ستیڤان شەمزینی نووسەر و ڕۆژنامەنووس:   كۆششم بۆ ئەوەیە نەخۆشانی شێرپەنجە بگەیەنمە ئەو بڕوایەی بە هەموو ئازار و دەردەكانیانەوە دەست بە ژیانەوە بگرن

ستیڤان شەمزینی  نووسەر و ڕۆژنامەنووس:     كۆششم بۆ ئەوەیە نەخۆشانی شێرپەنجە بگەیەنمە ئەو بڕوایەی بە هەموو ئازار و دەردەكانیانەوە دەست بە ژیانەوە بگرن

 

 

نووسەر و ڕۆژنامەنووس ستیڤان شەمزینی ماوەی 11 ساڵە تووشی شێرپەنجەی مێشك و پووكانەوەی مۆخ بووە، بەڵام بە ورەیەكی پۆڵایینەوە دەستەویەخەی شێرپەنجە بووەتەوە و تەسلیم نەبووە، بەدەر لەمە خاوەنی 23 كتێبی چاپكراوە، سێ دانەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش تووشبوونی بە شێرپەنجە، بەڵام لە ماوەی ئەم 11 ساڵەی دوای تووشبوون بە شێرپەنجە 20 كتێبی نووسی و ئامادەیانی كرد، زۆربەشیان لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەوە نووسراون، ئێستاش پێنج كتێبی دیكەی بۆ چاپ ئامادەن، ئەمڕۆش لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەدا دیمانەیەكمان لەگەڵی ئەنجام دا و، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

* چۆن و بە چ شێوازێك ڕووبەڕووی نەخۆشیی شێرپەنجە بوویتەوە و ڕێگەت لەوە گرت دەرئەنجامەكانی بگەنە ناخت؟

- پێش هەر شتێك وەك نووسەرێك بە ئەفسوونی وشە بەرەنگاریم دەستپێكرد، شۆكەكە زۆر گەورە دەبوو، ئەگەر لە كایەی نووسیندا كارم نەكردبا. شێرپەنجە نەخۆشییەكی ئاوارتە نییە لەم سەردەمەدا، وەك هەر پەتایەكی ئاسایی بڵاو بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی ساڵانە ژیان لە ملیۆنان كەس دەسێنێتەوە لە جیهاندا، بەڵام چیتر لە لیستی دەردە كوشندەكاندا ڕیزبەند ناكرێت. ئەزموونی من لە ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە كەمێك جیاوازترە، پێش 11 ساڵ كاتێك ئەنجامی دیاگنۆسەكەم ئەوەی دەرخست وەرەمێكی سەرەتانیی گەورە لە بەشی چەپی مێشكمدا هەیە، سەرەتا نەمدەتوانی ئەوە گەوار بكەم، كە دەبێت بەم زووانە بڕۆم، بڕیارم دا خۆم وەك نەخۆشێك نەبینم، ئەمە ئەو پرەنسیپەیە هەر لە سەرەتاوە پیادەم كرد، نەمهێشت بڕوا بەوە بهێنم، بەوەی نەخۆشێكم و دواڕۆژێكی لێڵ چاوەڕێمە، ڕێگەم نەدا ئەو تومۆرە لە ناو مێشكمدا ببێتە برینێك لە بیركردنەوەدا، یان ببێتە دراگۆنێك مێشك و لەشم بخوات، شێرپەنجەم لە ناوچەیەكی تەسكی جەستەدا وەك پارچەیەكی زیادە و دەرەكی سەیر كرد. لە پەنایدا بە دوای بیۆگرافی ئەو نووسەر و فەیلەسووفانە گەڕام، كە نەخۆشی بڕستی لێ بڕیبوون، ژمارەیەكی زۆرم دۆزییەوە لەو داهێنەرە مێژووییانە، ئەوەی لە هەمووی كەمەنكێشتر بوو بە لامەوە، دۆزی نەخۆشی هەر یەك لە دۆستۆیڤسكی و نیچەی فەیلەسوفی ئەڵمانی بوو، لە 2014 چوومە ماڵە هاوینییەكەی نیچە لە نزیك دارستانی ڕەش، لەوێ بڕیارم دا خۆم ڕادەستی چارەسەرە پزیشكییەكان بكەم.

* هێزی ئیرادە چەند ڕۆڵی لە بەرەنگاریی ئەم شێرپەنجەدا هەیە؟

- مرۆڤ ئاژەڵێكی ئاڵنگارە، لە هەر ئاژەڵێكی دیكە زۆرتر لە سرووشت یاخی بووە، لە هەر ئاژەڵێكی دیكەش پتر توانای خۆڕاپسكاندنی هەبووە لە جەبرەكانی بوون، لە ڕێگەی ئیرادە و عەقڵییەوە زاڵ بووە بەسەر دەوروبەریدا، ئەوەی ئەمڕۆ بە دەستمان هێناوە لە پێشكەوتن و زانیاری، كاری ڕێكەوت نییە، بە هۆی ئەو ویستەوە بوو كە هەمانبووە بۆ داهاتوو، كاركردن بۆ داهاتوو نەریتێكی تەواو مرۆڤانەیە، لە خێڵی ئاژەڵەكاندا تەنیا مرۆڤە دەتوانێت نەخشەی بۆ داهاتوو هەبێت، ئەوەی ئایدیای لە بارەی ئێستا و ئایندەوە نەبێت، داروین پێمان دەڵێت: لە پەرەسەندن دواكەوتووە و ماویەتی ببێت بە مرۆڤ. ڕوونتر بڵێم زانست سەلماندوویەتی ئیرادە و خواستی مرۆڤ زۆر زیاتری لە باردایە و هەر لێرە ڕاناوەستێت، منیش بە نۆرەی خۆم بڕیارم دا، كەڵك لە ماتەوزەی دەروونی و ڕۆحیی خۆم وەربگرم، تاكو بتوانم زاڵ بم بە سەر ئازارەكاندا، یەكێك لەو تەكنیكانەشی بەكاری دەهێنم، بریتییە لە لەبیركردنی نەخۆشی، كاتێك تۆ نەخشە بۆ ئایندە دادەنێیت، واتە ئێستا لە بیر دەكەیت، ئەگەرچی مرۆڤێكی گەشبین نیم، بەڵام هەمیشە پێموایە ڕۆژێك دێت لە ئەمڕۆ باشتر بێت، نەخۆشیم لە بیركرد و نەخشەم بۆ دواڕۆژ دانا، یەكێك لەو نەخشانەش ئەو كتێبانە بوون لە ماوەی نەخۆشییەكەمدا چاپم كردن.

