مەمەد ئەكتاش: سینمای كوردی بووەتە حەقیقەتێك لەنێو سینمای جیهاندا

مەمەد ئەكتاش: سینمای كوردی بووەتە حەقیقەتێك لەنێو سینمای جیهاندا

فیلمی سینەمایی خاڵا تارییا شاكارێكی فیلمی كوردییە لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد (ئایشە پۆلات) باس لە گرووپێكی مافیا دەكات، كە لەلایە‌ن حكومەتی توركیاوە نێردراون و پارێزەرێكی كوردی مافەكانی مرۆڤ دەكووژن، تیمێكی ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانیش بەدواداچوونی بۆ دەكەن، چیرۆكی فیلمەكەش لە چاوی منداڵێكەوە بۆ بینەر دەگوازرێتەوە، كە لە بەشی پێشبڕكێی ئەنكاونتەرس (Encounters) لە 73ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «بەرلین»نمایش كرا.
مەنسوور جیهانی / بەڕلین

مەمەد ئەكتاش: سینمای كوردی بووەتە حەقیقەتێك لەنێو سینمای جیهاندا

سەبارەت بەم كارە هونەرییە بەرهەمهێنەری فیلمی سینەمایی «خاڵا تارییا» مەمەد ئەكتاش لای خۆیەوە گوتی: «خۆشحاڵم كە ئەم فیلمە كوردییە لە فێستیڤاڵی بەرلین وەكوو یەكێك لە سێ باشترین فێستیڤاڵی هەره گەورەی جیهان نمایش دەكرێت».
فیلمەكە لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد «ئایشە پۆلات» ـە، سەبارەت بە بەشداریی ئەم بەرهەمە كوردییە له بەشی پێشبڕكێی ئەنكاونتەرس (Encounters) لە 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین»Berlinale لە وڵاتی ئەڵمانیا مەمەد ئەكتاش گوتی: «ئایشە پۆڵات» چوار ساڵ پێش ئێستا چیرۆكی سیناریۆكەی هێنا، بەڕاستی زۆر حەزم لێ كرد، سیناریۆی ئەم فیلمە كوردییە لەسەر گرووپێكی تاریكپەرستە كە لە لایە‌ن حكومەتی توركیاوە هاتوون، هەندێك كەسی مافیایین و پارێزەرێكی كوردی مافەكانی مرۆڤ دەكووژن، تیمێكی ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی بە شوێن ئەم خاڵ و بوارەدا دەڕۆن و بەدواداچوونی بۆ دەكەن. چیرۆكی ئەم فیلمە لە چاوی منداڵێكەوە بۆ بینەر دەگێڕدرێتەوە، یانی لە چاوی منداڵێكەوە كارەكانی ئەم گرووپە دەردەكەوێت».
مەمەد ئەكتاش هەروەها دەڵێت: «فیلمەكە نە تەنیا مژاری خۆی بە شێوەی تەكنیك باس دەكات، بەڵكوو بە پڕێسپێكتیوی سێ كامێڕا چیرۆكەكە دەگێڕدرێتەوە، من گەلێك خۆشحاڵم كە فیلمی سینەمایی «خاڵا تارییا» لە یەكێك لە باشترین فێستیڤاڵەكانی جیهان نمایش دەكرێت. ئایشە پۆلات دەمێكە هاوەڵێكی نزیكی منە، ئەو بۆ خۆی خەڵكی شاری «ماڵاتیا»یە لە باكووری كوردستان و لە وڵاتی ئەڵمانیا گەورە بووە و هەر لێرە سینەمای خوێندووە».

مەمەد ئەكتاش: سینمای كوردی بووەتە حەقیقەتێك لەنێو سینمای جیهاندا

ئەم سینەماكارە كوردە لە درێژەی قسەكانیدا گوتیشی: «پێش فێستیڤاڵی بەرلین، «ئایشە پۆلات» لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «لۆكاڕنۆ» لە وڵاتی سویسرا بووە و خەڵاتی گەورە‌ی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی وەرگرتووە، لە ناو سینەمای كوردیدا دەرهێنەری ژنی كوردمان كەم هەیە، كە ئەو یەكێك لەوانە»، ئەكتاش ئەوەشی خستەڕوو كە فیلمی سینەمایی خاڵا تارییا لە بەشی پێشبڕكێی ئەنكاونتەرس لە 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «بەرلین»، كاندیدی وەرگرتنی خەڵاتە و هەتا ئێستاش وەكوكاندیدا دێتە نیشاندان، زۆر خۆشحاڵم كە فیلمێكی كوردی لە دەرهێنانی ژنێكی كورد، لە فێستیڤاڵی (بەرلینالە)یە و ئێمەش لێرە لەگەڵ فیلمەكەداین.

