مەلا ئەحمەد مەلا عەبدولعەزیز شێخ مەعرووف پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی دینارتە بۆ گوڵان:   ئیسلام هەرگیز دژی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان نییە

مەلا ئەحمەد مەلا عەبدولعەزیز شێخ مەعرووف  پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی دینارتە بۆ گوڵان:     ئیسلام هەرگیز دژی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان نییە

 

 

مەلا ئەحمەد مەلا عەبدولعەزیز شێخ مەعرووف پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی دینارتە، شارەزاییەكی باشی لە فقهی ئیسلامی و شەریعەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەیە، لەم دیدارەیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە خوداپەرستی و چاندنی تۆوی تەبایی و پێكەوەژیان دەكات و، تیشك دەخاتە سەر ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە ناو دۆزی ڕەوای نەتەوەی كورد. لێرەدا دەقی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

* مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕۆڵێكی گەورەیان لە خوداپەرستی و بەشداریكردن لە شۆڕشەكانی نەتەوەكەمان دژی زوڵم و چەوسانەوە هەبووە، با لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەین، لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریدا تاچەند ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ناوەڕۆكی قورئان و فەرموودەكان ئەم ئەركەی لەسەر موسڵمانان فەرز كردووە؟

- بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان. كورد میللەتێكی دیندار و خوداپەرستە و زۆر بە باشی لە دەقە پیرۆزەكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان (دروودی خوای لێبێت) شارەزایی هەیە، ئەمەش لەسەر دەستی زانا و مامۆستایان و مەلاكانی كوردستان، كورد بە درێژایی مێژووی ئیسلام ڕۆڵێكی گەورەی لە بڵاوكردنەوەو پارێزگاریكردن لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام كردووە. زۆریی ژمارەی مزگەوت، تەكییە، خانەقا و حوجرەكان و قوتابخانە ئایینییەكان بەڵگەی بەردەوامیی دینداری و موسڵمانێتی گەلی كوردە، مەلاكانی كوردستانیش ڕۆڵیان لە ئاراستەكردنی خەڵكی بۆ خوداپەرستی هەبووە، هەروەكو چۆن ڕۆڵیان لە شۆڕش و ڕاپەڕین و خەباتەكانی گەلەكەیان هەبووە و پاڵپشتییان لە هێزی پێشمەرگە و سەركردەكانیان كردووە. ڕەنگە لە شۆڕشی ئەیلوول پاڵپشتیی مەلاكان لە مەلا مستەفا بارزانی و كۆبوونەوەیان لە دەوری جوانترین بەڵگەی مێژووی نوێی گەلەكەمانە، جگە لەمەش ڕۆڵیان لە پرسە كۆمەڵایەتییەكانیش هەبووە و بە هیچ شێوەیەك ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان بەكار نەهێناوە بۆ هێرشكردنە سەر نەتەوە و ئایینەكانی دیكە، لە هەموو ناوبژیوانی و چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان بەشدار بوون و ڕۆڵی سەرەكییان بینیوە بۆ چارەسەركردنی.

* باسی ڕۆڵی مامۆستا و مەلای كوردت كرد لە پرسە كۆمەڵایەتییەكان و بەهێزكردنی كیانی تەبایی و پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، ئایا چۆن مەلای كورد توانیویەتی ئەم هزرە جوانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و مرۆڤایەتی لە ناوچەیەكی وا ئاڵۆزی وەكو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت؟

- لە ناوچەكەمان لە دینارتە موسڵمان و كریستیان و جوو هەبووە و بە هیچ شێوەیەك كێشە و گرفت لەگەڵ ئەو ئایین و ئایینزایانە نەبووە، نەمانهێشتووە هەوڵەكانی بەلاڕێدابردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ مەبەستی دونیایی و بەرژەوەندی شەخسی و بە فیت و هاندانی دەرەكی بهێنرێتە ئەم ناوچەیە، مەلای كورد تەنیا بەشداریی ناخۆشی و خۆشییەكانی گەلەكەی نەكردووە، بەڵكو ڕۆڵی چاكسازی و ئاشتەوایی لە ناكۆكی و گرفتەكانیش هەبووە، بەشداری بۆنە ئایینییەكانی دیكەشی كردووە و وەكو برا مامەڵەی لەگەڵ كردوون. لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان (دروودی خوای لێبێت) جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە موسڵمان نابێت ئازاری هیچ مرۆڤێك بدات. خودای گەورە و میهرەبان دەفەموێت: «تَعاوَنُوا عَلَی الْبِرِّ وَالتَّقْوی وَلا تَعاوَنُوا عَلَی الْإِثْمِ وَالْعُدْوانِ» خودای گەورەو میهرەبان لە ئایەتی (الحجرات) لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: «يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَی وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ».

