گەندەڵیی سیاسی   دروستكردنی كۆسپ و ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسەی حوكمڕانیی باشدا

گەندەڵیی سیاسی     دروستكردنی كۆسپ و ئاستەنگ  لە بەردەم پرۆسەی حوكمڕانیی باشدا

 

 

«گەندەڵیی سیاسی لەو نەخۆشییە ترسناكە دەچێت كە زۆر درەنگ نیشانە مەترسیدارەكانی دەردەكەون و كاتێكیش نیشانەكانی دەردەكەون، چارەسەركردنی زۆر ئاسان نابێت».

 

زۆربەی ئەو تۆێژەرانەی لە بواری توێژینەوە لەسەر دیاردەی گەندەڵی توێژینەوەیان كردووە، گەندەڵیی سیاسی بەسەر چوار ئاراستەی دیاریكراودا دابەش دەكەن و، هەموو كار و ڕەفتارێكی سیاسی بە گەندەڵی سیاسی هەژمار دەكرێت، ئەگەر یەكێك لەم چوار ئاراستەیە خۆی بەرجەستە بكات:

1. ئاراستەی یاسایی: هەموو كارێكی سیاسی بە گەندەڵیی سیاسی هەژمار دەكرێت، ئەگەر بەشێك لە بنەما فەرمییەكان، یان ئەو دیسپلینانە پێشێل بكات كە سیستمی سیاسی لە سەر فەرمانبەرە گشتییەكانی سەپاندوویەتی.

2. ئاراستەی بەرژەوەندیی گشتی: هەموو ڕەفتارێكی سیاسی بە گەندەڵیی سیاسی هەژمار دەكرێت، كە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵك، یان هەوڵێك بێت بۆ لەباربردنی سیستمە سیاسییەكە لە ژینگەیەكی دیاریكراودا.

3. ئاراستەی كاری فەرمانبەری: ڕەفتاری هەر بەرپرسێكی گشتی بە گەندەڵیی سیاسی هەژمار دەكرێت، ئەگەر‌ كاری فەرمانبەریی خۆی بۆ بەرژەوەندیی كەسیی خۆی و حزبەكەی قۆرخ بكات.

4. ئاراستەی ڕای گشتی: هەموو كارێكی سیاسی بە گەندەڵیی سیاسی هەژمار دەكرێت، ئەگەر لای زۆربەی ڕای گشتی بە گەندەڵ لە قەڵەم بدرێت.

تۆێژەران گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەو تەمومژ و ئاڵۆزییەی لەسەر چەمكی گەندەڵیی سیاسی هەیە و، تێكەڵاو دەكرێت لەگەڵ جۆرەكانی دیكەی گەندەڵی، بۆ دوو پرسی سەرەكی دەگەڕێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە گەندەڵیی سیاسی بە لەبەرچاونەگرتنی ئەوەی چ لایەك (تاك، دامەزراوە، گرووپ و حزبی سیاسی) ئەنجامی دەدات، پەیوەندیدارە بە تۆڕێكی زۆر ئاڵۆز لە بەرژەوەندی و كۆمپرۆمایز كە دەیانەوێت ئەم گەندەڵییە بە یاسایی بكەن، بۆ ئەوەی پیادەی بكەن، تەنانەت گەندەڵكارە سیاسییەكەش ئەو كارە وەك یاسا و ئایدیۆلۆژیا پیادە دەكات، پرسی دووەمیش كە هەر لە پرسی یەكەمەوە هەڵدەهێنجرێت، ئامانج لە گەندەڵیی سیاسی ئەوەیە كە تەمومژ لەسەر خودی چەمكی سیاسەت دروست بكات، نەك ئەو گەندەڵییە سیاسییەی لایەك ئەنجامی دەدات.

د. وەسیم ئەبو فاشە

توێژینەوەی «توێژینەوە لەسەر چەمكی گەندەڵیی سیاسی: ئیشكالییەتە سیاسییەكەی» لە ساڵی 2021 پێشكەشی زانكۆی بیریزیت كراوە.

 

 

 

 گەندەڵیی سیاسی

هەوڵێك بۆ بە یاساییكردن و شەرعییەت پێدانی گەندەڵی

یەكێك لەو دیاردانەی (گەندەڵیی سیاسی) لە جۆرەكانی گەندەڵیی دیكەی پێ جیا دەكرێتەوە، ئەوەیە كە گەندەڵیی سیاسی بەرهەمی ڕەفتار و كرداری گرووپێك، یان لایەنێكی سیاسییە، كە دەیەوێت هەندێك لە بنەما فەرمییەكان، یان ئەو دیسپلینانە پێشێل بكات، كە نەتەوە دەیەوێت ڕەنگدانەوەی ئەو سیستمە سیاسییە بێت، كە وڵات و دەوڵەتی پێ بەڕێوە دەبرێت. ئەم دەستتێوەردان و پێشێلكارییە بۆ بنەما سەرەكییەكان و دیسپلینەكانی سیستمی سیاسی دەبێتە ئەو پەتایەی وەك ئەرستۆ تاڵیس دەڵێت: «گەندەڵیی سیاسی هۆكاری سەرەكییە بۆ گەندەڵكردنی (دەوڵەتە شار) و تەواوی هەیكەلی حوكمڕانی و‌، سەرەنجام دەبێتە هۆكاری لەبەریەكهەڵوەشان و نەمانی سەقامگیری و دروستبوونی پاشاگەردانیی تەواو لە ناو سیستمە سیاسیەكەدا»، هەر ئەمەش وای كردووە كە ئەو تۆێژەر و پسپۆرانەی توێژینەوە لەسەر (پەتای گەندەڵی) دەكەن، لەسەر دیاردە و چەمكی (گەندەڵیی سیاسی) هەڵوەستەی جددی بكەن و بە مەترسیترین دیاردەی گەندەڵی لە ناو سیستمی حوكمڕانیدا لە قەڵەمی بدەن.

مەترسیی گەورەی «گەندەڵیی سیاسی» لەوەدایە كە ئەو تاقم و لایەنە سیاسییەی لە پشت ئەنجامدانی ئەو گەندەڵییەوەن و درێژەی پێ دەدەن، چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ ئەنجامدانی ئەو گەندەڵییە دروست دەكەن و شەرعییەت بە دریژەپێدانی دەدەن، ئەمەش وای كردووە كە پێناسەی «گەندەڵیی سیاسی» لەسەر ئاستی زانستی و ئەكادیمی جۆرێك لە تەمومژ و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بگرێت و بە ئاسانی نەتوانرێت سیما دیارەكانی دەستنیشان بكرێت، یان وەك بابەتێكی زانستیی ئابووری و سیاسی وەك ئەوەی هەیە پێناسە بكرێت.

ئەوجا لێرەوە كاتێك هەوڵدان بۆ پێناسەكردن و دیاریكردنی دیاردەی «گەندەڵی سیاسی» دەبێتە پرۆسەیەكی یاسایی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە یاسا بۆ ئەو گەندەڵییە سیاسییە دەردەكات و سیستمی سیاسیی وڵات لەسەر بنەمای ئەو گەندەڵییە سیاسییە ڕێك دەخاتەوە، ئەوا لەم حاڵەتەدا بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە پەردەپۆش دەكات و، خواستی ئامانجی تەسكی حزبایەتی جێگەی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوە و نیشتمان دەگرێتەوە، بەمەش وەك نیكۆلا مایكیاڤیلی زۆر جوان دەسنیشانی كردووە و دەڵێت: «گەندەڵیی سیاسی پەتایەكە جەستەی سیستمی سیاسی لەبەریەك هەڵدەوەشێنێت و جۆرێك لە نەبوونی سەقامگیری و دابەشبوونی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی حزب و گرووپەكان دروست دەكات»، كەواتە ئەوەی مایكیاڤیلی لێی دەترسێت پەتایەكە كە بە ئاسانی دەستنیشان ناكرێت، هەر بۆیە بە ئاسانییش چارەسەری بۆ نادۆزرێتەوە.

لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر بونیادنانی سیستمی سیاسیی كوردستان (ئەزموونی هەرێمی كوردستان) لە دوای ساڵی 1992بە نموونە وەربگرین، ئەوا ئەم نموونەیە لەوانەیە باشترین نموونە بێت بۆ تێكەڵاەبوونی دیاردەی «گەندەڵی سیاسی» هەر لە سەرەتای بونیادنانی سیستمە سیاسییەكەوە كە لێرەدا بە چەند خاڵێك ئاماژەی پێ دەكەین:

1. لە ساڵی 1991 و دوای ڕاپەڕینە مێژووییەكەی گەلی كوردستان و پاشانیش دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی «نەوای ئارام» لە هەرێمی كوردستان و، دوای ئەوەی حكومەتی بەعس بڕیاری دا هەموو دامودەزگا ئیدارییەكانی لە هەرێمی كوردستان بكشێنێتەوە، سەرۆك مسعود بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی بەرەی كوردستانی بوو لە ناوەوەی وڵات، دوای كرد بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئیداری لە هەرێمی كوردستاندا بەرەی كوردستانی بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدات و بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە دامەزراوە شەرعییەكانی خۆی بونیاد بنێتەوە و خۆی حوكمڕانیی خۆی بكات، بەڵام ئەوەی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی 19ی ئایاری 1992 بینیمان، ئەو خۆزگە و ئومێدە نەبوو كە سەرۆك بارزانی ئومێدی بۆ دەخواست، بەڵكو كەوتینە دووڕێیانێكەوە و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ڕەت كردەوە و ئیمزای نەكرد و مەرجی دانا بەوەی «یان دەبێت پارتی و یەكێتی وەك یەك بن، یان نابێت ئەم ئەزموونە تازەیە لە كورستاندا دابمەزرێت».

بەهەر حاڵ لە پێناوی دامەزراندنی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان (پەرلەمان وحكومەت) پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی ڕێككەوت كە «ئاكامی دەنگدان وەك ئیرادەی خەڵك وەك خۆی بەیان بكرێت و حكومەت و پەرلەمان بە - پەنجا بە پەنجا» بۆ ماوەیەكی كاتی پێك بهێنرێت.

