژەی گرنگیش جێبەجێ كراون و خراونەتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە، ئایا دەكرێت ئاماژەیان پێ بكەن؟
    - گرنگترین پڕۆژە جێبەجێكراوەكان بریتین لە بەدووسایدكردنی ڕێگای نێوان هەولێری پایتەخت و پارێزگای دهۆك و ئیداری زاخۆ و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، كە ئێستا ئەو ڕێگایە لە خاڵی دەستپێكی ئیبراهیم خەلیلەوە تا دەگاتە شاری هەولێر بە شێوەیەكی زۆر گونجاو و سەركەوتوو جێبەجێ كراوە. تەنیا یەك بەشی بچووكی نەبێت كە دەكەوێتە نێوان چوارڕێیانی باعەدرێ و ئەڤریكی كە ئەو بەشەش بەرینە و كێشەی نییە، هەر بۆیە ئەم ڕێگایە لەلایەن هاووڵاتیان بەتایبەت بارهەڵگرەكان بە شێوەیەكی تەندروست و كەمترین كێشەی هاتوچۆ بەردەوام شەو و ڕۆژ هاتوچۆی لەسەرە و لەو ڕێگایە گرنگترین بەشی كە زۆر بە ئەندازەیی و ستاندار تەواو بووە پردی زێی گەورەیە. هاوكات پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژی كە لەو كابینەیەدا تەواوبووە كە ئەویش تونێڵی پیرمام و ڕێگا پێوەبەستراوەكانیەتی كە ئەم پڕۆژەیە هەشت كیلۆمەتر ڕێگاشی لەگەڵدا بوو كە ئەو تونێڵ و هەشت كیلۆمەتر ڕێگایە پێش تەواوبوونی وەك گرێكوێرەیەك وابوو لە بەردەمی ئەو ڕێگا گرنگ و شادەماری هاتوچۆیە كە بە تەواوبوونی ماوەی نێوان شەقڵاوە - هەولێر 20 خولەك كەم بووەوە.
    * ئایا بۆ ڕێگاوبانی سنووری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان كە كێشەی زۆریان تێدایە و ڕۆژانە ڕووداوی نەخوازراوی هاوچۆیان تێدا ڕوودەدات، چی كراوە و پلان و بەرنامەتان بۆیان چییە؟
    - بەداخەوە ئەو ڕێگاوبانانەی دەڤەری سلێمانی ڕێژەی ئەنجامدان و كاركردن تێیاندا هەر لە دواوە بوون، پڕۆژەی ڕێگاوبانەكانی ئەو سنوورە پارەی زۆریان پێویستە و ئەو كۆمپانییانەی كە لە پڕۆژەكانی ڕێگاوبانی سنووری سلێمانی كاردەكەن، بودجەی پێشینەیان دەوێت، بەڵام ئەو كۆمپانییانەی لە ڕێگاوبانەكانی هەولێر و دهۆك كار دەكەن، داوای بودجەی پێشینە ناكەن، بەڵكو پڕۆژەكان تەواو دەكەن، لە پاشان وردە وردە بودجەی پڕۆژەكانیان وەردەگرن، كە ئەم دیاردەیە لە سنووری سلێمانی گەرمیان نییە، هەر بۆیە پڕۆژەكانیان دواكەوتن و كاركردن تێیاندا ڕاوەستاوە، یان كاركردن تێیاندا زۆر سستە. هەرچەندە ئێستا جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێگای نێوان كەلار – دەربەندیخان 60 ملیار دیناری بە یەك وەجبە بۆ تەرخان كردوون، ئەمە گەورەترین بودجە تەرخانكردنە بۆ پڕۆژەیەك، تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەكمان لە هەولێر نییە ئەو ژمارە گەورە و بودجەیەی بە یەك وەجبە بۆ تەرخان كرابێت، بەڵام بەداخەوە كێشەی نەبوونی نەختینە لە بانكەكانی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان ڕێگرە لە بەردەمی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەی سنووری سلێمانی و گەرمیان. هەرچەندە وەزارەت هەوڵی داوە و یەكێك لە پێشنیارەكانمان بۆ ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی كوردستان ئەوە بووە، ئەگەر بكرێت مانگانە لە داهاتی نەوت 10ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە تەرخان بكرێت، بۆ تەواوكردنی ئەو كۆمەڵە پڕۆژە دواكەوتوو و وەستاوانەی پێ تەواو بكرێن كە دەكەونە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین. لەلایەكی دیكەوە تونێلی دەربەندیخان پڕۆسەیەكی یەكجار ئاڵۆزە كە بودجە و ئیمكانیاتێكی یەكجار زۆری دەوێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی، بەڵام ئەگەر بمانەوێت ڕێگای هاتوچۆ لە نێوان سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان چارەسەر بكەین، پێشەكی دەبێت ڕێگای كەلار-دەربەندیخان تەواو بكەین كە ئەمەش 60ملیار دیناری كاشی پێویستە. لە پاشان پێویست بەوە دەكات تونێلێكی تازە دروست بكەین لەگەڵ ڕێگا بەستراوەكانی كە بە مەزندەی ئێمە 200ملیۆن دۆلاری پێویستە و دەبێت ڕێگای وارماوە-دەربەندیخانیش تەواو بكەین، ئەم ڕێگایەش نزیكەی 10ملیار دیناری دەوێت. لە پاش بە یەكەوە بەستنەوەی ئەو سێ ڕێگایە ئینجا دەتوانین بڵێین ڕێگای نێوان سلێمانی-گەرمیان دەبێت بە ڕێگایەكی دووسایدیی گونجاو. هەر بۆیە لە ئێستادا زۆر زەحمەتە ئەو بودجەیە هەر هەمووی بە یەكەوە بتوانرێت تەرخان بكرێت. هەر چەندە وەك ئاماژەم پێدا وەزارەت بۆ هەر هەمووی هەوڵی داوە و بە سوپاسەوە ڕێزدار سەرۆكی حكومەت 60ملیاری تەرخان كرد بۆ ڕێگای كەلار-دەربەندیخان، بەڵام كاركردن تێیدا زۆر سستە، چونكە هەفتانە، یان دوو هەفتە جارێك 200 ملیۆن دینار بە كاش لەلایەن بانكەكانی گەرمیانەوە دابین دەكرێت، كە ئەمەش پارەیەكی زۆر كەمە. هەروەها بۆ تونێلی دەربەندیخانیش لە گفتوگۆداین لەگەڵ كۆمپانیایەكی توركی كە بێت بە شێوەی قەرزی دواخراو جێبەجێی بكات و زۆر مەبەستمانەوە و لە هەوڵی بەردەوامداین و جەنابی سەرۆكی حكومەتیش زۆر پەرۆشە و تەئكید لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكاتەوە، چونكە لە دەمی تونێلی دەربەندیخان تا وارماوە ڕووداوی نەخوازراو و دڵتەزێنی هاتوچۆی زۆر ڕوودەدات. لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگایە بەرزە و گرێی تێدایە، ئەوە بارهەڵگرەكان بە خاوی دەڕۆن و ئۆتۆمبێلەكانی دواوەیان زۆر جار تووشی تەجاوز دەبن و لە ئەنجامدا پێكدادان و كێشەی هاتوچۆی نەویستراو و ناخۆش ڕوودەدەن، بۆ چارەسەری ئەو كێشانە وەك دەستپێك لە پڕۆژەكە تونێلی دەربەندیخان نۆژەن دەكەینەوە و ڕووناكی و نیشانەی هاتوچۆی باش و گونجاو و پێویستی بۆ دادەنین و لەو شوێنانەی تكەی ئاوی هەیە، چارەسەری دەكەین. لە پاشان ڕێگای وارماوە - ناوتاق دەربەندیخان كە لەپلانیش نییە، بە سوپاسەوە جەنابی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی كوردستان بۆ ئەو پڕۆژەیە 5ملیار و 700ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كرد كە ئەو ڕێگایە كە قیرتاو بكەین و درێژییەكەی 22 كیلۆمەترە و دەبێتە ڕێگایەكی بەدیل و گونجاو