لــەباربردنی كۆرپەلە لە ڕوانگەی جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت

لــەباربردنی كۆرپەلە لە ڕوانگەی  جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت

 

 

بەپێی هەموو یاسا نێودەوڵەتی و ئایینییەكان لەباربردنی كۆرپەلە ڕێگری لێكراوە و یەكێكە لە كردە قەدەغەكراوەكان و تەنیا لە چەند حاڵەتێكی دەگمەنی پەیوەست بە تەندروستیی دایكەكە نەبێت. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان لە ڕوانگەی شەرع و یاسا و پزیشكییەوە خوێندنەوە بۆ بابەتەكە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سەرەتا لە ڕوانگەی شەرعەوە مەلا ڕەعد ئۆمەربلی بەڕێوەبەری مزگەوتەكان و پشكنین لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: «لەباربردنی كۆرپەلە (منداڵی ناو سك)، لە ڕوانگەی شەرع و یاسا و تەندروستیییەوە كارێكی مەترسیدارە».

ئەو كەسایەتییە ئایینییە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «لە باربردنی كۆرپەیەك دوای هاتنە بەری ڕۆحی بە قەتڵ و كوشتن هەژمار دەكرێت، ئەوانەی بەشدار بن (دایك و باوك و پزیشك و هیتر) لە لەباربردنی منداڵەكە ئەوە بە بكوژ حیساب دەكرێن، بەڵام چەند تێبینی هەیە، لەوانە:

1- ئەگەر هاتو ژنی سكپڕ ژیانی كەوتە مەترسی و لێژنەیەكی پسپۆڕ لە پزیشكان و بە ڕاوێژ لەگەڵ لێژنەی فەتوا، ئەگەر بۆیان دەركەوت، كە دەبێت، ژیانی یەكێكیان هەڵبژێرن بۆ مان لە ژیان، ئەوە ژیانی دایكی كۆرپەكە گرنگترە لەژێر ئەو بنامایەی كە زەرەرە كەمەكەی هەڵدەبژێرین (اخف الضررين)، (ارتكاب أخف الضررين لدفع أعظمهما)، یان زەرەرە بچووكەكە هەڵدەبژێرین، بۆ ئەوەی زەرەرە گەورەكە لا بەین، بۆ ئەوەش هاتووە: (فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِن كُنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ) النحل (43)، واتە: ئەگەر شتێكتان نەزانی و دڵنیا نەبوون، ئەوە لە كەسی شارەزا و پسپۆڕ لە بابەتەكە بپرسن .

بۆیە ئێستا تێگەیشتین لەدەستدانی كۆرپەلە و دایكی زەرەرە، بەڵام لەدەستدانی كۆرپەلەكە زەرەری بچووكە و لە دەستدانی دایكی زەرەری گەورەیە، بۆیە لەم حاڵەتە دایكەكە هەڵدەبژێرین و دەستبەرداری كۆرپەلەكە دەبین .

2- هەندێكی دی لە ترسی بەخێوكردن و خەرجی منداڵەكە، ئەوە پێشی ببێتە كۆرپەلە دەتوانن مەنعی بكەن و كۆرپەلە دروست نەبێت، بەڵام كە بووە كۆرپەلە و ڕۆحی هاتە بەرێ، ئەوە بە هیچ شێوەیەك ڕێگاپێدراو نییە لە بار ببردرێت، مەگەر بەو مەرجەی لە خاڵی یەكەم باسمان كرد،

كوردەواری گوتەنی، ئەگەر خوا سەر بدات، ڕزقیش دەدات.

زانایان و مەزهەبەكانمان، بەم شێوەیە لەم بارەیەوە قسەیان كردووە:

شافیعی دەڵێن:

أ - ئەگەر لەسەرەتای حەملەكەوە تا ئەو ڕۆژ و كاتە چل ڕۆژ بوو و، ژن و پیاوەكەش هەردوو لەسەری ڕازی بوون و دوو پزیشكی (عادل) گوتیان، هیچ زیانێكی بۆ ژنەكە نابێ، بە لای هەندێكەوە حەڵاڵە و، بە لای هەندێكی دیكەوە (كەراهەتی تەنزیهی) هەیە.