ئەگەر لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستەیەكی جددی بكەین، ئەوا دەبینین ئەو هەوڵەی یەكێتی بۆ وەلانانی ئاكامەكانی هەڵبژاردن و داهێنانی شێوازێكی هەڵەی حوكمڕانی وەك «سسیتمی پەنجا پەنجا»، تەواو تەواو پێشێلكردنی بنەما فەرمییەكان و دیسپلینەكانی ئەو سیستمە سیاسیەیە كە پێی دەگوترێت «سیستمی دیموكراتی»، پاشانیش ئەمە بووە ناوێك بۆ سیستمی سیاسیی كوردستان كە بە «ئەزموونی دیموكراتیی هەرێمی كوردستان» ناسرا.

كەواتە سەرهەڵدانی دیاردەی گەندەڵیی سیاسی‌ هەر لە سەرەتاوە وای كرد كە ئەزموونی دیموكراتیی هەرێمی كوردستان بە «ناكامڵی» لەدایك بێت، لەمەش خراپتر « گەندەڵیی سیاسیی سیستمی پەنجا بە پەنجا» بووەتە عورف، یان تا ڕاددەیەكی زۆر دەیانەوێت بیكەنە یاسا بۆ حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا و هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت، ماكەكانی ئەم پەتا سیاسییە ترسناكە بە سەر سەری حوكمڕانیی هەرێمی كوردستانەوە دەسووڕێتەوە و هەر كاتێك هەوڵێك بخرێتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم پەتایە ڕیشەكێش بكرێت، وەك چەندین جار گوێمان لێ بووە، لایەنی بەرانبەر بە «هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ» وەڵامی پارتی دیموكراتی كوردستانی داوەتەوە.

2. دوای زیاتر لە 10 ساڵ دابڕان (1994-2005) و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و پاشانیش دروستبوونی دوو ئیدارەیی «هەولێر و سلێمانی»، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 هەوڵەكان بۆ دووبارە یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی «هەولێر و سلێمانی» خرانەگەڕ و لەمەش زیاتر زەمینەیەك بۆ گرێدانی ڕێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەكێتی خۆش كرا، بەڵام وێڕای هەموو هەوڵەكان و ناوبژیوانیی دۆستانی ناوخۆیی و دەرەكی، نەتوانرا كە پرۆسەی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان لە بازنەی «گەندەڵیی سیاسیی سیستمی پەنجا بە پەنجا» ڕزگار بكرێت و ژێرخانێكی تازە بۆ پرۆسەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا بهێنرێتەوە ئاراوە، بەپێچەوانە لە ساڵی 2005 و لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك چوارچێوەیەك بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی «سلێمانی و هەولێر»، سیستمی هەڵەی «پەنجا بە پەنجا» نەك هەر كاڵ نەكرایەوە، بەڵكو دوو حكومەتیش لە چوارچێوەی كابنیەی پێنجەمدا تێكەڵاو كرا، بەمەش ژمارەی وەزیر و وەزارەتەكانی حكومەتی كابینەی پێنجەم گەیشتە «42» وەزیر و وەزارەت.

3. لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە لە تەموزی 2019 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە متمانەی پێ درا و تا ئێستا لە كارەكانی بەردەوامە، هەوڵێكی زۆر خرایە گەڕ بۆ ئەوەی پرۆسەی حوكمڕانی لە بازنەی بەدناوی «سیستمی پەنجا بە پەنجا « بهێنرێتە دەرەوە و، لانیكەم ئەگەر لایەنەكانی بەشدار لە هاوپەیمانیی پێكهێنانی كابینەكەدا پشكی زیاتریان لە شایستەی هەڵبژاردن لە ناو پۆستەكانی حكومەت پێ بدرێت، بەڵام كۆتایی بەم دیاردە خراپەی «سیستمی پەنجا بە پەنجا» بهێنرێت، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی هەر سێ لایەنی سەرەكی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) وەك سێ لایەنی سەرەكیی هاوپەیمانییەكە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم ئەو بنەما فەرمی و دیسپلینانەیان ئیمزا كردووە كە كابینەی نۆیەمی لەسەر پێكهاتووە، بەڵام وەك دەیبینین، هەتا ئێستا ڕۆژانە هەموو هەوڵەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پێناوی ئەوەیە ئەو بنەما فەرمییانە و ئەو دیسپلینانە پێشێل بكات كە كابینەی نۆیەمی لەسەر دامەزراوە، لەمەشدا هەر هەنگاوێك بۆ چاكسازی و ڕیفۆرم لە چوارچێوەی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی كوردستان هەنگاوی بۆ هەڵدەگیرێت، بۆ ئەوەیە چیدیكە گەندەڵیی سیاسی بەردەوام نەبێت، بەڵام ئەوا وەك ئەوەی لە ڕاگەیاندنەكانەوە وەزیرەكانی حكومەت ئاماژەی بۆ دەكەن، یەكێتی نیشتمانی بە پەنابردن بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ وەڵامی هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی بۆ چاكسازی و ڕیفۆرم داوەتەوە.

