مەیسەر نەهێلی بۆ گوڵان: سەرۆك بارزانی لەسەر ڕێبازی بارزانیی باوك گرنگییەكی زۆر بە لاوان دەدات

مەیسەر نەهێلی بۆ گوڵان:     سەرۆك بارزانی لەسەر ڕێبازی بارزانیی باوك گرنگییەكی زۆر بە لاوان دەدات

 

 

گۆڕانكارییەكانی سەردەم دیدگا و بۆچوونی پێشوویان بۆ لاوان گۆڕیوە و دەبێت پلان و بەرنامەكان بە شێوەیەك دابڕێژرێتەوە، كە لە ئاست خواست و ویستەكانی لاواندا بێت، ئەو پشێوی و بێسەروبەرییەی لە ئێستادا زۆر لە حزبەكانی كوردستان و لە ناو سۆشیال میدیا خوڵقاندوویانە، ئەوەندەی دیكە دۆخەكەی بۆ لاوان شڵەژاندووە، ڕێكخراوەكانی لاوان لە ناو ئەم گۆڕانكاری و ناڕەزایەتییانەی لاواندا ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕن. لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی مەیسەر نەهێلی سكرتێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

 

* هەر دوو ڕێكخراوی یەكێتی قوتابیان و یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان كە لەسەر دەستی سەرۆكی نەتەوەیی كورد مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە، تەمەنێكی گەورە و خەباتێكی زۆری بۆ داكۆكیكردن لەسەر پرسی كورد و خەباتی نەتەوەیی هەبووە، لە ئێستادا دۆخەكە گۆڕانكاریی زۆری بەسەردا هاتووە، ئایا تا چەند ئەم ڕێكخراوە گۆڕانكاری بەسەر ئەرك و شێواز و خەباتی مەدەنیی خۆیدا هێناوە؟

- یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان لەسەر دەستی سەرۆكی نەتەوەیی كورد و كوردستان مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە، بارزانیی باوك لاوانی ئاراستەی خەباتی نەتەوەیی و داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان كرد و، ڕۆڵ و پێگەی مێژوویی ڕێكخراوەكە شاهیدی خەبات و كاری پڕ لە سەروەریی ئەم ڕێكخراوەیە، هەر لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانەوە تاوەكو ڕاپەڕین و شەڕی داعش، لاوانی كوردستان لە ڕیزەكانی ڕێكخراوەكەدا شەهید و قوربانییەكی زۆریان لە پێناو گەلەكەیاندا داوە، ئەو سەردەمە توێژی لاوان بۆ شۆڕش و داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان، تا ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پارێزگاریكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ بوو، خۆگونجاندنی یەكێتی لاوان لەگەڵ قۆناغەكان و لە ڕووی خەباتی نەتەوەیی و مەدەنی و پیشەییەوە نهێنیی سەركەوتنی ئەم ڕێكخراوەیە، زۆربەی پێشمەرگەكانی شۆڕش پەروەردەی ئەم ڕێكخراوە بوون، لە ئێستادا فۆرمی كاركردنی خۆمان بە هەر دوو ئاراستەی خەباتی مەدەنی بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان و داكۆكیكردن لە مافەكانی توێژی گەنجان گۆڕیوە. ڕێكخراوی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان لاوێكی ئاست بەرز بۆ نیشتمان و نەتەوە بەرهەم دەهێنێت، كە هەم داكۆكی لە مافەكانی خۆی بكات، هەمیش دەوڵەمەند بێت لە فكر و زانستدا و دیدگەیەكی هاوچەرخانەی هەبێت، بە خۆشحاڵییەوە سەرۆك بارزانی و هەر دوو جێگرەكەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پاڵپشتێكی تەواوی پێگەیاندنی لاوان و دابینكردنی ژیانێكی شایستەن بۆ لاوان، ئەوان لە بەرپرسیارێتی هەڵنایەن و كار بۆ دابینكردنی خواست و ویستەكانی گەنجان و لاوان دەكەن و، لە هەموو وێستگە و قۆناغەكاندا بە كردار كار بۆ دەربازبوونی لاوان لەناو چوارچێوەی داخراوی هزری كلاسیكی و فەوزا دەكەن، كاتێك سەرۆك بارزانی پێش یادی 18ی شوبات چاوی بە ئێمە كەوت، دڵنیای كردینەوە كە بە هەموو توانایەوە پاڵپشتی و داكۆكیكار دەبێت بۆ خواست و تێڕوانینەكانی لاوان، گرنگیدانی بەڕێزان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت بە زانكۆ و پرۆسەی خوێندن، ئاماژەدانە بەو گۆڕانكارییانەی لە دونیای ئەمڕۆدا بە سەر هزر و بۆچوونی گەنجدا هاتووە، هەر ئەم پاڵپشتییەش بوو وای كردووە ئەمڕۆ سەدان لاوی پەرلەمانتار و سیاسەتمەدار و دادوەر و یاسادانەر و دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان بن و، بڕوانامەی بەرزی پزیشك و ئەندازیار و مافپەروەر و سەدان پیشە و پۆست و بڕوانامەی دیكە بەدەست بهێنن، بەمەش ڕۆڵی گەورەیان لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و پارێزگاریكردن لە قەوارەی هەرێم و پێشخستنی كۆمەڵگەدا هەیە، لە كۆمەڵگەی كوردستاندا كە بە كۆمەڵگەیەكی لاو ناو دەبرێت، لاوەكان داینەمۆی پەرەپێدان و پێشخستنی وڵاتن، لەم ڕوانگەیەشەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری بە توێژی لاوان داوە، ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ ڕێبازەكەی بارزانیی باوك كە ڕێز و گرنگی تایبەتی بە هەموو توێژەكان دابوو، بەمەش یەكێتی لاوان توانی فۆرمی چالاكییەكانی خۆی بگۆڕێت، بە ئاراستەی خەباتی مەدەنی و كردنەوەی سەنتەری ڕۆشنبیری و وەرزشی و پیشەیی و خوێندن و، یارمەتیدانی بەشە ناوخۆییەكان و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە و خەمخۆرانەی قوتابیان لە پەیمانگە و زانكۆكان و پێگەیاندنی لاوی سەركردە.

* لە ئێستادا تەكنەلۆژیا و پێشكەوتنەكانی سەردەم زۆر خێرا لە گۆڕانكاریی بەردەوامدان، لە ناو گێژاوی ململانێی حزبە سیاسییەكان و هەوڵەكانی ناڕۆشنبیركردنی لاوان و بە لاڕێدا بردنیان بۆ بەكارهێنانیان بۆ مەبەست و بەرژەوەندی شەخسی، ئایا بە چ ئاراستەیەك ڕووبەڕووی ئەم تەحەددییانە دەبنەوە؟

