گەڕان بە دوای شێوازی دەوڵەتمەداریی مسرور بارزانی لە پەنێڵەكانی لوتكەی حكومەتەكانی جیهاندا

گەڕان بە دوای شێوازی دەوڵەتمەداریی مسرور بارزانی  لە پەنێڵەكانی لوتكەی حكومەتەكانی جیهاندا

 

 

ڕۆژی 13ی شوباتی 2023 لوتكەی حكومەتەكانی جیهان بە ئامادەبوونی 20 سەرۆك دەوڵەت و 250 وەزیر و سەرۆك وەزیران و ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆكی كۆمپانیا گەورەكان و نوێنەرانی 150 دەوڵەت و ڕێكخراوە گەورە و جیهانییەكان لە شاری دوبەی بەڕێوە چوو.

ئەم لوتكەیە كە لە ساڵی 2013 دامەزراوە، ماوەی دوو ساڵە بە فەرمی بانگهێشتی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەم بانگهێشتكردنەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە شێوازی دەوڵەمەتداریی مسرور بارزانی لە بەڕێوەبردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك میتۆد و مۆدێلێك بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو تەنگژانە لە قەڵەم دەدرێن، كە ئێستا بەشێك لە حكومەتەكانی جیهان بەدەستیەوە دەناڵێنن.

لەم لوتكەیەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جیا لە ئامادەبوونی لە پەنێڵەكانی ئەم لوتكەیە، لە هەمانكاتدا چەندین دیداری گرنگی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید سەرۆكی دەوڵەتی ئیمارات و ئیراكلی گاریباشڤیلی سەرۆك وەزیرانی جۆرجیا و جاسم محەمەد ئەلبدێوی سەرۆكی ئەنجومەنی هاریكاری دەوڵەتانی كەنداو و شێخ محەمەد بن ڕاشد جێگری سەرۆكی دەوڵەتی ئیمارات ئەنجام دا، دوای تەواوبوونی ئەم لوتكەیەش سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی دەوڵەتی فەرەنسای كرد و لەگەڵ سەرۆك ئیمانۆئیل ماكرۆن كۆبووەوە، وەك سەرۆك ماكرۆنیش بە میدیاكانی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكە زۆر ئەرێنی بووە و، جەختی لەوەش كردەوە كە ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخی دەوڵەتی فەرەنسایە، بەڵام وێڕای گرنگیی ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم لوتكەیە و پاشانیش سەردانە گرنگەكەی بۆ فەرەنسا، ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەسەر لایەنێكی دیكەی گرنگی لوتكەی حكومەتەكانی جیهان دەكاتەوە و ئەو پرسیارە دەورووژێنێت: ئایا تا چەند شێوازی دەوڵەتمەداریی مسرور بارزانی بایەخی بەو كێشانە داوە كە ئەمڕۆ جیهان وەك كێشەی كۆی حكومەتەكانی جیهان هەڵوەستەی لەسەر دەكات؟ ئایا شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی بۆ ئەو كێشە و تەحەددییانەی ڕووبەڕووی حكومەتەكەی دەبێتەوە، لەگەڵ ئەو پێوەر و ستاندەرە جیهانییانە یەك دەگرێتەوە، كە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان باسیان لێوە دەكرێت؟ ئەم ڕاپۆرتە هەوڵێكە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە.

 

 كێشەی حكومەتەكان كێشەی سەرچاوەكان نین كێشەكە شێوازی بەڕێوەبردن و كارگێڕییە

پڕۆفیسۆر كلاوس شواب سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان (داڤۆس) كە یەكێك بوو لە ئامادەبووانی لوتكەی حكومەتەكانی جیهان لە دووبەی، لە وتارەكەیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە ئەو سەركردەیە دەتوانێت كێشەی حكومەتەكەی لە ئێستادا چارەسەر بكات، كە ئەم سیفەتانەی تێدا كۆبووبێتەوە، بە پێچەوانەوە سەركەوتوو نابێت و شكست دەهێنێت، ئەو سیفەتانەش بۆ سەركردەی سەركەوتوو ئەمانەن:

1- سەركردەیەك بیەوێت كێشەی حكومەتەكەی چارەسەر بكات، دەبێت خاوەنی گیانێك بێت، كە بە گەشبینییەوە هەنگاو بۆ داهاتوو هەڵبگرێت و ئومێدی خۆزگەی گەورەی بۆ نەتەوەكەی هەڵگرتبێت.

2- دەبێت خاوەنی مێشكێك بێت كە بڕوای بەوە هەبێت پێویستە توانا و لێهاتوویی گەلەكەی وەك سەرچاوەیەكی مرۆیی بەردەوام لە تازەبوونەوە و گەشەسەندندا بێت، ئەم تازەبوونەوە و گەشەسەندنە خاڵێكی گەوهەرییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

3- دەبێت خاوەنی دڵێك بێت كە بە پەرۆشی و حەماسەوە كارەكانی حكومەتەكەی ئەنجام بدات و، بە پەرۆش بێت سەبارەت بەوەی چ كارێك باشە بۆ نەتەوەكەی ئەنجامی بدات.

