توانا قاسم: یارییەكانی من لە تەمەنی منداڵیم پاشماوەی دەرزی و ئەو كەلوپەلانە بوون كە بۆ چارەسەری برینەكانم بە كاردەهاتن

توانا قاسم:  یارییەكانی من لە تەمەنی منداڵیم پاشماوەی دەرزی و ئەو كەلوپەلانە بوون كە بۆ چارەسەری برینەكانم بە كاردەهاتن

 

 

گەنجێكی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بە هۆی ڕووداوێك هەر دوو قاچی لە دەست دەدات، بەڵام وەك خۆی باسی دەكات، لە دەستدانی قاچەكانی لە هەوڵەكانی ساردی ناكاتەوە و بە گەشبینییەوە بەرەو پێشكەوتن هەنگاو دەنێت. دوای بڕینی تێكڕای قۆناغەكانی خوێندن بە سەركەوتوویی لە ئێستادا وەكو توێژەری دەروونی و كۆمەڵایەتی لە سەنتەری فرەمەبەست پاڵپشت بە كۆمەڵگە لە كەمپی پەنابەرانی سووریا لە ناحیەی باسرمە كار دەكات، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان چیرۆكی سەركەوتنی خۆی بۆ خوێنەرانی گوڵان دەگێڕێتەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

توانا قاسم، ساڵی ١٩٩٠ لە ناحیەی باسرمە لە دایك بووە، لە ئێستادا دانیشتووی شارۆچكەی شەقڵاوەیە و توێژەری دەروونی و كۆمەڵایەتییە لە سەنتەری فرەمەبەست پاڵپشت بە كۆمەڵگە لە كەمپی پەنابەرانی سووری لە ناحیەی باسرمە. خیزاندارە و باوكی دوو منداڵە، سەرەتا بەمجۆرە باس لە ژیانی منداڵیی خۆی دەكات: «لە ساڵی ١٩٩٤ كاتێك تەمەنم چوار ساڵان بوو، لەگەل نەنكم و پوورم لە سەردانی ماڵە خاڵەكانم بووم لە هەولێر لە كاتی پەڕینەوەم لە شەقام كەوتمە ژێر پاسێك و لە ئەنجامدا قاچەكانم لە دەست دا. ژیانی من دەتوانم بڵێم لە دوای تەمەنی چوار ساڵان شێوازێكی ئەستەم و جیاوازی وەرگرتووە، دوای ئەو ڕووداوەی كە تووشی بووم، كە بووە هۆی لەدەستدانی هەردوو قاچم، ئەو تەمەنە خۆشەی كە منداڵان لە یاری و ڕاكردن و بەسەری دەبەن و تیایدا دڵخۆشن، من لە كونجی نەخۆشخانەكان و لەژێر دەستی دكتۆران بەسەرم برد. یارییەكانی من لە تەمەنی منداڵیم بریتی بوون لە پاشماوەی دەرزی و ئەو كەلوپەلانەی بو چارەسەری برینەكانم بە كاردەهاتن. بەڵام ژیانی من تا ڕاددەیەك گونجاندنی توانا جەستەیی و دەروونییەكانم بووە لەگەڵ خواست و ئامانجەكانی ڕۆژانە، وەك هەر كەسێكی ئاسایی و بگرە زیاتریش».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا وەكو كەسێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەو ئاستەنگە دەروونییانە كە دێنە بەردەمت چین؟ گوتی: «من وەك خۆم لە دیاریكردنی هیچ ئاستەنگیكی ژیانم زۆر وردبوونەوەم نەكردووە، بەڵام زۆر جار سنوورداربوونی توانا جەستەییەكانم بۆ هەندێ كار و حەز كاریگەری تێ كردووم. واتە ڕوانینی من بۆ ژیان هۆكارێكی بچووك بووە بۆ دەستبەرنەدان لە ژیان، لەلایەن بەشێك لەو كەسانەش كە وەك خۆمن، ئاسوودە دەبم».

پەیامنێری گۆڤاری گوڵان دەپرسێت: لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم و هۆشیاری تاكیی كورد، ڕەفتاری كۆمەڵگە لەگەڵ كەسانی هاوشێوەی ئێوە لە چ ئاستێكدایە؟

توانا قاسم، ڕاشكاوانە دەڵێت: «بە داخەوە تا ئێستاش كەسانێك هەن كە بە چاوی بەزەیی سەیری كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەكەن. بەڵام دەتوانم بڵێم تا ڕاددەیەك هوشیاریی كۆمەڵگە لە ئێستادا بەراورد بە ڕابردوو باشترە لە تێڕوانینیان بۆ كەسانی وەك ئێمە».

توانا، جگە لە پیشەی مامۆستایی، بەهرە و خولیای لە بواری دیكەشدا هەیە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «جگە لە كاری توێژەرایەتی، خولیای وەرزش و یاریی تۆپیی پێم و لە تەمەنی منداڵییەوە كە لەسەر عارەبانەش بووم، هاندەرێكی سەرسەختی یانەی تۆپی پێی شەقڵاوە بووم. هەروەها حەزم لە فێربوونی مۆسیقا و ژەنینی ئامێری موسیقایە،  لە ڕووی زمانیشەوە زمانی توركی دەزانم و بە پێی كاتیش حەزم لە خوێندنەوەیە».

ئەو مامۆستایە بەمجۆرە باسی قۆناغەكانی خوێندنی خۆی دەكات: «سوپاس بۆخودای مەزن و سوپاس بو دایك و باوكم و خانەوادەكەم كە زور لەگەڵم هیلاك بوون، زۆربەی ڕۆژان، بەتایبەتی لە ڕوژانی سەرما و باران و بەفردا بە كۆڵ بۆ قوتابخانەیان دەبردم، سەبارەت بە كاروباری ڕوژانەم خێزانم و هاوڕێكانم لە زۆربەی كاری ماڵەوە یارمەتیدەرم بوون، هەم لە ڕابردوو، هەم ئێستاشدا، بۆیە لێرەوە سوپاسی ئەوان و هەموو ئەو خۆشەویستانە دەكەم كە لە بەڕێكردنی ڕۆژانی تەمەنم هاوكار و یارمەتیدەرم بوون. سەبارەت بە خوێندنیش قوتابییەكی زیرەك و هێمن بووم و لە گشت قوناغەكانی خوێندن قوتابیەكی دیار بووم، لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی كەمئەندامییەكەم لە هەندێ چالاكیی قوتابخانەكان بێبەش دەبووم، ئەوەش زۆر جار دەبوو بە كێشە بۆم. لە قۆناغی پۆلی چواری ئامادەیی وەرزێكم بە پایسكل تەواو كرد، بەڵام قۆناغی زانكۆ، تا ئاستێك بۆ من ناخۆش بوو، بە ژینگەیەكی نوێ و كەسانی نوێ ئاشنا بووم، كە پێشتر نەمدیبوون و نەمناسیبوون، هەروەها ڕاهاتن هەم لەناو زانكۆ، هەم لە بەشە ناوخۆیی، سەرەتاكانی تا ڕاددەیەك ناخۆش بوو، بەلام لە ڕووی خوێندن سوپاس بۆ خوا باش بووم و توانیم بە پلەی حەوتەم لەسەر ئاستی بەشەكەم لە زانكۆ دەر بچم».

توانا قاسم:  یارییەكانی من لە تەمەنی منداڵیم پاشماوەی دەرزی و ئەو كەلوپەلانە بوون كە بۆ چارەسەری برینەكانم بە كاردەهاتن
Top