پڕۆفیسۆر یانیس ستیڤاچتیس بۆ گوڵان:   ئەمریكا بە هەڵەداچوو كە پێی وابوو ڕووسیا ناتوانێت بەرگەی شەڕێكی دوور و درێژ بگرێت

پڕۆفیسۆر یانیس ستیڤاچتیس بۆ گوڵان:     ئەمریكا بە هەڵەداچوو كە پێی وابوو ڕووسیا ناتوانێت بەرگەی شەڕێكی دوور و درێژ بگرێت

 

 

یانیس ستیڤاچتیس پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی تەقەنی ڤێرجینیا، لە هەمان كاتدا سەرۆكی بەش و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی نێودەوڵەتییە لە هەمان زانكۆ، وانەبێژ و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە، وەك ستراتیژیەتی یەكێتیی ئەوروپا، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتە ناوخۆییەكان، سیستمی جیهانی و نێودەوڵەتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە پتر پەیوەست بوو بە شەڕی بەردەوامی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و هۆكارەكانی درێژەكێشانی و ئەگەری ئەوەی ئەم شەڕە بە چ ئاقار و ئاڕاستەیەكدا دەڕوات.

 

 

 

* هەروەك ئاشكرایە كە ڕاڤە و لێكدانەوەیەكی زۆر كرا بۆ هۆكارەكانی هەڵگیرسانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و بە دیاریكراوی پاساوەكانی ڕووسیا بۆ هەڵگیرساندنی ئەم شەڕە، بەڵام ئێستا دەمانەوێت پرسیاری ئەوە بكەین كە بۆچی ئەم شەڕەی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا هێندە درێژەی كێشاوە و ئایا پێت وایە شەڕەكە بە چ ئاڕاستەیەكدا دەڕوات؟

- بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەتوانین ئاماژە بەوە بكەین كە سەرۆك ڤلادمیر پوتین هێزی سەربازیی پێویستی لەبەردەستدا نەبوو، بۆ جێبەجێكردن، یان بۆ بەدیهێنانی ئەو خەون و ئامانج و پلانەی كە هەیبوو، بە چەشنێك من پێم وایە ئەو لە سەرەتاوە سەرجەم هێزی سەربازی و سوپای وڵاتەكەی نەخستە نێو شەڕەكەوە، ئەویش لەبەر ئەوەی نەیدەتوانی بیانوو و پاساوی قەناعەتپێهێنانی گەلی ڕووسیا گەڵاڵە بكات لەم بارەیەوە، ئەمەش دۆخێكی خوڵقاند كە نەتوانرێت تێكڕای ئامانجەكانی بەدی بهێنێت. بەڵام دوای كشانەوەكانی ڕووسیا لە كیێڤ (پایتەختی ئۆكرانیا) و لەم دواییەدا لە شاری خێرسۆن، ئەوا خەڵكی ڕووسیا پتر بوونە پشتیوانی سوپای وڵاتەكەیان. كەواتە ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەمەوە، ئەوا هۆكاری ئەوەی سەرۆك ڤلادمیر پوتین نەیتوانی تەواوی ئامانجەكانی بەدی بهێنێت، ئەوە بوو كە ژمارەیەكی پێویستی سوپای وڵاتەكەی لە شەڕەكەدا بەكار نەهێنا، دووەم هۆكاریش ئەوە بوو نەیتوانی هەر لە سەرەتاوە شەڕێكی گەورە و بەرفراوان و بەربڵاو بەرپا بكات، لەبەر ئەوەی نەیدەتوانی بە چەشنێك پاساوی بۆ بهێنێتەوە كە گەلی ڕووسیا پشتیوانی لێ بكات. لە ئێستادا بارودۆخێك دروست بووە كە پێم وایە تاوەكو ئۆكرانیا پتر بەرگری و بەرهەڵستی بكات، ئەوا ڕووسیا زیاتر و زیاتر ڕۆدەچێتە نێو شەڕ و ناكۆكییەكەوە. مەبەستم ئەوەیە لە سەرەتادا باس لەوە دەكرا كە هەر دوو گەلی ڕووسیا و ئۆكرانیا دۆستی یەكن و هەردووكیان بە ڕەچەڵەك سلاڤین، بەڵام دوای ئەوەی ئۆكرانیا دەستی دایە بەرگری و دوورخستنەوەی و پاشەكشەپێكردنی سوپای ڕووسیا، ئەوا پێم وایە گەلی ڕووسیا پتر پشتیوانی سەرۆك ڤلادمیر پوتین دەكەن لەم شەڕەدا. ئەگەر وەڵامی ئەو بەشەی پرسیارەكەشتان بدەمەوە كە پەیوەستە بە درێژەكێشانی ئەم شەڕەوە، ئەوا ڕەنگە لەو پرسانەی باسم كرد، جۆرێك لە ئاماژە لە خۆ بگرێت لە بارەی هۆكارەكانی بەردەوامبوون و درێژەكێشانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی من ئەوەیە كە لە كۆتایی بەهاری ساڵی داهاتوودا ئەم شەڕە بەرەو كۆتایی بچێت. و لەم ڕووەوە پێم وایە ڕووسیا خوازیاری ئەوە نییە كە درێژە بە شەڕەكە بدات و بیەوێت بەردەوام بێت، ئەویش لەبەر هۆكاری ئابووری، لێرەدا نەك لەبەر ئەوەی تووشی بارێكی نالەباری ئابووریی ئەوتۆ دەبێتەوە كە ناچار دەبێت شەڕەكە ڕابوەستێنێت، بەڵكو بۆ ئەوەی كاری دیكە ئەنجام بدات.

