دكتۆر عیرفان ڕەشید شەریف ئەندامی مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بۆ گوڵان:   مەلاكانی كوردستان خۆیان بە خاوەنی شۆڕش زانیوە و لێی دانەبڕاون

دكتۆر عیرفان ڕەشید شەریف  ئەندامی مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بۆ گوڵان:     مەلاكانی كوردستان خۆیان  بە خاوەنی شۆڕش زانیوە و  لێی دانەبڕاون

 

 

 

ڕۆڵی زانا و مامۆستایانی ئایینی لە گەیاندنی پەیامی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە خوداپەرستی و چاندنی تۆوی تەبایی و یەكتر قبووڵكردن و ڕێگەگرتن لە نانەوەی پشێوی و دووبەرەكیدا دیار و بەرچاوە، زانا و مامۆستایانی ئایینی كورد دژی هەموو بازرگانیكردن و دەستكەوتێكی دونیایی بوون كە بە ئایینەوە دەكرێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرێكی دیكەی پەیوەندیدار لە مێژووی پرشنگداری مامۆستایانی ئایینیدا لەناو دۆزی ڕەوای كورد، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر عیرفان ڕەشید شەریف ئەندامی مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان سازدا.

 

* میللەتەكەمان لە قۆناغێكی هەستیاردایە، كەچی حزبە كوردستانییەكان هەر یەكەو لە لایەك گوتاری بۆ دۆخەكە هەیە، ئایا ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی بۆ پاراستنی دۆزی ڕەوای كورد چییە؟

- بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان. مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێكی گەورەیان لە ڕێنوێنیكردنی پەیامی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا هەیە، بەرەو تەبایی و یەكتر قبووڵكردن، خودای گەورەو میهرەبان دەفەرموێت: «وَتَعَاوَنُوا عَلَي الْبِرِّ وَالتَّقْوَي وَلا تَعَاوَنُوا عَلَي الإثْمِ وَالْعُدْوَانِ». هەموو هاوكارییەك لەسەر چاكە و لە خودا ترسان فەرمانی خودایە و، جێبەجێكردنی ئەركە لەسەر موسڵمانان و هەموو تاكێكی دیكەی ناو كۆمەڵگە، بە جیاوازی بیروباوەڕ و ئایین و لایەنیانەوە. زانایانی ئایینی ئیسلام ڕوو لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەن بۆ ئەوەی بیر لە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كورد بكەنەوە، نابێت لە ئەدەبیاتی ئەو لایەنانەدا بەرژەوەندیخوازیی كەسی و حزبی زاڵ بێت بە سەر بەرژەوەندیی گشتیدا، شەهید و خەبات و فرمێسكی دایكی جگەرسووتاو داوای یەكگرتن و تەباییمان لێ دەكەن، لە دواڕۆژدا هەموومان بەرپرسین بەرانبەر ئەو هەنگاوانەی لە دونیادا ناومانە، لەسەر دڵسۆزی بۆ خاك و نەتەوە و خەڵكی، پاداشتی خودا هەیە، هەروەكو چۆن لەسەر پەرتەوازەیی و تێكدان و خیانەت سزا و نەفرینی خودا هەیە.

* ئایا ڕێزلێنانی سەرۆكی حكومەت بۆ مامۆستایانی ئایینی بۆ ئێوەی مامۆستایانی ئایینی چ پەیامێك دەگەیەنێت و، تا چەند گرنگە سەرۆكی حكومەت لە مامۆستایانی ئایینی نزیك بێت؟