4- دەبێت خاوەنی ئیرادەیەكی بەهێز بێت بۆ تەرجەمەكردنی بەرنامەكەی بۆ كردار و بۆ واقیع.

5- دەبێت خاوەنی ئەعسابێكی هێمن بێت، بۆ ئەوەی خۆڕاگر بێت و بتوانێت بەرانبەر بارودۆخە سەختەكان ڕابوەستێت.

ئەگەر ئەم پێنج خاڵەی پڕۆفیسۆر شواب بۆ سەركردەی سەركەوتوو دیاری كردووە و بەو شێوەیە ڕیزی كردوون، كە تەنیا ئەو جۆرە سەركردانە دەتوانن لە ئێستادا سەرۆكایەتیی حكومەت بكەن و كێشەكان چارەسەر بكەن و گەلەكانیان ڕزگار بكەن، لەسەر سیفەت و شێوازی دەوڵەتمەداریی مسرور بارزانی ڕاڤە بكەین، دەبێت بپرسین: ئایا تاچەند توانیویەتی لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەم شێوازی دەوڵەتمەدارییەی كێشەكان چارەسەر بكات؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستمان بەوەیە كە شێوازی دەوڵەتمەداریی مسرور بارزانی بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كێشانەی ڕووبەڕووی كابینەكەی بوونەوە، وەك خۆی بخەینە ڕوو:

 

 ئەو بارودۆخەی كابینەی نۆیەمی تێدا دامەزرا

- لە دوای هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی 2018، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تەمووزی 2019 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە متمانەی پێ درا، ئەگەر هەڵوەستە لەسەر ئەو ماوەیە بكەین كە دەكاتە (10) مانگ، ئەوە پێمان دەڵێت: كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەناو ژینگەیەكی سەقامگیری سیاسیی پێك نەهاتووە. هۆكارەكانیشی بریتین لە:

- بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزێكی زۆری ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەسەری كەڵەكە ببوو كە بە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار مەزندە دەكرا.

- ئاراستەی داڕشتنی بەرنامەی كابینەی نۆیەم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئەوە بوو كە دەست بە دیالۆگێكی ڕاشكاوانە و كراوە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بكرێت، بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆك وەزیران دوای ئەوەی متمانەی لەپەرلەمانی كوردستان وەرگرت، یەكەم سەردانی بۆ بەغدا بوو و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئەو كات (د.عادل عەبدولمەهدی) گەیشتنە ڕێككەوتنێكی زۆر باش، بەڵام تەنیا دوو مانگ بەسەر ئەم لێكتێگەیشتنە تێنەپەڕی، خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 لە بەغدا دەستیان پێ كرد و بارودۆخی سیاسیی عێراق كەوتە حاڵەتێكی ناسەقامگیری سەختەوە، پاشانیش سەرۆك وەزیرانی عێراق ناچاركرا دەست لەكار بكێشێتەوە، بەمەش ڕێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا كۆتایی هات.

- لە 25ی شوباتی 2020 واتە دوای نزیكەی هەشت مانگ لە دەستپێكی كابینەی نۆیەم، بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا (كۆڤید 19)، حكومەت ناچار بوو، باری نائاسایی و قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ڕابگەیەنێت، بەمەش گورزێكی گەورە بەر سێكتەری ئاڵوگۆڕی بارزگانی كەوت و سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی كوردستانی لە سفر نزیك كردەوە.

- لە ئایاری 2023 بە هۆی داخستنی كۆمپانیا و فڕۆكەخانەكان و قەدەغەی هاتوچۆ، جیهان نەك پێویستی بە بەرهەمهێنانی نەوت نەما، بەڵكو گەیشتە ئەوەی دەوڵەتانی بەرهەمهێنەری نەوت بۆ هەر بەرمیلێك بڕێك پارە بدەن بۆ ئەوەی نەوتەكەیان لێ وەربگرن، بۆ ئەمەش نرخی بۆ «-37 دۆلار» دابەزی، ئەمەش واتە دەبوو دەوڵەتانی بەرهەمهێنی نەوت بۆ هەر بەرمیلێك 37 دۆلار بدەن هەتا نەوتەكەیان لێ وەر بگرن.

- لەناو ئەو هەموو قەیرانەی ڕووبەڕووی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوونەوە، هەڵكشانی شۆڤێنییەتی پەرلەمانتارانی عەرەبی عێراقی (شیعە و سوننە) دژی هەرێمی كوردستان گەیشتبووە ترۆپك و تەنانەت لەو یاسایەی كە پەرلەمان دەری كرد بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق قەرز بكات بۆ مووچەی فەرمانبەران، هەرێمی كوردستانیان لێ بێبەش كرد.

- لە سەرووی هەموو ئەم قەیرانە گەورانەشەوە، هەرێمی كوردستان دیسان گەڕایەوە ناو ناسەقامگیرییەكی سیاسی زۆر سەختەوە و هەوڵی هەموو حزبە سیاسییەكان بەو ئاراستەیە بوو ئەم قەیرانانە بقۆزنەوە بۆ شكشت پێهێنانی كابینەی نۆیەم.