ب- ئەگەر چل ڕۆژ تێپەڕیبوو بە سەر حەملەكەدا، دیسان لەباربردنی حەرامە، ئیتر كۆرپەلەكە بجووڵێت، یان ڕۆحی بە بەردا كرابێ، یا نا.

حەنەفی دەڵێن: بەر لە تێپەڕبوونی چوار مانگ، واتە: ڕۆحی بە بەرا بكرێ، لەباربردنی دروستە، ئەگەرچی هەندێ زانای خاوەن ئیمتیازیان دەڵێن بەر لە ڕۆح لەبەركردنیا بێ بیانووی شەرعی  حەڵاڵ نییە.

حەنبەلی دەڵێن: پاش تێپەڕ بوونی (120) ڕۆژ، لە سەرەتای پەیدابوونی حەملەكەوە، كە ماوەی ڕۆح بەبەراكردنی كۆرپەلەكەیە، لەباربردنی حەرامە.

مالكییەكان دەڵێن: هەر كە ئەو نوتفەیە چووە منداڵدانەوە، ئەگەرچی پێش چل ڕۆژیش بێت، حەرامە لەباربردنی، هەركە ڕۆحیشی بەبەرا كرا، بە ئیجماعی زاناكانیان حەرام دەبێ. كەوابوو بەلای ئەوانەوە هیچ ڕێگەیەك واڵا ناكەن بۆ ئەو كارە و گشت یەكدەنگن لەسەر حەرام بوونی.

زاهرییەكان: نە بەر لە چوار مانگ، نە لە دوای چوار مانگ ڕێگە نادەن منداڵ لەبار ببرێت، كەوابوو پاش تێپەڕبوونی چوار مانگ (120) ڕۆژ بەسەر حەملەكەدا، لای تەواوی زاناكان حەرامە لەباربردنی منداڵ لەبەر نەخۆشی دایكەكەی و بەر لە چوار مانگ، وەكو چارەسەرێكی دایكەكە ڕێی پێ دراوە و قەیناكات، بەڵام پاش تێپەڕبوونی چوار مانگ (120) ڕۆژ، فوقەها بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادەن لەبار ببرێت، ئەگەرچی دایكەكەشی بمرێت، ئەگەر لەبار نەبرێت، تەنانەت لەباربردنی منداڵی زینا و ناشەرعیش بە هیچ شێوەیەك لە ئیسلامدا جێی نابێتەوە، بۆ ئەمەش بەڵگەگەلێك بەدەست زانایانەوەیە، لەوانە:

یەكەم: (وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى) سورة فاطر: 18.

دووەم: ژنە غامدییەك، دووگیان بوو، هاتە لای پێغەمبەرﷺ فەرمووی: بچۆ هەر كە منداڵەكەت دانا، ئەو كات تۆڵە دەدرێیت.

سێیەم: ئەوانەیش لە ماوەی چل ڕۆژدا ڕێگە دەدەن، منداڵ لەبار ببرێت، دەڵێن بۆ شتی حەڵاڵ و شەرعییە، نەك بۆ (مەعصیەت) و تاوان، دیارە كە حەملی ناشەرعی و زینا، هۆكاری گوناح و تاوانە، كەوابوو لە ماوەی چل ڕۆژەكەیشدا هەر نابێت.

د. ئازاد مەنتك پزیشكی پسپۆڕی گشتی لە ڕووی زانستی پزیشكییەوە سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لەباربردنی منداڵ بەهیچ جۆرێك ئاسایی نییە. بەلام دوای هەڵسەنگاندنی حاڵەتی دایكەكە و حاڵەتی كۆرپەكە و بە گوێرەی یاسای ئەو وڵاتە و نەبووونی ڕێگری كۆمەڵایەتی و ئایینی و مرۆیی پزیشك هەندێك جار پەنا بۆ لەباربردنی كۆرپەلە دەبات».

