بڕیار شێخ لەتیف مەردۆخی:   خەڵك دەڵێن لەسەر پێی خۆم وەستاوم، بەڵام من لەسەر دەستی خۆم وەستاوم و كارم كردووە و نەمهێشتووە موحتاجی دەستی كەس بم

بڕیار شێخ لەتیف مەردۆخی:     خەڵك دەڵێن لەسەر پێی خۆم وەستاوم، بەڵام من لەسەر دەستی خۆم وەستاوم و كارم كردووە و نەمهێشتووە موحتاجی دەستی كەس بم

 

 

كەم نین ئەو گەنجە چالاك و بوێرانەی كە دەستەویەخەی رۆژە سەختەكان بوونەتەوە و بە هەوڵ و كۆششی بەردەوام خۆیان پێگەیاندووە، دیارە گەیشتن بە ئامانج كۆڵنەدانی گەرەكە، بەڵام ئەگەر كەسەكە كەسێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت بۆ رووبەڕووبوونەوە پێویستی بە دوو سێ هێندە وزە و توانا هەیە، خۆشبەختانە گەنجانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بە حوكمی گەشبینییان بە ژیان، ئەوان ئەمڕۆیان لە دوێنێ جوانتر و پڕ ئومێدترە. بڕیار شێخ لەتیف مەردۆخی یەكێكە لەو كەسانە و لەم دیمانەیەدا باسی ژیانی تایبەتی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

بڕیار شێخ لەتیف مەردۆخی یاریزانی یاری باسكەیە و خاوەنی چوار مەدالیایە، لە 27/8/1991 لە شاری سلێمانی لە دایك بووە، وەك خۆی باسی دەكات كاتێك لە دایك بووە» كیسی ئاو لەسەر پشتیدا بووە، دوای ئەوەی بە نەشتەرگەری كیسەكە لادەبرێت بەم هۆیەوە قاچەكانی لە دەست دەدات. ژیانی منداڵی و چۆنیەتی خوێندنیشی بێ ئاریشە نەبووە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێتك «هەر بە منداڵی دوای نەشتەرگەرییەكی پشتم قاچەكانم لە دەست دا. تا دووی سەرەتاییم خوێند و بە هۆی گاڵتەپێكردنم وازم لە خوێندن هێنا، دواتر لە ساڵی 2011 دووبارە چوومەوە بەر خوێندن و لە خوێندنی خێرا تا پوڵی دووی ناوەندیم خوێند، بەڵام دووبارە وازم لە خوێندن هێنا، چونكە قوتابخانەكە بۆ من گونجاو نەبوو. بەڕاستی ژیانی منداڵیم زۆر ناخۆش بووە، چونكە بەردەوام لە نەخۆشخانە داخڵ دەكرام. بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خوا ئاستی كۆمەڵایەتم لەگەڵ ماڵەوە و چوار دەورەكەم زۆر باشە و هەموو كاتیش خۆم بە قەرزداری دایكم دەزانم، چونكە زۆر هاوكارم بووە، تا بەم تەمەنەی ئێستام گەیشتووم. لە خوای گەورە داوا دەكەم، لە تەمەنی من كەم بكات و بیخاتە سەر تەمەنی دایكم. هیوادارم بتوانم قەربووی مەینەتییەكانی بكەمەوە».

بڕیار شێخ لەتیف لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە چۆن بە سەر ئاریشە و كۆسپەكانی بەردەمتدا زاڵ بوویت؟ گوتی: «سەرەتا بڕیارم دا، گۆشەگیر نەبم و بە پێویستم زانی خۆم تێكەڵاوی كۆمەڵگە بكەم. كار و وەرزشیش بكەم. لە ساڵی 2011 چوومە ناو یانەی وەرزشیی ڕۆژ و دەستم كرد بە یاریی باسكە، تا ئێستاش بەردەوامم خاوەنی چوار مەدالیام. سەبارەت بە كاركردنیشم، ساڵی 2013 چوومە لای برای خۆم و فێری كاری واشەر بڕینی كردم. دوای ماوەی دوو ساڵ دووكانی خۆم دانا. هەموو كار ڕۆژانەم هەر خۆم ئەنجامی دەدەم و، بە ئۆتۆمبێلی خۆم پێداویستیی ماڵەوەش دابین دەكەم. شوكر بۆ خوای گەورە توانیومە بە سەر هەموو كێشە و گرفتەكاندا زاڵ بم. خەڵك دەڵێن لەسەر پێی خۆم وەستاوم، منیش دەڵێم لەسەر دەستی خۆم وەستاوم و كارم كردووە و نەمهێشتووە موحتاجی دەستی كەس بم».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە وەكو گەنجێك ئاواتت بۆ ژیانی داهاتووت چییە؟ گوتی: «هەموو گەنجێك بەشی خۆی ئاواتی هەیە. ئاواتی منیش ئەوەیە تا لە ژیان مابم، موحتاجی دەستی كەس نەبم».

دواپرسیاری گوڵان ئەوە بوو: ئایا كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت تا چەند لەلایەن كۆمەڵگە و دەسەڵاتەوە ئاوڕیان لێ دراوەتەوە؟

بڕیار شێخ لەتیف لە وەڵامدا گوتی: «بەداخەوە ئێمەی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە لایەن كۆمە‌ڵگە دەسەڵاتیشەوە زۆر پشتگوێ خراوین. ئەو رۆژەی بە حیساب ڕۆژی جیهانیی ئێمەیە، تەنیا بە یەك دوو چالاكی، یان ئێوارەخوانێك كۆمەڵێك قسەی بریقەدار دەكەن، كەچی ئێمەی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە بچووكترین خزمەتگوزاری لە ناو كوردستان بێبەش كراوین. ئەوەی هەیە، تەنیا 150 هەزار دیناری مووچەی مانگانەیە، ئەویش زۆر خاوەن پێداویستیی تایبەت هەن كە بەشیان ناكات. من سوپاس بۆ خوای گەورە، لەچاو زۆر كەس پاشام، هەیە توانای هیچی نییە».

 

Top