ئاڤان عەزیز: فێركاریی خۆبەخشانەش هەلی كار بۆ زۆر كەس دەڕخسێنێت

ئاڤان عەزیز:  فێركاریی خۆبەخشانەش هەلی كار بۆ زۆر كەس دەڕخسێنێت

 

 

ئاڤان عەزیز، خانمە كابانێكی دانیشتووی شاری هەولێرە و دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنە، وەك خۆی باسی دەكات، هەر لە منداڵییەوە خولیای چێشتلێنانی هەبووە، ماوەی حەوت ساڵیشە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە خۆبەخشانە فێركاریی خواردنەكانی لە ڕێگەی پەیجەكەی پەیجی «خوانی ڤانە» بڵاو دەكاتەوە. لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە هونەری چێشتلێنان و چۆنیەتی كار و ژیانی خۆی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئاڤان عەزیز لە دەستپێكی وتەكانیدا بەمجۆرە باسی خۆی و كارەكەی دەكات: «سەرەتا سوپاسی ستافی گۆڤاری گوڵان دەكەم، بۆ گرینگیدانیان بە من و خانمانی هاوشێوەی من، بەڕاستی ئەو خانمانەی كە هەر جۆرە بەهرەیەكیان هەیە، پێویستە لە ناخی خۆیاندا نەیشارنەوە و بیخەنەڕوو، تاوەكو زۆرترین كەس سوود لە ئەزموونەكانیان وەربگرێت. من بەش بە حاڵی خۆم دوای ئەوەی خوێندنی بەشی ڕاگەیاندنم تەواو كرد، پاش ماوەیەك دامەزرام و لە ئێستادا وەكو فەرمانبەر لە كەرتی حكوومی كار دەكەم. بەڵام نزیكەی هەشت ساڵە خۆبەخشانە خەڵكی فێرە دروستكردنی خواردنی جۆراوجۆر دەكەم، ئەویش لە ڕێگەی پەیجەكەم پەیجی «خوانی ڤانە» لە تۆڕی فەیس بووك، ئەنستگرام، یوتوب، تیك تۆك و سناپ چات فێركاری دادەنێم، بە ڤیدیۆ و نووسین و بە قیاس و ڕێژەی تەواو بڵاویان دەكەمەوە».

سەبارەت بە بەهرەی چێشتلێنانیش گوتی: «هەر لە منداڵییەوە ئەم خولیایەم هەبووە، بەڵام دایكم نەیهێشت ببم بە كابانی ماڵ، دیارە ئەویش وەك هەموو دایكێك ترسی لە سووتان هەبووە، تا ئەو كاتەی شووم كرد و بووم بە خاوەن ماڵی خۆم، ئیتر دەستم پێ كرد، سەرەتا هیچ شتێكم نەدەزانی، هەڵەی زۆرم هەبوو، بەڵام دوای هەوڵدانی زۆر و پرسین لە كەسانی شارەزا و گەڕان لە ماڵپەڕەكان و دووبارەنەكردنەوەی هەڵەكان، وای كرد، هەر خواردنێك كە دروستم دەكرد، ئەوانەی دەیانخوارد، داوای فێركارییان دەكرد، ئیدی لەم ڕێگەوە دەستم پێ كرد .

ئاڤان عەزیز كاری ئاودین و چێشتلێنان بە هونەر دەزانێت و رای وایە: «هەر كەسێك كە سەرەتای دەستپێكردنی بوو، پێویستە بەكارهێنانی كەرەستەكانی بە ڕێژەی كەم بێت، بەڵام دواتر كە شارەزا دەبێت و لە خواردنەكەی دڵنیا دەبێت، دەتوانێت زیاتری بكات و، بە شێوەیەكی باش و تەندروست و بەتام خواردنەكە پێشكەش بكات. خواردن دروستكردن كەسێكی شارەزاو زیرەك و بە سەلیقەی دەوێت، پێویستی بە وردەكاری و دیزاینی تایبەت هەیە».

هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «من لە فێركردنی خەڵكدا زۆر ڕەچاوی سوود و زیانەكانی خواردن دەكەم، بۆ نموونە زیانەكانی ڕەنگی دەستكرد لە خواردن و شیرینیدا، بۆیە پۆستی تایبەتم هەیە لەسەر دەرهێنانی ڕەنگی سرووشتی لە سەوزە و میوە بەكارهێنانیان لە خواردن و شیرینی. داهێنانی تایبەت بە خۆمم هەیە كە لە پەیجەكەم پۆستم كردووە و لە هیچ شوێنێكی دی نەبووە».

ئەو خاتوونە دەستڕەنگینە، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە بۆچی تێكەڵ بە بازاڕی كار نەبووە؟ دەڵێت: «زۆر هەلم بۆ ڕەخساوە، وەك شێف لە ڕیستورانتەكان كار بكەم، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونم كە هاوسەرم هەیە و دایكی دوو منداڵم و فەرمانبەرم نەمتوانیوە قبووڵی بكەم. هەروەها هەموو ئەكاونتەكانیشم بەخۆم بەڕێوەیان دەبەم، لە گرتنی ڤیدیۆ و دیزاینكردن، هەندێ جار تۆماری دەنگیش، ڕاستە زۆر هیلاك و ماندوو دەبم، بەڵام لە هەمان كاتدا دڵخۆشیشم، كە هەم ئارەزوومە و هەم خەڵكێكی زۆر هانم دەدەن بە دەستخۆشییەكانیان دەحەسێمەوە، زۆر دڵخۆشم كە لە ماوەی ئەم چەند ساڵە خەڵكێكی زۆر ئاگادارم دەكەنەوە كە لەسەر دەستی من ئێستا بوون بە خاوەن دووكانی خۆیان و لە ڕیستورانتەكانیش سوود لە فێركارییەكانم دەبینن». گوتیشی: «لە ئێستادا پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوان من و بینەرەكانم دروست بووە، جگە لە كورد و عەرەب و فارس، هەندێ جار لە دەوڵەتە ئەوروپییەكانیش بینەرم هەیە و داوای فێركاریی خواردنە كوردییەكان دەكەن، بۆیە بە زمانەكانی دیكەش فێركارییەكانم پۆست دەكەن».

لە وەڵامی ئەو پرسارەشدا كە ئەوانەی زیاتر داوای فێركاری دەكەن، لە چ چین و توێژێكن؟ گوتی: «ئەوانەی داوای فێركاری دەكەن، زیاتر ئەوانەن كە تازە ژیانی هاوسەرییان پێكهێناوە، یان قوتابی بەشە ناوخۆییەكانن، جاروبار پیاوانیش داوی فێربوون دەكەن» .

پرسیاری كۆتایی گۆڤاری گوڵان ئەوە بوو: ئایا لە داهاتوودا كارەكەت هەر بە شێوەی فێركاریی دروستكردنی خواردن بۆ هەوادارنت دەمێنێتەوە، یان پڕۆژەی بەبازاڕكردنت دەبێت؟

ئاڤان عەزیز لە وەڵامدا گوتی:»ڕۆژانە خەڵكێكی زۆر نامە دەنێرن و داوا دەكەن كە خواردنەكانم بخەمە بازاڕ، بەڵام لە ئێستادا هیچ پڕۆژەیەكم نییە و هەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبم. هەر ئەم فێركارییە خۆبەخشانە هەلی كار بۆ زۆر كەس دەڕخسێنێت».

 

Top