خەونە بێكۆتاكانی بریانكا

خەونە بێكۆتاكانی بریانكا

بریانكا شۆبرا ئێستا بووەتە یەكێكە لە سەركەوتووترین ئەستێرەكانی بۆڵیۆد و توانیویەتی رێگەی سەركەوتنی خۆی دیاری بكات، تەنانەت لە یەكەمینەكانە لە رووی زۆریی ژمارەی ئەو كارانەی بەشدارییان تێدا دەكات، چونكە بەرهەمهێنەر و دەرهێنەرەكان هەمیشە هەوڵ دەدەن لە كارەكانیاندا بەشداریی پێ بكەن.
دەرهێنەرەكان پێیان وایە هەر كارێكی بریانكا تێیدا بەشدار بێت، سەركەوتنی مسۆگەرە، سەبارەت بەم سەركەوتنەی چەند بوارێكی دیكەی ژیانی تایبەتی خۆی، دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری (Star World India) ئەنجام داوە و لە میانەی دیمانەكەدا باسی لە ژیانی تایبەتی خۆی كرد و رایگەیاند: «خۆم هەست بەوە دەكەم كە تا راددەیەكی زۆر جیاوازم لە زۆر كەس، بەتایبەتی ئەوانەی لە بواری هونەردا كار دەكەن، خۆشەویستیم بۆ هونەر وای كردووە كە هەمیشە چاوم لە پێشكەوتنی زیاتر بێت، چونكە كەسێكم، هەمیشە خەون و ئاواتم زۆرە، بۆیە هەوڵ دەدەم كە بەرەو پێشەوە بڕوانم و ئاواتەكانم بێنمە دی».
سەبارەت بە هەوڵەكانی بۆ سەركەوتن لە ژیاندا بریانكا دەڵێت: «دوای ئەوەی بە شاجوانی هیندستان هەڵبژێردام، دواتریش بووم بە هەڵگری نازناوی شاجوانی جیهان، بەر لەوەی روو لە بواری نواندن بكەم، بۆ ماوەیەك بووم بە ئەندازیار، بەڵام تەنیا بوون بە ئەكتەر و شاجوان نابێتە هۆی ئەوەی كە سنوورێك بۆ ئاواتەكانم دابنێم، هیوا و ئاواتی من سنووری نییە».
سەبارەت بە كار كردنی لە دەرەوەی سنووری وڵاتەكەی بریانكا دەڵێت: «هیندستان وڵاتی هونەرمەندانە، ئێمە خاوەن هونەرمەندی زۆر گەورەین كە سنووری وڵاتیان تێپەڕاندووە، ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت كە پشت لە وڵاتی خۆمان بكەین، بە پێچەوانەوە هەمیشە شانازی بەوەوە دەكەین كە رۆڵەی هیندستانین، كە روومان لە دەرەوەش كردووە، تەنیا بۆ ئەوە بووە كە ناوبانگی وڵاتەكەمان بەرز بكەینەوە و بیسەلمێنین كە ئێمەش لە بواری هونەردا هیچمان لە كەسی دیكە كەمتر نییە».

Top