  شێوازی مامەڵەكردنی سەرۆك وەزیران لەگەڵ ئەم قەیرانانە

- مسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە گیانێكی گەشبینییانە مامەڵەی لەگەڵ هەموو ئەم قەیرانە سەختانە كرد و، كەناڵێكی پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ گەلەكەی خۆی دروست كرد و ئومێد و خۆزگەی بۆ داهاتوو زیندوو كردەوە، لەمەش زیاتر بڕیاری دا، ئەم تەنگژانە بگۆڕێت بۆ وەرچەرخان و بەرنامەیەكی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو وەرچەرخانانە بە پشتیوانی گەلەكەی خۆی داڕشت، بەمەش سەلماندی بە تێگەیشتن لە كێشەكان و بە دروستكردنی پردی هاریكاری لە نێوان حكومەت و میللەت و كەرتی تایبەت، دەتوانرێت كێشەكان تێپەڕێندرێن. هەر بۆیە لەناو ئەو هەموو قەیرانە ئابووری و سیاسییانەشدا خەڵكی كوردستان پشتی سەرۆك وەزیرانەكەی خۆیان گرت و لەگەڵ ئەوەی خەڵكی كوردستان زەحمەتی زۆری بینی، بەڵام بە سەركەوتوویی قەیرانەكە تێپەڕێندرا.

- مسرور بارزانی لەناو قەیرانی بڵابوونەوەی پەتای كۆرۆناو داخستنی سەرجەم قوتابخانە و زانكۆكانی كوردستان، خاوەنی ئەو بیركردنەوەیە بوو كە نابێت پرۆسەی خوێندن و تازەكردنەوەی تواناكان ڕابوەستێت، بۆیە هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی زانكۆ و قوتابخانەكان لە ماوەی یەك دوو هەفتە و لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پرۆسەی «خوێندنی ئۆنلاین» بۆ هەردوو كەرتی خوێندنی حكوومی و ئەهلی و، لەسەر ئاستی خوێندنی باڵاش لە زانكۆكان دەستی پێ كرد، ئەم پرۆسەیە بۆ هەرێمی كوردستان لە چەندین ڕووەوە زۆر قورس بوو، یەكەم لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیمكانیەتی ماددی لەبەر دەست نەبوو، دووەمیش لەبەر ئەوەی ئاستی لێهاتووییمان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تەكنەلۆژیا زۆر بەرز نەبوو، بەڵام توانرا بە شێوازی جۆراوجۆر و بە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرووپی جیاواز دروست بكرێت و پرۆسەی خوێندن ڕانەوەستا.

- لایەنێكی دیكە ئەوە بوو كە توانی سەرۆك وەزیران لەناو ئەو هەموو قەیرانە گەورەیەی ڕووبەڕووی كابینەكەی و خەڵكی كوردستان، سەركەوتوو بێت، پەرۆش و حەماسی سەرۆك وەزیران بوو بۆ جێبەجێكردنی چاكسازی و ڕاگرتنی گەندەڵی لە هەموو جومگەكانی حوكمڕانی لە كوردستاندا و، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە باشترین ڕێگە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانانە و هەنگاوهەڵگرتن بۆ ئایندەیەكی باشتر، ئەوەیە یەكەم: پرۆسەی چاكسازی بەردەوام بێت، دووەم: دەبێت ستۆپ بە گەندەڵی بكرێت لە هەموو دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.

- بوونی ئیرادەیەكی بەهێز لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بۆ كۆكردنەوەی تواناكان، لەناو ئەم هەموو قەیرانەدا سەرۆك وەزیران بەرنامە گەورەكەی دەستەی وەبەرهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند، كە ئەویش ڕاگەیاندنی زیاتر لە هەزار پڕۆژەی «كشتوكاڵی و پیشەسازیی گەورە و مامناوەندی» بوو، ڕاستەوخۆ داوای لە سەرمایەدار و بزنێسمانەكانی كوردستان كرد، كە بێنە پێشەوە و دەست بە وەبەرهێنان لەم پڕۆژانە بكەن، هەتا ئەگەر سەرمایەكانیشیان لە ئاستی پڕۆژە گەورەكان نەبن، ئەوا حكومەت ئامادەیە بە هاوبەشی «PPP « لەگەڵیان ئەنجامی بدات، ئەم هەنگاوەی سەرۆك وەزیران لە كابینەی نۆیەمدا بووە هۆكاری دروستكرنی ئومێد و هونەری پشت بەخۆبەستن لە قەیرانەكاندا، هەر بۆیە ئاكامی ئەم هەنگاوە بووە هۆكاری دروستكردنی دەیان سایلۆ و كارگەی بەرهەمهێنانی خۆراك و بەمەش جیا لەوەی سەرچاوەیەكی گەورەی هەلی كاری دروست كرد، لە هەمانكاتدا هانی جووتیارانی كوردستانی دا، زیاتر لە چاندنی دانەوێڵە بەردەوام بن و حكومەت بەرهەمەكانیان لێ دەكڕێتەوە، وەك دەبینین ماوەی دوو ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بەرهەمی دانەوێڵە لە جووتیارانی كوردستان دەكڕێتەوە.

- مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەناو ئەو هەموو قەیرانەدا خاوەنی ئەعسابێكی هێمن بوو، پەرچەكرداری تووڕەیی نەبوو، بەپێچەوانەوە زۆر بە خۆڕاگری و بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكان مامەڵەی لەگەڵ كۆی قەیرانە سیاسییەكانی ناوخۆی كوردستان و پەیوەندییە لەرزۆكەی نێوان هەولێر و بەغدا كردووە.

- وەك ڕاگەیاندنی سەركەوتن و تێپەراندنی قەیرانەكانی ساڵی 2020، مسرور بارزانی لە كانوونی دووەمی 2021 لە میانەی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ میدیاكارانی كوردستاندا ڕاشكاوانە ڕایگەیاند، بەپێی ئەو ئیمكانیەتەی ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر دەستیەتی، ئەو توانایەمان هەیە بە پشتبەستن بە داهاتی خۆمان هەر 30 ڕۆژ جارێك بە رێژەی 80% مووچەی كارمەندانی خۆمان دابین بكەین، ئەم بەڵێنەی وەك خۆی جێبەجێ كرد و ئەوەتا ئێستا بەبێ هاریكاری بەغدا هەر 30 ڕۆژ جارێك 100% مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەدرێت.

ئەم هەنگاوانە ئەوەمان پێ دەڵێن، كە لەسەر ئاستی جیهان ئەو سەرۆك حكومەتانە زۆر كەمن كە توانییان تەنیا قەیرانی پەتای كۆرۆنا بە بێ قەرز و هاریكاری تێپەڕێنن، بەڵام سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەبێ قەرزكردن و هاریكاریی دەوڵەتان، توانی تەنیا بە پشتبەستن بە ئیرادەی گەلەكەی، نەك هەر ئەو هەموو قەیرانانە تێپەڕێنێت، بەڵكو توانی ئەو قەیرانانە بكاتە وەرچەرخان و ئێستا ئاكامەكەی دەبنینین.

 ئاراستەی دەوڵەتمەداریی

مسرور بارزانی لەگەڵ كێشە و تەحەددییەكانی داهاتوو

لوتكەی حكومەتەكان كە لە 13ی شوباتی 2023 لە دوبەی بەڕێوە چوو، بە وتارێكی محەمەد گەرگاوی وەزیری كاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی دەوڵەتی ئیمارات دەستی بە كارەكانی كرد و، لەو تارەكەیدا پێنج تەحەددی و تەنگژەی ئاماژە پێ كرد، كە ڕووبەڕووی هەموو حكومەتەكانی جیهان دەبێتەوە، بە حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە كە بریتین لە:

1- مەترسیی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا

مەزندە دەكرێت تا ساڵی 2050 گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا زیانی 23 ترلیۆن دۆلار لە مرۆڤایەتی بدات، لە ئێستاوە ئیمارات ئەم مەترسییەی كردووە بە ئەولەوییەت و ئەمساڵ میوانداریی كۆنفڕانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا دەكات «C0P28».

2- گۆڕانكاریی گەورە لە نەخشەی ئابووریی ئێستای جیهان دێتە ئاراوە، ئەمەش واتە دەوڵەتانی E7 كە بریتین لە (چین، هیندستان، توركیا، بەرزایل، ڕووسیا، مەكسیك، ئەندەنووسیا) وەك ئابوورییەكی بەهێز دەردەكەون و ئاستی ئابوورییان دەگاتە دوو هێندەی دەوڵەتانی G7 كە بریتین لە (ئەمریكا، كەندا، بەریتانیا، فەرەنسا، ژاپۆن، ئیتالیا و ئەڵمانیا).

3- گۆڕانكاری لەسەر گەشەی دانیشتووان و گۆڕانكاری لە دیموگرافیای دەوڵەتان و شارە گەورەكانی ئێستادا.

لە 15ی 11ی 2022 ڕاگەیەندرا كە ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی گەیشتە 8 ملیار مرۆڤ و مەزندە دەكرێت لە 2050 بگاتە 10 ملیار، ڕێژەی زۆری منداڵبوون لە هەر دوو كیشوەری ئاسیا و ئەفریقایە بۆ گۆڕانكاریی گەورە لە دیموگرافیای دەوڵەتان و شارە گەورەكان و، ئەگەر حكومەتەكان ئەم سەرچاوە مرۆییە باش بەكار بهێنن، دەبێتە هێزێكی كاریگەر بۆ ئەو حكومەتانە.

4- گۆڕانكارییەكی ڕیشەی بە سەر چەمكی «نەخوێندەواری و لێهاتوویی –Skill».

لە ساڵانی داهاتوو بەو كەسانە دەگوترێت «نەخوێندەوار» كە لێهاتوویی ئەوەیان نییە، مامەڵە لەگەڵ تەكنەلۆژیا بكەن، بۆیە لەم لایەنەوە جیهان پێویستی بە بەرپاكردنی شۆڕشێكە بۆ بەرزكردنەوەی خوێندن.

5- لە داهاتوودا زیرەكی دەستكرد پێگە و ئایندەی حكومەتەكان دیاری دەكات.