* لەم ڕۆژانەی دواییدا باس لە ئەگەری گفتوگۆ كرا و بە شێوەیەكی گشتی باس لەوە دەكرێت كە ڕەنگە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە هەمان ڕەوت و ڕێژەی پێشوو درێژە بە هاوكارییەكانیان بۆ ئۆكرانیا بدەن و ڕەنگە جۆرێك لە گوشاری لەسەر دروست بكەن، بۆ ئەوەی دەست بە دانوستاندن بكات، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

- ئەوە ڕاستە كە منیش پێشبینی ئەوە ناكەم كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ڕۆژگار و سەردەمانێكی دوور و درێژ هاوكاریی سەربازی و ئابووری و دارایی بۆ وڵاتی ئۆكرانیا دابین و دەستەبەر بكەن. لەم ڕووەوە دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە هەڵەداچوو لەو ڕووەوە كە پێی وابوو ڕووسیا ناتوانێت بەرگەی شەڕێكی دوور و درێژ بگرێت. لەلایەكی دیكەوە سەرۆك ڤلادمیر پوتین بەشێكی زۆری سوپای وڵاتەكەی بەكار نەهێناوە لە شەڕەكەدا، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری بەشداریكردنی ناتۆ لە شەڕەكەدا، مەبەستم ئەوەیە سەرۆك پوتین تێكڕای سوپای وڵاتەكەی نەخستووەتە گەڕ لەم شەڕەدا، چونكە ئەگەر تەواوی سوپاكەی شەكەت بكات بەم شەڕەوە و دواتریش ناتۆ بێتە نێو شەڕەكەوە، ئەوا كێشە و تەنگژەیەكی گەورە بۆ ڕووسیا دروست دەبێت. واتە لە ئێستادا ڕێژەیەكی بەرچاوی سوپای ڕووسیا نەهاتوونەتە نێو شەڕەكەوە و لە ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێكی بەشداریكردنی ناتۆ لە شەڕەكەدا. كەواتە دەتوانم پێشبینیی خۆم دووبارە بكەمەوە بەوەی لە كۆتایی بەهاردا جۆرێك لە یەكلابوونەوەی شەڕەكە ببینین، هەرچەندە كەسانێك هەن پێیان وایە تا هاوینی ساڵی داهاتوو درێژە دەكێشێت، بەڵام من ئەمە بە زەحمەت و دژوار دەزانم.

* ئاشكرایە كە ڕووسیا لەم شەڕەدا تووشی زیان و خەسارەتێكی زۆری سەربازی بووە و لەم ڕووی ئابوورییەوە چەندین سزای بەسەردا سەپێندراوە و، باس لەوە دەكرێت كە لە داهاتوودا ئابووریی ڕووسیا تووشی كێشە و داكشان دەبێت، ئەگەرچی لە ئێستادا ئەمە بە چەشنێكی بەرچاو ڕووی نەداوە، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە و تا چەند ئەم شەڕە پێگەی ڕووسیای لاواز كردووە؟

