براندە نیشتمانییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوار ڕۆژی كۆڕبەندی داڤۆس «2023»دا

براندە نیشتمانییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوار ڕۆژی كۆڕبەندی داڤۆس «2023»دا

 

كۆڕبەندی ئابووریی جیهان (داڤۆس) هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1971ـەوە هەتا ئێستا كە 53 كۆڕبەندی گرێ داوە، دوو قۆناخی گرنگی بە خۆیەوە بینیوە، كە ئەویش بریتین لە:

1- ساڵانی نێوان 1991 – 1971 قۆناخی شەڕی ساردی نێوان بلۆكی دیموكراتی و بلۆكی سۆشیالستی و بڵاوبوونەوەی كۆتایی مۆدێڕنە و بانگهێشتكردن بۆ پۆست مۆدێرنە.

2- ساڵانی نێوان 1991- 2023 قۆناخی دامەزراندنی سیستمی نوێی جیهان و یەكێتیی ئەوروپا كە ئێستا هەم سیستمە جیهانییەكە و هەمیش یەكێتیی ئەوروپا لەسەر لێواری هەڵدێر و هەڵوەشاندان.

لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو كە بیرمەندی گەورەی ئەمریكی «سامۆئیل هنتگتن» بانگەشەی بۆ «شەپۆلی سێیەمی دیموكراتی» دەكرد و، لە بەرانبەریشدا بیرمەندێكی دیكەی ئەمریكی «جۆن ڕاولز» هۆشداریی ئەوەی بە سیستمەكانی‌ ڕۆژئاوا دەدا كە نادادپەروەری لە سیستمە دیموكراتییەكاندا ڕووی لە هەڵكشانە و ئەگەر ئەو نادادپەروەییە چارەسەر نەكرێت و ببێتە دیاردە لە ناو كۆمەڵگە دیموكراتییەكاندا، ئەوا سەرەتا دامەزراوەكانی سیستمە سیاسییەكە لاواز دەكات، پاشانیش سیستمەكە پەكی دەكەوێت و لەبەریەك هەڵدەوەشێت.

لە نێوان ئەم دوو ئاراستەیەی (گەشبینیی هنتنگتن و ڕەشبینیی ڕاولز)دا، «كلاوس شواب» كە هەم زانایەكی ئابوورییە و هەمیش بزنێسمانێكی ئەڵمانییە، هەر دوو ئاراستەكەی بە هەند وەرگرت، ئەمەش بەو مانایەی لەگەڵ ئاراستەكەی هنتنگتن بوو كە سیستمی دیموكراتی بەرەو پێشەوە دەچێت و باهۆزی دیموكراتی چەندین دەوڵەتی دیكەش دەگرێتەوە و، سیستمی كۆمۆنیستیی سۆڤیەت بەرەو پاشەكشە و داڕووخان دەچێت، لە هەمان كاتدا ڕەشبینییەكەی ڕاوڵزیشی لەبەر چاوگرت كە دیاردەی «نادادپەروەری» لە كۆمەڵگە دیموكراتییەكاندا ڕووی لە هەڵكشانە و دامەزراوەكانیشی بەرەو سستی و لاوازی دەچن، ئەوجا لە پێناوی ئەوەی هەم پشتگیریی باهۆزە تازەكەی شەپۆلی سێیەمی دیموكراتی بكرێت و هەمیش كارێك بكەن بۆ ئەوەی دامەزراوەكانی سیستمی دیموكراتی ئەكتیڤ بكرێنەوە و دیاردەی «نادادپەروەری» سنووری بۆ دابنرێت، ئەو جا بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ هەر دوو حاڵەتی (گەشبینی و ڕەشبینی) لەسەر سیستمە دیموكراتییەكان بكرێت، كلاوس شواب ئاراستەی بیركردنەوەی بەو جۆرە بوو كە ئەم مامەڵەیە پێویستی بە كارێكی دەستەجەمعیی هەمەلایەنی و هەماهەنگیی كۆی دامەزاروەكانی كۆمەڵگەی دیموكراتی هەیە، بەتایبەتیش دامەزراوەكانی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، سەركردە سیاسییەكان و ناوەندە زانستییەكان و پسپۆڕەكان هەیە، ئەم كۆكردنەوەیەش پێویستی بە دامەزراوەیەك دەبێت كە بەردەوام كار لەسەر هەر دوو ئاراستە بكات و هەموو پێكەوە هاوكار بن، بۆ ئەوەی باهۆزی دیموكراتی هەموو جیهان بگرێتەوە و، لە هەمان كاتدا دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی دیموكراتی ئەكتیڤ و بەهێز بكرێنەوە. بۆ ئەم ئامانجە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی بناری چیاكانی ئەلب لە سویسرا دامەزراند، لەو كاتەوەش تا ئێستا ساڵانە كۆڕبەندی داڤۆس بۆ پرسی (كێشەی یەك ساڵ)ی جیهان گرێ دەرێت و لەو كۆڕبەندەدا تەواوی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە دەخرێنە ڕوو كە لەسەر سیستمی دیموكراتی و سەروەریی یاسایی و سیستمی جیهانی دروست دەبن، ئەمەش بە واتایەكی دیكە بەرنامەی كۆڕبەندی داڤۆس لەو هەڕەشە و مەترسییانە دەردەهێنرێت كە لە ماوەی ساڵێكدا جیهان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 پلاتفۆڕم و باك یاردی داڤۆس پێكەوە گرێدانەوەی كێشە نیشتمانی و جیهانییەكان