ئەو حكومەتانەی دەستپێشخەری دەكەن بۆ تەبەنیی زیرەكی دەستكرد، حكومەتی پێشكەوتوو و باڵادەست دەبن، ئەوانەی دوا دەكەون، حكومەتی سەردەمی بەردین دەبن.

ئەم پێنج تەحەددییە هەموو حكومەتەكانی جیهان دەگرێتەوە و هەر حكومەتێك دەستپێشخەریی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددییانە نەبێت، ئەوا لە كاروانی شارستانی لە جیهاندا دوا دەكەوێت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا تا چەند لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمدا ئەم تەحەددییانە دەستپێشخەری بۆ كراوە؟

 

 مەترسییەكانی گۆڕانكاریی كەشوهەوا

پاراستنی ژینگە و ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی ئەولەوییەتی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە:

- لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، دەستەیەك بە ناوی «دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە» هەیە، ئەم دەستەیە لە 10ی تەمووزی 2019 هەتا ئاداری 2022 بەدواداچوون و پشكنینی بۆ 9863 پڕۆژە كردووە لە بوارەكانی (كشتوكاڵی، بازرگانی، پیشەسازی، خزمەتگوزاریی تەندروستی، پاڵاوگەكانی نەوت و.. هتد)، لەم هەڵمەتە بۆ ڕێگرتن لە پیسبوونی ژینگە 1164 كەیسی پیسكردنی ژینگە دراونەتە دادگاكانی كوردستان، 347 كەیس لەبەر نەبوونی مەرجەكانی ژینگەپارێزی سزا دراون، 3273 كەیسیش بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە، كە دەبێت بە مەرجەكانی ژینگەپارێزی پابەند بن و سەرپێچی نەكەن.

- هەر لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا و لەسەر ئاستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان 197 پاڵاوگەی پاڵاوتنی نەوت داخراون، كە هۆكاری سەرەكی بوون بۆ پیسبوونی ژینگە.

- بۆ ڕێگرتن لە پیسپوونی ژینگە لە پرۆسەی دەرهێنانی نەوت شێوازی بەرهەمهێنانی پاك پێڕەو كراوە و جارێكی دیكە سوود لەو گازە وەرگیراوە كە لە ئاكامی ئاگری بیرە نەوتەكانەوە دەردەچێت.

- لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پرۆسەی چارەسەركردنی خاشاك دەستی پێ كردووە و، چەندین كارگە بۆ دووبارە بەكارهێنانەوەی ئەو خاشاكە لە جێبەجێكرندان، ئەمەش خزمەتێكی زۆری پاراستنی ژینگە دەكات.

- زیادكردنی ڕیژەی سەوزایی شارەكان و هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی بەپێی ستاندەری نێودەوڵەتی و ماستەرپلانی پشتێنەی سەوزی پایتەخت تەواو بووە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت.

- بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكە ساڵی، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا بودجەی بۆ 17 بەنداو تەرخان كردووە و كاری بەردەوامیان تێدا دەكرێت و دوای تەواوبوونیان زیاتر لە 100 ملیۆن مەترسێجا ئاو گل دەدەنەوە، لەسەر پێشنیاری سەرۆكی حكومەتیش وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو یاداشتی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ كۆمپانیای «پاوەر چاینە» واژوو كردووە، بۆ دروستكردنی چوار بەنداوی دیكە لە كوردستان، لەمەش زیاتر ئێستا پرۆسەی دروستكردنی دەیان پۆند لە شارەكانی كوردستان لە جێبەجێكردان.

ئەم تێڕوانین و بۆچوونانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ژینگە و هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی وشكە ساڵی، جیا لەوەی خزمەتێكی گەورەیە بۆ ژینگەی نیشتمان و خەڵكی كوردستان، بە هەنگاوێكیش دەدەنرێت بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی لە مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لە جیهاندا.

 

  گۆڕانكاری لە نەخشەی ئابووریدا

لە داڕشتنەوەی سیاسەتی ئابووری لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پشت بە فرەجۆركردنی سەرچاوەی داهات بەستراوە و، جیا لە كۆكردنەوەی باج لەم بوارانە هەوڵی جددی دراون:

- لە ماوەی سێ ساڵدا دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی بە 194 پڕۆژە داوە لەم سێكتەرانە كە بریتین لە: پڕۆژەكانی سێكتەرەكانی (كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری، فێركردن، بازرگانی، نیشتەجێ و تەندروستی)، ئەم پرۆژانە سەرمایەكەی دەگاتە 11 ملیار و 182 ملیۆن دۆلار و لەلایەن حكومەتەوە 10هەزار و 171 دۆنم زەوی بۆ تەرخان كراوە.

- وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەرنامەی كاری پێنج ساڵەی ئامادە كردووە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی پیشەسازی و بارزگانی درووستكردنی چەندین كارگەی گەورە و مامناوەند و بچووك. ئەمە بێجگە لە كڕینەوەی گەنم و بەربوومی جووتیاران و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەكانیان لە وڵاتانی كەنداو و ئەوروپا.

