١ی شوبات، ئەو زامەی ھەموو ساڵێك دەكولێتەوە و قوربانییانی لە بیرناچنەوە

١ی شوبات، ئەو زامەی ھەموو ساڵێك دەكولێتەوە و قوربانییانی لە بیرناچنەوە


١ی شوبات، ئەو زامەی ھەموو ساڵێك بە ئازارەوە دەكولێتەوە،كارەساتی ١ی شوبات، یەكێكە لەو كارەساتانەی كە ھەموو ساڵێك قەتماغە لەسەر برینەكەی لادەچێت و دەكولێتەوە.
یەكێك بوو لەو رووداوانەی كە تا ئێستاش و بە بەردەوامی لە بیر و ھۆشی خەڵكی كوردستاندا هەرماوە.

ئەو كەسانەی لەو رووداوەدا شەھیدبوون، سەرجەمیان بێ جیاوازی خەڵكێكی باش و شایستە و جێگای متمانەبوون، ھەندێكیشییان بەشێكبوون لە بڕیاردەرانی سیاسی كوردستان.

راستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە تیرۆریستان ھەمیشە بۆ خەڵكی تێكۆشەر و خاوەن مافەكانی كوردستان لە بۆسەدان، ھەر جارە و بە ناو و ناونیشانێكەوە كردەوە قێزەونەكانیان ئەنجام دەدەن، بەڵام ھەموویان سەر بە یەك بیر و بیركردنەوەی رەش و تاریكن، ئەویش كوشتن و لە ناوبردنی كەسانێك كە وەك ئەوان بیرتاریك نەبێت و لەگەڵیاندا نەبێت.

ئەوانەی لە ١ـی شوباتدا بە دەستی تیرۆریستێكی چەپەڵ شەھیدكران، بەشێكن لە یادگارییە جوانەكانی خەڵكی كوردستان و ھەریەكەیان لە بوارەكەی خۆیدا خزمەتی بێ ئەندازەی خەڵكی كوردستانی كردووە.
١ـی شوبات ئەو وانەیەیە كە دەبێت ھەمیشە بیخوێنینەوە بۆ ئەوەی رێگە لە ھەموو دەرفەتەكانی دووبارەبوونەوەی بگرین و رێگا نەدەین تیرۆریستان زەفەرمان پێببەن

گرنگە لەسەر ھەموو ئاستەكان ھەڵمەتی بەردەوام ھەبێت دژ بە بیری توندڕەوی و بیری ژیانكوژی و بیری تاریكی تاریكپەرستان، ھەر لە ناو ماڵەكانمانەوە تا ناو قوتابخانەكان و بواری خوێندن و دامەزراوەكان و ناو بازاڕ و پیشەوەر و كاسبكارانەوە، بۆ ئەوەی بەردەوام كۆمەڵگە بەدوور بێت لەو بیر تاریكانە و ھەمیشە ژیان باڵادەست بێت.

لەم یادە پڕ شكۆیە هەزاران درود بۆ رۆحی پاكی شەھیدانی ١ـی شوبات و تێكڕای شەهیدانی رێگەی رزگاریخوازی كوردستان.

Top