دروستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان پەرلەمان و زانكۆكان بە پێویست دەزاندرێت

دروستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان پەرلەمان و زانكۆكان بە پێویست دەزاندرێت

 

لە پێناو چەسپاندنی زیاتری یاسا و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و سەرخستنی پرسە هەنووكەییەكانیان و رێكخستنەوەی كۆمەڵگە لە تێكڕای كایەكانی، دروستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان پەرلەمان و ناوەندە مەعریفییەكان بە تایبەت زانكۆكان، لەناویشیاندا توێژینەوەی بەشی یاسایی قوتابیان بە پێویست دەزاندرێت. قوتابیان ساڵانە توێژینەوەكانیان پێشكەش بە زانكۆ دەكەن بێ ئەوەی سوود لە توێژینەوەكانیان وەربگیرێت و ماندووبوونیان و توانای هزریان بە هەند وەربگیرێت. ئایا توێژینەوەی قوتابیانی بەشی یاسایی تاچەند گونجاوە بۆ ئەوەی لە پەرلەمان سوودی لێوەربگیرێت و یاسای پێ دەربكرێت؟ بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی پرسیارەكە دەدەنەوە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سەرەتا تاڤگە عومەر بەڕێوەبەری گشتی یاسا و مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، جەخت لەوە دەكاتەوە كە: «ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و ئەكادیمی سەرچاوەیەكی بەهێز و بنەمایەكی پتەوە بۆ ئامادەكردنی رەشنووسی یاساكان، چونكە لە رێگەی توێژینەوە خاڵە لاواز و بەهێزەكان دەستنیشان دەكرێن، بابەتەكان شی دەكرێنەوە، سامپڵی پێویست وەردەگیرێت و بۆچوونەكانیان شی كردنەوەی زانستی بۆ دەكرێت. جگە لەوەی لە زۆربەی توێژینەوەكان بەراوردكاری لەگەڵ ئەزموونی وڵاتان دەكرێت، ئەویش لەسەر بابەتێكی پەیوەندیدار ئاستەنگەكان دیاری دەكرێت و راسپاردە و پێشنیاری گونجاو دەخرێتە روو، بۆیە لە توێژینەوە زانستی و یاساییەكان ئەركی هاوڵاتی و مافەكانی و ئەركەكانی دەوڵەت دیاری دەكرێت، هاوكات لێپرسراوێتی دەستنیشان دەكات، بۆ هەڵسوكەوتی مرۆیی و كۆمەڵایەتی لە كێشەكانی تاك و كۆمەڵ دەكۆڵێتەوە».

هاوكات دەڵێت: «كەواتە لێرەوە دەردەكەوێت كە توێژینەوەی زانستی كۆمەڵە هەنگاوێكی رێكخراوە و ئامرازی بەكارهاتووە بۆ لێكۆڵینەوە لە بابەتێكی زانستی دیاریكراو، كە ئامانج لێی گەیشتنە بە دیارترین پێشكەوتن لەم بوارە، ئەو فاكتەرانەن كە پەیوەندییان بە بنەما یاساییەكان و دەستوورییەكان هەیە، كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیانی تاك و كۆمەڵگاوە هەیە و كاركردن بۆ پێشكەوتنی و هەروەها دۆزینەوەی رێگە چارەی گونجاو بۆ گرفتەكانی ناو كۆمەڵگە و هەوڵ دان بۆ چارەسەر كردنی بە شێوازی جیاواز لە ئێستا و داهاتوودا».

تاڤگە عومەر لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: «هەر بۆیە زۆربەی ئەم توێژینەوانە بە سەرچاوەی زانستی باوەڕپێكراو دادەنرێت بۆ ئامادە كردنی پرۆژە یاساكان و پاشان دەركردنی یاسای پێویست، چونكە ئامانج لە یاسا بریتییە لە رێكخستنی كۆمەڵگە و هەندێك جار لە خۆ گرتنی سزای پێویست بۆ سەرپێچیكارانی ئەحكامەكان كەواتە بەو پێیەی كە یاسا پێویستە هەڵقوڵاوی پێداویستی كۆمەڵگە بێت، ئەوا توێژینەوە زانستییەكانیش سەرچاوەی سەرەكی دارشتنەوەو دەركردنی پرۆژە یاساكان بێت».