- زیادبوونی وەبەرهێنان لە هەردوو كەرتی نەوت و گاز، كە ئەمە وەك سەرۆكی حكومەت ساڵی پار لە لوتكەی وزەی جیهانی‌ لە دوبەی گوتی: «دەمانەوێت داهاتی سەرچاوە سرووشتیەكان بكەینە ژێرخانی بونیادنانەوەی وڵاتی خۆمان و سوود لە ئەزموونی ئیمارات وەربگرین»، بایەخی زۆری پێ دراوە.

- گرنگیدان بە ئاسایشی خۆراك كە ئێستا لە جیهاندا نرخی خۆراك لە بەرزبوونەوەدایە، بۆ ئەمەش جیا لەوەی پشتگیرییەكی گەورەی جووتیاران دەكرێت بە كڕینەوەی بەربوومەكانیان و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەكانیان، لە هەمانكاتدا دەیان پڕۆژەی گەورەی كشتوكاڵی لەلایەن دەستەی وەربەرهێنانەوە مۆڵەتیان پێ دراوە، بۆ ئەوەی لە كوردستان جێبەجێ بكرێن. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە ئاستی گەشەی كەرتی كشوكاڵ بەرەو ئەو كێرڤە دەچێت، كە لە ساڵانی داهاتوودا پێداویستیی ناوخۆی كوردستان پڕبكاتەوە و بەشێكیشی هەناردەی وڵاتان دیكە بكرێت.

بە پێكەوە گرێدانەوەی هەموو هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتی ئابووریی هەرێمی كوردستان، ئابووریی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشە تازەكەی ئابووریی جیهان، ئابوورییەكی زیندوو دەبێت.

 

  گەشەی دانیشتووان و گۆڕانكاری لەسەر دیموگرافیای كوردستاندا

لەبەر ڕۆشنایی كەلتووری پێكەوە ژیانی ئاشتی و برایەتی لە نێوان پێكهاتە و ئایینە جیاوازەكان كە لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، دیموگرافیای هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی زۆر ئەرێنی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و تەنیا لە شەڕی دژی داعشدا پێشوازی لە نزیكەی دوو ملیۆن پەنابەری سووریا و ئاوارەی شارەكانی دیكەی عێراق كردووە، هەروەها بە هۆی ئەو ئارامی و تەناهییەی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە فەراهەم كراوە، ڕێژەی كۆچكردن لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵكشاندایە. ئەوەی جێگەی شانازییە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بووەتە نەوای ئارام بۆ هەموو ئایینە جیاوازەكانی ناوچەكە، ئێستا لە سەرانسەری عێراقدا تەنیا لە هەرێمی كوردستان پێكەوە ژیانی ئاشتییانە لە نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بوونی هەیە. تێڕوانینی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم گۆڕانكارییە و هاتنی بە لێشاوی پەنابەران جیاوازە، بە پێچەوانەی سەركردەكانی دیكەی جیهانەوەیە كە هەموویان كێشەی پەنابەرانیان كردووەتە كێشەیەكی گەورە، بە دەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكاشەوە، بە پێچەوانەوە هەوڵی داوە پەنابەرانیش وەك هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان وەك ئەو سەرچاوە مرۆییە بۆ دووبارە بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بەكاربهێنێتەوە، لەمەشدا سەركەوتوو بووە. هەر بۆ نموونە لە ناو پایتەختی هەرێمی كوردستان پێشتر گەڕەكێك هەبوو بە ناوی گەڕەكی عەینكاوە، ئێستا بە هۆی هاتنی پەنابەرانی برا كریستیانەكانەوە هێندە گەورە بووە كە حكومەت بڕیاری دا، لە ناو هەولێردا بكرێتە قەزایەكی سەربەخۆ، هیچ دووریش نییە لە ساڵانی داهاتوو ببێتە پارێزگایەكی سەربەخۆ لەناو پارێزگای هەولێردا.

 

  گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی بە سەر چەمكی «نەخوێندەواری و لیهاتوویی –Skill» و دەستپێشخەری بۆ تەبەنیكردنی زیرەكی دەستكرد.

كلاوس شواب لە لوتكەی حكومەتەكانی جیهان زۆر ڕاشكاوانە ڕایگەیاند «كاتێك لە ساڵی 2015 كتێبی شۆڕشی پیشەسازی چوارەمم نووسی، زۆر لەو شتانەی باسم كردبوون، تەنیا خەیاڵی زانستی بوون، بەڵام ئێستا بوونەتە ڕاستی و لە دە ساڵی داهاتووشمان زۆر لە ئێستامان جیاواز دەبێت». هەر لەسەر هەمان پرس محەمەد گەرگاویش ئاماژەی بەوە كرد لە چەند ساڵی داهاتوودا زیرەكی دەستكرد دەگاتە ئەوەی تەنیا لە بواری ڕاگەیاندن 90%ی كارەكانی نووسینەوەی چیرۆكە هەواڵ و شرۆڤەی ڕووداوەكان و نووسینی وتارەكان تەنانەت نووسینی ڕۆمان و چیرۆك و شعریش زیرەكیی دەستكرد دەتوانێت ئەنجامی بدات، ئینجا لەمەوە سەیری گۆڕانكاری لە هەموو بوارەكانی دیكەشدا بكەن».

