هەرێمی كوردستانی و هێزی نەرم

هەرێمی كوردستانی و هێزی نەرم



هەرێمی كوردستان چ بەهۆی پێگە جوگرافیی ، ئابووری و سیاسییەكەیەوە لە هەمانكاتدا لە رووی سەربازیشەوە و ناوچەیەكی ستراتیژی و گرنگ هەژمار دەكرێت ، هەر ئەوەشە وایكردووە كە بە درێژایی مێژوو چاویی وڵاتانی زڵهێز و ناوچەكەكانی لەسەر بێت ، بە تایبەت لەماوەی سێ دەیە حكوومرانی هەرێمی كوردستان توانیوێتی بە هۆی مامەڵەكردنێكی ژیرانە و وردبینانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ببێتە هاوبەشێكی متمانە پێكراو و خاوەن سەنگ و پێگەی خۆی كە بەدڵنییاییەوە ئەوەش بۆ گڕتنەبەری ئەو سیاسەت و دیپلۆماسییە ژیرانە و وردبینانەیە سەركردایەتیی سیاسی كوردستان و لەلایەكی دیكەوەشەوە بۆ خۆراگری و قوربانیدانی گەلی كورد و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بەرگریكردن لە دەستكەوتەكان و قەوارەكەی دەگەرێتەوە .
هەروەها گەلی كورد، بەهۆی نەبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، هەمیشە لە ژێر هەرەشە و گەمارۆدان و پیلانگێری نەیاران و داگیركەرانی بووە ، چونكە نەیارانی پێیان وایەكە بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان بە هەڕەشە دەزانن لەسەر بەرژەوەندییە ئاسایشییەكانیان؛ لە ئێستاشدا عێراق بە هەموو شێوازێك ڕێگری دەكات لە پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە تەكنەلۆژیا و كەرەستەی سەربازیی نوێ و ئینجا ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و هەمیشە پاساو بیانوو بۆ ئەو مەبەستە دەگەڕێتەبەر.
سەڕەرایی هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە لەلایەن عێراق و دراوسێی و نەیارانییەوە دروست دەكرێت ، هەرێمی كوردستان وەك ئەكتەریكی نادەوڵەتی توانیوێتی لە بەكارهێنانی هێزی نەرم رووبەڕووی ئاستەنگەكانی بەردەمی ببێتەوە ، چونكە ئەزموونی ڕابردوو ئەو ڕاستییەی سەڵماندووە كە دەسەڵاتدارانی عێراق هەمیشە ڕێگریان كردووە تا كو هەرێمی كوردستان دەستی بە چەك و تەكنەلۆژیای سەربازیی بگات باشترین بەڵگەش شەڕی رووبەڕووبوونەوەی رێكخراویی تیرۆریستی داعش بوو كە جیاتی گەیاندنی چەك و تەفەمەنی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك هێزێكی دەستوور لە چوارچێوی وەزارەتی بەرگری عێراق بەڵام بە گەمارۆخستنە سەر هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە نیازیان باش نەبوو و لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگە توانی بە ئیرادەی پۆڵاینی بەرگری لەخاك و گەلەكەی بكات .
بۆیە، گرنگیدان بە هێزی نەرمی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری لە سەر بنەمای بەرژوەندییە هاوبەش و بەكارهێنانی، وا دەكات هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی زیاتری هەبێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها لە چارەسەركردنی كێشە و ململانێكان لەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوە. جگە لەمانەیش هەرێمی كوردستان كەلتوورێكی دەوڵەمەندی هەیە لە ڕووی پێكەوەهەڵكردن، فرەیی، لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە، بۆیە دەكرێت لێبووردەیی، پێكەوەژیانی ئاشتییانە، ڕێزگرتن و داننان بە فرەیی لە نێوان پێكهاتە و ناسنامە جیاوازەكان، ببێتە سەرچاوەیەكی گەورەی هێزی نەرم بۆ هەرێمی كوردستان. هەروەها گرنگیدان بە بوارە كەلتووریی ، وەزرشی ، هونەرییەكان و سینەما بەشێكی تری ئەو پەیوەندییانەیە كە دەتوانێت وەك هێزی نەرمی هەم بۆ زیاتر بەهێزكردنی سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستان و هەمیش لە داكۆكیكردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی سوودی لێوەربگرین
بۆیە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەبێت لە یەك كاتدا سەرنجی لەسەر هەردوو لە چەشنەكانی هێزی ڕەق و هێزی نەرم بێت، چونكە گرنگیدان تەنیا بە هێزی سەربازی یان هێزی نەرم، بەس نییە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لەو هەڕەشە وئاستەنگانەی كە لە ناوچەكەدا لە ئارادان؛ بۆیە، دەكرێت ئەو هێزە نەرمە دیپلۆماسیی و بوارەكانی تر بكرێتە ئامرازێك بۆ بەدەستهێنانی چەك و تەكنۆلۆژیایی سەربازی پێشكەروتوو و هەروەها لە رووی ئابووریشەوە وا باشترە لەتەك گرنگیدان بە هێزی سەربازی و ئابووری، گرنگی بە هێزی نەرم بدات .،لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت زڵهێزان و دۆستانی گەلی كوردیش ئەم جۆرە هێز و سیاسەتە سەرنجڕاكێش دەبێت و هەرێمی كوردستان دوور دەخاتەوە لە رووبەڕووبوونەووەی سەربازی و گەمارۆی ئابووری؛ چونكە هەلومەرجی نێودەوڵەتی و هاوسەنگیی هێز دەرخەری ئەو راستییەیە ، كە بۆ هەرێمی كوردستان لەناوچەیەكی پڕكێشە وململانێ دا بارگرژی و پێكدادانی سەربازی، پێویستە دوایین بژاردە بێت و ئەوەی بۆ كوردستان گرنگە هێزی نەرمە كە توانیوێتی سەركەوتن و ئامانجی گەورە پێبپێكێت ..

Top