كۆڕبەندی داڤۆس هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستاش هەمیشە پلاتفۆرمێكی ئاشكرا بووە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی لە ماوەی ساڵێكدا ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، هەمیش باك یاردێك نەبینراو بووە، بۆ كۆبوونەوەی نافەرمیی نێوان سەرۆك دەوڵەت و حكومەتەكان پێكەوە، هەروەها كۆبوونەوەی نوێنەری دەوڵەتان لەگەڵ كۆمپانیا و بزنێسمان و وەبەرهێنەرە گەورەكان، بۆ ئەوەی لەسەر پرسی هاوبەشی نێوان دەوڵەتان و هەروەها گرێدانی كۆنتراكت بووە لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكان و وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی لە وڵاتەكانیاندا وەبەرهێنان بكەن.

ئامانج لەم «پلاتفۆرم و باك یارد»ــە ئەوەیە كە هەم كێشە جیهانییەكان كە بە شێوەیەكی گشتی ڕووبەڕووی هەموو دەوڵەتان دەبێتەوە، پێویستی بە هاریكاری و هەمانگیی هەموو دەوڵەتان هەیە و، پێویستە بەرپرسیارێتی بەرانبەر ئەو هەڕەشە و مەترسییانە هەڵبگرن كە تەواوی جیهان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەمیش بەهێزكردنی پەیوەندی و بەرژەوەندیی هاوبەشیش لە نێوان دەوڵەتان و حكومەتەكاندا پێویستیان بە تێگەیشتنی هاوبەش هەیە، كاتێكیش تێگەیشتن و بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان حكومەتەكاندا دروست دەبێت، تێگەیشتنی دەوڵەتانیش بۆ هاریكاری و هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییە جیهانییەكان زیاتر دەبێت، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە ساڵ لە دوای ساڵ بایەخی ئەم كۆڕبەندە زیاتر دەبێت و ساڵانە ژمارەیەكی زۆری دەوڵەتان بە ڕێگەی سەرۆكی دەوڵەت، یان سەرۆكی حكومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەكان و كۆمپانیا و بزنێسمان و پسپۆڕانی بوارە جیاوازەكان، بەشداریی ئەم كۆڕبەندە جیهانییە دەكەن و، لە كۆڕبەندی ئەمساڵدا 52 سەرۆك دەوڵەت و حكومەت و زیاتر لە 2700 نوێنەر لە 130 دەوڵەتەوە بەشدار بوون، ئەمەش مانای ئەوەیە دوو لەسەر سێی دەوڵەتانی جیهان نوێنەریان لەم كۆڕبەندە هەبووە، ئەمەش ئەوەمان پیشان دەدات لە كۆی 200 دەوڵەت لە جیهاندا 130 دەوڵەت هەست بەو هەڕەشە و مەترسییانە دەكەن كە ڕاپۆرتەكەی ئەمساڵی داڤۆس ئاماژەی پێ كردووە و تایتڵی ڕاپۆرتەكەی (ڕاپۆرتی مەترسییەكانی جیهانە) كە لە ماوەی 2 ساڵ تا 10 ساڵی داهاتوو ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، هەر بۆیە ئەم گردبوونەوە جیهانییە بۆ كێشە جیهانییەكان پەراوێز بۆ كۆبوونەوە نافەرمییەكانی دیكەش ڕێك دەخات، كە پەیوەندیی نێوان حكومەتەكان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هاوبەش ڕێك دەخاتەوە.