سەبارەت بە مەترسیی ئەم وەرچەرخانە گەورەیەی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا گەرگاوی پێی گوتین: «ئێمە لە چركەی یەكەمی، خولەكی یەكەمی، كاتژمێری یەكەمی، ڕۆژی یەكەمی، ساڵی یەكەمی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا دەژین».

كەواتە لوتكەی حكومەتەكان پێی گوتین: «پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا كودەتایەكی كاولكەی بەسەر هەموو بوارەكانی خوێندن و زانست لە جیهاندا كردووە و سیستمی خوێندنی باش و خراپی تێكەڵاو كردووە و نەیهێشتووە، بۆیە دەبێت جیهان شۆڕشێكی تازە بەرپا بكات، بۆ ئەوەی سیستمێكی تازەی خوێندن بونیاد بنێتەوە».

لەناو ئەم گێژاوەی كە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا دروستی كردووە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دیدگای شەخسی سەرۆك وەزیران بەو جۆرە تەرجەمەی واقیعی كردووە، كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر تەبەنیی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا لە جومگە سەرەكییەكانی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، هەروەها ڕاشیگەیاند لە ساڵی 2025 حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتە حكومەتێكی دیجیتاڵی، ئەمەش هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە، سەبارەت بە بایەخی سەرۆك وەزیرانیش بە خوێندن و خوێندنی باڵا، لەگەڵ ئەوەی هەر دوو وەزارەتی «پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی» سیاسەتی تازە و بەرنامەی پێنج ساڵەیان ئامادە كردووە، بەڵام مەترسیی ئەو كودەتایەی كە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا بەسەر چەمكی زانست و چەمكی نەخوێندەواری و چەمكی لێهاتوویی كردوویەتی و هیچ مانایەكی بۆ چەمكی خوێندن نەهێشتووەتەوە، ئەوا هەرێمی كوردستانیش پێویستە هاوشانی تەواوی دەوڵەتانی جیهان بەشێك بێت لەو شۆڕشەی كە پێویستە بۆ دووبارە پێناسەكردنەوەی سیستمی خوێندن لە جیهان داوا دەكرێت، لەم ڕوانگەیەوە كاتێك ڕۆئیای مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوخۆ و كێشە جیهانییەكان دەخوێنینەوە، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە لەم كێشە جیهانییەشدا بەشێك بێت لە چارەسەر بۆ هەموو جیهان، هەروەك چۆن لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا لەژێر فەرمانی سەرۆك بارزانی بووە هۆكارێك بۆ سەركەوتنی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعش و كێشەیەكی گەورەی جیهانی چارەسەر بوو.

 

 

 

 

 

كلاوس شواب سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان:

ئەو شتانەی لە ساڵی 2015 بە خەیاڵی زانستیم دەزانی ئێستا بوونەتە ڕاستی

 

ئێمە لە جیهانێكی كێشەی فرە ڕەهەند ناژین، بەڵكو ئێمە لە جیهانێكدا دەژین كە چەقمان بەستووە بە قووڵی لە ناو پرۆسەی وەرچەرخانێكی سیستماتیكداین و، دەبێت بزانین كە جیاوازی لەنێوان تەنگژە و وەرچەرخاندا هەیە.

ئەگەر كێشە هەبوو، ئەوا دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ خاڵە سەرەكییەكە و چەند بە خێرایی بۆت دەكرێت، كار بۆ ڕاستكردنەوەی باردۆخەكە بكەیت، بەڵام لە حاڵەتی وەرچەرخاندا دەبێت بەرنامەت هەبێت، بۆ ئەوەی چۆن ئەو گۆڕانكارییانە بەڕێوە ببەیت، كە لە ئاكامی ئەو وەرچەرخانەدا دروست دەبن و دێنە ئاراوە، كە بریتین لە:

( وەرچەرخانی ئابووری، وەرچەرخانی سیاسی، وەرچەرخانی تەكنەلۆژیا)

ئەم هەموو گۆڕانكارییە بۆ حكومەتەكان و بەرپرسە حكوومییەكان چی دەگەیەنێت؟ ئایا دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانە بكەن؟

من دەڵێم: ئێمە دەبێت چۆن سەركردایەتی بكەین؟ بۆ پێناسەی ئەو سەركردایەتییەش كە دەتوانێت لەم قۆناغەدا سەركردایەتی بكات، چەند خاڵێكم دیاری كردووە:

- دەبێت تمووحمان هەبێت، بڕوابوون بە هێزی خێر، توانای خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی تازە، ئیرادەی بەهێز بۆ خۆڕاگرتن لە كاتە قورسەكان.

 لە داڤۆس بینیم بەشداربووان سەرقاڵی ئەوە بوون كە چۆن هۆكاری هاندان بۆ هاریكاری لە نێوان هەموو خاوەن بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگەدا دروست بكەن، لەوانە:

- حكومەت كە هێزی ئاراستەكردنی لایە، بزنس كە هێزی داهێنەرانەی لایە، ئەكادیمیا كە هێزی راستیی لایە. ئەگەر میدیاشی بۆ زیاد بكەین، ئەویش رەهەندی ڕەخنەی لایە.