كە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان بگوازرێنەوە سەر ئەم ڕێگایە و بە ناو دەربەندیخان و تونێلی دەربەندیخاندا هاتوچۆ نەكەن، بەمەش ڕووداوی ترافیك كەم دەبێتەوە. هەر چۆنێك بێت، ڕەزامەندیمان بەدەست هێناوە بۆ ئەم دوو كارو پڕۆژەیەی ئەم دەڤەرە و لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. هاوكات بۆ هەمان ڕێگا بەرنامەیەكی دیەكەمان هەیە تاوەكو زیاتر بتوانین ڕووداوی هاوچۆ كەم بكەینەوە. هەر چەندە مەرج نییە ڕووداوەكان هەر هەمووی پەیوەندی بە ڕێگاوبانەوە هەبێت، ئەو بەرنامەش بریتییە لەوەی كە لە دەمی تونێلی دەربەندیخانەوە بۆ وارماوا ئەو ڕێگایە بەرفراوان بكەین و نیشانەكانی هاتوچۆی تەواوی بۆ دابنین و بە شێوەیەكی ئەندازەیی و گونجاو هێڵكاری و نەخشەكێشی بۆ بكەین، تاوەكو هەر ئۆتۆمبێلێك ئەو هێڵ و نەخشانە بەكار بێنێت كە دەبێتە هۆی سەلامەتیی خۆی و هاووڵاتیان و كەمبوونەوەی ڕووداوەكانیش.
    * ئەی ڕێگای هەولێر – كۆیە كەی تەواودەبێت كە ڕێگایەكی گرنگی هاتوچۆیە بە تایبەت بۆ بەستنەوەی هەولێر بە سلێمانییەوە؟
    - ڕێگای هەولێر- كۆیە پێنج قۆناغە و كێشەكە لەوەدایە بودجەیەكی یەكجار زۆری پێویستە كە 360ملیار دیناری پێویستە و قۆناغی پێنجەمی ئەو پڕۆژەیە تەواوكردنی تونێلی هەیبەت سوڵتانە و لە ئێستادا نەتوانراوە پارەی پێویست بۆ تەواوكردنی ئەو پڕۆژەیە دابین بكرێت.
    * باشە تونێلی چیای بەنی هەریر بەچی گەیشت كە چەندین ساڵە لە بەرنامەدایە؟
    - ئەو پڕۆژەیە لە ئێستادا وەستاوە، چونكە بودجەیەكی یەكجار زۆری پێویستە، بەڵام بۆی هەیە بەدووسایدكردنی ڕێگای سپیلك – خەلیفان بە تەواوبوونی قەرەبووی ئەو تونێلەی بەنی هەریر بكاتەوە بۆ هاتوچۆكردنی هاووڵاتیان.
    * پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێمی كوردستان بە چی گەیشتووە؟ ئایا ئەو پڕۆژەیە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان بە یەك دەگەیەنێت، یان سنووردارە؟
    - پڕۆژەی هێلی ئاسنین لە بەرنامە و پلاندایە و لەلای ئێمە و حكومەتیشەوە گرنگی تایبەت و ستراتیژی هەیە و لە جێبەجێكردنی ئەو هێڵەدا هیچ شارێكی سەرەكیی هەرێمی كوردستان بەتایبەت شاری سلێمانی لە بیر ناكات و لە ناو پڕۆژەكەدایە، بەڵام پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەڕ لە هەرێمی كوردستان لە دراسەكردن و دانانی كەڵك و سوودی ئابووریدایە و ئەو جۆرە پڕۆژانە لە هەموو وڵاتانی دونیادا بە پێشكەوتووەكانیشەوە 5 تا 6 ساڵی پێویستە تا تەواو دەبێت.
    * چ ڕێكارێك گیراوەتەبەر بۆ ئەو زێدەڕۆییانەی كراوەنەتە سەر ڕێگاوبانەكان؟
    - لە سەردانی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن باسی زێدەڕۆییەكانی سەر ڕێگاوبانەكان كرا، خۆشبەختانە بڕیارێكی دەركردووە كە هەماهەنگییەكی باش لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەبێت و لێژنەیەكی هاوبەش پێكهێنراوە و هەموو زێدەڕۆییەكان دەستنیشان كراون و لە هەوڵی نەهێشتن و چارەسەركردنی ئەو بابەتەین.
Top