ئەو حكومەتانەی بەشداریی ئەم كۆڕبەندە دەكەن، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ كاریگەرییان بۆ چارەسەركردنی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە هەیە كە ئێستا جیهان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ڕاشكاوانەتر ئەو حكومەتانە دەتوانن ڕۆڵێكی باش بگێڕن لە كەمكردنەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی ئێستا ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سوودوەرگرتنیش لە توانای ئەو حكومەتانە بۆ كەمكردنەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە زۆر جار بە پەرەپێدان و باشتركردنی سیستمی حوكمڕانی و سوودوەرگرتن لە ئیمكانییەتی هاوبەشی نێوان حكومەتەكان دێتەدی، هەر بۆیە لە باك یاردی ئەم كۆڕبەندەدا لە نێوان حكومەتەكاندا لێكتێگەیشتنی هاوبەش دروست دەكات.

 هەرێمی كوردستان وەك كاراكتەرێكی دیار لە كۆڕبەند و كۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەكاندا

لە كانوونی دووەمی ساڵی 2015 خوالێخۆشبوو دكتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، بانگهێشتی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس كرابوو، بەشداریی لە پەنێڵێكدا كرد بە ناونیشانی (ئایندەی سوپا - The Future of Military)، ئەم پەنێڵە تایبەت بوو بە چۆنیەتیی شكاندنی تیرۆریستانی داعش لەسەر زەوی، بە مانایەكی دیكە، ئایا دەبێت جیهان چ سوپایەك بۆ ئایندە ئامادە بكات، هەتا ئەو توانایەی هەبێت تیرۆریستان لەسەر زەوی تێك بشكێنێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە گرنگە پێویست بوو پێشمەرگەیەك ئامادە بێت، هەتا بزانن نهێنیی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش بۆ چی دەگەڕێتەوە. لەم پەنێڵەدا كە بێجگە لە وەزیری بەرگریی كۆڵۆمبیا، دوو ژەنڕاڵی ئەمریكی و «جۆزیف نای» وەك بیرمەندێكی ستراتیژیی سەربازی ئامادە بوون و باڵیۆز ڤۆلڤگانگ ئیشینگر سەرۆكی كۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان پەنێڵەكەی بەڕێوە دەبرد و، لە دەستپێكدا ڕووی لە د. ڕۆژ نووری شاوەیس كرد و پێی گوت: «ڕاستە تۆ جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقیت، بەڵام ئێمە لەم پەنێڵەدا دەمانەوێت وەك پێشمەرگەیەك و فەرماندەیەكی پێشمەرگە باسی ئەو سەركەوتنانەمان بۆ بكەن كە بە سەر تیرۆریستانی داعشدا بە دەستان هێناوە»، پاشانیش هەر لەم پەنێڵەدا باڵیۆز ئیشینگر بە هەموو جیهانی ڕاگەیاند كە بۆ كۆنفڕانسی شوباتی ساڵی 2015 سەرۆكێكی بانگهێشت كردووە، كە ئەویش هەر پێشمەرگەیە و ناوی مسعود بارزانی-یە و سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.

گەڕانەوە بۆ ئەم مێژووە، بۆ ئەوەیە شرۆڤەی ئەوە بكەین كە هەرێمی كوردستان چۆن بوو بە كاراكتەرێكی كارای ئەو كۆڕبەند و كۆنفڕانسە نێودەوڵەتییانەی كە تایبەتن بە ئاسایشی جیهان و ئەو مەترسی و هەڕەشانەی كە ڕووبەڕووی هەموو جیهان دەبێتەوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین: وەك باڵیۆز ئیشینگەر لە داڤۆسەوە بە جیهانی ڕاگەیاند ئەوە ئەو براندە نیشتمانییە كوردستانییە كە ناوی «پێشمەرگە»یە و توانی لە ماوەی كەمتر لە چوار مانگی شەڕی كردەیی لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش، هەموو مانا و كاریگەرییەكانی ئیرادەی گەلی كوردستان و قەوارە سیاسییەكەی هەرێمی كوردستان لە ناوی خۆیدا كە «پێشمەرگە»یە كۆ بكاتەوە.

