دونیای سۆشیال میدیا و سەرمایەداری  بە هۆكاری كەمبوونەوەی بەهای خۆشەویستی دەزانرێت

دونیای سۆشیال میدیا و سەرمایەداری   بە هۆكاری كەمبوونەوەی بەهای خۆشەویستی دەزانرێت

 

 

لە سەردەمی بەجیهانیكردن و بە سۆشیاڵ میدیاكردنی كۆمەڵگە، پەیوەندیی خۆشەویستی و سۆزداری خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت. بەپێی توێژینەوەی كۆمەڵناسەكان خۆشەویستیی سۆزداریی نێوان ژن و پیاو تواوەتەوە، یان تەواو ون بووە. ژنە كۆمەڵناسی فەڕەنسی بە ڕەچەڵەك مەغریبی (ئیڤا لۆز) لە كتێبی (نەمانی خۆشەویستی)دا دەڵێت: ئەوانەی پێشتر یەكتریان خۆش دەویست، لە ئێستادا یەكتر بەجێ دەهێڵن. ئەگەر خۆشەویستی لە پێشوودا پابەندبوونی ئەخلاقیی نێوان دوو ڕەگەز بووبێت، ئێستا بەرە بەرە ئەو پابەندبوونە ئەخلاقییە لە نێو دونیای سۆشیال میدیا و سەرمایەداری و ڕیكلامدا بزر دەبێت. ئەمڕۆ لە كوردستانی خۆشماندا گلەیی لە كاڵبوونەوەی خۆشەویستیی نێوانی تاكەكان دەكرێت. گەنجانی بەشداربووی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان دڵی خۆیان بۆ خوێنەران دەكەنەوە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

ئاواز شێرزاد چالاكی بواری پاراستنی مافەكانی ئافرەتە و ئەویش وەك سەدان چالاكی مەدنی ڕای وایە: «خۆشەویستی كۆڵەكەی بەردەوامبوونی ژیان و پەیوەندیی نێوان مرۆڤەكانە و هەر لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤەوە لەگەڵیدا چەكەرەی كردووە و، مرۆڤ نەیتوانیوە بە تەنیا ڕێ بكات، خۆشەویستی زەروورە و پێویستی و ئاتاجە بۆ مرۆڤ، چونكە بوونیەتیی مرۆڤ وایە ناتوانێت لە تەنیاییدا بژیت، بۆیە هەر لە سەرەتاوە بۆ دابینكردنی پێویستییەكانی هەوڵی كۆمەڵبوون و پێكەوەگەری لەگەڵ مرۆڤەكانی دیكەدا داوە، خۆشەویستی بنەمای یەكتر قبووڵكردن و ڕێزگرتنە لە یەكتری و كۆكەرەوەی ئینسانەكانە لەسەر سفرەی ژیان و چەندین لایەنی ئەرێنی لەخۆ دەگرێت، كە دەبنە هۆی پتەوی پەیوەندییەكانی مرۆڤ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستی بەرگێكی تەواو جیاوازی بە بەردا كراوە، بە بەراورد بە سەدەیەك پێش ئێستا، بەگشتی پەیوەندییەكان ڕووەو خراپی چوون، بە جۆرێك مرۆڤەكان لە بری دڵنیایی و ئارامی ترس و دوودڵییان هەیە لەیەكتر تەنانەت لە نێوان خێزان و خوشك و برا و هاوسەر و ڕەگەزی بەرانبەریش ئەو موحیبەتەی جاران نەماوە، هەموو مرۆڤێكیش خاوەنی هەست و سۆزە و لە پەیوەندی دووكەسیدا، یان هەر پەیوەندیەكی دی ئەم هەستانە ئاڵوگۆڕ دەكرێن. بەلام لە ئێستادا ئەم بەهای خۆشەویستییە لە پەیوەندییەكاندا بەرەو لاوازی چووە». سەبارەت بە هۆكارەكانی ئەو بۆچوونەشی گوتی: «دەكرێت بۆ چەند هۆكاری بگەڕێنینەوە، لەوانە: «نەناسینی هەستەكانی خۆیان لەلایەن تاكەكانەوە. ترسان لە دەربڕینی هەستی خۆشەویستی، ترسان لە ڕەگەزی بەرانبەر، ترسان لە كەلتوور و باكگراوندە ئایینییەكان و بە مەرجكردنی پەیوەندی و خۆشەویستی و نەمانی متمانەیەكی بەهێز لەنێوان تاكەكان، هەروەها زۆربوونی خیانەت لە نێوان تاكەكان و بوونی هزری نێرسالاری و دژبوونی ڕەگەزی مێ و ناكۆكیی نێوانیان، بەڵام لە كۆتاییدا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی كەسەكان بۆ خۆشەویستی و پەیوەندی و جوانترین پەیوەندی لە نێوان تاكەكانیش بریتییە لە خۆشەویستییەكی بێ مەرج لە نێوان ئەو دوو تاكە و یەكترقبووڵكردنیان بۆ ئەوەی پێكەوە بناغەی ژیانی هاوبەش دابنێن».