* لە چەند دیمانەیەكی گوڵاندا مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر جەختیان لەسەر گرنگیی مامۆستایانی ئایینی دەكردەوە لە ناو شۆڕشەكاندا، بگرە باسی ئەو ئیعتباراتەیان دەكرد كە سەركردەكانی كورد بۆ مامۆستایانی ئایینی دەیانكرد، ئایا ئەم پەیوەندییە بەهێز و جوانە لە نێوان سەركردەكانی كورد و مامۆستایانی ئایینی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

- ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ خێری هەموو مرۆڤایەتی هاتووە و زۆر جەختیش لەسەر گرنگیدان بە نەتەوە و خاك و نیشتمان كراوەتەوە، سەركردەكانی كورد لە كۆندا زۆربەیان مەلا و مامۆستای ئایینی بوون، ئەوەتا سەیری شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ سەعیدی پیران و قازی محەمەد و شێخ مەحموود و مەلا مستەفا بارزانی و چەندین سەركردەی دیكە بكەن، كە خەباتیان لە پێناو نەتەوەكەیان دژی داگیركەر و زوڵم و چەوسانەوە كردووە، شۆڕشی ڕەسەنی كوردی لە مزگەوتەكانەوە دەستی پێ كردووە و خۆشەویستی خاك و نیشتمانیش لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە، مەلای جەزیری و مەلا ئەحمەدی خانی و سەدان شاعیر و نووسەری كورد و مەلا و مامۆستا و زاناو پیاوچاكی كورد پەروەردەی حوجرە و مزگەوت و تەكییە و خانەقا بوون و مێژووی كوردیان دەوڵەمەند كردووە، سەركردەكانی كوردیش هەر پەروەردەی مزگەوت بوون، مەلا مستەفا بارزانی خۆی بە یەكێك لە مەلاكانی كورد داناوە و بەرگرییان لە نەتەوەی كورد و خاك و نیشتمانەكەی كردووە.

* لە شۆڕشی ئەیلوول زانایانی ئیسلامی و مەلاكان لە دەوری مەلا مستەفا بارزانی بوون، ئایا ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕشی ئەیلوول چۆن بوو؟

- زانا و مەلای كورد بە ڕۆح و بە گیان لەگەڵ میللەتەكەیان و سەركردە مێژووییەكانیان بوون، لە شۆڕشی ئەیلوول مەلای كورد پاڵپشتی سەركردەكەیان بوون كە مەلا مستەفا بارزانی بوو، ئەم سەركردەیە پاڵپشتییەك و ڕۆڵێكی زۆری بە مامۆستایانی ئایینی دابوو. بە پێچەوانەی ئێستاوە مامۆستایانی ئایینی لەو سەردەمەدا ئیعتیباراتی خۆیان هەبوو، ئێستاش میللەتی ئێمە زۆرینەی موسڵمانە و دەبێت ئەو بایەخ و گرنگییەی بۆ بگەڕێتەوە، چونكە ئەمان ڕۆڵێكی گەورەیان لە بەرزكردنەوەی ئاستی ئینتما و نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی هەیە، هەر وەكو چۆن لە چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێكخستنی ژیانی خێزان و پەروەردەكردنی منداڵ ڕۆڵی سەرەكییان هەیە، هەرواش لە چارەسەركردنی كێشە و ڕێگرتن لە فیتنە و دووبەرەكی توانایەكی بەرزیان هەیە و خەڵكی لە گوێبیستی گوتارەكانیانن. مەلا مستەفا بارزانی كە بەمەلاكان دەڵێت من یەكێكم لە ئێوەو پاڵپشتیدان دەكەن خۆ هەر بەقسە نەبووە، مەلا مستەفا بارزانی خۆی مەلا بوو، شارەزاییەكی زۆری لە كتێبە شەرعییەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و تەریقەتەكان هەبوو، یەكڕیزی و تەبایی دروست كردبوو، بۆیە شۆڕشەكەی سەركەوتوو بوو، چونكە دوای فكری نامۆ و دوور لە دین و ئایینی پیرۆزی ئیسلام نەكەوتبوو، دڵسۆزانە بۆ ماڵی دونیا نا، بۆ كورد و كوردستان خەباتی كرد، بۆیە مامۆستایانی ئایینی خۆیان بە خاوەنی دۆزی ڕەوای گەلەكەیان زانیوە.

* ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی چییە بۆ ئەوەی ئەم دینە بۆ بیدعەی سیاسی و بەرژەوەندیی تایبەتی بەكار نەهێنرێت و لە ناو گەنجەكانماندا فكری نامۆ بڵاو نەكرێتەوە؟

- بەداخەوە لەم سەردەمەدا بە هۆی حزبایەتی و هێنانی فكری نامۆ بە موسڵمانان و ئیسلامەتی و بوونی سۆشیال میدیا و فەزایەكی بێسەروبەر لە ڕژاندنی تۆوی كوفر و لەخشتەبردنی نەوەی نوێ و گەنجەكانمان، مەترسییەكی گەورە لەسەر بیر و هزری نەتەوەیی و مرۆڤایەتی دروست بووە. سەرەتا دەبێت مامۆستای ئایینی حەقبێژ بێت و حكومەت و سەركردەكان پاڵپشتی لێ بكەن و گوێ لە داواكاری و پێشنیارەكانیان بگرن، هاوكات سنوورێك بۆ ئەو بێسەروبەرییەی سۆشیال میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە دابنرێت. كە بەداخەوە بووەتە جێگای تێكچوونی شیرازەی نەتەوە و ئایین و زیانی گەورە بەر پەروەردەی منداڵ و گەنج كەوتووە و ڕۆژانە لە سۆشیال میدیاوە فێری شەڕ و ناتەبایی و كوفر و ئیلحاد دەبن.