لێرەوە بۆ ئەوەی زیاتر جەخت لەسەر كاریگەریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەینەوە وەك براندێكی نیشتمانی و بوون بە سیمبول و ناسناوی كوردستان، لەو كاتەدا بوو كە ئەفسانەی تیرۆیستانی داعش هەموو جیهانی نائومێد كردبوو، بۆیە پرسی (ئایندەی سوپا) ببووە بابەتێكی سەرەكیی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە ساڵی2015، ئەو كات جیهان بۆ ڕەواندنەوەی مەترسی و هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش بیریان لەوە دەكردەوە، تەنیا هێزێك كە بتوانێت لەسەر زەوی ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش پووچەڵ بكاتەوە دەبێت «سەربازی ڕۆبۆت بێت، نەك مرۆڤـ» بەڵام كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشی پووچەڵ كردەوە و تیرۆریستانی تێك شكاند، جیهان پێشمەرگەی وەك فاكتەرێكی كاریگەر بۆ ڕەواندنەوەی هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش لە قەڵەم دا.

لایەنێكی دیكە كە هەرێمی كوردستانی كردووەتە كاراكتەرێكی دیاری كۆڕ و كۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەكان، بەرهەمی ئەقڵانییەتی ئەو دەوڵەتمەدارەیە كە ڕابەرایەتیی حوكمڕانی لە كوردستان دەكات، كە ئەویش سەرۆك مسعود بارزانی-یە، ڕابەرایەتیی بارزانی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان، كوردستانی كردووەتە لانەكەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان، ئەمە لە كاتێكدا ئێستا گەورەترین مەترسی لەسەر سیستمی لیبڕاڵی دیموكراتی لە ڕۆژئاوا، نەمانی كەلتووری فرەیی و قبووڵنەكردنی فرەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانە، ئەم كەلتوورەش دیسان وەك براندێكی نیشتمانی كوردستانی، بووە فاكتەرێكی دیكەی ناسنامەی هەرێمی كوردستان و، لەمەش زیاتر بووە فاكتەرێك كە پاپای فاتیكان بە شەخسی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لە نزیكەوە سوپاسی سەرۆك بارزانی بكات، كە توانیویەتی نەك تەنیا كریستیانەكانی عێراق و كوردستان بپارێزێت، بەڵكو لۆژیكی سەرۆك بارزانی، كوردستانی كردووەتە زۆنێكی ئارام بۆ پێكەوە ژیانی كۆی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان لە كوردستان و عێراقدا.

لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بەشداربوونی حكومەت و دەوڵەتەكان لە ناو ئەو كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییانە و، وەك لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێ كردن، كە دەبێت ئەو دەوڵەت و حكومەتانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ ڕۆڵیان هەبێت لە ڕەواندنەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی كە ڕووبەڕووی ئاسایش و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە جیهاندا دەبنەوە، لەم ڕووەوە هەرێمی كوردستان بە هەر دوو شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاراكتەرێكی كاریگەرە بۆ ڕەواندنەویی ئەو مەترسی و هەڕەشانەی ئێستا ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، بەم جۆرە:

1- لەسەر ئاستی ئیرادە و قارەمانیەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وەك سەرەكیترین فاكتەر لەسەر زەوی بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان بەگشتی و تیرۆریستانی داعش بەتایبەتی، بە كردەیی سەلماندوویەتی كە تەنیا هێزە لەسەر زەوی وەك پێویست ئیرادەی تێكشكاندنی تیرۆریستان و تیرۆریستانی داعشی هەیە، ئەمەش وەك كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ بۆ ڕەواندنەوەی هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆر لە جیهاندا كاریگەری هەیە، باشترین نموونەش بۆ ئیرادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەراورد لەگەڵ سوپا نەریتییەكانی ئێستای جیهان، دووبارە گەڕانەوەی هێزەكانی تاڵیبان بوو بۆ حوكمڕانیی ئەفغانستان، كە هێشتا هێزەكانی ئەمریكا و ناتۆ بە تەواوەتی ئەفغانستانیان بە جێ نەهێشتبوو، سوپای ئەفغانستان تەسلیمی هێزەكانی تاڵیبان بوون.

ئەم كاریگەرییەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان وای كرد، كە دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی تیرۆریستانی داعش، بیر لەوە بكەنەوە كە تیمە ڕاوێژكارە سەربازییەكان بێنە هەرێمی كوردستان و مەشق و ڕاهێنانی زیاتر بە هێزی پێشمەرگە بكەن و چەك و تەقەمەنیشی بۆ دابین بكەن.