سەبارەت بە زیانە لابەلاكانی لەسەر تەندروستیی دایك ئەو پزیشكە گوتی: «كاردانەوە و زیانەلابەلاكان لە ژنێكەوە بەگوێرەی یەكێكیدی دەگۆڕێت. هەروەها بوونی نەخۆشیی درێژخایەن و باری تەندروستیی ژنەكە زۆر گرنگە چونكە كاتێك ژنێك بەخۆی لە بنەڕەتدا باری تەندروستی تەواو نییە و تووشی لەبارچوون دێت، ئەگەری لێفامانەوەی زۆر دێت، لەوانە:

١- تەواو لەبار نەچوونی كۆرپەكە و مانەوەی بەشێك لە ناو زگی ژنەكە، كە؛ بۆی هەیە پێویستی بە نەشتەرگەری ببێت بۆ دەرهێنانی پارچەكە.

٢- ئەگەری خوێنبەربوونی زۆر دەبێت، بە جۆرێك ژنەكە خوێنی زۆر لەبەر بڕوات، كە؛ ئەگەر نەخۆشی دیكەی هەبێت، ئەگەری ئەوەی هەیە، كە ژیان و تەندروستیی ژنەكە بخاتە مەترسییەوە.

٣- برینداربوون، یان دڕان و تەقینی منداڵدان.

٤- ژەهراویبوون: كاتێك لەبارچوونەكە دەبێتە هۆی پەیدابوونی بەكتریا تێدان و هەوكردن، ئەوا؛ لە گوینە هەوكردنەكە سیرایەت بكێشێت و ببێتە كێم و خیزاو (sepsis). ئەم حاڵەتە لە (١٠٠٠) ژن بۆی هەیە یەكێك تووشی بێت.

مەرج نییە هەر ژنێك منداڵی لەبەر بچێت، هیچیدی توانای سگكردنی نەمێنێت. نەخێر. زۆر ئاساییە ژنەكە سگی خۆی دەكات، هەر لەبەر ئەوە ژنەكە كاتێك منداڵێكی لەبەر دەچێت، پێی ناوێت ترسی هەبێت، ئەوە نەبێت جاری واهەیە، كە دوای لەبار چوونەكە ئەگەر منداڵدانی تووشی هەوكردن و بەكتریا تێدان هات، ئەوا؛ ئەو هەوكردنە پەل باوێت و بگاتە جۆگەی هێلكەدان و لێرەدا هەوكردنەكە ببێتە هۆی گیرانی جۆگەی هێلكەدان و بەمەش ژنە تووشی هەوكردنی حەوزی منداڵدان بێت، لێرەدا ئەگەری تووشبوونی ژنەكە بە منداڵ نەبوون و وەجاغ كۆربوون زۆر دەبێت».

هەرمن ئەحمەد نووسەر و چالاكی بواری مافەكانی ئافرەت، ڕایوایە: «كرۆكی ئەم بابەتە مێژوویەكی كۆنی هەیە، بەڵام پێویستە بە وردی بچینە ناو كرۆكی بابەتەكە، یەكەم هۆكارەكە دەستنیشان بكرێت، پاشان بپرسین: كێن ئەو كەسانەی كە گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی ئەم بڕیارە بدەن؟ ئەو پرسیارەش دروست دەبێت: ئایا ئەو كەسانەی لە دەرەوەی بازنەی پرۆسەی هاوسەرگیری دووگیان بوون، یان هاوسەرگیرییان كردووە، بەڵام كێشەی هاتنی ئەو منداڵەیان هەیە» .

