سەرۆک بارزانی: کوردانی فەیلی بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان

سەرۆک بارزانی: کوردانی فەیلی بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان


سەرۆک مەسعود بارزانی، لە یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە هەولێر وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: کوردانی فەیلی بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان.

سەرۆک بارزانی، رایگەیاند: "ئامادەبووانی بەڕێز هەمووتان بەخێربێن و ئومێدەوارم کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستی بە جینۆساید ناساندنی کوردانی فەیلی سەرکەوتوو بێت. کوردانی فەیلی بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان و بەشێوەیەکی ئازایانە رووبەڕووی هەموو ئەو هەوڵانە بوونەوە کە ئامانج لێیان لەناوبردنی کوردانی فەیلی بوون. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانە، توانیویان ناسنامە و کولتووری خۆیان بپارێزن".

سەرۆک بارزانی گوتی: "سەرەڕای ئەوەی رووبەڕووی چەوساندنەوەیەکی زۆر بوونەوە، بەڵام کوردە فەیلییە شۆڕشگێرەکان توانیویان بەشداریان هەبێت لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتیکردنی شۆڕشی ئەیلوول. لەوانەیە بەشێکی زۆر لە ئامادەبووان ئەوە بزانن، کە سەرکردە باڵاکان، لەلایەن شۆڕشگێڕانی کوردانی فەیلییەوە بەڕێوەدەبران، لەوانەش سکرتێری گشتیی حزب، سەرۆکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەرۆکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و بەشێکی زۆری دیکەی پۆستە باڵاکان".

لە بەشێکی دیکەی وتارەیەکەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا: "کوردانی فەیلی رێز و متمانەیەکی زۆریان لەلای بارزانی نەمرەوە هەبوو، بەهۆی ئەو دڵسۆزی و ئینتمایەی بۆ کارەکانیان هەبوو. کوردانی فەیلی تووشی ئازار و کارەساتی زۆر بوونەتەوە. رژێمی پێشوو بە چەندین رێگە هەوڵیدەدا کوردانی فەیلی دەست لە هەڵوێستە نیشتمانییەکانیان هەڵگرن، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە شکستییان هێنا، هەر بۆیە پەنایان بردە بەر رێگەی دڕندانە، لەوانەش راگواستنی زۆرەملێ، بە تۆمەتی ئەوەی بیانین، هەروەها دەست بەسەر سەروەت و سامانەکانیان داگیرا. تائێستا 12 هەزار گەنجی فەیلی کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 30 ساڵدا بوو بەشێوەیەکی دڕندانە لەناوبران، تائێستا کەس نازانێت لە کوێش نێژراون".

سەرۆک مەسعود بارزانی، راشیگەیاند: "بێگومان لە ساڵی 1981 تاقیکردنەوە کیمیاییەکان لە ناوچەی 'عەکاشات' لەسەر زیاتر لە 300 گەنجی فەیلی ئەنجامدران. دواتر هەمان تاقیکردنەوەیان لەسەر نزیکەی 150 گەنجی بارزانی ئەنجامدا، کە بەهەمانشێوە پاکتاوکران، کۆمەڵکوژی دژی کوردانی فەیلی بەشێک بوو لە زنجیرەی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژیانە دژی گەلی کوردستان ئەنجامدران. هەروەها هەموومان ئەو کارەسات و کۆمەڵکوژییەی دژی کوردانی ئێزیدیمان بە چاوی خۆمان بینی، کە لە سەرووی هەموو چاوەڕوانییەکاندا بوون".

سەرۆک بارزانی، لە وتارەکەیدا گوتی: "خوشک و برایانی بەڕێز، وتار و لێدوان بەس نین، بەڵکوو پێویستە بەدوای هەموو ئەو رێگەیانەدا بگەڕێین، بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارە بوونەوەی تاوانی هاوشێوە بگیرێت. هەر لەبارەی سەرجەم قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژانەی دژی گەلی کوردستان و بەتایبەت دژی کوردانی فەیلی ئەنجامدراون، پێویستە قەرەبوویەکی دادوەرانەی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە و سەرجەم مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە".

لە وتارەکەی سەرۆک بارزانی، گوتی: "لێرەوە پێشنیار دەکەم ناوەندێکی تایبەت لە هەولێر دابمەزرێنرێت بۆ بەدواداچوون و کاروبارەکانی کوردانی فەیلی و وەکو مەرجەعێک بێت بۆیان. لە کۆتاییدا دەڵێم، "وَلَا تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتًا بَلْ أَحْيَاءٌ عِنْدَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ" و سلام عليكم ورحمة الله وبركاته".

سەرۆک بارزانی: کوردانی فەیلی بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان
Top