2- لۆژیكی ئاقڵانەی حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی كوردستان كە وای كردووە كەلتووری پێكەوە ژیانی ئاشتییانە لە نێوان تەواوی ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی عێراق و كوردستاندا پارێزراو بێت و، هەموویان لە كوردستان نیشتەجێ ببن و هیچ كەسێكیش نەتوانێت جیاكاری لە نێوان نەتەوە و ئایینێكی جیاواز بكات.

پاراستنی كەلتووری ئاشتییانەی پێكەوە ژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان تەواوی نەتەوەكانی جیهان و فاتیكانیشی سەرسام كردووە و، نەمانی ئەم كەلتوورە لە ڕۆژئاوا وەك فاكتەری سەرەكیی كێشەكانی ئێستای جیهان لە قەڵەم دەدەن و، تەنانەت بە فاكتەری نەمانی ئاشتیی كۆمەڵایەتیشی لە كۆمەڵگەكانی ڕۆژئاوا لە قەڵەم دەدەن.

لەم ڕوانگەیەشەوە كوردستان بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر نەهێشتنی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە هەیە كە ئێستا ڕۆژئاوا بە هۆی نەمانی كەلتووری لێبوردەیی بە دەستیەوە دەناڵێنێت، هەر بۆیە ئەمەش وای كردووە كە كوردستان وەك كاراكتەرێكی دیار و كلیلی چارەسەر بۆ بەشێكی گرنگی كێشە جیهانییەكان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

 بەشداریی ئەمساڵی كوردستان لە داڤۆس براندە نیشتمانییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان

ساڵی ڕابردوو لە میانەی بەشداریكردنی مسرور بارزانی سەرۆكی حومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی داڤۆس (2022) و لە ئاكامی كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆمەڵێك خاوەنكار و وەبەرهێنەرانی وڵاتانی كەنداو، توانرا پرۆسەی هەناردەكردنی (هەناری كوردستان) بە سەركەوتوویی بگاتە چەند وڵاتێكی كەنداو، ئەم هەنگاوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی كشتوكاڵی بۆ دەرەوە، خۆی لە خۆیدا دروستكردنی براندێكی نیشتمانییە بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كوردستان و ناساندنی كوردستانە لەسەر ئاستی بارزگانی بە ڕێگەی بەرهەمەكانی.

لە ماوەی بەشداریكردنی ئەمساڵی شاندی كوردستانیش لە كۆڕبەندی داڤۆس 2023 بە سەرۆكایەتیی بەڕێز مسرور بارزانی و لە میانەی ئەو دیدار و كۆبوونەوانەی لە ماوەی ئەو چوار ڕۆژەدا ئەنجامی داون، دیسان جارێكی دیكە هەوڵێكی زۆری داوە كە بازاڕ بۆ تەواوی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كوردستان لە بازاڕەكانی ئەوروپا مسۆگەر بكات و، وەك بەڕێزیان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە داڤۆس بە میدیاكارانی ڕاگەیاند، ئامانج لەم هەوڵانە بۆ دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی جووتیارانی كوردستان، بۆ ئەوەی چیتر جووتیارانی كوردستان لە ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان نەترسن، بۆ ئەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتاوە بەرنامەی بەو جۆرەیە كە چەندین كۆگا بۆ كڕینەوەی بەروبوومی جووتیاران تەرخان بكات و، حكومەت ڕاستەخۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە جووتیاران بكڕێتەوە و پاشان هەناردەی دەرەوەی بكات، هەروەك چۆن هەر لە كابینەی نۆیەمدا پڕۆژەی دروستكردنی دەیان سایلۆ و كارگەی دروستكردنی خۆراك لە هەرێمی كوردستان دامەزرا و ماوەی یەك دوو ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی دانەوێڵەی جووتیارانی كوردستان دەكڕێتەوە، بەمەش ئەو مەترسییەی لەسەر جووتیارانی كوردستان لابرد، كە پێشان بە نیازی ئەوە بوون حكومەتی عێراق لێیان بكڕێتەوە و پاشانیش دوای چەندین ساڵ پارەكەی بۆ نەدەناردن، ئەمساڵیش هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەت بە هەمان ئاراستە بەردەوام بووە و ئەم دیدار و كۆبوونەوانەی ئەنجام داوە:

1. ڕۆژی 17ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ (2023) مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك ئەلیكساندەر دیكرۆ سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا كۆبووەوە و باس لە هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوولا كراوە، لە بوارەكانی ئاڵوگۆڕی بارزگانی و هەناردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كوردستان بۆ بازاڕەكانی بەلجیكا و ئەوروپا.

