حكومەتەكەی سوودانی و گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم

حكومەتەكەی سوودانی و گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم

 

 

بەپێی ئەو بەرنامە وەزارییەی كۆی لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە «هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت» بۆ پێكهێنانی كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی لەسەری ڕێككەوتن و ئیمزایان كردووە و لە دوو تەوەری سەرەكی پێكهاتووە «تەوەری جێبەجێكردن و تەوەری یاسادانان»، هەست دەكرێت لایەنە سیاسییەكانی ناو ئەم هاوپەیمانییە پێش هەموو شت لەسەر گۆڕینی ئەقڵییەتی سیاسی بۆ «حوكمڕانی» گەیشتوونەتە تێگەیشتنێكی هاوبەش و، لەمەش زیاتر گەیشتوونەتە قەناعەتێكی هاوبەش بەوەی ئەگەر بێت و ئەو ئەقڵییەتە سیاسییەی لە دوای ساڵی 2003وە هەتا ئێستا حوكمڕانیی عێراقی هەڵسووڕاندووە، گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت، ئەوا نە عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە دەبینێت، نە دەتوانرێت گەلانی عێراق بەتایبەتی «باشوور و ناوەڕاستی عێراق» لەو نەهامەتی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەكییانە ڕزگار بكرێت، كە ئێستا بە دەستیەوە دەناڵێنن.

ئەم وەرچەرخانە لە ئەقڵییەتی تایفەگەرییەوە بۆ ئەقڵییەتی هاوسەنگی و هاوبەشی بۆ حوكمڕانیی دەوڵەت هەتا ئەگەر وەرچەرخانێكی ناچاری بێت و لایەنەكانی چوارچێوەی هەهانگیی شیعە لەژێر گوشاری شەقامدا پەنایان بۆ بردبێت، بەڵام هەر بە وەرچەرخانێكی ئەرێنی و پۆزەتیڤ بۆ تێكڕای عێراقییەكان لە قەڵەم دەدرێت و، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردووی پرۆسەی حوكمڕانیی تازەی عێراقدا زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلار لە بەر دەستی حكومەتەكانی عێراق بووە، بەڵام نەتوانراوە بچووكترین خزمەتگوزاری پێشكەش بكەن، بەڵام لە ئێستادا كە نییەتیان بەو شێوە پیشان دەدەن، بەوەی كە دەیانەوێت سەرلەنوێ پرۆسەی بونیادنانەوەی دەوڵەت دەست پێ بكەنەوە و دەستووری عێراق جێبەجێ بكەن، ئەوا ئەگەر لەسەر ئەم ئاراستەیە لەگەڵ نییەتی خۆیان ڕاستگۆ بن، گۆڕانكاریی گەورە لە بارودۆخی عێراق و ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق دێتە ئاراوە.

Top