هونه‌رمه‌ند عارف چۆپان گۆرانییه‌كی بۆ باوك بڵاو كرده‌وه‌

هونه‌رمه‌ند عارف چۆپان گۆرانییه‌كی بۆ باوك بڵاو كرده‌وه‌

عارف چۆپان گۆرانیه‌كی نوێی به‌ناوی (بابۆ) بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ تێكست و میلۆدییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ڵبه‌ستوان عیسا بۆتانی داندراوه‌ و فارس چۆپان ریكۆرد و ماكس و ماسته‌رینگی بۆ كردووه‌ و هه‌روه‌ها ژه‌نیاری ناودار ردوان خه‌لیل به‌ ژه‌نینی ئامێری بلوێر و باڵه‌بان به‌شدار بووه‌ له‌ دروستكردنی گۆرانییه‌كه‌. هونه‌رمه‌ند عارف چۆپان له‌باره‌ی گۆرانییه‌كه‌ كه‌ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ یوتیوب بلاوی كردۆته‌وه‌ گوتوویه‌تی: ئه‌مه‌ وه‌كو گۆرانیه‌كانی دیكه‌م نیه‌، له‌م گۆرانییه‌دا ئازار و له‌ده‌ستدانی باوكم ده‌ربڕیووه‌، پڕ به‌ گه‌رووی خۆم هاوارم كرد ... ئه‌مه‌ چ كۆچ و دابڕانێكه‌، كه‌ له‌ناو ئێمه‌ رۆیشتیت دونیام له‌به‌رچاو تاریك بوو).
چۆپانی باسی له‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ئه‌و گۆرانییه‌ی بۆ چله‌ی كۆچی دوایی باوكی ئاماده‌ كردووه‌ كه‌ به‌م دواییه‌ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد، چۆپان گوتیشی كه‌ به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌كه‌ی ده‌ربڕین له‌ تلانه‌وه‌ به‌ده‌م ئازاری له‌ده‌ستدان و ئه‌و بۆشاییه‌ی سۆز و هۆگرییه‌ ده‌كات كه‌ له‌دوای باوكی بۆی جێمایه‌وه، باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌و گۆرانییه‌ دیاری ده‌كا بۆ گیانی هه‌موو ئه‌و باوكانه‌ی كه‌ گیانیان سپاردووه‌ و ماڵبات و خۆشه‌ویستانیان جێهێشتووه‌. عیسا بۆتانی هه‌ڵبه‌ستوانیش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ گوتی كه‌ تێكسته‌كه‌ گه‌وره‌یی باوك ده‌خاته‌ڕوو و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئازاری له‌ده‌ستدانی باوكیان چه‌شتووه‌ وشه‌كانی ئه‌و گۆرانییه‌یان له‌لا نامۆ نیه‌ و رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یڵێنه‌وه‌، بۆتانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌وا باوك ئه‌و مرۆڤه‌ نیه‌ شاعیر به‌ تێكستێك بتوانێت ده‌رحه‌قی گه‌وره‌یی بێت... به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵی داوه‌ گوزارشت له‌ وێنه‌ و گۆشه‌یه‌كی بچووكی هه‌ستی رۆڵه‌كان بۆ باوكیان بكات.

Top