- هاتنی تەكنەلۆژیا و زانیاری و كرانەوەی دونیا بە ڕووی سۆشیال میدیا و هۆكارەكانی دیكەی ڕاگەیاندن و پەیوەندیی واقیعی كۆمەڵگە و تێڕوانین و دیدگەی لاوانی زۆر گۆڕیوە، هەروەكو چۆن خواست و ویستەكانیشیان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، لە بەرانبەریشدا زۆر كەس و لایەنی سیاسی هەن، ئیستغلالی ئەم تەكنەلۆژیایەیان كردووە بۆ بەلاڕێدابردنی لاوان و زیانگەیاندن بە خودی لاو و نیشتمانەكەی و لاوازكردنی هەستی ئینتیما، كە دواجار لاو و خانەوادە و نەوەی نوێ هەموویان زیانمەندن لەم ئاراستە ناعەقڵانییەی بەكارهێنانی سۆشیال میدیا، بۆیە دەبێ ڕێكخراوەكانی قوتابیان و لاوان بەپێی پێویستی ئەم قۆناغە و بە فۆرمی نوێ كاری ڕێكخراوەیی و پیشەیی خۆیان بكەن، لە گیرفانی هەموو گەنجێكدا هەموو زانیاری و واڵابوونی سایت و سۆشیال میدیا و دەیان هەزار پەیج و فەیسبووك و تیك تۆك و هۆكاری دیكەی پەیوەندیكردن هەیە، بۆیە ئێمە خۆمان لەگەڵ ئەم فۆرمی ژیان و تەكنەلۆژیا نوێیەدا گونجاندووە و خودی واقیعە نوێیەكە بۆ زیاتر خزمەتكردنی پێگەیاندنی لاوان و بەرزكردنەوەی ئاستی ئینتمیای نەتەوەیی و نیشتمانی بەكار دەهێنین، پشت بە خودا ئەم قۆناغە بە سەركەوتوویی تێدەپەڕێنین و زۆرینەی خواست و داواكارییەكانی لاوان جێبەجێ دەكرێت، لەم هەفتەیەش دیداری لاوان لە دهۆك ساز دەدەین.

* لە دیداری لاواندا هەوڵ دەدەن چ پەیامێك بگەیەنن و تا چەند لەو دیدارەدا دەتوانن لاوان لە فەوزای سیاسی بپارێزن و، وا بكەن لاوان هەست بكەن دەنگیان بیستراوە؟

- یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان گەورەترین دیداری لاوان لە پارێزگای دهۆك بە بەشداریی ڕێژەیەكی زۆری لاوانی كوڕ و كچ لەم مانگەدا بەڕێوە دەبات، كە تێیدا زیاتر لە 800 لاوی كچ و كوڕ بەشدارن و چەندین كێشەی تێدا باس دەكرێت، پڕۆژەش بۆ چارەسەركردنی پێشكەش دەكرێت، كە گرنگترین ئەو بابەتانەی باس دەكرێت، بریتییە لە (ئالوودەبوون، زانكۆ، بێكاری و سۆشیال میدیا...) هەموو كێشەكانیش دەستنیشان دەكرێن و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەكرێن. لەو دیدارەدا چاوەڕوان دەكرێت سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدار بێت. لە دیداری لاواندا باس لەوە دەكەین لاوی كورد چۆن سۆشیال میدیا بۆ پێگەیاندن و بەرزكردنەوەی ئەدای خۆی و لە پێناو ئامانجێكی پیرۆزدا بەكار بهێنێت، نەوەكو بكەوێتە ناو فەوزای ململانێی ناحزبیانە و پشێوی و بێسەروبەریی كاری ئێستای زۆر لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، بەشێكی دیكەی دیدارەكە كردنەوەی پێشانگەیەكە كە تێیدا نیشانی داهێنانی لاوانە و، سێ تەوەری سەرەكی (لاوانی خاوەن داهێنان و خاوەن پڕۆژە و خاوەن دەستی كار و هەلی كار و براندی تایبەت بە خۆیان) لەخۆدەگرێت، لە پەنێڵێكی دیكەدا كاراكتەری هەر سێ سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت ئامادە دەبێت، هەر خۆی لە خۆیدا یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان لەسەر بنەمای ستراتیژیەتی بارزانیی باوك دامەزراوە، كە لە ئێستادا سەرۆك مەسعود بارزانی سەرپەرشتیی ڕاستەخۆی ڕێكخراوەكە دەكات، كە بریتییە لەوەی لاوان دوێنێ لە سەنگەری خەباتدا بوون و ئەمڕۆ لە سەنگەری بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوە و پێگەیاندنی لاوی كورد و دەوڵەمەندكردنیاندان لە تەكنەلۆژیا و زانست، بێگومان ئەركی حكومەت و دامەزراوەكانی دیكەی هەرێمیشە بە دیالۆگ لەگەڵ لاوی كورد گفتوگۆ لەسەر خواست و دیدگە و پێشنیارەكانیان بكەن و، بە كردار كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی خواستەكانیان بكەن.