لەم دیالۆگەدا ئێمە دەمانەوێت هەموو ئەمانە پێكەوە شێوەی ئاییندە دیاری بكەن. بەڵام هەست بە بوونی نیگەرانییەكی قووڵ بۆ چەند ساڵی داهاتوو دەكەم، ئەو نیگەرانییە قووڵەش پێشكەوتنی زۆر خێرای تەكنەلۆژیایە، دەترسم لە بەرژەوەندیی مرۆڤایەتیدا نەبێت و نەتوانین هەموو پێكەوە سیاسەتێك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تەكنەلۆژیای تازە بگرینەبەر، ئەگەر ئەمە نەكرا، ئەو هێزەی هەشمانە بەرەو تەكنەلۆژیا دەڕوات.

 

 

محەمەد گەرگاوی

وەزیری كاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی دەوڵەتی ئیمارات:

زیرەكی دەستكرد توانی عەبقەرییەتی بتهۆڤن كۆپی بكات و سەمفۆنیای 10 تەواو بكات

 

كێشەی حكومەتەكان سەرچاوەكان نین،‌ بەڵكو كێشەی شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو سەرچاوانەیە.

لە ماوەی ئەم 10 ساڵەدا بە دەیان كارەساتی سرووشتیمان بینیوە، كە پێشتر نەبووە، كە ئاكامەی سێ ترلیۆن دۆلار زیانی بە مرۆڤایەتی گەیاندووە.

بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنامان بینی، كە بە ملیۆنەها كەس گیانی لەدەست داوە و زیاتر لە 12 ترلێۆن دۆلار زەرەری لە مرۆڤایەتی داوە.

بەداخەوە ئێستا شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەبینین و ئەم شەڕە تا ئێستا زیانی 2.8 ترلیۆن دۆلاری لە جیهان داوە.

بەرزبوونەوەیەكی ئەوتۆی نرخی خۆراك دەبینین كە لە 60 ساڵی ڕابردوودا نەمانبینیوە.

لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا گەورەترین كۆچی گەلانمان بینیوە، ئەمەش واتە كۆچی چوار ملیار كەس لە جیهانی واقیعییەوە بۆ جیهانی دیجیتاڵی و ڤیرچواڵی.

 سە‌بارەت بە داتاكان لە ماوەی یەك ساڵدا بە رێژەی 5000% زیادی كردووە، ئەم داتایانەش ڕۆڵێكی گەورە دەگێڕن لە دروستكردنی سیاسەت و ئابووریدا.

لە سەرەتای پەیدابوونی ئەنتەرنێتەوە هەتا ئێستا زیاتر لە (300 ملیار لاپەڕە هەیە) لە بەرانبەر تەنیا (70 ملیار لاپەڕە) كە بە دریژایی مێژوو لە كتێب و ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا نووسراون.

لەسەر ئاستی جیهان سەركەوتوو بووین لە دیاریكردنی زنجیرەی DNA و كەمكردنەوەی ماوەكەی لە 13 ساڵەوە بۆ كەمتر لە كاتژمێرێك، توانیمان تێچووەكەی لە 100 ملێۆن دۆلارەوە كەم بكەینەوە بۆ كەمتر لە 600 دۆلار.

زیرەكی دەستكرد توانیویەتی شیكاریی عەبقەرییەتی بتهۆڤن بكات و كۆپی بكات و بڕگەی سەمفۆنیای 10 تەواو تەواو بكات، كە 200 ساڵ بەسەر مردنیدا تێپەڕیوە.

ڕۆژنامەیەكی نێودەوڵەتی، بۆ نووسین زیرەكیی دەستكرد بە كار دەهێنێت، مانگانە 30 هەزار چیرۆكی هەواڵی بە ڕێگەی زیرەكی دەستكرد بەرهەم دەهێنێت و، لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا زیاتر لە 90%ی هەواڵ، ستوونی بۆچوونەكان، وتار و شیكارەكان بە زیرەكیی دەستكرد بەرهەم دەهێنرێت.

 

گەڕان بە دوای شێوازی دەوڵەتمەداریی مسرور بارزانی  لە پەنێڵەكانی لوتكەی حكومەتەكانی جیهاندا
گەڕان بە دوای شێوازی دەوڵەتمەداریی مسرور بارزانی  لە پەنێڵەكانی لوتكەی حكومەتەكانی جیهاندا
گەڕان بە دوای شێوازی دەوڵەتمەداریی مسرور بارزانی  لە پەنێڵەكانی لوتكەی حكومەتەكانی جیهاندا
گەڕان بە دوای شێوازی دەوڵەتمەداریی مسرور بارزانی  لە پەنێڵەكانی لوتكەی حكومەتەكانی جیهاندا
گەڕان بە دوای شێوازی دەوڵەتمەداریی مسرور بارزانی  لە پەنێڵەكانی لوتكەی حكومەتەكانی جیهاندا
گەڕان بە دوای شێوازی دەوڵەتمەداریی مسرور بارزانی  لە پەنێڵەكانی لوتكەی حكومەتەكانی جیهاندا
Top