محەمەد عوسمان مامۆستای وانەبێژە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «‎خۆشەویستی بابەتێك، یان هەستێكی ڕۆحییە، زیاتر لەوەی ماددی بێت، بەڵام بەپێی كەسەكان و كۆمەڵگەكان ئەم هەستە كۆمەڵێك گۆڕانكاریی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت. كاتێك ئەم هەستە لە نێوان دوو كەس دروست دەبێت، ئەوا دەتوانین بڵێین: بەچێژترین ئەزموونی ژیانكردنیانە و جوانترین كردەوەكانیان لەم كاتەوە دروست دەبێت. مرۆڤ لەگەڵ لەدایكبوونی ئەم هەستەی لە لای دایك دەبێت، بەڵام بە پێی قۆناغی تەمەنی ئەم هەستە بۆ كەسەكان دەگۆڕێت. واتە پانتایی ئەم هەستە بە هۆی ژینگە و پەروەردە و ڕۆشنبیریی تاكەوە پڕ دەبێت لە گۆڕانكاری». هاوكات دەڵێت: «ئەگەر باسی كەمبوونەوەی هەستی خۆشەویستی لە نێوان هەر دوو ڕەگەز بكەین، ئەوا كۆمەڵێك هۆكاریان هەیە لەوانە:

*كەمبوونەوەی هەستی خۆشەویستی نەخۆشییەكی باوی كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی كۆمەڵگەی كوردییە، كە بە هۆی ئەوەی هەر دوو ڕەگەز نەیانتوانیوە وەك لایەنێكی ڕۆحی سەیری پەیوەندییەكە بكەن، بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە ڕۆحییەكانیان، نەك وەك كەرستەیەكی حەزەكان لێی بڕوانن و بیكەنە پێشبڕكێیەك بۆ بەرژەوەندییە جەستەیی و ماددییەكانی لەسەر بنیات بنێن .

*بوونی ڕۆشنبیریی تاك لە كۆمەڵگە هۆكارێكی گرنگی ئەم باسەیە، چونكە بەپێی بیركردنەوەی تاك ئەم هەستە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی جیاوازی تێدا دەبیندرێت. واتە دەتوانین بڵێین: لە تەمەنێكی بچووك لەلایەن خێزانەكانەوە ترسێكیان دروست كردووە بۆ هەر دوو ڕەگەز، كە هەوڵدان بۆ لێكنزیكبوونەوە بە هیچ جۆرێك نابێت ڕوو بدات.

*هەندێ جار تێكەڵبوونی ناتەندروست لە نێوان هەر دوو ڕەگەز، هۆكارێكە بۆ دەوروبەر كەوا هەردوو ڕەگەزەكە دوور بكەونەوە لە پەیوەندیی قێزەون و ناشیرین و دوور لە ئایین و دابونەریتی كۆمەڵگە. .*بوونی ڕقێكی كۆن لە نێوان هەردوو ڕەگەز كەوا بەرانبەر یەك بە كاری دەهێنن، ئەمەش زیاتر بە هۆی پیاوسالاربوونی كۆمەڵگەیە، كەوا وەك تۆڵەیەك هەندێك جار بە كاری دەهێنن .