- زانایانی ئایینی ئیسلام لە زانستە عەقڵی و نەقڵییەكاندا دەستێكی باڵایان هەیە، دەتوانن وەڵامگۆی هەموو پرسە شەرعی و كۆمەڵایەتییەكان بن، هەر كەسێك نزیك بێت لە زانایانی گەورەی ئایینی ئیسلام، بارگاوی دەبێت بە زانست و مەعریفە و ناكەوێتە هەڵە و كەموكورتییەوە. گرنگە جەنابی سەرۆكی حكومەت و تەواوی بەرپرسانی حكومەت لە زانایان نزیك بن، بە هۆی پەیوەندیی توندوتۆڵی كۆمەڵایەتی و نزیكییان لە خەڵكەوە، چونكە زانایانی گەورەی ئایینی ئیسلام لە ئێش و ئازاری خەڵكی تێدەگەن. خۆ ئەگەر سەرۆكایەتیی حكومەت ئەو دابڕانەی لەگەڵ نوخبەی زانایاندا نەهێڵێت، ئەوكات بە دڵنیاییەوە تین و گوڕێكی دیكە دەبەخشێتە حكومەت، جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانە كە بۆچی تاكو ئێستا لە سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكایەتیی حكومەت زانایەكی بەرزی شارەزا و ڕاوێژكارێك نییە، لە كاتێكدا لە 96%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان موسڵمانن. هەنگاوی جەنابی سەرۆكی حكومەت بۆ خەڵاتكردنی زانایان جێگای دەستخۆشییە و هەستكردنی بەڕێزیانە بە پێگەو ڕێگە و كەسایەتییان، ئاوڕدانەوەی جەنابیان هۆكارێكە بۆ زیاتر ناساندنی مێژووی خەبات و قوربانیدانی ئەم میللەتە، كە زانایان وەكو كەناڵێكی گەیاندنی خێرا، دەتوانن پەیوەندیی توندوتۆڵ لەگەڵ ناوەندە ئایینی و ئیسلامییەكانی جیهاندا ببەستن، لەو ڕێگەیەشەوە پەیامی ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستانەی كورد بگەیەنن.

* هەندێك كەس دەڵێن ئایینی پیرۆزی ئیسلام بووەتە كەرەستەیەك بۆ بیدعەی سیاسی، ئەمەش وای كردووە سۆفیگەری و تێگەیشتنی كوردانە بۆ ئیسلام بشاردرێتەوە، دەبێت چی بكرێت بۆ ئەوەی بازرگانێتی و بیدعەی سیاسی بە ئایینەوە نەكرێت؟

- تێگەیشتن لە ئیسلام وەكو دواهەمین ئایینی سەر ڕووی زەوی، وابەستەی تێگەیشتنی زانا بەرزەكانیەتی كە دەست بە دەست تا دەگاتە پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لەسەر بێت) بە ئەمانەتەوە ئەم ئایینەیان وەرگرتووە و بێ هیچ مەرامێكی كەسی بە خەڵكیان گەیاندووە، كە خۆی لە پەرستنی خودایەكی تاك و تەنیادا دەبینێتەوە، كە زاتی (الله)یە، بڕوابوون بە فریشتە و كتێبە پیرۆزەكان و پەیامبەرەكان و ڕۆژی دوایی و بڕوابوون بە قەدەر و فەرمانكردن بە چاكە و نەكردنی خراپە، تێگەیشتن لە ئیسلام مرۆڤێكی پاك و بێگەرد و ئامرازێكی خێر بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرهەم دەهێنێت، بەدەر لەمانە، بەكارهێنانی ئیسلام بۆ بەرژەوەندیی خود و دەستخستنی سەروەتی دونیا بە ناوی ئیسلامەوە، دوورو نزیك پەیوەندیی بە خودا و ئایینە پیرۆزەكەیەوە نییە. لە ڕابردوودا هەموو ئەو گرووپانەی هاتنە سەر شانۆی سیاسەت و هەوڵیان دا بۆ دەسەڵات و حوكمڕانی لە جیهاندا سەركەوتوو نەبوون، چونكە كەموكورتی لە پەیام و پڕۆگرامەكانیاندا هەبوو. ئەوانە بەشێك بوون لە دروستكردنی گرفت و خوێنڕشتن و لە بەردەم دەستكەوتە كەسییەكاندا بەچۆكدا هاتن، هەموو چەمكەكانی (جیهاد و جێگیركردنی شەرعی خودا)یان لە ئەدەبییاتیاندا كاڵ كردەوە و كەوتنە خۆشییەكانی ژیان، شانبەشانی كەسە دەستڕۆیشتووەكانی دونیایان دەكرد لە هەڵپەی دونیا و خۆشییەكانیدا، بۆیە لە زەویی ئەو كەسانەدا تۆوی دینداری ڕاستەقینە سەوز نەبوو، لە كانیاوی خەیاڵی ئەواندا كەسە دڵسۆزەكان تینیوێتییان نەشكاوە.