مەمەد ئەكتاش: سینمای كوردی بووەتە حەقیقەتێك لەنێو سینمای جیهاندا

بەرهەمهێنەری فیلمی سینەمایی «خاڵا تارییا» سەبارەت بە شوێنی وێنەگرتنی فیلمەكە گوتی: «ئەم بەرهەمە لە رۆژانی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، لە شاری قەرس و بازیدی باكووری كوردستان و نزیك سنووری ئێران و بەشێكی بچووكیشی لە شاری هامبۆرگ لە وڵاتی ئەڵمانیا وێنەی گیراوە، كە بەداخەوە ئەوكات نەخۆشبووم و نەمتوانی بچم بۆ سە‌ر ستەیج و سەردانی ستافەكە بكەم، كە بە هاوكاری تیمێكی ئەڵمانی و كوردی ئەو فیلمەمان ساز كرد، دوو تەلەڤیزیۆنی گرنی ئەڵمانیا WDRو Arteبەشداریی بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە بوون و بوودجەی ئەم فیلمە دوو ملیۆن یۆرۆ بوو، كە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئەڵمانیا و تەلەڤیزیۆنەكانی WDRو Arteدابین كرا».
ئەم سینەماكارە بەئەزموونە سەبارەت بە گرنگیی بەشداربوونی فیلمی كوردی خاڵا تارییا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەڕلین دەڵێت: «سینەمای كوردی بووەتە حەقیقەتێك و لە ناو سینەمای جیهاندا وەكو بزاڤێكی سینەمایی لە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگیی پێ دەرێت و بە باشی دەیناسن، كۆمپانیای سینەمایی میتۆس فیلم (Mitosfilm) تا ئێستا سێ جار فیلمەكانی ئێمەی لە فێستیڤاڵی (بەرلینالە) نمایش كردوون، زۆر خۆشحاڵم كە ئەم فیلمە دوای بەشداریی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «بەرلین» لەلایەن كۆمەڵێك فێستیڤاڵی جیهانییەوە بانگهێشت كراوە.

مەمەد ئەكتاش: سینمای كوردی بووەتە حەقیقەتێك لەنێو سینمای جیهاندا

مەمەد ئەكتاش لە كۆتایی ئەم چاوپێكەوتنەدا گوتی: «ئێمە وەكو سینەماكاری كورد بە فیلمەكانمان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەشدارین، بەڵام بەداخە‌وە تەلەڤیزیۆن و دەزگاكانی ڕاگەیاندنە كوردییەكان لێرە نین».
كۆمپانیای سینەمایی میتۆس فیلم (Mitosfilm) بەرهەمهێنەری سەرەكییەتی و كۆمپانیای پۆنكت و كەناڵێكی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری هاوبەشن و ئەركی بڵاوكردنەوەی لە ئەستۆی كۆمپانیای ئارت هوود ئینتەرتەیمنتـە (ArtHood Entertainment). حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «بەرلین» بە بەرپرسیاریی خاتوو ماریتێ ریسێنبێك (Mariette Rissenbeek)و دەرهێنانی هونەریی كاڕلۆ چاتریان (Carlo Chatrian) لە چەندین بەشی پێشبڕكێ و دەرەوەی پێشبڕكێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕكێی سەرەكی، بەشی پێشبڕكێی نەوەكان، بەشی پێشبڕكێی فڕۆم، بەشی پێشبڕكێی كورتە فیلم، بەشی پێشبڕكێی بەڵگەفیلم و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕكێی لەوانە؛ بەشی پانۆڕاما، بەشی نمایشی تایبەت، بەشی نمایشی سینەمای كلاسیك و ...هتد، لە ڕۆژانی 16 تا 26ی فێبری وەری 2023 لە شاری بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیابەڕێوە چوو.

مەمەد ئەكتاش: سینمای كوردی بووەتە حەقیقەتێك لەنێو سینمای جیهاندا
Top