* بەڵام زۆرجار مامۆستایانی ئایینی بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات هەندێكیان تووشی فكر و بیروبۆچوونی ئایینی نامۆ دەبنەوە و بۆ ئەم میللەتەی لەگەڵ خۆیاندا دەهێننەوە، ئایا ئەمە چۆن ڕێگای لێ دەگیرێت؟

- لە ناو هەموو توێژێكدا كەسانێكی لادەر هەیە، بەڵام با ئێمە چارەسەری كێشەكە بكەین، ماوەی چەند ساڵێكە یەكێتیی زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام داوای دامەزراندنی زانكۆیەكی تایبەتمان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام كردووە، هەروەكو چۆن لە زۆر وڵاتی ناوچەكەدا هەیە، با بڕیارەكەی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كردنەوەی زانكۆیەكی ئیسلامی جێبەجێ بكرێت و زانا و مامۆستای كورد وانە بڵێتەوە و پڕۆگرامێكی میانڕەو و ڕەسەن دابنرێت و چیتر ئەو هەموو مامۆستا و مەلایە نەچنە دەرەوەی وڵات.

* دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان تا چەند لەگەڵ دەقە پیرۆزەكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) دەگونجێت؟

- قورئانی پیرۆز و فەرموودەكان و دەقە شەرعییەكان هەرگیز دژی ئەوە نین مرۆڤ و نەتەوەكان خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بن، ئەوەتا ئەو هەموو نەتەوە موسڵمانە خاوەنی چەندین دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن. گرفتەكە لەوەدایە ئێمە نەمانتوانیوە هاوشێوەی نەتەوەكانی تورك و فارس و عەرەب سوود لە ئایین وەربگرین، بەردەوام بە دوای فكر و هزری نامۆ بە میللەتەكەمان كەوتووین و هیچ سوودمان لێ وەرنەگرتووە. كاتێك ئایینی پیرۆزی ئیسلام فێری نیشتمانپەروەری و نەتەوەپارێزیمان دەكات كە بەها پیرۆزەكانی نیشتمان ڕێزی لێ بگرین، ئەمە سەرەتای ڕێگایە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەك كە سازش لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی نەكات، نەوەكو هەر حزبە و بەپێی بەرژەوەندیی خۆی زیان بە نەتەوە و سەربەخۆیی نیشتمان و بەها پیرۆزەكانی گەلەكەمان بگەیەنێت. ناكۆكی و ناتەبایی لەمەدا دروست دەبێت، ئەو هەموو حزبە هەر یەكەو خەڵكی بۆ خۆی ڕادەكێشێت، بەڵام ئەوەمان لەبیر كردووە خاك و نەتەوە و حكومەت مافی هەمووانە و دەبێت پارێزگاری لێ بكەین. ئەو ئیسلام نییە دژی سەربەخۆیی گەلی كوردستانە، بەڵكو ئەو ڕژێم و دەسەڵاتدارانە هێرشیان كردووەتە سەرمان بە ناوی ئیسلامەوە كە دینەكەیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكارهێناوە. مێژووی كورد بۆ ئێمە و بۆ ئەو نەتەوانەی دەوروبەریشمان بە هەڵە نووسراوەتەوە، هەمووی لە پێناوی ئەوەدایە هەروەكو چۆن ئاشتیی كۆمەڵایەتیی ناو خەڵكیان تێك داوە، هەرواش دەیانەوێت هەموو جوانییەكانی كورد لە خشتە بەرن و گەنج ئالوودەی فكر و بە ئاراستەی دوور لە خۆشەویستیی خاك و نیشتمان بەرن. داواكارم لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردە و ئەوقاف و لایەنە پیوەندیدارەكانی دیكە فریای گەنجەكانمان بكەون و چیتر ئەوەند گەنجەكانمان فێری دابونەریتی دوور لە كورد و ئایینەكەیان نەبەن. دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان گەنجەكانمان دامەزرێنێت و هاوكاریی پێكهاتنی خێزانیان بكەن و، شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بكەن. تێكچوونی دابونەریتی گەنج و كۆچكردنیان لە ئەستۆی ئێمەی مامۆستایانی ئایینی و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، لە دوای پەروەردە ڕوو بكەنە دابینكردنی خواست و داواكارییە شەرعی و ڕەواكانی گەنجان، بەتایبەتی لە دۆزینەوەی هەلی كار و پاڵپشتییان بۆ پێكهێنانی خێزان، خۆشەویستیی خاك و نیشتمان لەلای گەنج لە پەروەردە و دابینكردنی هەلی كار و پێكهێنانی ژیانی هاوسەرییەوە دەست پێ دەكات.

Top