رۆلی کۆچبەر وبیانیەکان لە دروستکردنی کلتوری کارسازی لە ھەرێمی کوردستان

رۆلی کۆچبەر وبیانیەکان لە دروستکردنی کلتوری کارسازی لە ھەرێمی کوردستان

زۆر جار ئێمە وەک ھاولاتی ھەرێمی کوردستان گلەیی ئەوە دەکەین کە خەلکی ولاتانی تر بە تایبەت ولاتانی دەوروبەرمان بۆنەتە ھۆی کەمبونی ھەلی کار بۆ خۆمان و نابێت رێگەیان پێبدرێت لێرە کاربکەن بۆ ئەوەی دەرفەتی کار بۆ خۆمان زیادتر بکەین. بەلام ئەگەر بە ووردی و بە پێی پێوەرە زانستیەکانی ئابوری و کارسازی لێبروانین دەبینین کە ئەم جۆر بیرکردنەوەیە ھەلەیە و خۆدی ئەو بیانیانەی کە لێرەن، ھۆکارن بۆ رەخساندنی زۆر ھەلی کاری نوێ لە بواری داھێنان لە کارو پرۆژە و بیرۆکەی نوێ. بە تایبەت کە ئێمەی خەلکی باشوور شارەزایی و توانای ئەوتۆمان نییە لە دروستکردنی دەرفەتی کاری نوێ و کارسازی و داھێنان و دروستکردنی بیرۆکەی کار. بۆ نمونە ئەگەر پیاسەیەکی ناو شاری ھەولێر بکەین و لێبکۆلینەوە لەو دەرفەتە کاریانەی کە دروست بووە ھەر لە کۆمپانیاکانی بواری خزمەتگوزاری تاکو پیشەسازی و رێستورانت و شێوازی کارکردنی بزنسەکان، بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی بزنسە نوێ و سەرکەوتووەکان کارسازێکی بیانی لە پشتە یان لە پشت بووە و ئێستا ھاولاتیەکی خۆمان خاوەندارێتی دەکات و بەلگەش بۆ ئەمە بریتیە لەوەی کە دوای کرانەوەی کوردستان بەرووی دونیای دەرەوە و ھاتنی بەلێشاوی کۆچبەر و ئاوارە و ھاولاتیانی پارچەکانی تری کوردستان، جۆرەھا بزنس مۆدێلی نوێ و کار و پرۆژە و دەرفەتی کاری نوێ دروست بوون، کە بۆتە ھۆی ئەوەی ھاولاتی ئەم ھەرێمە لێیان فێر ببن و زیادتر داھێنەر بن لە کارسازی و دروستکردنی بیرۆکە و دەرفەت و بزنسی نوێ.
تەنھا ئێمە نین کە بەو قۆناغەدا تێپەریوین. ئەگەر سەیری ئەزمونی ولاتان بکەین دەبینین کە ھەر ولاتێکی پێشکەوتوو بەشێکی گەورەی پێشکەوتن و گەشەی ئابوریەکەی مەدیونی ئەو کەسانەن کە وەک کۆچبەر روویان لە ولاتەکەیان کردووە.
لە وتارێکی ساڵی ٢٠١٧ی بزنس ئینسایدەردا بە ناوی "ئەمریکا پێویستی بە کارسازی کۆچبەر هەیە"، دەیڤید جۆلی دەنووسێت کە کۆچبەران لەسەدا ١٥ی هێزی کاری ئەمریکا و لەسەدا ٢٥ی هێزی کاری کارسازانی وڵاتەکە پێکدەهێنن. لەسەدا چلی کۆمپانیا دەستپێشخەرەکان لە دروستکردنی بزنسی نوێ لانیکەم کۆچبەرێکی تێدایە. بابەتەکەی جۆلی ئاماژە بە توێژینەوەیەک دەکات کە کۆچبەران دوو هێندە زیاتر ئەگەری دەستپێکردنی کاری سەربەخۆ و نوێیان تێدایە بە بەراورد بەو کەسانەی لە ئەمریکا لەدایکبوون. لە ساڵی ٢٠١٦دا لەسەدا ٤٠.٢ی کۆمپانیاکانی فۆڕچۆن ٥٠٠ کە بریتین لە ٥٠٠ کۆمپانیا سەرکەوتووەکانی ئەمریکا، لەلایەن لانیکەم یەک کۆچبەر یان منداڵێکی دایک و باوک کۆچبەرەوە دامەزراون. دینا برین، لە نووسینێکیدا بۆ فۆربێس، لە وتارێکی ساڵی ٢٠١٨دا نووسیوە، کۆچبەران لەسەدا ٢٥ی بازرگانییە نوێیەکانی ئەمریکا پێکدەهێنن و کۆمپانیا نوێیەکانی خاوەندارێتی کۆچبەران ٤ بۆ ٥ ملیۆن هەلی کاریان دروستکردووە.
