سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی تازەی بریتانیا لە ھەولێر دەکات

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی تازەی بریتانیا لە ھەولێر دەکات

ڕۆژی پێنجشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو رۆزی کایف کونسوڵی تازەی بریتانیا لە ھەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی کونسوڵی تازەی بریتانیا کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە کارەکانی بۆ خواست و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و بریتانیا ئەو پەیوەندییانەی بە گرنگ وەسف کرد. هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاسی بریتانیای کرد کە لە شەڕی داعشدا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ھاوکار و پشتیوانی ھێزی پێشمەرگە بووە.
ھەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و پەیوەست بە ھەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە بەرژەوەندیی کوردستان و بابەتی شەرعییەت لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکی حزبیە و پێویستە ئەمساڵ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بەڕێوەبچن.
ھەنگاوەکانی چاکسازی لەناو ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و پێویستی بەردەوامیی ھەماھەنگیی نێوان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەی تیرۆر تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.

Top