ئــاشتیخوازی وەک باوەڕ و میرات! (لە پەراوێزی ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی - دا)

ئــاشتیخوازی وەک باوەڕ و میرات! (لە پەراوێزی ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی - دا)

ناوی مرۆڤەکان تەنیا ناون و هیچی تر، دەنگێکن و بە ئامادەبوونیان و لە کاتی گفتوگۆ و دواندنی یەکتردا، لە دەمماندا دەردەچن. ڕاستییەکەی، واتا و بەهایەکی ئەوتۆ لە ناوی کەسدا نییە، بەڵکوو لە جەوهەر و چییەتیی کەسایەتیی ناولێنراوەکەیدایە.
ڕوونتر بڵێین: واتا و بەها و بایەخی ناو، لە خودی ناولێنراودان و لە بیرکردنەوە و تێڕوانین و ڕوانگە و ڕەفتارەکانیدا ڕەنگ دەدەنەوە… لەو بیرکردنەوە ژیان و مرۆڤدۆستییەیدایە کە لە خزمەتی چاکەی گشتیدا خستوویەتی و دەیخاتە گەڕ… لەو کار و کردەوە، ڕەفتار و ئاکار، هەنگاو و هەڵوێستانەیدایە کە بە قازانجی بەرژەوەندیی گشتی تەواو بوون و دەبن… لە کەمکردنەوەی ئەو ئازارانەدایە کە دەوروبەری بە دەستیانەوە دەناڵێنن… لە پاراستن و ڕزگارکردنی هەموو ئەو گیانانەدایە کە لە ترس و دڵەڕاوکێ، مەرگ و کوشتن ڕزگاری کردوون و دەیانکات.
لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر لە مێژووی نزیکەی سێ چارەگە سەدەی ڕابردووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستان و ململانێی براکاندا ورد ببینەوە، ئەوا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ڕەوانشاد (ئیدریس بارزانی) لە پێشەنگی سەرکردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا دێت لە پەیوەست بە دەستپێشخەری بۆ ئاشتەوایی، یەکڕیزی، تەبایی، هاوخەباتی و بەیەکەوە کارکردنی کوردان.
ئیدریس بارزانی باوەڕێکی نەگۆڕ و یەقینێکی کۆنکرێتیی بە ئاشتەوایی، یەکڕیزی و تەبایی هەبوو. لەو پێناوەشدا ماندوویی نەناسانە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستنە گەڕ بۆ کۆتایی پێهێنانی ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان حزب و هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان. لەم ڕووەوە مێژوو ئەو دەسکەوت و شانازییەی بۆ (ئیدریس بارزانی) تۆمار کردووە کە:
یەکەم: ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان پارتی و پەکەکە لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بەرهەمی هزر و تێڕوانین، هەوڵ و تێکۆشانی نەپساوەی ئەو بوو. بۆیە هەر ئەو ڕاستییەشە وا لە (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) دەکات، کە ساڵی ٢٠١٣ زیندانی ئیمیرالی و لە گەرمەی گفتوگۆکانی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی، لە پەیامێکیدا بۆ پشتگیریکردن لە سەرخستنی کۆنگرەکە، بڵێت: کۆنگرەی نەتەوەیی بیرۆکە و دەستپێشخەریی لەمێژینەی (ئیدریس بارزانی) بوو.
دووەم: پشکی شێر لە هەوڵ و هەنگاوەکانی کۆتایی پێهێنانی شەڕی براکوژی لە شاخدا، دواتریش گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی و پێکهێنانی (بەرەی کوردستانی)، هەر بەر (ئیدریس بارزانی) دەکەوێت.
لەم گۆشەنیگایەوە، کاتێک کە دەبینین (نێچیرڤان بارزانی) باوەڕمەند و متمانەبەخۆ، شێلگیر و پشوودرێژ، لە هەوڵ و تێکۆشانەکانی بۆ ئاشتکردنەوەی لایەنەکان، یەکخستنەوەی ماڵی سیاسیی کورد و یەکڕیزی و تەبایی کوردستانیان ماندوو نابێت و لە دەستپێشخەری ناکەوێت، بۆ هیچ کامێکمان مایەی شۆک و سەرسوڕمان نییە، چونکە وەک پەندە کوردییەکەی دەڵێت: “ گیا لەسەر پنجی خۆی دەژیێتەوە.” و ئەویش گیای سەر ئەو پنجە ڕەسەنەیە.
دووانەی باوک و کوڕ (ئیدریس و نێچیرڤان بارزانی) لە دۆخی کوردی و کوردستانیدا کە بەدرێژایی مێژووی سێ چارەگە سەدەی ڕابردوو، بە ناکۆکی و ململانێ و خۆکوژی و خۆخۆری بارگاویە، خەیاڵمان دەباتەوە سەر ئەو قسەیەی عەرەب کە دەڵێن: “هذا الشبل من ذاك الأسد." ئاخر ئاشتی پێویستی بە جەنگاوەری ئازا و شێری نەترس زیاترە، تا شەڕ و خوێنڕێژی!

Top