ئەم ئامارانە و دۆزینەوەکانی دیکە وایکردووە وڵاتانی وەک کەنەدا پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی کۆچبەریدا بکەن بۆ ئەوەی کۆچبەرانی زیاتری کارساز و داھێنەر ڕابکێشن. ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ ئەمریکای لە کۆی ١٩٠ وڵات لە پلەی ٥٣ داناوە بەهۆی ئاسانکاری لە دەستپێکردنی کارێکدا، کە ئەمە وایکردووە ئاسانکاری زیاتر بێت بۆ دامەزراندنی کارو بزنسی نوێ بۆ ھەموو کەسێک چ کۆچبەر بێت یان خەلکی رەسەنی ولات بێت. جیاوازی ئەم ڕیزبەندییانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کاتێک کارێک دادەمەزرێت، هۆکارەکانی وەک ڕێساکان، مۆڵەتەکان، دەستڕاگەیشتن بە قەرز و ژێرخانی پشتگیری لە توانای خاوەن کارەکان گرنگن بۆ بەردەوامبوون لە کارەکە. ئاسانکاری لە دەسپێکرنی کاری نوێ بە بێ جیاوازی دەبێتە ھۆی گەشەی زیادتری ئابوری. و بە پێچەوانەوە سەپاندنی ڕێسا و پرۆسەی سنووردار بەسەر وەبەرهێنانی نوێدا، ژمارەی کارسازی نوێ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
ھەروەھا لەڕووی داهێنانەوە، هیندستان بەڕێژەی لەسەدا ٤٧، و لوکسمبۆرگ و شیلی بە ڕێژەی لەسەدا ٤٨ هەریەکەیان، پێشەنگن لە پێشکەشکردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییە نوێیەکان کە پێشتر بەردەست نەبوون. ئەم چالاکییە کارسازیانە ڕەنگدانەوەی ئاسانکارییە بۆ دەستپێکردنی کارێک. هۆڵەندا و پۆڵەندا و سوید نمونەی ئەو ولاتانەن کە تێیدا تاکەکان دەتوانن زۆر بە ئاسانی کارێکی نوێ دەستپێبکەن بە بێ ئەوەی جیاکاری ھەبێت لە نێوان ھاولاتی رەسەن و کۆچبەرەکان. خەڵکی ئەو وڵاتانە کارسازی و داھێنان لە شێوازی نوێی کار و بزنس، وەک شێوازێکی ژیانی سەرنجڕاکێش و خۆشی سەیر دەکەن.
لە ڕوانگەی جێندەرەوە، لە ئێستادا زیاتر لە ١١ ملیۆن بزنسی خاوەندارێتی ژنان لە ئەمریکادا هەیە. سی ساڵ لەمەوبەر، تەنها 4 ملیۆن بزنسی خاوەندارێتی ژنان هەبوون. ژمارەی بزنسە ژنەکان لە نێوان ساڵانی 2007 و 2016دا بە ڕێژەی 45% زیادیکردووە، کە پێنج هێندە خێراترە لە تێکڕای رێژەی نیشتمانی لە ئەمریکا. بەجۆرێک کە 78%ی بزنسە نوێیەکانی خاوەندارێتی ژنان لە ساڵی 2007 و 2016دا لە لایەن ژنانی کۆچبەر دروستکراوە.
ئەو ئامارانە پێمان دەلێن کە ئەمریکایەک کە ولاتی دیموکراسی و ماف و ئازادی ژنە و بەو رێژە بەرزە سوود لە توانا و کارسازی ژنانی کۆچبەر وەرگرتووە لە گەشەی ئابوری ولاتەکەی و ژنانی کۆچبەر رێخۆشکەر و سیمبۆل بوونە بۆ ژنانی رەسەنی ئەمریکی. بۆ ئێمە وەک کوردستان کە کۆمەلگایەکی تارادەیەک داخراو و دژی ماف و ئازادی و کارکردنی ژنانمان ھەبووە، دەبێت دەستی کاری بیانی و کارسازانی بیانی ژن چەندە سوودیان ھەبوبێت بۆ کۆمەلگاکەمان. بە دلنیاییەوە ئەگەر سەیرێکی بارودۆخی ژنانمان بکەین لە دوای سالانی ٢٠١٠ تاکو ئێستا دەبینین جیاوازیەکی یەکجار زۆر بەدی دەکرێت لە ھەبوونی ژنانی خاوەنکارو کارساز لە ھەرێمی کوردستان و بەشێکی گەورەی ئەو بەرەوپێشچوونە لە بواری کارکردنی خانمان بۆ ھاندان و چاولێکەری خانمانی بیانی دەگەرێتەوە.

Top