وریابە لە زیادخواردنی شیرینی لە مانگی ڕەمەزاندا!

وریابە لە زیادخواردنی شیرینی لە مانگی ڕەمەزاندا!

 ئەمە سەلمێنراوە كە زیادخواردنی شیرینی و شەكرە زیادەكان، زیانی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنن. ئایا دەزانی كە شەكر بە دوژمنی دڵ ناوزەد دەكرێت، چونكە زیادخواردنی دەبێتە ئەگەری ڕەقبوونی خوێنبەرەكان Atherosclerosis لە ئەنجامی نیشتنی چەوری لەبەر بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیسترۆڵ لە خوێندا. ئەمە ڕوونە كە لەكاتی ڕۆژووگرتندا ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێت، بەتایبەتی لە پاش نیوەڕۆدا، خواردنی شیرینی ڕاستەوخۆ لەكاتی ڕۆژووشكاندندا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەكی خێرای ئاستی شەكری خوێن، ئەمەش هەستی تێربوون پەیدا دەكات لە ڕێگەی ئاگاداركردنەوە سەنتەری هەستكردن بە برسیبوون و تێربوون لە مێشكدا، ئینجا پاش ماوەیەك دووبارە ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێت و هەستی برسیببوون سەرهەڵدەداتەوە، بۆیە ماوەیەك پاش بەربانگ ئارەزووی خواردن زیاد دەبێت، ئەمەش ڕوونە كە شیرینی هاندەرە بۆ كلۆربوونی ددانەكان، هەروەها زیاد دەردانی هۆرمۆنی ئینسولین لە گلاندی پەنكریاسدا، ئەم هۆرمۆنەش بە هۆرمۆنی قەڵەوبوون ناسراوە، بە مانایەكی دیكە، زیادخواردنی شیرینی هۆكار بۆ زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، كە مرۆڤ ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی دەكاتەوە، بەتایبەتی نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشی دڵ، بەردی زراو، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.

 

Top