*هەندێ هۆكاری لاوەكی هەن بە ڕێژەیەكی كەم ڕۆڵ دەبینن لەم دیاردەیە، یان ئەم نەخۆشییە، ئەوانیش ئەمانەن:

*سەیركردنی حاڵەتی خۆشەویستی وەك بابەتێكی ماددی، نەك وەك بابەتێكی ڕۆحی .

*خراپی لە ڕەوشت و ڕەفتاری هەر دوو ڕەگەز وادەكات متمانە لە دەست بدەن و دووركەوتنەوە ڕوو بدات. لەم حاڵەتە ئەو خراپ ڕەفتارییە وادەكات دەرئەنجامی خراپی لێ بكەوێتەوە، ئەویش زۆربوونی خیانەتە لە نێوان هەر دوو ڕەگەز .

ڕاژان عەبدولڕەحمان ستوونی قوتابیی زانكۆیە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە سەرەتادا دەمەوێت، ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە لە كۆمەڵگە تەقلیدییەكان، یان داخراوەكاندا شتێك هەیە پێی دەگوترێت: «شەرم»، واتە شەرمە باسی خۆشەویستی بكەیت، بەڵام خۆشەویستی بناغەی ژیانە، بەو مانایەی كە ئەگەر ژیان خۆشەویستی تێدا كاڵ بوویەوە و بەهای ڕاستەقینەی خۆی لە دەست دا، هەموو شتێك لە كۆمەڵگەدا لە ئاراستەی ئاسایی خۆی دەچێتە دەرەوە». گوتیشی: «جورەكانی خوشەویستی زۆرن؛ خۆشەویستی بۆ پەرتووك، دایك، نیشتمان، هەروەها خۆشەویستیی مرۆڤێك بۆ مرۆڤێكی دی كە ئەمەش لەسەر ئەم بنەمایە دروست دەبێت، واتە لەسەر بنەمای (ڕەفتاری مرۆڤ، ڕوخساری مرۆڤ، خودی مرۆڤ). بەداخەوە لەم سەردەمەی ئێمەدا مرۆڤەكان زیاتر لایەنی ماددی و ڕوخسار دەكەنە پێوەری خۆشەویستی، ئەمجورە لە خۆشەویستی وەك ئەوە وایە بناغەیەك لەسەر بەفر دروست بكەیت و، دەبێت چاوەڕێی ئەوە بیت، لە هەر كاتێكدا بناغەكە بڕووخێت. لە وڵاتی ئێمەدا دەتوانم بڵێم بەهای خۆشەویستی زۆر كەم بووتەوە، هۆكارە سەرەكییەكەش ئەوەیە كە لە ڕووی ئەقڵانییەوە پرۆسەی خۆشەویستی بەڕێوە نەچووە و ناچێت، چونكە كاتێك تەنیا ماددە و ڕوخساری مرۆڤەكان ببێتە پێوەری خۆشەویستی، بەڵام ڕەفتار و خوددی مرۆڤەكە بە هەند وەرنەگیرێت، لێرەوەیە كە خوشەویستییەكەش تا سەر نامێنێت و بەردوام نابێت». ڕاژان عەبدولڕەحمان جەخت لەوە دەكاتەوە كە «خۆشەویستیی ڕاستەقینە نە دەمرێت و، نە هیچ هێزك دەتوانێت لە ناوی بەرێت. مرۆڤی خاوەن هەستی خۆشەویستیی بێگەرد، هەموو كات ئامادەی باجدانە، ئەگەر باجەكەشی هەر چەند قورس بێت؛ بەڵام بە مەرجێك كەرامەتی خۆیشی بپارێزێت. كەواتە ئەگەر ئێمە بمانەوێت بەهای خۆشەویستی لە كۆمەڵگەی خۆماندا بەهێز بكەین، نابێت تەنیا سەیری لایەنی ماددی و ڕوخساری مرۆڤەكان بكەین، بەڵكوو دەبێت خەسڵەتكانی دیكەی مرۆڤبوونیش بكەینە پێوەری خۆشەویستی». گوتیشی: «مخابن كۆمەڵگەكەمان ماددە و ڕوخساری مرۆڤیان لە ڕیزبەندی یەكەمدا داناوە بۆ خۆشەویستی، بۆیەش ڕووبەڕووی لە یەكترازانی گەورەی كۆمەڵایەتی بووینەتەوە».