پسپۆڕانی زانستی سیاسەت و ئابووری وەك ئەو ئاكامانەی لە میانەی توێژینەوەكانیان پێی گەیشتوون، ئاماژە بەوە دەكەن ئەگەر ئیرادەیەكی سیاسیی دەوڵەتمەدارانە ڕووبەڕووی ڕەگ و ریشەی گەندەڵیی سیاسی نەبێتەوە، ئەوا گەندەڵیی سیاسی لە چوارچێوەی یاساییدا هەیكەلی سیستمە سیاسییەكە لەبەریەك هەڵدەوەشێنێت.

 

 گەندەڵیی سیاسی

پەردەپۆشكردنی بەرژەوەندیی گشتی بۆ بەرژەوەندیی حزب

یەكێك لە دەرهاویشتە مەترسیدار و ترسناكەكانی پەتای «گەندەڵیی سیاسی» كە بە شێوازی جۆراوجۆر لە هەناوی كۆمەڵگەدا دەردەكەون، پرسی «پەردەپۆشكردنی بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكە بۆ بەرژەوەندیی حزبی سیاسی»، لەمەش خراپتر ئەوەیە بە ناوی «پاراستن و بەرگریكردن لە بەرژەوەندیی گشتی خەڵك» داكۆكی و پێداگری لەسەر ئەو ڕەفتارە سیاسییانەی لایەنێكی سیاسی بكرێتەوە، كە خۆی فاكتەری سیاسییە بۆ دیاردەی گەندەڵیی سیاسی، لەسەر ئەم پرسە ئەگەر تەنیا واقیعی ئێستای حوكمڕانی لە كوردستان وەربگرین، بەسە بۆ ئەوەی لە مەترسیی ئەم حاڵەتە تێبگەین.

زۆربەی پسپۆڕانی زانستی سیاسەت و ئابووری، هۆشداری ئەوەمان پێ دەدەن كە ترسناكترین حاڵەتی «گەندەڵیی سیاسی» ئەوەیە كە نەزانرێت «كامە پێی دەگوترێت بەرژەوەندیی گشتی و كامەیە پێی دەگوترێت بەرژەوەندیی تایبەتیی تاقمێك، یان لایەنێكی سیاسی»، كە ئەم حاڵەتە لە ناو كۆمەڵگە دروست بوو و هاوڵاتی ئاسایی نەیزانی لەو وڵاتە چی ڕوودەدات و بەهای بەرژەوەندییە گشتییەكان چین، ئەوا گەندەڵیی سیاسی دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە هاووڵاتیان متمانەیان بە حكومەتی خۆیان نەمێنێت و شەرعییەتی حوكمڕانیی دەوڵەت بكەوێتە ژێر پرسیارەوە.

لایەنێكی دیكەی مەترسیدار كە دیسان پسپۆڕان و توێژەرانی زانستی سیاسەت و ئابووری سەبارەت بە «گەندەڵیی سیاسی» هۆشداریمان پێ دەدەن، ئەوەیە كاتێك گەندەڵیی سیاسی لە هەر كۆمەڵگەیەك، یان لەناو هەر سیستمێكی سیاسی سەرهەڵدەدات، ئەوجا ئەو كۆمەڵگەیە «كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو بێت، یان تازە پێگەیشتوو، یان خوار تازە پێگەیشتوو»، ئەوا دەرهاویشتە خراپەكانی «گەندەڵیی سیاسی» هاوشێوەیە و كاریگەریی ئەم دەرهاویشتە خراپانە دەگاتە ئەو ئاستەی وەك فرانسیس فۆكۆیاما لە كتێبی «ناسنامە» ئاماژەی پێ كردووە، چیدی دامەزراوە سیاسییەكانی دەوڵەت ناتوانێت پارێزگاری لە شكۆی هاووڵاتیان بكات و لە بەرامبەریشدا هاووڵاتیان دەگەنە ئەو حاڵەتی هەڵچوونەی كە زۆر ئەستمە بە ئاسانی ئەو هەڵچوونە دابمركێتەوە.

بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم حاڵەتە ترسناكە كە لە كۆمەڵگە جیاوازەكاندا ڕوو دەدەن و دەبنە فاكتەرێكی مەترسی بۆ سەر كۆی سیستمە سیاسییەكە، ڕۆژنامەنووسی ناوداری ئەمریكی «تۆماس فریدمان» لە كتێبی «سوپاس بۆ دواكەوتنت»، زۆر بە ڕاشكاوی لەسەر ئەم مەترسییە ڕادەوەستێت و دەڵێت: «گەورەترین مەترسی لەسەر سیستمە سیاسی و دیموكراتەكەمان لە ڕۆژئاوا، ئەو كاتە دروست دەبێت كە هاووڵاتیان نەزانن لەم وڵاتە چی ڕوو دەدات و سیستمە سیاسییەكە چۆن حوكمڕانی دەكات، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی هاوڵاتیان متمانەیان بە سیستمە سیاسییەكە نەمێنێت و نەزانن لەسەر سندوقی هەڵبژاردن چ بژارەیەكیان هەبێت و دەنگ بە كام بەرنامەی سیاسی بدەن». كەواتە ئەوەی فریدمان بە دەرمانی چارەسەری گەندەڵی سیاسی لە قەڵەمی داوە، ئەوەیە كە دەبێت هاووڵاتی بزانێت لە وڵات چی ڕوو دەدات و سیستمە سیاسییەكە چۆن حوكمڕانی دەكات، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە كە گەندەڵكارانی سیاسی ئەو ئامانجەیان نەیەتەدی كە چەواشەكردنی خەڵك و لەبەریەكهەڵوەشانی سیستمە سیاسییەكەیە.

لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر تەنیا ماوەی حوكمڕانیی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرین، كە بەرنامەكەی لەسەر بنەمای «كوردستانێكی بەهێز و حوكمڕانییەكی باش» بۆ خەڵكی كوردستان داڕشتووە و، بەرنامەی ڕیفۆرم و چاكسازی كردووەتە یاسا و هەموو هەوڵی خۆی بۆ جێبەجێكردنی یاساكە تەرخان كردووە، ئەوا دەبینین لە دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان یاسای چاكسازی پەسەند كرد و حكومەت هەنگاوی بۆ جێبەجێكردنی هەڵگرتووە، وەك لە واقیعدا دەبینرێت، هەموو هەوڵەكانی لایەنیكی سیاسیی دیاریكراو بەو ئاراستەیەیە كە بەرژوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان بە بەرژوەندیی تەسكی حزبایەتی پەردەپۆش بكات، لێرەدا بە چەند خاڵێك ئاماژەی پێ دەكەین:

1. لەگەڵ دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ ڕێگرتن لە جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازییەكەی، دەست بە هەڵمەتێكی چڕی چەواشەكاری كرا، بەوەی دەیانەوێت سلێمانی بكەنە «هەرێمێكی سەربەخۆ» و خۆیان بەڕێوەی بەرن. پارێزگای سلێمانی هێندە سەرچاوەی داهاتی هەیە كە بە باشی خۆی بەڕێوە بەرێت، هەر لەسەر ئەم بنەمایە كەوتنە دژایەتیكردنی ئەو ڕێوشوێنانەی كابینەی نۆیەم بۆ پەتای كۆڤید 19 لە ساڵی 2020 گرتیەبەر.

بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان و دووبارە جیاكردنەوەی بەرژەوەندیی گشتی لە بەرژەوەندیی لایەنێكی سیاسی، حكومەتی هەرێمی كوردستان «ناناوەندێتی پاریزگاكانی كوردستان»ی جێبەجێ كرد، كە ئەم هەنگاوە یەكێك بوو لە كارەكانی بەرنامەی كابینەی نۆیەم بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكان شۆڕ بكرێتەوە بۆ خوارەوە و دیاردەی ڕۆتین كەم بكرێتەوە.

2. هەر لەگەڵ دەستپێكردنی یاسای چاكسازی و هەوڵەكان بۆ ڕێكخستنەوەی داهاتەكان و زیادكردنی سەرچاوەی داهات و فرەچەشنكردنی سەرچاوەی داهات لە كوردستاندا، دیسان هەڵمەتێكی دیكەی چەواشەكاری بۆ پەردەپۆشكردنی بەرژەوەندیی گشتی بۆ بەرژەوەندیی حزبی دەستی پێ كرد و حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین تۆمەتی بێ بنەمای ئاراستە كرا.

بۆ پووچەڵكردنەوەی ئەم چەواشەكارییەش سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد كە پێكەوە هێزێكی هاوبەش لە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە دروست بكەن، بۆ ئەوەی ئەو هێزە كۆنتڕۆڵی تەواوی تەواوی خاڵە سنوورییەكان بكات و سەرەتاش با لە خاڵی سنووری «حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل»ـەوە دەست پێ بكەن، بەڵام وەك وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو هێزە خاڵە سنوورییەكان كۆنتڕۆڵ بكات، ئەوا شەڕی ناوخۆ لە كوردستان دروست دەبێت.

3. لەگەڵ ئەوەی حكومەتی فیدڕاڵی پابەند نەبوو بەو بڕە پارەیەی كە دەبوو بینێرێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2021 و دوای كەمبوونەوەی مەترسییەكانی پەتای كۆڤید 19 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بەو داهات و ئیمكانیەتەی لەبەر دەستی حكومەت هەیە، هەر 30 ڕۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران بدرێت، ئەم مووچەیەش مەرج نییە 100% بێت، بەڵكو بە خۆگونجاندن لەگەڵ داهاتی بەردەستی حكومەت و، پارەی داهاتی فرۆشتنی نەوت چەند بێت، تەرخان بكرێت بۆ مووچە و ئەوەی دەمێنتەوە لە داهاتی ناوخۆ تەواو بكرێت، لەسەر ئەم پرسە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك هەر 30 ڕۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكرا، بەڵام لە هەر دوو پارێزگای «سلێمانی و هەڵەبجە» نەك هەر مووچە دوادەكەوت، بەڵكو بە شێوەیەكی گشتی خزمەتگوزارییەكانیش پەكیان كەوت و، بۆ پەردەپۆشكردنی ئەم گەندەڵییە سیاسییەش كەوتنە چەواشەكاریی ئەوەی كە حكومەت گەمارۆی خستووەتە سەر سلێمانی و هەڵەبجە.

