پڕۆفیسۆر جێفری ڤان دێن بێرگ بۆ گوڵان:   ژیرانەترین بڕیار ئەوەیە پوتین دەستپێشخەرییەك ڕابگەیەنێت كە لەلایەن ئۆكرانیاوە مایەی قبووڵكردن بێت

پڕۆفیسۆر جێفری ڤان دێن بێرگ بۆ گوڵان:     ژیرانەترین بڕیار ئەوەیە پوتین دەستپێشخەرییەك ڕابگەیەنێت كە لەلایەن ئۆكرانیاوە مایەی قبووڵكردن بێت

 

 

جێفری ڤان دێن بێرگ، پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە بەشی زانستی سیاسی و كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی دروری، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هەمان زانكۆ. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرئەنجام و ئەگەرەكانی ئەم شەڕە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە زۆرێك لە شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن، كە ئەمە بڕیارێكی تاكەكەسیی سەرۆك ڤلادمیر پوتین بووە، بڕیارەكەشی نەك هەڵە یان دروست بووە، بەڵكو مایەی كارەسات و كاولكاری بووە، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە و چۆن لەم بڕیارە تاكەكەسییە دەڕوانن؟

- لە ڕاستیدا ئێمە لەم ڕووەوە دەتوانین ئەوە بڵێین كە ئەمە حاڵەتێكە لە ڕژێمە تاكڕەو و خۆسەپێنەكاندا بەدی دەكرێت و بەرجەستە دەبێت، واتە سەركردە و سەرۆكەكانی ئەم وڵاتانە كەسانێك لە نزیك خۆیان دادەنێن، كە ڕاستییەكانیان پێ ناڵێن، یان ناوێرن ڕاستییەكانیان پێ بڵێن، كاتێك كەسانێكیش لە دەوری خۆیان كۆدەكەنەوە كە بوێریی ئەوەیان نییە ڕاستییەكان بڵێن، ئەوا غروورێكی گەورەیان بۆ دروست دەبێت، ئەمەش دۆخێك دەخوڵقێنێت كە وایان لێ دەكەن، بڕیاری زۆر هەڵە و كارەساتبار بدەن، ئەمە خەسڵەتێكی حوكمڕان و خاوەن دەسەڵاتەكانی ڕووسیا بووە.

* لە پەیوەندی بە درێژەكێشانی شەڕەكەوە، ئەوا لە ئێستادا هیچ ئەگەرێك لە ئاسۆدا بەدی ناكرێت، كە ببێتە هۆی ئەوەی شەڕەكە بە ڕێگەی دانوستاندن كۆتایی پێ بهێنرێت، یان بە شێوەی سەربازی بتوانرێت یەكلا بكرێتەوە، پێشبینیی ئێوە لەبارەی چارەنووسی ئەم شەڕەوە چییە؟

- من پێم وایە ژیرانەترین و باشترین هەنگاو و بڕیارێك بۆ سەرۆك ڤلادمیر پوتین لە ئێستادا ئەوەیە كە دەستپێشخەرییەك ڕابگەیەنێت، كە مایەی قبووڵكردن بێت لەلایەن ئۆكرانیاوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت شەڕەكە ڕابگیرێت و كۆتایی پێ بهێنرێت. دواتر ئەوەی پەیوەست بێت بە هەڵوێستی ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، ئەوا پێ ناچێت هیچ گۆڕانێك لە هەڵوێستیدا ڕووی دابێت، ڕەنگە ڕووبەڕووی هەندێ پرس و كێشە ببێتەوە، بەڵام پێم وانییە لە كۆتاییدا گۆڕانێك لە هەڵوێستی سەبارەت بەم شەڕە دروست بكات. ئەگەر بێینەوە سەر وەڵامی پرسیارەكە، ئەوا من باوەڕم وایە سەرۆك ڤلادمیر پوتین دەیەوێت ئەوەی بەدەستی هێناوە، پارێزگاریی لێ بكات و دەسەڵاتی خۆی تێدا بچەسپێنێت، دواتر بانگەشەی ئاشتی بكات و ڕای بگەیەنێت با ئاشتی بەرپا بكرێت، بەڵام كێشەكە لەوەدایە كە ڕووسیا دوای چەند ساڵێكی دیكە دەگەڕێتەوە و چاوی لە داگیركاری و دەستەبەردارگرتنی خاكی زیاترە و پەنا بۆ بەرپاكردنەوەی شەڕێكی دیكە دەبات. ئەمەش كێشەیەكی دروست كردووە كە بریتییە لەوەی هیچ كەسێك باوەڕی پێ ناكات و هیچ كەسێك نایەوێت ڕێككەوتنی لەگەڵدا ئەنجام بدات، بەڵام نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەردەوامە لە دەستەبەركردنی هاوكارییەكان بۆ ئۆكرانیا، سەربازانی ئۆكرانیاش بەو ئیرادەوە شەڕی سەربەخۆیی دەكەن.

* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە یەكێك لە ڕێگەكانی دەرچوون و كۆتاییهێنان بەم شەڕە بریتییە لەوەی ڕووسیا دەستپێشخەری ڕابگەیەنێت، ئایا هیچ بیرۆكەیەكت هەیە دەربارەی ئەوەی دەبێت ناوەڕۆكی ئەو دەستپێشخەرییە چۆن بێت؟

- من ئەوە دووپات دەكەمەوە كە دەبێت بە چەشنێك بێت كە بەڕاستی مایەی تاوتوێكردن و قبووڵكردن بێت لەلایەن ئۆكرانیاوە، ئەوەی پەیوەست بێت بە ناوەڕۆكەكەیەوە، ئەوا من پێم وایە ڕەنگە ڕاگەیاندنی چۆڵكردن و كشانەوە لە سەرجەم ئەو خاكانە لەخۆ بگرێت كە ڕووسیا دەستی بەسەردا گرتوون و داگیری كردوون لە دوای هەڵگیرساندنی شەڕەكەوە، هەروەها ڕاگەیاندنی ئەوەی دەبێت هەرێمی كریمیا هەرێمێكی بێلایەن بێت و لەژێر چاودێریی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بێت، مەبەستم ئەوەیە دەبێت ناوەڕۆكەكەی بە چەشنێك بێت كە بە ڕاستیی ئۆكرانیا لەبەرچاوی بگرێت و بە جددی وەری بگرێت.

* ئەوەی تا ئێستا بەدی كراوە، ئەوەیە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەردەوامن لە دەستەبەركردن و دابینكردنی چەك و هاوكاری بۆ ئۆكرانیا، ئەمەش هۆكارێكی یەكلاكەرەوە بووە بۆ ئەوەی ئۆكرانیا بتوانێت بەو چەشنە بەرگری بكات و بەر بە سوپای ڕووسیا بگرێت، پێتان وایە لە حاڵەتی درێژەكێشانی زیاتری شەڕەكەدا، ئەم هاوكارییانە بەردەوام بن، یان لە كۆتاییدا فشار لەسەر ئۆكرانیا دەكەن تاوەكو سازش بكات؟

- من دەمەوێت لێرەدا ئەوەتان پێ بڵێم كە ڕوونادات، ئەوەی پێم وایە ڕوونادات ئەوەیە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و لە سەروویانەوە ئەمریكا بە چەشنێك گوشار لەسەر ئۆكرانیا ناكەن كە هەر ڕێككەوتنێك واژۆ بكات، تەنیا بۆ ڕازیكردن ڕووسیا و لە پێناو كۆتاییهێنان بە شەڕەكە، مەبەستم ئەوەیە شەڕەكە چەند درێژە بكێشێت، ئەوا وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامادەن بۆ ئەوەی هاوكاری و یارمەتیی پێویست بۆ ئۆكرانیا فەراهەم بكەن. من دێمەوە سەر وەڵامی پێشوو، پێم وایە دەبێت ڕووسیا دەستپێشخەرییەك بكات كە مایەی قبووڵكردن بێت لەلایەن ئۆكرانییەكانەوە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە كە سەرۆك پوتین ئامادە نییە ئەم كارە بكات، لە ڕاستیدا سەرۆك ڤلادمیر پوتین بەو ئاست و ئەندازەیە زیرەك نییە كە لێی دەڕوانرێت، چونكە هێندە شكستی شەرماوەری بەسەردا هاتووە، كە ناتوانێت وەك كەسێكی زیرەك هەڵسوكەوت بكات و بڕیار و هەنگاوی ژیرانە هەڵبگرێت بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكە. كێشەكە لەوەدایە كە سەرباری ئەوەی كە بەسەر سوپاكەیدا هاتووە، هێشتا پوتین باوەڕی وایە ڕووسیا هێزێكی مەزنە، من نازانم ئەم باوەڕەی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، لەبەر ئەوە پێم وایە پوتین كەسێكی كەللەڕەق و سەركێشە. دواتر بە مەزەندەی من پوتین دوای چەند مانگێك لە شەڕەكە قەناعەتی ئەوەی بۆ دروست بوو كە دۆخەكە لە بارێكی خراپدایە و دواتر بڕیاری دا بە زیادكردنی 300 هەزار سەرباز لە سوپاكەیدا، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە ئەم سەربازانە بێ كەرەستەی پێویست ڕەوانەی شەڕەكان كراون، كەواتە ئەم 300 هەزارە بە مانای 100 هەزار گۆڕی زیاتر و 200 هەزار برینداری زیاتر دێن، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر چەك و كەرەستەی پێویستیان بۆ دابین نەكەیت، ئەوا ناتوانن هیچ بكەن.