 گوتیشی: «ئەگەر بە هەماهەنگیی دوو هاوسەر بڕیای لە باربردنی كۆرپەلە دەدرێت، ئەوا دەبێت هۆكارێكیان هەبێت، هەروەها هەر ئەو دوو هاوسەرە ئاكامی باشی و خراپیی بڕیارەكە هەڵدەگرن، نەك كەسانی دی، ئەگەر بێتوو لە دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیری ئەو كەسە دووگیان بووە و هەوڵی لەباربردنی دەدات، ئەمەش ڕێگەیەكی ساناترە بۆ خودی كەسەكە، چونكە بە تەنیا چارەسەری دادەنێت، ئەمە حەقیقەتە و هیچ بەدیلێكی دیكە نەخراوەتە ڕوو بۆ ئەوەی ئەو منداڵە لە پاش لەدایكبوونی تووشی هیچ كارەساتێكی یاسایی نەبێت، سێیەم خاڵ كە زۆر گرنگە ئەویش دەرچوونی یاسایەكی مەدەنییە بۆ ئەم حاڵەتانە و‌ چارەسەری ئەم كێشەیە دەكەوێتە سەر لایەنە‌ پەیوەندیدارەكان، بەتایبەتی ئەو پەرلەمانتارانەی كە لە پەرلەمان كاردەكەن .هەڵبەتە پرۆسەیەكی ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە تا چارەسەر نەكرێت،‌ پێش ئەوەی ئێمە ئەم ڕەفتارە بە نامرۆڤانە لە قەڵەم بدەین، پێویستە چارەسەی هۆكارە سەرەكییەكە بدرێت».

ئەو چالاكەی بواری مافەكانی ئافرەت، وەك دواوتەی گوتی: «من لێرەدا ناتوانم لە ڕووی شەرعەوە فەتوا بدە‌م، چونكە هەموو دەزانین كە بە هیچ جۆرێك ڕێگەپێدراو نییە دوو كەس لە دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری ئەو پەیوەندییە دروست بكەن، لە ڕووی یاسایشەوە بە هەمان شێوە‌ نایاساییە، كەواتە لێرەدا چ بژاردەیەك هەیە بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بگیرێت كە چیدی ئەو كەسانە بڕیاری وا نەدەن؟ ئەوە هوشیاركردنەوە و كار و هەوڵی زۆری دەوێت».