* جیاوازیی نێوان موسڵمان و ئیسلامی چییە؛ ئایا میللەتی كورد موسڵمان نییە، ئیتر بۆچی كەسانێك پەیدا بوون بەناوی ئایینەوە دەیانەوێت ببینە ئیسلامی سیاسی؟

- جیاوازییەكی ڕیشەیی هەیە لە نێوان (موسلیم) و (موتەئەسلیم) كە پێی دەوترێت (ئیسلامی)، موسڵمان بڕوای بە زاتی (الله) هەیە و وەكو خودا و پەرستراو، بڕوای بە حەزرەتی محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) هەیە، وەكو دواهەمین پێغەمبەر، نوێژ دەكات و ڕۆژوو دەگرێت و ئەگەر ماڵی هەبێت، زەكات دەدات و فەریزەی حەج جێبەجێ دەكات. ئەوەی ئەم خاڵانەی هەبێت دێتە ناو بازنەی (ئیسلام)ـەوە، بەڵام كەسی (ئیسلامی) كە ئەمیش موسڵمانە، كار لەسەر بە ئایدیۆلۆجیكردنی ئیسلام دەكات، بۆ بەڕێوەبردنی تاك و كۆمەڵگە و بەشداریكردنی لە تەواوی پرسە سیاسییەكانی وڵات، تا ئێرە گرفتێكی ئەوتۆمان نییە، بە ئەندازەی ئەوەی كێ دەتوانێت بۆ دۆزی كورد خشتێك بخاتە سەر دیواری سەربەخۆیی كوردستان و پاشكۆ نەبوون بۆ وڵاتانی ناحەز، كێش دەتوانێت خەڵكی لە نەهامەتی قوتار بكات، كێ دەتوانێت دەوڵەتی دامەزراوەی یاسایی دروست بكات، هەموو ئەم پرسیارانە چاوەڕوانی وەڵامن، لە هەموو گرنگتر وەڵامی ئەو پرسیارەیە، بۆچی ئەو بۆشاییە دروست بوو كە (ئیسلامی) وەكو تاك و كۆمەڵ (حزب) دروست ببێت؟ وەڵامەكە ئاشكرایە، بە هۆی دووركەوتنەوەی حزبە كوردستانییەكانە لە ئەدەبیاتی ئایینی و خۆدوورخستنەوە لە مزگەوت و بەشدارنەبوون لە عیبادەت و خوداپەرستییەكان و وێناكردنی حزب و تاكی حزبی كوردی بە كەسێكی یاخی لە ئایین، ڕێگەدان بە كەسانێك لە ناحەزانی ئیسلام بە نووسینی گوتاری نامۆ و نەخشەداڕشتنی نامۆ بۆ تاك و كۆمەڵگە، ئەمانە هۆكاری دەركەوتنی ڕەوتی ئیسلامییە لە جیهان و ناوچەكە و هەرێمەكەی ئێمەدا.

با گەورە سیاسییەكانی ئێمە لە مزگەوت و بۆنە ئایینییە ئیسلامییەكاندا دەر بكەون، لە وتار و نوێژی هەینیدا ببینرێن، وەكو بەشێك لە سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، با برەودانیان بە سەنتەری ئایینی خۆماڵی زیاتر بكەن، با كەناڵی ئیسلامی تایبەت بە ئایین دابمەزرێنن، با زانایانی هوشیار و خاوەن پەیام لە دامەزراوەكانی حكومەتدا جێگە بكەنەوە، ئەو كات بۆشایی نامێنێت، تا كەسانی دیكە بێن و بە پڕۆگرامی دەرەكی و نامۆ بەم میللەتە پڕی بكەنەوە. ئەوە وڵاتانی دراوسێیە كە توانیویانە سوود لە ئیسلام وەربگرن، بۆ جێگیركردنی پرسی نەتەوەیی خۆیان، كوشتن و بڕین و وڵات و سەرمایە و بەرنامەیان بارگاوی كردووە بە ئایین، خۆیان وا وێنا كردووە كە نوێنەری خودان و بەرگریكارێكی سەرسەختن لە ئیسلام و موسڵمانان و بە ناوی گەلانی چەوساوە قسە دەكەن، توانیویانە لەم ڕێگایەوە سۆزی هەزاران كەس بۆ خۆیان ڕابكێشن و پەیامی بەرژەوەندیخوازانەی خۆیان بگەیەنن. بەداخەوە ئێمە نەمانتوانیوە سوود لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام وەربگرین بۆ خزمەتی گەل و وڵاتمان، وا دەزانین گەلانی ڕۆژئاوا هەموو داخوازییەكانمان بۆ جێبەجێ دەكەن، بەو مەرجەی خۆمان لە ئایین دابماڵین. نابێت ئایین لە سەرجەم سێكتەرەكانی ژیان جیا بكرێتەوە، تا پەیامی ئایینداریمان زیاتر بێت، سۆزی ناوخۆ و دەرەوە زیاتر بەدەست دەهێنین. جیهانی ئەمڕۆ كێشەی لەگەڵ ڕەوتی میانڕەوی ئایینیدا نییە، خۆ ئەگەر حكومەتی هەرێم بە زمانی ئایینی لەگەڵ عێراقدا قسە بكات، دەكرێت پابەند بكرێت بە پێدانی مافەكانمان، هەر لە چارەسەركردنی كێشەی خاك و شایستە داراییەكان و فرۆشتنی بەرهەمی ژێرخاك و سەرزەوی كە لە سیستمیی حوكمڕانیی ئاییندا ئەو مافانە دەستەبەری بۆ دەسەڵاتە هەرێمییەكانە.

* لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی و زۆربەی سەركردەكانی دیكەی كورد كە ئەهلی مزگەوت و خانەقا و كەسانی ئایینی بوون، مامۆستا و زانایانی ئیسلامیش لە دەوری بوون، ئایا ئەمە بۆچی دەگەڕایەوە و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕشی ئەیلوولدا چۆن بوو، بۆ نموونە لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی مامۆستایانی ئایینی چۆن ئیعتیباراتی شۆڕشەكەیان ڕاگرتبوو؟

- مەلا مستەفا بارزانی لەلایەك وەكو سەركردەیەكی كاریزما و ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد، لەلایەكی دیكەوە وەكو زانا و شارەزایەكی ئایینی كە دەرچووی حوجرەكانی كوردستانە و لە خزمەتی چەندین زانای مەزنی كورد زانستەكانی خوێندووە لە نموونەی «مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چروستانی لە هەردوو مزگەوتی شێخ سەلام و خانەقای مەولانا خالید لە شاری سلێمانی، هەروەها مامۆستا مەلا مستەفا سەفوەت لە شاری سلێمانی و لە شارۆچكەی پردێ و چەند شوێنێكی دیكە، قەدر و ڕێز و پێگەی مامۆستا ئایینی لابووە و خۆی بە كەسێكی لەوان زانیوە و دانەبڕاوە لێیان، میوانداریی كردوون و كردوونیەتە قازی شۆڕش و دەسەڵاتی قەزایی پێ داون، زۆربەی كات مامۆستایانی ئایینی لە دەوروی بوون پرس و ڕاوێژی پێ كردوون، تەنانەت جارێكیان سەرۆك مسعود بارزانی فەرمووی: «لە ژیانمدا یەك جار باوكم لێم تووڕە بوو، ئەویش لەسەر زانایەكی ئایینی بوو، كە درەنگ گەیاندبوومانە خزمەتی بازرانی».

مەلا مستەفا بارزانی هەر بۆ پاراستنی مافی زانایان ڕێكخراوی یەكێتیی زانایانی بۆ دامەزراندن و لە یەكەم كۆنگرەدا وتارێكی پێشكەش كرد كە دەڵێت: «من سەربازێكم لە خزمەتی ئێوەدا بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكانتان». سەركردەیەك بەو شێوەیە لە زانا و مامۆستایان نزیك بێت، بۆ خۆی و شۆڕشەكەیشی دەستكەوتێكی مەزنە، ئەو یەكبوونی بیر و هەڵوێستە لە شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانیدا هەبووە، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ پشتگیریی مەلا و زاناكانی كورد لە شۆڕش و ڕێبەرەكەیان، مەلای كورد هەبووە لەناو كۆڵەپشتەكەیدا كە كتێب و پێخەفەكانی بووە، نارنجۆكی بۆ پێشمەرگە گواستووەتەوە و داڵدەی پێشمەرگەی داوە و ئابوونەی بە شۆڕش داوە و لە ڕیزی شەهیدەكانی پێشمەرگەشدا مەلای تێدا بووە، بە هۆی عەقڵ و حیكمەتی مەلا مستەفا بارزانی بووە كە مەلاكانی كوردستان خۆیان بە خاوەنی شۆڕش زانیوە و بۆ ساتێكیش لێی دانەبڕاون، بەداخەوە ئەمڕۆ ئەو خزمەتە بەپێی پێویست نییە، دەرگا داخستنی بەشێك لە بەرپرسان لەرووی هاووڵاتیان و زانایان وایكردووە دابڕان و ساردیەك دروست بێت، كە خزمەت بەهیچ لایەك ناكات.

Top