ئێمە هەین..

ئێمە هەین..

هەرێم هەرچیەک بێت کارتۆنی نییە،
ئەوە هەرێمی کوردستانی عێراق بوو بە خوێنی ڕۆڵەکانی، ئەفسانەی داعشی تێکشکاند و بە خوێنی پیرۆز و پڕبەهای ڕۆڵەکانی، جیهانی لە دێوزمەی تیرۆر پاراست. هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعشدا ۲٠٠٠ شەهید و ۱۲٠٠٠ برینداری پێشکەشی مرۆڤایەتی کرد و وانەی جەنگاوەری و خۆبەدەستەوەنەدانی دووپات کردەوە.
لەو کاتەی عێراق لە جەنگی تاییفەگەری و دەسوەردانی دەرەکی و وێرانیی تیرۆردا ڕۆچووبوو، هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ ملیۆنان ئاوارە کردەوە و ڕێگەی نەدا هزری تیرۆر و تایفەگەری لە کوردستاندا هیچ پێگە و شوێنی هەبێت.
هەرێمی کوردستان هەرچیەک بێت کارتۆنی نییە. بەرهەمی خەباتێکی دوورودرێژی میللەتێکی مەزڵوومە کە کۆیلایەتی و ستەم و نکۆڵیکاری ڕەتکردەوە.
ئەوە هەرێمی کوردستانی عێراق بوو کە بوویە سەکۆیەک بۆ ئازادکردنی عێراق لە تەونی دیکتاتۆری و شۆڤینیزم و جەهل و دواکەوتوویی.
هەرێمی کوردستانی عێراق هەرچۆنێک بێت و هەرچیەک بێت بە فەرسەخ لە پێشەوەی ڕژێمە سەرکوتکار و ژنکوژ و ئازادیکوژەکانی دەوروبەرە.
گەلانی ناوچەکە ماوەی سەت ساڵە قوربانیی دەستی دەوڵەتە کارتۆنی و قەڵپەکانی ناوچەکەن،
سەت ساڵە زیندانیی سیستەمە سەرکوتکارە نائینسانییەکانی ناوچەکەن.
ئەو دەوڵەتانەی دەوڵەتەن و سیادەیان هەیە و کورسی و نوێنەریان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە، لەبری کارکردن بۆ ئاشتی و بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی و پێشکەوتن،
کاریان بۆ شەڕ و کاولکاری و تێکشکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان کرد.
ئێمە دانیشتووی سەرزەمینێکین کە بە زۆر دابەش کراوە و جینۆساید کراوە و یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەوایەتیان داوەتە ئەو زوڵم و دابەشکارییە. بەڵام بەڕووی ئەو زوڵمەدا هاتینەوە و ڕێگەمان نەدا نەخشەی شوومی لەناوبردن و نەهێشتنمان سەر بگرێ.
هەرێم هەرچیەک بێت کارتۆنی نییە، بەڵکو خاوەنی پێناسە و مێژوو و ڕەسەنایەتیە. هەرێمی کوردستانی عێراق ناڕووخێ چونکە ڕیشەی لە مێژوو و خەبات و کۆڵنەدانی خەڵکەکەیدا هەیە.
هەرێمی کوردستانی عێراق وەکوو هەموو شوێنێکی تری سەر زەوی خاوەنی کەرامەت و ئیرادە و خەونە و لە هەمانکاتیشدا گرفتیشی هەیە. دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی عێراق ژیر و پێگەیشتوو و خاوەن مافن و تێکۆشەرن و مێژوویان تۆمار کردووە و بەشێکن لە شانازیی مرۆڤایەتی. دەتوانن بە هیمەت و بەردەوامیی و کۆڵنەدان کێشەکانیان چارەسەر بکەن. بە کارتۆنی ناوهێنانی هەرێم هیچ جیاوازییەکی نیە لەو ڕوانگەیەی داگیرکاران و ستەمکارانی ناوچەکە بەرانبەر ناوی کوردستاندا هەیانە.
ڕاستە ئێمە وەک زۆربەی وڵاتانی تر کێشەمان لە پێگەیشتن و پێکەوەهەڵکردن و ئیدارەدان و بنیاتنانی دامەزراوەکاندا هەیە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا هەین و ناکرێ نکۆڵی لە بوونمان بکرێت.

Top