* ئەی چۆن توانیت لە نەخۆشخانە ئەو ژمارە كتێبە چاپ بكەیت؟

- كە وتم ئەزموونەكەم كەمێك جیاوازە، ڕێك بیرم لای ئەوە بوو، باسی كتێبەكانم بكەم، لاتان ڕوونە نووسین لە ژیانمدا لەگەڵ نەخۆشیدا دەست پێ ناكات، پێش نەخۆشییەكەم وەك ڕۆژنامەوان و سەرنووسەری ڕۆژنامە و گۆڤار كارم دەكرد و لە ئەتەری میدیای كوردی و عەرەبیدا ناوێكمان هەبوو. كاتێك وەك نەخۆشێك لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەكان خۆم بینییەوە، لەبەر خۆمەوە دەموت، ئەوەی لێرەیە قەبارە بیۆلۆژییەكەی منە، نەك هزر و ئەندێشە، ئەوەی نەخۆشە، مێشكمە نەك بیركردنەوەم، ئەوەی ئازاری هەیە، لەشمە، نەك دڵم، بڕیارم دا، كتێبەكانم چاپ بكەم، هەندێكیانم پێشتر نووسیبوون، هەندێكیانم بە زنجیرە وتار لە ڕۆژنامەكاندا بڵاو كردبووەوە، نیوەشیان لەو 11 ساڵەدا نووسیمن، بە تێكڕا 23 كتێبی چاپكراوم بڵاوكردەوە كە دوایەمینیان «هەڵبەت تا ئێستا» كتێبی (شارستانی كۆلاپس)ـە لە دوو توێی 660 لاپەڕەی قەبارە گەورەدا. بە كورتی كارەكە دووسەرە بوو، هەم ئیرادەم لە نووسین و كتێبەكانمەوە وەردەگرت، هەم بە زەبری ئیرادە ئەو كتێبانەم دەنووسی و بۆ چاپ ئامادەم دەكرد.

* شێرپەنجە لای تۆ بوو بە خاڵی بەهێز، نەك تێكشكان، بیرت لەوە نەكردووەتەوە كتێبێكیش لەو بارەوە بنووسیت ؟

- توانیم بەرهەمهێنانی فیكری لە قاوشی نۆرۆلۆگییەوە بكەم، شێرپەنجەم كرد بە میتافۆرێك و خستمە پاڵ خۆشەویستییەوە، بۆ نموونە ناوی یەكێك لە كتێبە نیمچە فەلسەفییەكانم (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجەدا)یە، ئەمەش هەوڵێك بوو تا چیتر بە شێرپەنجە نەوترێت «دەردەپیسەكە». هەوڵم نەداوە لەسەر نەریتی سەفسەتەبازیی گەشەپێدانی مرۆیی كتێبی بازرگانی بنووسم، كۆششم بۆ ئەوەیە نەخۆشانی شێرپەنجە بگەیەنمە ئەو بڕوایەی بە هەموو ئازار و دەردەكانیەوە دەست بە ژیانەوە بگرن، ئێمە لە ناو ئەم بوونەداین، هەر بوونێكی دی بەرهەمی فەنتازیایە و پانتاییەكی گریمانەكراوە نەك سەلمێندراو، بۆیە چاكتر وایە هیچ چركەیەك بە فیڕۆ نەدەین، نابێت ڕۆژەكانمان بسووتێنین، كاتێك ئاوڕ بدەینەوە ئەوەی بوو بە قەقنەس خودی ژیان بوو، وەك خۆم سەما بە چواردەوری خۆڵەمێشێكدا ناكەم، كاتێك كوژانەوەی ئاگرەكەیم بینیبێت. بۆیە ئەو كتێبانەی نووسیوومن، پەیامێكی ژیانویستییە و نیشاندانی ئەوەشە نەخۆشی نابێتە دەرد، تا خۆمان بڕیار نەدەین، من بڕیارم داوە بنووسم نەك بۆ باسكردنی مەرگ و نەخۆشی، بەڵكو بۆ ستایشی ژیان، ئەگەرچی تێبینیم لەسەر جۆری ژیان لەم جیهانە پڕ نادادییەی هەنووكەدا هەیە.

 

ستیڤان شەمزینی  نووسەر و ڕۆژنامەنووس:     كۆششم بۆ ئەوەیە نەخۆشانی شێرپەنجە بگەیەنمە ئەو بڕوایەی بە هەموو ئازار و دەردەكانیانەوە دەست بە ژیانەوە بگرن
Top