ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی ١١ی٢٠٢٢ ، بەخۆشحاڵییەوە پەرلەمانی کوردستان پڕۆژە یاسای (پەروەردە و فێرکردن)ی لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد، ئەم پڕۆژە یاسا پەسەندکراوە بەشێک بوو لە ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان .
بەڕاسپاردەی رێزدار "مەسرور بارزانی " سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستمان بە ئامادەسازیی کرد و بەپاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێردرا بۆ پەرلەمانی کوردستان. ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە سوپاسی بەرێزان سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان و سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی یاسایی و تەواوی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی شورای هەرێم و هەموو ئەو ئەکادیمیست و ناوەندانە دەکەین، کە بەسەرنج و تێبنییەکانیان پڕۆژە یاساکەیان دەوڵەمەندتر کردووە، هەروەها لەگەڵ دەست بەکاربوونمان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە هەوڵماندا کە پڕۆژە یاساییەک پێشکەش بکەین بۆ ئەوەی ببێتە هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ دانانی بناغەی سیستەمێکی پەروەردەیی کوردستانی ، کە وابکات بۆ کەرتی پەروەردە سەقامگیری دروست بکات و سوود لە پرۆژەکانی ڕابردوو لەم بوارە و لە ئەزموونە یاساییەکانی چەندین دەوڵەت وەرگیراوە، لە نوێوە پرۆژەکە لە وەزارەتی پەروەردە لە کابینەی نۆیەم نوسرایەوە و لە ئەنجومەنی وەزارەت گفتوگۆی لە بارەوە کرا و پاشان تیمێکی بچوکراوە بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی بەرێز وەزیری پەروەردە بە چڕی کاری تێدا کرا و دەیان شەو کارکردن تا کاتژمێر (١)ی شەو بەردەوام بوو بۆ سود وەرگرتن لە ئەزمونەکان و گفتوگۆی بیرۆکەکان ، سەرەنجام هەوڵماندا پرۆژە یاساییەکی پەروەردەیی کوردستانی پێشکەش بکەین وە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیاتر رێکخستنی کەرتی پەروەردە و ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی پڕۆژە یاسایەکی پەروەردە و فێرکردنی پەسەندکراوی پەرلەمانە کە لە ١٨١ ماددە پێکهاتووە ، کە پڕۆژە یاسا پەسەندکراوەکە دید و فەلسەفە و ئامانج و تێروانینی بۆ بونیادنانی تاکێکی نیشتمانی کوردستانی بڕوا بە دیموکراسی بە دادپەروەری و پێکەوەژیان و ژینگەپارێزی و بیرکەرەوە داناوە ، ئەم پڕۆژە یاسا پەسەندکراوە ڕەچاوی هەموو رێکەوتننامە و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی کردووە سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن و مافەکانی منداڵان و خاوەن پێداویستی تایبەت، و بابەتی کوالێتی و رێکخستنەوەیەکی دیکەی گرنگی بواری خوێندنی ناحکومی و مافی خوێندنی بەزمانی دایک بۆ قوتابیانی پێکهاتەکان لەخۆگرتووە، کە بەشێوەیەکی گشتی وەزارەتی پەروەردە لە پاش بڵاوبوونەوەی فەرمی لە وەقائعی کوردستان پابەند دەبێت بەجێبەجێکردنی ماددە و بڕگەکانی یاسای پەروەردە لە هەرێمی کوردستان ،کە ئومێد دەکەین وەچەرخانێکی جۆری لە پرۆسەی پەروەردە لەخۆ بگرێت.
سوپاس بۆ هەموو ئەو بەرێزانەی ڕۆڵیان هەبوو ، بە هەر شێوازێک بێت ، لە دانانی ئەو پرۆژە پەسەندکراوە و پیرۆزبایی لەسەرجەم پەروەردکاران و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان دەکەین.

وەزارەتی پەروەردە
۱٥ی۱۱ی۲۰۲۲

Top