* كەواتە چارەسەرەكە لە چیدایە؟

- من پێم وایە دەبێت گۆڕانكارییەك لە نێو حوكمڕانی ڕووسیادا ڕوو بدات، یان دەبێت سەرۆك پوتین بگاتە ئەو دەرئەنجام و قەناعەتەی كە دەبێت سیاسەتێكی واقیعبینانە بگرێتەبەر و، هەوڵی بەدەستهێنانی ئەوە بدات كە مومكینە و دەرئەنجام و دەرهاویشتە درێژخایەن و دوورمەوداكانی درێژەكێشانی شەڕەكە لەسەر ڕووسیا لەبەرچاو بگرێت، خۆ ئەگەر ئەمەش ڕوو نەدات، ئەوا پێویستە كەسانی دەورووربەری هەوڵ بخەنەگەڕ كە بیهێننەسەر ئەو قەناعەتەی كە دەبێت ڕێچكە و ڕێگەچارەی خۆی بگۆڕێت، ئەگەر ئەمەش ڕووی نەدا، ئەوا ئەم كەسانە بگەنە ئەو دەرئەنجامەی كە دەبێت خۆیان كارێك ئەنجام بدەن، چونكە سەرۆك پوتین زیانێكی زۆری بە ڕووسیا گەیاندووە و چیتر ناكرێت دۆخەكە بەم چەشنە بەردەوام بێت، مەبەستم ئەوەیە گرنگ نییە كە چەندە دەسەڵاتەكەی مەركەزی و خۆسەپێن و چەند دامودەزگای ئەمنیی لە ژێر دەستدایە، بەڵام ئەگەر بارودۆخەكە بە چەشنێك بێت كە ڕووسیا لەبەردەم دوو بژارەدا بێت، ئەوا یا ئەوەتا پوتین لە دەسەڵات بمێنێتەوە، یانیش ڕووسیا تووشی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوە ببێتەوە، ئەوا لەم كاتەدا كەسێك دێتە پێشەوە و بڕیاری ئەوە دەدات كە بۆ ڕزگاركردنی وڵاتەكە شتێك بكرێت.

* ئەی چۆن پەنابردنی ڕووسیا بۆ تێكشكاندنی ژێرخانی بنەڕەتیی ئۆكرانیا لێك دەدەیتەوە؟

- لە ڕاستیدا ئەمە ئاماژەیەكە بۆ دۆڕانی ڕووسیا، چونكە ڕووسیا دەزانێت ناتوانێت لە بەرەكانی شەڕدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، دەیەوێت بەم شێوەیە ورەی ئۆكرانییەكان بڕووخێنێت و لە ناویان ببات. من لێرەدا ئەم پرسیارە دەكەم، ئایا ئەو هەموو بۆردومان و بەكارهێنانی فڕۆكە و مووشەكە لە ئەفغانستاندا لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، بووە هۆی تێكشكاندنی ئیرادەی تاڵیبان، نەخێر، هەروەها هەوڵەكانی ڕووسیاش لە ئەفغانستاندا نەبوونە هۆی شكاندنی ئیرادەی ئەفغانییەكان، ئەمە دوا ڕێگەچارەیەكە كە لایەنێكی دۆڕاو پەنای بۆ دەبات.

Top