سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەرۆکی حکوومەت بانگهێشتی ئیتاڵیا کرد

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەرۆکی حکوومەت بانگهێشتی ئیتاڵیا کرد

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی لە جۆرجا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا کرد، پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا کرا.

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەولێر نیشان دا و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتالیا کرد و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و بەتایبەتی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی لە پاراستنی کریستیانەکان بەرز نرخاند. خواستی وڵاتەکەشی بۆ هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا هەروەها بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی سەردانی ئیتاڵیا بکات.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی ئیتالیای کرد کە ڕۆڵێکی گرنگی لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە تایبەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش.

گوتیشی سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ بەهێزی دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتالیا.

چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنیگدان بە کەرتی کشتوکاڵی و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بەتایبەتی بازاڕەکانی ئەورووپا بەڕووی بەرووبوومی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور، بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق ، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.

باشان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، جەختی لەوە کردەوە کە ئیتالیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و کارو چالاکییەکانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەشی لە هەولێر بەرفراوانتر دەکات.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دووپاتی کردەوە کە هاتنی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، دلگەرمی و پشتیوانییەکی بەهێزە بۆ خەڵکی کوردستان و هيوای خواست، پەیوەندی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەکاندا پەرە بسەنێت.

 

Top