- لە ڕاستیدا من پێم وانییە ڕووسیا بە سزای ئابووری كاریگەر بووبێت، خۆ ئەگەر ڕووسیا بیەوێت چیتر درێژە بە شەڕەكە نەدات، ئەوە لەبەر ئەوە نییە كە لە ڕووی ئابوورییەوە ناچارە ڕێگاچارەیەكی لەم چەشنە بگرێتەبەر، ئەگەریش ئەم كارە بكات، ئەوا بۆ ئەوەیە ژیانی وڵاتەكەی بە چەشنێكی دیكە دابڕێژێتەوە و دۆخەكە بە ئاراستە و ئاقارێكی دیكەدا ببات. دواتر ئەوەی پەیوەست بێت بە كاریگەریی سزا و ڕێكاری ئابووری و داراییەكانەوە لە دژی ڕووسیا و لەلایەن ڕۆژئاواوە، ئەوا دەكرێت بوترێت كە ئەم سزایانە دەرئەنجام و لێكەوتەی نەخوازراو و پێچەوانەوەیان لێ كەوتووەتەوە. خاڵێكی دیكە كە دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم، كە ماوەیەكی زۆر پێش ئێستاش باسم كردووە، ئەوەیە كە ڕۆژئاوا مەزەندەی هەڵەی بۆ ژێرخانی ڕووسیا هەبووە، بە تایبەتی ڕاددەی پڕچەكبوونی سوپای ڕووسیا، چونكە ئەوەتا هێشتا ڕووسیا مووشەك و تەقەمەنی لێ نەبڕاوە، بە پێچەوانەوە ئەوە ئەوروپایە كە تەقەمەنی لێ بڕاوە، بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە باس لەوە دەكرێت ئەمریكا وەك پێویست تەقەمەنیی نەماوە بۆ ئەوەی بۆ ئۆكرانیای دابین بكات، ئەویش لەبەر ئەوەی ژێرخانی پیشەسازیی سەربازیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە چەشنێكە كە كاتێكی زۆری دەوێت كە چەك و تەقەمەنیی نوێ دروست بكاتەوە. خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە ئەوەی ئەمریكا لە ماوەی ڕابردوودا، یان با بڵێین لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بەرهەمی هێناون، زیاتر بۆ شەڕی بچووك و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسیی تیرۆریزم گونجاون. لە كاتێكدا ڕووسیا چەك و تەقەمەنی بۆ شەڕێكی جیاواز بەرهەم دەهێنا و ئەوەی تا ئێستا بەكاریشی هێناوە، زۆرێك لە تەقەمەنییە كۆنەكانیەتی.

* وتەیەكی وەزیری پێشووتری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (كۆندۆلیزا ڕایس) هەیە كە دەڵێت: ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت، ئەوا پێش ئەوەی ئەوروپا وزەی ڕووسیای لێ ببڕدرێت، ئەوا ڕووسیا پارەی لێ دەبڕێت، بەڵام هەروەك ئێوەش لە وەڵامەكەتاندا ئاماژەتان پێ كرد، سزاكان بوونە هۆی گرانبوونی وزە و ڕووسیا داهاتێكی زیاتری دەستكەوت، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

- من سوپاستان دەكەم بۆ ئەم پرسیارە و لە ڕاستیدا من ماوەیەكی زۆرە ئەوەم وتووە كە لێدوانەكانەكانی بەرپرسانی ئەمریكا كێشەئامێزن و ڕەنگدانەوەی واقیع و هەلومەرجەكە نین. لەم ڕووەوە من ڕەخنەم لەم لێدوانانە گرتووە، چونكە پێم وایە ئەگەر بتەوێت ستراتیژیەتێكت هەبێت و ئەو ستراتیژیەتەش سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوا دەبێت هەم خۆت بناسیت و هەم دوژمنەكەشت، خاڵی سەرەكیی بۆچوونەكەی من ئەوە بوو كە نە ویلایەتە یەكگرتووەكان و نە ئەوروپا سەركەوتوو نابن، لەبەر ئەوەی دوژمنەكانی خۆیان ناناسن، كە بە شێوەیەكی سەرەكی مەبەستم لە ناسینی وڵاتی ڕووسیاییە. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە ئەوروپا و ئەمریكا مەزەندەی زیاتریان بۆ تواناكانی خۆیان هەبووە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەو بارودۆخەی كە هاتووەتە ئاراوە و دروست بووە.

Top