هێمن ساڵح وەك ڕۆژنامەنووس و كۆمەڵناسێك، پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە «ژیان بە بێ خۆشەویستی نابێت و مانایەكی ڕواڵەتی دەدات، بەڵام لەگەڵ هاتنی شەپۆلی تەكنەلۆژیا و دروستبوونی بەرژەوەندیی زیاتری ماددی لە دونیای ئەمڕۆدا، خۆشەویستیی نێوان هاوسەران،، تاك بۆ كۆمەڵگە، تەنانەت دڵسۆزی لە كار و...هتد ڕۆژ بە ڕۆژ كەمتر بووەتەوە، ئەوەش وای كردووە ژیان ئەو خۆشییەی جارانی نەمێنێت و هەر كەس لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی خۆیەوە بڕوانێتە ژیان و دروستكردنی پەیوەندییەكان كە لە ئەنجامدا پەیوەندی بێ ڕۆح و مردوون». هاوكات دەڵێت: «نەمانی بەهای خۆشەویستی لە هەر كۆمەڵگەیەك نەمانی بەهای ژیانە، لە بەر ئەوە گرنگە بە یەكەوە لە خێزانەوە تاوەكوو كۆی پڕۆسەی پەروەردە، لەبری كار لەسەر دروستكردنی ئالی و ڕۆبۆت بكەین، كار بۆ دروستكردنی مرۆڤێك بكەین كە دڵی پڕ بێت لە خۆشەویستی و قبووڵكردنی ئەوانی دیكە، ئەگەر وا نەكەین دواجار ئەوەندەی هەشمانە لە دەستی دەدەین». گوتیشی: «لە سەردەمی كۆن و ئێستا خۆشەویستی لە ناخی مرۆڤەكان بوونی هەبووە و هەیە، خۆشەویستی پەیوەندی بە پەروەردەی تاكەوە هەیە، دەكرێت لە ڕێگەی پەروەردەوە ئاستی خۆشەویستی بەرز بكرێتەوە، خۆشەویستی لە ناخی گەنجاندا هەر هەیە، بەڵام وەكو دەڵێن چەپێندراوە بە هۆی كۆمەڵێك هۆكار، پرۆسەی هاوسەرگیریش زۆر قورس بووە، بە هۆی ئەو پێداویستییە ماددییەی كە هەیە، نموونەی خانوو، ناوماڵ و سەیارە، ئەوانە وای كردووە گەنجان لە پرۆسەكە ترسیان هەبێت، چونكە كە خۆشەویستییان كرد، پێویست دەكات خۆشەویستییەكەیان داهاتوویەكی هەبێت». وەك دوا وتەشی گوتی: «پێم وا نییە كۆمەڵگەی ئێمە لە خۆشەویستی داماڵدرابێت، بەڵام تەكنەلۆژیاش ڕۆڵ دەبینێت لەسەر نەمان و كاڵبوونەوەی خۆشویستن و خۆشەویستی و وای كردووە پەیوەندییەكانی تاك پەیوەندییەكی مردوو بێت».

 

دونیای سۆشیال میدیا و سەرمایەداری   بە هۆكاری كەمبوونەوەی بەهای خۆشەویستی دەزانرێت
دونیای سۆشیال میدیا و سەرمایەداری   بە هۆكاری كەمبوونەوەی بەهای خۆشەویستی دەزانرێت
Top