* باسی ئەوەت كرد پێش ساڵیادی یەكێتی قوتابیان و یەكێتی لاوان سەرۆك بارزانی لەگەڵتان دانیشت و گفتوگۆی كرد، ئایا داوای سەرۆك بارزانی بۆ ئێوە چی بوو؟

- سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان كردەوە و داوای لێ كردین لەسەر ئەو ستراتیژیەتەی بارزانیی باوك بڕۆین، كە لەسەر ئەو بنەمایە ئەو ڕێكخراوانە دروست بوون، كە ئەركیان پاراستنی نەتەوە و نیشتمان و كۆمەڵگەیە، بۆ ئەم مەبەستەش تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە، چۆن لاوێك دروست بكەین داهێنان بكات و نیشتمانپارێز بێت و خزمەت بە خۆی و كۆمەڵگە بكات. لە بەرانبەردا نەیارانی كورد و دوژمنانی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ بەلاڕێدابردنی لاوان و زیانگەیاندن بە خودی لاوان و كۆمەڵگە و كەلتوور و ئایین و نیشتمانەكەمان، بۆیە ئەركی سەرشانی هەموو دایك و باوك و خێزان و مامۆستا و دڵسۆزانی گەلەكەمانە، كە چیتر ڕێگە نەدەین زیان بە لاوانی كورد بگەیەنرێت لە ڕێگەی ئالوودەبوون و كۆچكردن و بەكارهێنانیان بۆ كار و هزر و بۆچوونی هەڵەی دوور لە كەلتوور و نەریتی كوردەواری.

* كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاچەند گرنگیی بە لاوان داوە؟ ئایا ئێوە وەكو ڕێكخراوی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە نزیكەوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت دەكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەی لاوان؟

- ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام كار بۆ ئەوە دەكات، هەموو كەرتەكان بكەونە خزمەتی لاوانەوە، پەروەردە و خوێندنی باڵا و ڕۆشنبیری و هونەر و وەرزش و كایەكانی دیكە، فرەچەشنكردنی ئابووری و گرنگیدان بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیارییش لە پێناو دۆزینەوەی هەلی كاردایە بۆ گەنجەكانمان، هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەت بۆ بەدیجیتاڵكردنی حكومەت و شەفافییەت و كەمكردنەوەی ڕۆتین و بیرۆكراتیەت و باشكردنی خزمەتگوزارییەكان، هەمووی ئاوات و ویست و خواستەكانی لاوانە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو چاكسازییەی لە كەرتی تایبەتدا ئەنجامی داوە و یاسای كاری ناردە پەرلەمان و پەسەند كرا و ڕێژەی كرێكار و فەرمانبەرانی كوردی لە ناو كۆمپانیا و پڕۆژەكاندا چەسپاند، هەمووی ژمارەگەلێكی زۆر كاری بۆ گەنج و لاوەكانمان زامن كرد، بەمەش بە كردار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری و بەدەستهێنانی هەلی كار دەكات لە ناو كەرتی تایبەت، لە شەشەمین ئیڤێنتی تێدێكسی نیشتمانیش بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت كۆمەڵێك گەنج چەندین كاریان خستەڕوو، سەرۆكی حكومەت وێڕای دەستخۆشی، هیوای خواست ساڵ لە دوای ساڵ سەركەوتووتر بن، ئێمەش بەردەوام لە ڕێكخراوەكەماندا لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە لاوان لەسەر هێڵین و كێشە و پێشنیارەكانیان بۆ بەرز دەكەینەوە و، وێڕای ئاستەنگ و بەربەستەكان، كوردستانمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پێش دەكەوێت و گەنجی كورد ئومێد و ئاواتێكی گەورەی لە بەردەمدایە.