بۆ پووچەڵكردنەوەی ئەم چەواشەكارییانەش، مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای كرد، لەگەڵ هەر دوو پارێزگاری هەڵەبجە و سلێمانی و هەردوو سەرۆكی ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی حكومەت كۆببنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت بۆچی لەو دەڤەرە داهات وەك پێویست كۆناكرێتەوە و لەمەش زیاتر دەسەڵات درایە جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ ئەوەی هەموو ئەو كەموكورتییانە چارەسەر بكات كە لە هەیكەلی ئیداریی ئەو زۆنە هەن و ڕێگرن لە بەردەم كۆكردنەوەی داهاتدا، بەڵام لە بری ئەوەی جێگری سەرۆكی حكومەت بە ئەركی سەرشانی خۆی هەستێت و بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی ڕاپەرین و گەرمیان، كەموكورتییە كارگێڕییەكان چارەسەر بكات، ئەوا وەك ئێستا دەبینین، ڕۆژێك هێزێكی كۆماندۆ هەڵدەكوتێتە سەر سەرۆكایەتیی شارەوانی سلێمانی و ڕۆژێكی دیكە (دروست وەك هەفتەی ڕابردوو بینیمان) هێزێكی دەمامكدار هەڵدەكوتێتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانووبەرە لە چەمچەماڵ و دۆسێی خانوو و زەویوزارەكانی ئەو دەڤەرە دەڕفێنن.

ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی بەردەوامیدان بە «گەندەڵیی سیاسی» لەلایەن لایەنێكی سیاسیی دیاری وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە خۆی بەشێكە لە حكومەت، بێجگە لە هەوڵدان بۆ نەهێشتنی متمانەی نێوان هاووڵاتیان و حكومەت و شاردنەوەی گەندەڵی سیاسیی حزبەكەی شتێكی دیكەی لێ سەوز نابێت. بۆیە گرنگە ڕاستییەكان بۆ هاووڵاتیان ئاشكرا بن، بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی لە چوارچێوەی بەردەوامیدان بە گەندەڵیی سیاسی، بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان پەردەپۆش نەكەن.

 

 گەندەڵی سیاسی و

بەكارهێنانی پۆستی گشتی بۆ بەرژەوەندیی كەسی و حزبی

بەكارهێنانی پۆستی گشتی بۆ بەرژەوەندیی كەسی و حزبی دیاردەیەكی تازە نییە لە پرۆسەی گەندەڵیی سیاسیدا، بەتایبەتی لە پرۆسەی بونیادنان، یان پیادەكردنی دیموكراتی لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و دوای شەڕدا، لەم چوارچێوەیەدا ئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش لەو دیاردەیە بەدەر نییە و، لە عێراقی دوای 2003شەوە هەتا ئێستا بە ئاشكرا مامەڵەی فەرمی بە پۆستە گشتییەكانەوە دەكرێت لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە، لەسەر ئاستی كوردستانیش هەر لە سەرەتای دامەزراندنی كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە ئەم دیاردەیە سەریهەڵداوە و هەوڵێكی سیستماتیك هەبووە بۆ ئەوەی پۆستە گشتییەكان بۆ بەرژەوەندیی كەسی و حزبی بەكار بهێنرێن و لەمەش زیاتر هەر ئەو پۆستانە بۆ لەبەریەكهەڵوەشانی سیستمە سیاسیەكە بەكاربهێنن.

لە دەستپێكی پرۆسەی بونیادنانی دامەزراوە شەرعییەكانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان كە خۆی لە «پەرلەمان و حكومەت»دا بەرجەستە دەكرد، دید و تێڕوانینی سەرۆك بارزانی بۆ بونیادنانی ئەم سیستمە تازەیە، خۆی لە بونیادنانی ژێرخانێكی پتەوی یاسایی بەرجەستە دەكرد، هەر بۆیە وێڕای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێژەی 50%+1ی دەنگەكانیشی هەبوو، ئارەزوومەندانە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی هەڵبژارد كە لای ئەو بێت و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ یەكێتی نیشتمانی بەجێهێشت، ئەمەش بەو نییەتە بوو، مادام ئامانج لە دامەزراندنی ئەم ئەزموونە سیاسییە، بونیادنانی دەوڵەتی یاسا و شەرعییەتی دامەزراوەكانە، ئیدی گرنگ نییە كام حزبی سیاسی سەرۆكایەتیی حكومەت دەكات، یان ئەوی دی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكات.

