سەنار سەفین: ئاواتم ئەوەیە وەك كچە كوردێك بڕاندێكی كوردی و جیهانیم هەبێت

سەنار سەفین:  ئاواتم ئەوەیە وەك كچە كوردێك بڕاندێكی كوردی و جیهانیم هەبێت

 

 

سەرەڕای بەرجەستەبوونی نەریتێكی سواو و كەلتووری پیاوسالاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، بەڵام ئافرەت بە هەوڵ و تێكۆشانی بەردەوام هەموو ئەو بەربەستانەی شكاند كە دابونەریت دروستی كردبوون، ئەمڕۆش كچانی كورد دوای تەواوكردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە، توانا و بەهرەكانیان لە بواری كاری ئازاد خستووەتەگەڕ و خاوەن كار و داهاتی سەربەخۆی خۆیانن.

سەنار سەفین كچە گەنجێكی دەستڕەنگینی شارە جوانەكەی كۆیەیە و لە ئێستادا بە ئۆنلاین كەلوپەلەكانی دەفرۆشێت، وەك خۆی باسی دەكات، تاوەكو ئێستا لە هەلی دامەزراندن لە كەرتی حكومەت سوودمەند نەبووە، بەڵام توانیویەتی لە گۆڕەپانی كار و دەستخستنی بژێوی ژیان بوونی خۆی بسەلمێنێت و سەربەرزانە خاوەنی بڕاند و داهاتی خۆی بێت، بەمجۆرەش باس لە بڕاندەكەی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

سەنار سەفین، تەمەنی ٢٢ ساڵە و دەرچووی بەشی زانستی كیمیایە و دانیشتووی شاری كۆیەیە، خاوەنی بڕاندی تایبەت بە خۆیەتی و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە هەمیشە پشتی بە خۆی بەستووە، ئەوەش وای كردووە لە گەیشتن بە ئامانجەكانی سەركەوتوو بێت. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «بێ ئەوەی چاوەڕوانی یارمەتی لە دەستی كەس بكەم، پشتم بە هێز و توانای خۆم بەستووە و كار دەكەم، خودی بەڕێوەبەر و دامەزرێنەر و خاوەن بیرۆكە و دیزاینەر و دروستكەری براندەكەش هەر خۆمم، بیرۆكەی كارەكەم بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە كە لە زانكۆ بووم، بۆ یەكەم جار وەك حەز و خولیایەك جانتام بۆخۆم دەچنی، ئیتر هاوڕێكانم زۆر هانیان دام و گوتیان كارەكانت جوانن و پێویستە بە خەڵكی ئاشنا بكرێن، ئینجا پەیجێكم دانا لە ئینستاگرام و بەرهەمەكانم تیایدا بڵاو دەكردەوە و بڕیارم دا كارەكەم بكەم بە بڕاندێكی كوردی، چونكە كورد زۆر پێویستی بە بەرهەمی ناوخۆیی هەیە، خەڵك بەردەوام كەلوپەلە ئامادەكراوەكانی بازاڕ بەكار دەهێنن، كە وەك هەموو شتێكی وڵاتانی دەرەوەن و بەرهەمی خۆماڵییش زۆر جار لەوان كەمتر نییە».

سەنار سەفین سەبارەت بە سەرەتای سەرهەڵدانی حەز و خولیای بۆ چنین و كاری دەستی گوتی: «چنین خولیای منداڵیمە، لە ناوچەكە بە دروستكردنی جانتای چنراو ناسراوم. جیاوازیی كارەكانی من لەوەدایە كە هەرشتێك دروست بكەم یان بە فیكرە و بیرۆكەی خۆم دەیكەم، یان فیكرەی خۆمی تێكەڵ دەكەم، واتە شتی كۆپی دروست ناكەمەوە، بەڵكو تێهەڵكێشی دەكەم، بۆ زستانی ئەمساڵیش كۆلێكشنی چاكەتی چنراوم دروست كرد، كە خواستێكی زۆری لەسەر بوو لەلایەن كڕیارەكانەوە و زۆریان بەدڵ بوو، كەلوپەلەكانم بریتین لە جانتای چنراو، چاكەتی چنراو، مەدالیا، ئێكسسواراتی چنراوی خانمان، نوێترین كۆلێكشنیشم چەپكە گوڵی چنراوە، هەروەها ملپێچ و كڵاوی چنراویش لەگەڵ جانتای موروو. ئەو كارانەشم هێشتا بۆمن سەرەتایە و تەنیا لەشمان ساغ بێت، پشت بەخوای گەورە كاری زۆر هەیە بۆ كردن.»

لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە ئایا كێ هاندەر و پاڵپشتی كردیت و لە راپەڕاندنی كارەكانت كێ هاوكارتە گوتی: «دایكم زۆر یارمەتیدەرم و هاوكاریم دەكات، خێزانەكەم بەگشتی هاندەر و پاڵپشتی منن لە ڕووی ماددی و مەعنەوی زۆر پشتگیرییان كردووم. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا زۆر جار رووبەڕووی رەخنە دەبمەوە و پێم دەڵێن تۆ دەرچووی بەشی زانستی كیمیای چ كارێكت بە كاری دەستی هەیە، لێرەوە دەمەوێ بە هەموو ئەو كەسانە بڵێم من كە لەو بەشە وەرگیرام، بەشەكەم بە دڵ نەبوو، بەهرەی خۆمم لە كارە دەستییەكانم دەبینمەوە و دەمەوێ داهێنانێكی تازە لە كارەكانمدا رەنگ بداتەوە، لە داهاتوودا دەمەوێ چەند كۆلێكشنێكی نوێ وەك ئێكسسوارات و پێڵاو و چەند بەشێكی دی بۆ بڕاندەكەم زیاد بكەم و دەمەوێ هەلی كار بۆ خانمانی دەستڕەنگین بڕەخسێنم و بیكەم بە براندێكی جیهانی، هەروەها لە بەرنامەمدا هەیە كە خولی ئۆنلاین بكەمەوە بۆ ئەو خانمانەی كە خولیای كاری دەستییان هەیە.»

ئەو خاتوونە پەنجەڕەنگینە جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە «بزاڤی كاركردنی خانمانی كورد رێچكەیەكی دیاری گرتووە و لە ئێستادا بە خۆشحاڵییەوە دۆخی ئافرەتان لەبواری كاركردندا زۆر باشتر بووە لەچاو ڕابردوو، خانمان هەنگاوێكی گەورەیان هەڵگرتووە، ئافرەتانی كورد لە گشت كاروبارێك هەموویان دەستڕەنگین و لێهاتوون».

سەنار سەفین لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: «ئاواتم ئەوەیە وەك كچە كوردێك كارەكەم بكەم و بڕاندێكی كوردی و جیهانیم هەبێت، دەمەوێ هەموو جیهان بزانن كە كوردیش خاوەن بەرهەمی خۆماڵی خۆیانن، داواكارم خەڵكی زیاتر پشت بە بەرهەمە دەستییەكانی خۆمان و بەرهەمی خۆمان ببەستن، دەخوازم لە داهاتوودا بتوانم هەلی كار بۆ گەنجان بڕەخسێنم و یارمەتیدەریان بم لە دەستپێكردنی كارەكانیان بە شێوەیەكی گشتی».

 

Top