* چی بكرێت بۆ ئەوەی زەمینە لەبارتر بۆ لاوی كورد بڕەخسێت، تاوەكو بەشداریی زیاتری لە پرۆسەی سیاسی و ئابووریدا هەبێت، بەتایبەتی دەرفەتی كاری بۆ بدۆزرێتەوە كە كێشەیەكی گەورە و سەرەكیی ئەمڕۆی لاوانە؟

- لاوی كورد خاوەن پڕۆژە و بیرۆكەی گەورەیە و، دیدگای گەنجی كورد زۆر فراوان و دووربینە، لاوەكانمان بە درێژایی قۆناغەكانی خەبات و شۆڕش و ڕاپەرین قوربانییەكی زۆریان داوە لەپێناو ئەم نیشتمانە، ئەوان پارێزەر و داكۆكیكاری قەوارەی هەرێمی كوردستانن و دڵسۆزییەكی زۆریان تێدایە، هەموو ئەو بیروبۆچوونە نامۆ و توندوتیژانەی دەرخواردی ئەم میللەتە درا، كاریگەریی لەسەر لاوان نەبوو، ئەمە جێگەی ئومێد و خۆشحاڵییە ئەمڕۆ لاوی كورد هوشیارە بە ماف و ئەركەكانی سەرشانی و، بە چارەسەركردنی كێشەكانی دڵنیاین ئەوەندەی دیكە ئەدای بەرزتر دەبێتەوە، بەتایبەتی چارەسەری كێشەی بێكاری، چونكە چەندین ساڵە گەنجی كورد لە زانكۆ و پەیمانگەكان دەردەچن و ژمارەیەكی زۆریان كارێكی گونجاوی شیاوی بڕوانامەكەیان دەست نەكەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتی دۆزینەوەی هەلی كارە و لەم پێناوەشدا كار بۆ پاڵپشتیكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، لە ڕێگەی بەهێزبوونی حكومەتەوە قەوارەی هەرێم بەهێز دەبێت و لاوەكان دەبنە خاوەنی هەلی كار، ئەی ئەوە نییە ناوبەناو دوژمنانی ئەم گەلە تووشی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجە و مووچەمان دەكەنەوە و، تەنانەت سوودوەرگرتن لە سامانی نەوت و گازی خۆشمان بە ڕەوا نابینن، سەرۆكی حكومەت بۆیە گرنگی بە كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری دەدات، تاوەكو زۆرترین هەلی كار بۆ گەنجەكان و قوتابیانمان دەستەبەر ببێت، یەكێك لە كێشەكانی نەبوونی دەرفەتی كار گرێنەدانی پڕۆگرامەكانی زانكۆ و ئاستی پێگەیاندنی قوتابیانە بە بازاڕی كارەوە، بۆ نموونە لە ڕووی زمان و تەكنەلۆژیا و تواناییەوە لەگەڵ كاری نوێی بازاڕ ناگونجێن، خاڵێكی دیكە زۆر لە حزبەكانی كوردستان ئەوەندەی سەرقاڵی دروشم و نانەوەی پشێوین، ئەوەندە سەرقاڵی هاوكاریكردنی لاوان و پاڵپشتیكردنی حكومەت نین بۆ دۆزینەوەی كار بۆ گەنجەكان، وەكو ئەوە وایە ئەوان خوازیاری بێكاریی ئەوان بن بۆ ئەوەی لە بازنەی بیروبۆچوون و ئامانج و مەبەستی ئەوان دەرنەچن، واتا ئەوەندەی مەبەستیانە لاوان لە بازنەی نیشتمانی و نەتەوەیی دەربهێنن، ئەوەندە مەبەستیان نییە كار بۆ گەنجەكە بدۆزنەوە، بە پێچەوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە بەردەوام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەوڵی پێگەیاندنی زانكۆ و بازاڕی كاردایە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە جددی كار دەكات لە پێناو پێگەیاندنی لاوان و دۆزینەوەی هەلی نوێی كار.

Top