بەداخەوە ئەم نییەتپاكییەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بونیادنانی ئەزموونێكی سیاسیی ساغڵەم، لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بە جۆرێكی دیكە ئیستغلال كراوە، پارە و دەسەڵاتی حكومەت بۆ كێشمەكێشی سیاسی و خۆئامادەكردن بۆ شەڕی ناوخۆ بەكار هێنرا، سەرەنجامیش هەروا دەرچوو، هەروەك چۆن سەرۆك بارزانی لە بەرگی پێنجەمی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد»، ڕاشكاوانە ئاماژەی بەوە كردووە كە وەزیری پێشمەرگە كە ئەوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بووە، وەك یەكەیەكی حزبی سەر بە یەكێتی مامەڵەی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، لەمەش خراپتر لەگەڵ دەستپێكی شەڕی ناوخۆ، خودی وەزیری پێشمەرگە (جەبار فەرمان) سەرپەرشتیی هەموو بەرەكانی شەڕی كردووە لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئەم پاشخانە مێژووییە خراپە بەداخەوە ئەوەمان پێ دەڵێت، لای ئەو حزبە سیاسییانەی لەسەر سندوقەكانی هەڵبژاردن دەدۆڕێنن و بە ڕێگەیەكی شەڕعی ناگەنە دەسەڵات، گەندەڵیی سیاسی لایان بووەتە كەلتوور و كاتێك لە بەرامبەر یاسا و دەستووری وڵاتدا دەگەنە بنبەست، پەنا بۆ بەكارهێنانی پۆستە گشتییەكان دەبەن، بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی و لە ئێستاشدا و وەك لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا بینیومانە، بەتایبەتی دوای ئەو ڕووداوە تیرۆریستییەی لە گەڕەكێكی هەولێر دژ بە ئەفسەرێكی ئاسایش بە ناوی «هاوكار جاف» ئەنجام درا و پاشان لێكۆڵینەوە یاساییەكانی دەزگای دژە تیرۆر هەموو ڕاستییەكانی بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا كرد، لەو كاتەوە دەبینین كە بەڕێز «قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان» بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ڕۆژانی چوارشەمەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە و، ئامانج لەم بایكۆتكردنەی ئەوەیە پۆستە گشتییەكەی بۆ پەردەپۆشكردنی ڕووداوێك بەكار بهێنێت، كە ڕووداوێكی تەواو تیرۆریستییە و هیچ پەیوەندییەكی نە بە پۆستەكەی ئەو و نە بە پەیوەندییەكانی حزبەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نییە، ئەم پرسە، پرسێكی یاساییە و دادگا و یاساكانی كوردستان یەكلایی دەكەنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەست دەكات ئەگەر دادگا و یاسا ڕێوشوێنی خۆیان بگرنەبەر و تۆمەتباران بە شێوەیەكی عادیلانە سزای خۆیان وەربگرن، بەرژەوەندیی حزبەكەی زیانی پێ دەگات، بۆیە پۆستە گشتییەكەی خۆی كردووە بە فاكتەرێك بۆ ئەوەی ئەو كردەوە تیرۆریستییە بە شێوەیەكی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت.

 

 گەندەڵی سیاسی

چەواشەكردن و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی

گرنگترین فاكتەر بۆ ئەوەی سیستمی سیاسی لە هەر وڵاتیكدا بە ڕاستی و دروستی وڵات بەڕێوەبەرێت، باری تەندروستیی فەزای گشتییە كە ڕای گشتی تێدا دروست دەبێت، لە بەرامبەر ئەم حاڵەتە گەورەترین ئامانجی گەندەڵكاری سیاسی ئەوەیە ئەو فەزا گشتییە تێك بدات و ڕای گشتی چەواشە بكات و، بواری ئەوە نەدات كە هاووڵاتی بە ڕێگەی فەزای گشتی بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی وڵاتدا بكات.

سیستمی دیموكراتی كە بناغەكەی هەڵبژاردن و ئاكامەكانی سندوقی دەنگدانە، لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە كە هەمیشە «دەنگدەر لەسەر هەقە و ئەوەی دەنگدەر هەڵیدەبژێرێت هەر ئەوە ڕاستە»، بە هەمان شێوە و هەر لەم سیستمەدا هەر شتێك ڕای گشتی وەك گەندەڵی هەژماری كرد، ئەوا بە گەندەڵی هەژمار دەكرێت. لێرەوە ئاماژە بە چەند نموونەیەك دەكەین كە ڕای گشتی لە كوردستاندا وەك گەندەڵی هەژماریان دەكات:

1. بەر لە چەند مانگێك كاتێك لە بەردەم بانكەكانی سلێمانی زوومی كامێراكان بارودۆخی خانەنشینانیان لە شاشەكانی تەلەفزیۆنەوە دەگواستەوە، كە بەشێكیان لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە گیان لەدەست دەدەن و بەشێكی دیكەیان تووشی حاڵەتی ناجۆر دەبن، ئەو دیمەنە ناخۆشە بێ ئەوەی هیچ كەسێك، یان ڕۆژنامەنووسێك كۆمێنتی لەسەر بدات، لەناو ڕای گشتیدا وەك گەندەڵیی سیاسیی لایەنێكی سیاسی هەژمار دەكرێت كە دەستی چووەتە قووتی ئەو خەڵكە و ڕێگە نادات داهاتی ئەو ناوچەیە كۆبكرێتەوە و لە كاتی خۆیدا مووچەی پێ دابەش بكرێت.

كاردانەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك «لایەنی دەسەڵاتدار لەو زۆنە» لە سەرەتا تەنیا دانانی ئەمبوڵانس بوو لە نزیك بانكەكان بۆ ئەوەی ئەگەر بەساڵاچوویەكی خانەنشین لە هۆش خۆی چوو، یان گیانی لەدەست دا، بیگەیێننە نەخۆشخانە، بەڵام بۆ چەواشەكردنی ڕای گشتی و پەردەپۆشكردنی ئەو گەندەڵییە سیاسیەی لە قاچاخچێتی سنوورەكان دەكرێت، بە دەنگێكی شەرمنانە دەیگوت داهاتی سلێمانی بەش ناكات.

2. زۆر بەداخەوە، كاتێك زوومی كامێراكان تەواوی شەقام و كۆڵانەكانی هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەر دوو ئیدارەی گەرمیان و هەڵەبجە دەگوازنەوە و پیشانمانی دەدەن، كە تێكڕای شەقام و كۆڵانەكان پڕبوون لە پاشماوە و كۆمپانیاكانی پاككردنەوە كارەكانی خۆیان ئەنجام نادەن و، لەولاشەوە چەندین كارمەندی «ژینگە پارێز» لە بەردەمی مایكرۆفۆنەكان قسە دەكەن و دەڵێن «سێ مانگە» مووچەمان وەرنەگرتووە، ئەوا تەنیا ئەو دیمەنانە لەناو ڕای گشتیدا وەك گەندەڵی و گەندەڵی سیاسی وێنای دەكات، لە بەرامبەر ئەم كۆدەنگییەی ڕای گشتی لەسەر ئەم گەندەڵكارییە سیاسییە، گەندەڵكاری سیاسی دەیەوێت ڕای گشتی چەواشە بكات و دیسان بە دەنگێكی شەرمنانە دەڵێت: «حكومەت گەمارۆی خستووەتە سەرمان».

3. كاتێك لە نیوەڕۆیەكی هەینی دەنگی تەقینەوەیەك هەموو پایتەختی كوردستان دەهەژێنێت و زۆر بێ ویژدانانە لەناو گەڕەكێكی شاری هەولێر ژن و منداڵ بە ڕیمۆند كۆنتڕۆڵ خەڵتانی خوێن دەكرێن، ئیدی كارەكە لەوە دەردەچێت پرسیاری ئەوە بكەین: ئایا ئەم ڕووداوە كارێكی تیرۆریستییە یان نە؟ بەڵكو لە بری ئەمە خەڵك حكومەت دەكاتە بەرپرسیار بۆ ئەوەی بكەرانی ئەو كارە تیرۆریستییە ئاشكرا بكات، كاتێكیش دەزگاكانی ئاسایش و دژە تیرۆری حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ خواستی خەڵك بكەرانی ئەو كارە تیرۆریستییە ئاشكرا دەكەن و، بەشێك لە بەشداربووانی ئەو كارە قێزەوەنە بە دەنگ و وێنە ڕاستییەكان بە خەڵك دەڵێن، ئیدی شتێك نامێنێت گەندەڵكاری سیاسی بتوانێت بیشارێتەوە، بۆیە هەڕەشە لە كۆی سیستمە سیاسییەكە دەكات و هێرش دەكاتە سەر ئەو حكومەتەی كە خۆی بەشێكە لەو حكومەتە.

ئەوەی دەمێنێتەوە لە كۆتایی ئەم دێڕانەدا ئاماژەی پێ بكەین، ئەوەیە كە دیاردەی گەندەڵیی سیاسی وەك دیاردە لەو نەخۆشییە ترسناكە دەچێت كە زۆر درەنگ نیشانە مەترسیدارەكانی دەردەكەو و، كاتێكیش نیشانەكانی دەردەكەون، چارەسەركردنی زۆر ئەستەم دەبێت. هەر بۆیە شارەزایان و ئەو پسپۆڕانەی لە بواری مەترسییەكانی هەموو شێوازەكانی گەندەڵی توێژینەوە دەكەن، هۆشداری ئەوەمان پێ دەدەن، كاتێك گەندەڵیی سیاسی لای حزبێكی سیاسی دەبێتە كەلتوور، ئەوا ئامانجی ئەو حزبە سیاسییە دەبێتە ئەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ متمانەی هاووڵاتی بە سیستمە سیاسییەكە كەم ببێتەوە، هەر بۆیە ڕێنمایی ئەوەمان دەكەن، سازش و كۆمپرۆمایز لەسەر هەر شتێك بكرێت، لەسەر گەندەڵی سیاسی نابێت بكرێت.

 

Top