چۆن هەرێمی كوردستان بپارێزین

چۆن هەرێمی كوردستان بپارێزین


كوردستان ئەمڕۆ لە قۆناغێكی گرنگ و هەستیار دایە، پێویستە لە سەر هەموو پارتە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو گەلی كوردستان یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە، لەبەر ئەوەی مێژوو زۆر جار ئەو راستییەی سەلماندووە هەر مەترسییەك بێتە سەر كوردستان هەموو خەڵكی كوردستان زیانمەند دەبن، پێویستە ئەو مەترسیانە بە هەند وربگرین و كار بۆ ئەوە بكەن ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین.
بەڵام جێگەی سەرسوڕمان و داخە كە زۆربەی هەرە زۆری كوردستان پارتییان بەتنێ جێ هێشتووە و نەك هاوكاری ناكەن، بەڵكو زۆر بەوە دڵخوشن و لەگەڵ نەیارانی كورد هەوڵی ئەوە دەدەن كیانی هەرێمی كوردستان هەڵوەشێنەوە.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە دژی هەرێم گوشاری جددین، دۆستانمان بەڕاستی ناڕاستەوخۆ پشتگیری لەوە هەنگاوانە دەكەن و پێمان دەڵێن ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بن وازتان لێدینین و دەكەوینە ژێر كوتكی هەمە چەشنەی عێراق و لە كۆتاییدا لەناومان دەبات. بە ڕاشكاوانە هۆكاری سەرەكی كێشەكانی ئێستای هەرێم كە پێویستە چارەسەر بكرێن ئەمانەی خوارەوەن:
یەكەم: دواخستنی هەڵبژاردن. دواخستنی هەڵبژاردن هەڵەیەكی زۆر گەورە بوو، كە هەرگیز نەدەبوو پارتی لە سەری رازی بێت، لەبەر ئەوەی یەكێتی ئامادە نەبوو بیكات، ئەمە هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ تووڕە كردنی دۆستانمان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەزموونی كوردستانی خستە ژێر پرسیارێكی گەورە، و نەحەزانی پارتی و بەتایبەتیش یەكێتی زۆر سوودی لێوەرگرت بۆ شكاندنی پارتی، یەكێتی خۆی زۆر هەوڵیدا پارتی رازی بكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، دوای ئەوەی پارتی رازیبوو، هات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بەخەڵكی كوردستانیان گووت ” پارتی ڕیگر بوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن”.
دووەم: كێشە ناوخۆییەكان. كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی هۆكارێكی سەرەكی بوون بۆ دروستبوونی كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی.
سێیەم: چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەگە. هۆكارێكی تری سەرەكی ئەو قەیرانەی ئەمڕۆ ئەوەیە پارتی و یەكێتی تا ئێستا نەیانتوانیەوە چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بكەن، لەگەڵ هەموو ئەو هاوكارییانەی لەلای هاوپەیمانانەوە پێشكەش دەكرێت.
چوارەم: پێشێلكاری ئازادییەكان. ئیمە دەزانین كوردستان لەم بوارەوە بەرەو پێشچووە، ئەگەر بەراوردێك بكەین بە دەورووبەرمان بەدەر لە ئیسرائیل هەرێمی كوردستان لە هەموو وڵاتان باشترە. بەڵام دۆستانمان چاوەرێی زۆر زیاترمان لێدەكەن، بۆ نموونە داخستنی نووسینگەی تیڤییەك یا دەستبەسەر كردنی پەیمانێرێك چی لە بابەتەكە دەگۆرێت، جگە لە ناشیرین كردنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان.
ئێمە لە سەردەمی جیهانگەراییدا دەژین، دونیا نەك گوندێكی گەورییە قسەی جارانە، ئێستا جیهان هەمووی لە گیرفانمان دایە، هەر كەسەو كەناڵی تایبەت بە خۆی هەیە، دەتوانێت لە ماڵەوە پەیوەندی بە هەموو جیهان بكات، بۆچوونی خۆی بێ سانسۆر دەڕببڕێت.
ئەم هەنگاوانە هۆكاری لەكەدار كردنی كوردستانن و دژە پارتییەكان سوود لەم هەنگاوانە وەردەگرن و زۆر پێ دڵخۆشن و بەكاری دێنن بۆ لێدانی كیانی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە، ئەوەش دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ ئەوەی ئازادییەكان لە كوردستان بكەوتە ژێر پسیار.
ئەگەر بمانەوێت قەوارەی كوردستان بپارێزین پێویستە چارەسەركردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە بكەین، بە چارەسەر كردنیان كوردستان دەچێتە قۆناغێكی تر و دەبێتە جێگەی رێز لە لای دۆستانمان و بە جددی پشتگیریمان لێ دەكەن. ئەو كات بە توویت یا لێدوانێك كێشەكان چارەسەر دەبن و عێراق ناچار دەكەن رێز لە ئیرادەی نەتەوەی كورد بگرێت.
ئێستا بەهێز بوونی عێراق لە چیدایە، بێ گومان لە لاواز بوونی پشتگیری نێودوەڵەتی بۆ هەرێم، بە تایبەتی دوای دواخستنی هەڵبژاردنەكان، بۆیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێویستە هەرێم هەنگاوی جدی بگرێتە بەر بۆ چارەسەركردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە.
چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێویستە، چونكە یەكێتی بەو دۆخە زۆر دڵ خۆشە، لە هەمانكات یەكێتی هەموو شتی لە دەست داوە، یەكێتی بە لۆژیكی ئەگەر یاری نەكەم یاریگە خراپ دەكەم كار دەكات، بۆیە ئەوان هەوڵی ئەوە دەدەن یاریگە خراپ بكەن، ئەویش كار كردنە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان، لەڕێگای پەیوەندی كردن بە بەغدا تا راستەوخۆ پەیوەندی بە سلێمانی بكات بێ گەڕانەوە بۆ هەولێر، راستەوەخۆ بوددجەو مووچە لەوێوە بۆ بێت، یەكێتی هیچی نەماوە لە پێناوی خەبات بكات، تەنها نزیك بوونەوەیە لە بەغدا و كار لە سەر لاواز بوونی هەرێم دەكات. لەم قۆناغەدا ئەم سیاسەتە بە ڕاشكاوانە پەیرەو دەكات. بەڵام پارتی خاوەنی كوردستانە و خەڵكەكەی زۆر ئومێدیان بە پارتی و سەرۆك بارزانی هەیە، بۆیە پێویستە پارتی ئەم خاڵە رەچاو بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە گەڵ یەكێتی و بە ژیرانە هەڵسوكەوتیان لەگەل بكات.
بیرمان بێت تەنها فاكتەرێك كە بووە هۆكاری مانەوەی ئیسرائیل لەم ناوچەیك كە هەموو دژی بوون و خاكی عەرەب و موسلمانانیان داگیریان كرد، رێز گرتنیان بوو لە بنەماكانی دیموكراسی و ئازادی رای دەربڕین) بەو كارەیان رۆژئاوا ناچار دەكەن بەرگرییان لێ بكەن و بیانپارێزن.

 

 
 

Top