سەبارەت بە هەمان پرس شاخەوان خالید یاساناس و مافپەروەر لەم بارەیەوە گوتی: «ساڵانە لە زۆربەی كۆلێژەكان بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە سەدان توێژینەوەی زانستی و ئەدەبی لە بوارە جیاجیاكان ئەنجام دەدرێت، لە كۆلێژی یاساش بەهەمان شێوە توێژینەوەی بەكالیۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا پێشكەش بە سەرۆكایەتی زانكۆ دەكرێت، گومانی تێدا نییە ئەو توێژینەوانە بە كۆمەڵێك قۆناغ تێپەڕ دەبن، ئەویش بە سەرپەرشتی پسپۆڕ و مامۆستای تایبەت بەشێوەیەكی ئەكادیمی زانستی بەڕێوەدەچێت، ئەوەش گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی زانست و بڵاوكردنەوەی، كە وادەكات قوتابیان و خودی زانكۆكە سوودی لێوەربگرن، لەهەمان كاتدا ئەو توێژینەوانە سوودیان بۆ بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگە و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی تایبەتن بەو بوارە هەیە».

هەروەها گوتی: «بەداخەوە تاوەكو ئێستا بەشێوەیەكی كردەیی سوود لە توێژینەوەی قوتابیان وەرنەگیراوە، تەنانەت سوود لە توێژینەوەی قوتابیانی یاساییش وەرنەگیراوە كە ساڵانە لەبوارە جیاكانی یاسا سەدان توێژینەوە دەكرێ، پێویستە خودی پەرلەمان خۆی لە رێگەی تایبەت لەو بوارانەی كاری لەسەر دەكات بۆ پڕۆژە یاساكان داوای توێژینەوەكان بكات و سوودیان لێوەربگرێ، لەبەر ئەوەی لە ‌هەموو دونیا هەر لایەنێك و دەزگایەك سوود لە توێژینەوەی قوتابیان و زانكۆكان وەردەگیرێت بۆ دانانی یاسا و چارەسەركردنی گرفتەكان لە بوارە جیا جیاكان و بەرەو پێشبردنی كۆمەڵگە، بۆیە دەكرێ هەماهەنگی هەبێت لە نێوان كۆلێژی یاسا و لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی‌ هەردوولا سوود لەیەكتر وەربگرن، بەتایبەت پەرلەمانی كوردستان بۆ دەركردنی یاساكان سوود لە توێژینەوەی قوتابیان وەربگرێ».

هەر لەمبارەیەوە پارێزەری راوێژكار هاودەنگ شێخ جەمال، هێما بۆ ئەوە دەكات: «توئژینەوەی قوتابیان ئەگەر لە ئینتەرنێت وەرنەگیرابێت و ناوەرۆكی توێژینەوەكە هەڵقوڵاوی واقعی كۆمەڵگەی كوردستانی بێت سوودی زۆری دەبیت، ئەویش بۆ دەركردن و رێكخستنی یاساكان، هاوكات پەرلەمان دەتوانێت سوود لە توێژینەوەی پارێزەران ببینێت، چونكە بەپێی یاسای پارێزەران هەركەسێك پلەی بگۆڕدرێت بۆ راوێژكار، لەسەر پێویست دەبێت توێژینەوەیەك پێشكەش بە سەندیكای پارێزەران بكات، ئەو توێژینەوانەی پارێزەرێك ئەنجامی دەدات لە رووی یاساییەوە توێژینەوەیەكی تەواو كاملە و سوودێكی زۆری دەبێت».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە پێتوایە ئەگەر توێژینەوەی قوتابی بۆ دۆخی ئەمڕۆی هەرێم گونجاو بێت، گرنگی پێبدرێت و بنێردرێتە پەرلەمان و یاسای پێ دەربكرێت؟ ئەو پارێزەرە گوتی: «دەركردنی یاسا دەبێت بەپێی كات و شوێن بێت و لەگەڵ بارودۆخەكان بگونجێت، بێگومان توێژینەوەش سوودێكی زۆری دەبێت بۆ پەرلەمان بۆ دەركرنی یاسا و رێكخستنەوەی یاسا بەركارەكان. دەكرێ پەرلەمان ئەو بابەتانە بنێرێت بۆ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی قوتابیان لەسەر ئەو بابەتانە توێژینەوەكانیان ئەنجام بدەن، واتا هەماهەنگی لەنێوان پەرلەمان و زانكۆ هەبێت».

 

Top