پارێزەر زانا نەبەز لە ڕوانگەی یاساوە بەمجۆرە باس لە لەباربردنی كۆرپەلە دەكات: «لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتی و بەتایبەت دوای پێكهێنانی خێزان و دروستبوونی پەیوەندیی سۆزداری لە نێوان هەر دوو ڕەگەزەوە لە تەواوی جیهان دیاردەیەك ڕوو لە مرۆڤە مێینەكان دەكات، كە دووگیانبوونە بۆ خستنەوەی منداڵ، جا ئەمەش پۆلێن دەكرێ بۆ دوو بەش: سكپڕبوونی ویستدار و بێ ویست، هەروەها سكپڕبوون لە ئەنجامی دەستدرێژی، ڕوونە ئەم دیاردەیە لە كۆمەڵگەی كوردی دوور نییە و لە ئێستادا زۆرترین گفتوگۆی یاسایی و ئایینی و تەندروستی و فەلسەفی لەسەر ئەنجام دەدرێت، ئەو پرسە مرۆڤایەتی دابەشی دوو بەرەی دژ كردووە، هەندێكیان پشتگیری دەكەن، وەك مافی ئافرەت لە هەڵسوكەوتكردنی ئازادانە بەسەر جەستەی و هەندێكی دیكەش دژایەتی دەكەن، بە بەڵگەی پاراستنی مافی ژیانی كۆرپە، لێرەشدا بە پێی وڵات و یاسا و ئایین مامەڵەكردن لەسەر ئەم پرسە جیایە، ئەو وڵاتانەی كە ماف دەدەن بە ئافرەت بۆ لەباربردنی كۆرپەلە بە شێوەیەكی ئاشكرا و لەژیر چاودێریی پزیشك و بە ئامێری پزیشكی تایبەت بەڕێوە دەچێت و لە هەندێك وڵاتانیشدا، پرۆسەكە ڕیگەپێدراو نییە لە یاسادا و بە نهێنی و لەلایەن كەسانی ناشارەزا و بە سوودبینین لە نەریتی سادە بەڕێوەدەچێت. ڕوونە كە باس و خواسی یاسا دێتە ئاراوە مرۆڤایەتی ڕاستەوانە هزری بۆ یاسا نێودەوڵەتییەكان و یاسا ناوخۆییەكان دەچێت. گرینگیدان بە مافی تاكەكان لە جیهان دوای سەرهەڵدانی ڕێكخراوی نەتەوە یەگرتەوەكان بە تایبەت، مرۆڤ هەنگاوی گەورەی نا، بووە بە یەكێك لە ئەجێنداكانی ڕێكخراوەكە، هەرچەندە لە هیچ لە بەڵگەنامە سەرەكییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، لەباربردنی كۆرپەلە وەك مافی ئافرەت سەیرنەكراوە و ددانی پێدا نەنراوە، لەبەر دژیەكیی دیاردەكە لەگەڵ باوەڕی گشتیی خەڵك و یاساكانی وڵاتانی ئەندام كە لەگەڵی ناگونجێت، بەڵام یاسای نێودەوڵەتیی هاوچەرخ گرنگیی تایبەت دەدات لە ڕوانگەی پێداویستییەكی تەندروستی وەك مافێكی جەوهەری ئافرەت، نەك مافێكی شارستانیی ئافرەت كە ئازاد بێت بۆ هەڵسوكەتكردن بە جەستەی خۆیەوە، هۆكاریش بۆ ئەمە كە ئەم حاڵەتانە ڕووبەرووی ئافرەت دەبێتەوە وەك: (دەستدرێژیی سێكسی و تەندروستیی دایك و هەژاریی خێزان و ناتەواویی كۆرپەلە و دووگیانبوونی ئافرەت كە هاوسەردار نەبێت لە بەشێك لە كۆمەڵگەكان). ڕوانگەی ئیسلام بۆ بابەتی لەباربردن ڕوانگەیەكی ڕەوشتییە و وەك ڕێسایەكی گشتی پڕۆسەكە ڕێگەپێدراو نییە، هەر چەندە هەندێك حاڵەت هەیە كە پاساوی پڕۆسەكە دەدات و لە دەرئەنجامدا ئاسایی دەكات، بەڵام دواجار شارەزایانی ئیسلام بڕیاری لێ دەدەن. سەبارەت بە یاسای ناوخۆ، لە هەرێمی كوردستان و عێراق بە یاسا كراوە و یاسا ڕێگا بە لەباربردنی ئازاد وەك مافی ئافرەت نادات و سزای بۆ دیاری كردووە، یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١) ی ساڵی (١٩٦٩) لە ماددەكانی (٤١٧، ٤١٨، ٤١٩) باس لە لەباربردن دەكات و، بە كارێكی تاوانكارانە هەژماری دەكات، تەنیا لە حاڵەتێكدا نەبێت كە مەترسی لەسەر ژیانی دایكەكە هەبێت، یان ناتەواوییەك لە كۆرپەكەدا هەبێت. بۆ سەلماندنی ئەوەش پێویست بە ڕاپۆرتی پزیشكیی تایبەت هەیە و دەبێت ڕاپۆرتەكە لە دامەزراوەیەكی تەندروستیی تایبەتەوە دەربچێت».

 

لــەباربردنی كۆرپەلە لە ڕوانگەی  جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت
لــەباربردنی كۆرپەلە لە ڕوانگەی  جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت
لــەباربردنی كۆرپەلە لە ڕوانگەی  جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت
لــەباربردنی كۆرپەلە لە ڕوانگەی  جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت
Top