2. ڕۆژی 17ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ (2023) مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا كرد و، لەم دیدارەدا باس هەمەجۆركردنی سەرچاوە ئابوورییەكان و هەناردەكردنی بەروبوومی كشتوكاڵیی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی ئەوروپا كراوە.

3. ڕۆژی 18ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ (2023) مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی داڤۆس بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا كرد، بە ناونیشانی (بەهێزكردنەوەی پیشەسازیی ئەوروپا) و لەم كۆبوونەوەیەدا كە شای بەلجیكا فلیپ و شاژن ماتیلدا بەشدار بوون، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شا و شاژنی بەلجیكا باسی لە گرنگیدانی كابینەی نۆیەم بە كەرتی كشتوكاڵ و هەناردەكردنی بەروبوومی ناوخۆی كوردستان بۆ بازاڕەكانی ئەوروپا كرد.

4. ڕۆژی 18ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ (2023) مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەبدوڵا بن خەلدوون وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی بەحرێن كۆبووەوە، لەم دیدارەدا باس لە بوارەكانی‌ برەودان بە وەبەرهێنان و پیشەسازی و كشتوكاڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی كرا و، وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی بەحرێن ئاماژەی بەوە كرد كە بەنیازە لەگەڵ شاندێكی گەورەی بازرگانی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.

5. ڕۆژی 18ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ (2023)مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بشر ئەلخساونە سەرۆك وەزیرانی شانشینی ئوردن كۆبووەوە و تەوەرێكی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە پەرەپێدان و هاریكاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا، لە بوارەكانی كشتوكاڵ و بازرگانی و سوودوەرگرتنی كوردستان لە ئەزموونی سەركەتووی ئوردن لە بواری تەندروستیدا.

6. ڕۆژی 18ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ (2023) مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەعید بن محەمەد ئەلسەقری وەزیری ئابووریی سەڵتەنەی عومان كۆبووەوە و، لەم كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا كرا و، شایەنی باسە بەم دواییە هەناری كوردستان گەیشتە بازاڕەكانی عومان و، هەر لەم دیدارەدا بە فەرمی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سەڵتەنەی عومان بانگهێشت كرا.

7. ڕۆژی 18ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ (2023) مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد قرقاوی وەزیری كاروباری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدوڵا بن تۆق وەزیری ئابووریی دەوڵەتی ئیمارات كۆبووەوە، لەو دیدارەدا گفتوگۆ دەربارەی هاوئاهەنگی لە بوارەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و حكومڕانیی ئەلیكترۆنی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئیمارات كرا.

8. ڕۆژی 18ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ (2023) مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خالید ئەلفالح وەزیری وەبەرهێنانی شانشینی عەرەبستانی سعودیە كۆ بووە و لەو كۆبوونەوەیەدا وێڕای جەختكردنەوە لە برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوولا، لە هەمان كاتدا وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە ئاماژەشی بەوە دا كە بەم زووانە شاندێكی باڵای وەبەرهێنەران و بزنێسمانەكانی سعودیە سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی دەرفەتەكانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی.

9. ڕۆژی 19ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ (2023) مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مارك ڕووتە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا كۆبووەوە و لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكان دەربڕی، بەتایبەتی هاوكاریكردنی زیاتر لە بواری پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستاندا.

ئەمانە بەشێك بوون لە دیدارەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چوار ڕۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس و، لە هەموو دیدارەكاندا سەرۆكی حكومەتی كوردستان هەوڵی داوە كە ئاستی ئاڵۆگۆڕی بارزگانیی هەرێمی كوردستان و هەروەها هەناردەكردنی بەرهەمە جیاوازە كشتوكاڵییەكانی كوردستان فراوان بكات و، دەستی وەبەرهێنانی زیاتر لە هەموو بوارەكانی گەشتوگوزار و وزە و...هتد، بۆ كوردستان ڕابكێشێت، ئەمانەش هەموو لە پێناوی ئەوەیە كە ئابووریی كوردستان بكاتە ئابوورییەكی فرە سەرچاوەی داهات و بتوانرێت ژیانێكی خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیانی كوردستان فەراهەم بكرێت.

 

Top