فەریق گەلاوێژ: لە ساڵی 2017 بەرهەمێكی شیعریم كرد بە كلیپ بە ناونیشانی (وەرە با دوایین پاییز بێ)

فەریق گەلاوێژ:  لە ساڵی 2017 بەرهەمێكی شیعریم كرد بە كلیپ بە ناونیشانی (وەرە با دوایین پاییز بێ)

 

 

ئەو كەسانەی كە خاوەنی ئیرادە و متمانەبەخۆبوونن، لە ئاستی جیهان و بە كوردستانیشەوە ژمارەیان كەم نییە. بەتایبەتی ئەگەر خاوەن پێداویستی تایبەت بن و بتوانن بە سەر ئاریشەكانی ژیان و كۆسپەكانی بەردەمیاندا زاڵ بن. فەریق گەلاوێژی تەمەن 31 ساڵ یەكێكە لەوكەسانە و لەم گفتوگۆیەی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، ڕازی سەركەوتنەكانی لە قۆناغەكانی تەمەنیدا ئاشكرا دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

فەریق گەلاوێژ، ڕۆژی 20ی مانگی 4ی ساڵی 1992 لە شەقڵاوەی باشووری كوردستان لە دایكبووە. وەك خۆی باسی كرد، لە تەمەنی چوارساڵییەوە بە هۆی هەڵەیەكی پزیشكییەوە توانای بە پێ ڕۆیشتنی لە دەستداوە، ئەوەش گرفتی زۆری بۆ دروست كردووە، بەڵام هێز و توانای چارسەری گرفتەكانی هەبووە.

فەریق گەلاوێژ بەمجۆرە بە ڕاشكاویی باسی ژیانی خۆی دەكات:

«بە جەستەیەكی ساغ لە دایكبووم، دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ لە تەمەنم، بە هۆی هەڵەیەكی پزیشكی هەر دوو قاچەكانم لە ڕۆیشتن كەوتن، لە تەمەنی حەوت ساڵی لە حوجرەی مزگەوت دەستم بە خوێندن كرد و لە تەمەنی 11 ساڵی ڕۆیشتمە قوتابخانە و ڕاستەوخۆ لە پۆلیی سێی سەرەتایی وەرگیرام، هێشتا لای من دارا دوو دارەكەی نەبینیبوو، هەر لە پۆلی سێیەم و یەكەم ساڵی خوێندنم لە قوتابخانە هەستم كرد خولیای هونەر و میوزیك و شانۆ لە مندا بوونی هەیە، ئەوەبوو ئەوكات بەشداریم لە چالاكیی قوتابخانەكان كرد، كە ئەوسا ساڵانە لە هەموو قوتابخانەكان بۆ قوتابیانی خاوەن بەهرە ساز دەكرا و، زۆریش سەركەوتوو بووم و، بووم بە یەكێك لە باشترین شانۆكارەكان و لەسەر ئاستی پەروەردەكانی پارێزگای هەولێر پلەی یەكەمم بەدەست هێنا. دواتر دەستمدایە مۆسیقا و دوو ساڵ بەردەوام بووم، بەڵام بە هۆی خراپیی بارودۆخی ژیانم كە لە دەستدانی قاچەكانم بوون، نەمتوانی بەو دۆخەوە لە مۆسیقا بەردەوام بم و، خۆشبەختانە یەكەم پێنووسی شیعرم ئەو كاتە هەڵگرت و لە شیعر نووسین هەمیشە نیشتمانم پێش هەموو كەسێك خستووە.

قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندیم زۆر سەركەوتووانە بڕی، لە قۆناغی ئامادەیی كە هاوكات بوو لەگەڵ گەورەترین كارەسات لە ژیانی مندا كە ڕووی دابێت وەفاتی گەلاوێژی دایكم بوو، بە ڕۆیشتنی ئەو ئەژنۆكانیشم شكان و ژیانكردن لە بەر چاوم ڕەش و جۆرێكی دی بوو، ناچار ژیانێكم هەڵبژارد كە لە خۆم زیاتر كەس نەبێتە هاودەمی خەمەكانم و كەس ئازارەكانم نەبینێت، بۆیە لە دوای وەفاتی دایكم بۆ هەمیشە تەنیاییم هەڵبژارد و، لەو تەنیاییە خۆم دۆزییەوە، وام لێهات شانازی بە كەمئەندامیی خۆمەوە بكەم و بتوانم بەو جۆرە درێژە بە ژیان بدەم، بەڵام ژیانێك پڕ لە خۆشی و ئاسوودەكردنی دڵی خۆم» هەروەها گوتی: «باوكم و هەندێك لە براكانم پێكەوە دەژین، دوو خوشكیشم هەیە، كە بە قەد ڕۆحم خۆشم دەوێن و هەمیشە شانازییان پێ دەكەم كە خوشكی منن و هەستێكی دایكانە لە ئەواندا دەبینم. دوای هەموو ئەوانە لە قۆناغی ئامادەیی نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم و لە قوتابخانە هاتمە دەرەوە، بەڵام ئەوە نەبووە ڕێگر لە بەردەم خولیاكانم و لە نووسینی شیعر بەردەوام بووم، لە ساڵی 2017 بەرهەمێكی شیعریم كرد بە كلیپ بە ناونیشانی (وەرە با دوایین پاییز بێ) و لە زۆربەی كەناڵە كوردییەكان خرایە بەر دیدی ئەدەب دۆستان، نەیشارمەوە منیش وەك هەر گەنجێك كەوتمە حاڵگرتنی عەشق و وەك پەروانە بە دەوری ڕۆحدا دەسووڕامەوە، دەروونم ڕۆتر چووە دونیای نووسین، هەر ڕۆیشتنێك و جێهێشتنێك بووە هەوێنی شیعرێكی جوان، بۆیە من ڕۆیشتنیشم خۆش دەوێت، چ جای بە یەك گەیشتن لەگەڵ مەعشووقەكەم، ئێستا حاڵی دڵم زۆر باشە، ئەو فەنابوونەم لەودا زێتر بووە، بەڵام پێی گەیشتم و وا پێكەوە ژیان دەكەین.»

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ڕەمزی سەركەوتنەكانت لە ژیاندا چی بووە؟ گوتی: «كە بەو شێوەیە ژیانكردن لام جوانە و كەمئەندامیم خۆش دەوێت، هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئەگەر من بەو شێوەیە كەمئەندام نەبوومایە، ڕەنگە ئەو ئازیزانەی ئێستا لە چواردەورمن و هەموویان جێی شانازیی منن، ئەو كات نەبوونایە. ئەو ئازیزانەی هاوڕێمن هەمیشە بۆ من قەڵایەكی پۆڵایین بوون و لە هەموو سەركەوتنەكانم ئەوان دەستپێشخەر و پاڵپشتم بوون» .

فەریق گەلاوێژ لە بارەی كار و پڕۆژەكانی رابردووی و ئامانجەكانی داهاتووی گوتی: «چەندین كاری سەربەخۆم كردووە، وەكو دامەزراندنی (ڕێكخراوی باوەش) بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، كردنەوەی بەرگدرووی سارا لە شەقڵاوە، كردنەوەی چێشتخانەی سرووشت و چەندین كاری دیكە، بۆ ماوەی سێ ساڵیش كارگێڕی سەنتەری ڕۆشنبیریی شەقڵاوە بووم، ئێستا لە دەزگایەكی حزبی دەوام دەكەم و خاوەن پیشەی خۆمم».

 

فەریق گەلاوێژ:  لە ساڵی 2017 بەرهەمێكی شیعریم كرد بە كلیپ بە ناونیشانی (وەرە با دوایین پاییز بێ)
Top