رهگــهزی نێرینه له هزری ئافره‌تی كورده‌واریدا
بۆ باسكردن له‌سه‌ر هه‌ر دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له لای هه‌ر میلله‌تێك ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كلتووری كۆمه‌ڵایه‌تی لای ئه‌و میلله‌ته، باسه‌كه‌ی ئێمه‌ش ئاشكرا‌و دیاره كه ده‌مانه‌وێت بزانین له كلتووری كورده‌واریدا ئافره‌ت تێڕوانینی چۆن بووه بۆ ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ری كه نێره؟
زۆرجار له‌م ڕۆژگاره‌دا باس له پیاوسالاری ده‌كرێت كه ئه‌مه‌ش بێگومان هۆكاره‌كانی زۆر زۆرن، هه‌ر له سه‌رده‌می دروست بوونی مرۆڤ _ئاده‌م و حه‌وا) تا ده‌گاته نێردراوه‌كانی خودای گه‌وره بۆ سه‌ر مرۆڤایه‌تی و ... هتد، كه لێره‌دا ناچینه ناو قوڵایی مێژووه‌وه، به‌ڵكو لای كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه و ده‌سته‌واژه‌ی كوردهواری ده‌گیرسێینه‌وه، كه پێمان ده‌ڵێت : ئه‌و پیاوسالاری و ده‌سته‌ڵاتداریه‌تی نێرینه له‌ناو كۆمه‌ڵگایه‌كی دیاریكراوی وه‌ك كورد كه ته‌نیا پیاو لێی به‌رپرسیار نییه، به‌ڵكو به‌شێكی ئه‌م دیارده ناته‌ندروسته ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئافره‌تان خۆیان، چونكه له زۆر كۆڕ و كۆبوونه‌وه بۆنه‌ی جیاوازدا، كه ته‌نیا پیاوێك له‌وێ نه‌بووه، به‌ڵام ئافره‌تان خۆیان به منداڵ و كوڕ و كچه‌كانیان وتووه كه نێرینه زۆر گه‌وره و گرنگ و باڵایه! ده‌بێت هه‌میشه له حودا بپاڕێینه‌وه كه نێرینه‌مان زۆر بێت، ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك له‌و نموونه و به‌ڵگانه‌ن كه له بۆنه كوردهوارییهكاندا هاتوونه گوتن :
* پێش ئه‌وه‌ی ئافره‌تێك به‌شوو بدرێت له‌ناو كورده‌واریدا كه ئێستا پێی ده‌وترێت (دیاریكردن) شه‌كر خواردنه‌وه، جاران پێی ده‌وترا (ناوجلان خواردنه‌وه) واته له شه‌وێكدا ژنان و خزمانی ماڵی زاوا چوونه‌ته ماڵی بووك و جل و به‌رگی جوانیان بۆ بووك بردووه و بووكیان ڕازاندۆته‌وه، وه‌ك ده‌زانین ئافره‌تی كورد له لادێیه‌كاندا هه‌میشه پشتێنێكی بچووكیان له كه‌مه‌ریان به‌ستووه بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێكی تایبه‌ت به‌خۆیان، له‌و شه‌وی دیاریكردنهشدا كه ژنان كۆبوونه‌ته‌وه دوور له پیاوان بانگی كوڕێكی بچووكیان كردووه كه بێت پشتێنی بووكه‌كه ببه‌ستێت و هه‌ر ژنه‌كان، پێیان وتووه : ئه‌و پشتێنه ببه‌یته كه‌مه‌ری ئه‌و بووكه و بڵێ "(له نییه‌تی حه‌وت كوڕ و یه‌ك كچ)"
* كاتێكیش كه كچێك كراوه‌ته بووك كوڕێكی بچووكیان خستۆته باوه‌ش به‌و هیوایه‌ی كه یه‌كه‌م (زگی) كوڕ بێت، ئه‌م كاره‌ش خودی ئافره‌ت خۆیان پێی هه‌ستاون و پیاوان به‌شداری ئه‌وتۆیان له‌و كاره‌دا.
* زۆرجار ئافره‌تێك یان پیره‌ژنێك دوعای خێر بۆ كچه‌كه‌ی ده‌كات پێی ده‌ڵێن "به دایكی كوڕان بین" هه‌رگیز نه‌یان وتووه به دایكی كچان بیت.
* جاران له كورده‌واریدا و هه‌تا ئێستاش له هه‌ندێ ناوچه هه‌ر ماوه، ئه‌گه‌ر ماڵێك كوڕێكیان بێت، ده‌بێت شه‌وی (سێزده) تا به‌یانی دانیشن به‌دیاریه‌وه و تا به‌یانی نه‌خه‌ون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كچ بێت ئاساییه و هیچ شه‌وێك تایبه‌ت نییه بۆی كه دانیشن به دیاریه‌وه.
* پاش له‌دایك بوونی كوڕ له زۆر ناوچه‌دا شایی و زه‌ماوه‌ند سازكراوه، بۆ نموونه له دایك بوونی (پیره‌مێرد)ی شاعیر، شایی و به‌زمێكی زۆر گه‌وره‌ی بۆ كراوه، یان ناونانی منداڵ ئه‌گه‌ر كوڕ بێت شایی و هه‌ڵپه‌ڕكێی بۆ ده‌كرێت، كه تا ئێستاش له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان باوه و ماوه وه‌ك نه‌ریتێك.
* هه‌روه‌ها كاتێ كوڕێك خه‌ته‌نه ده‌كرێت، شایی بۆ ده‌كه‌ن و خواردن ئاماده ده‌كرێت كه به‌و شایی و بۆنه‌یه ده‌وترێت (خه‌ته‌نه سوران).
* كاتێ كه كوڕ ژن دێنێت دایكی كوڕ شایی ده‌كرد و سه‌رچۆپی ده‌گرت، به‌ڵام كه كچه‌كه‌ی شووی ده‌كرد له ماڵدا گۆشه‌گیر ده‌بوو، نیمچه پرسه‌یه‌كی داده‌نا، ده‌سته خوشك و دراوسێكانی ده‌هاتن بۆ لای و دڵخۆشییان ده‌دایه‌وه، گه‌رچی ئه‌مه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی هۆگری دایك و كچی بووه پێكه‌وه، به‌ڵام هۆی تری كۆمه‌ڵایه‌تیشی له پشته‌وه بووه.
* له كورده‌واریدا له‌كاتی شه‌ودا نابێت له ماڵێكدا به‌بێ پیاو چه‌ند كچ و ژنێك بخه‌ون، هه‌ر ده‌بێت پیاوێكیان له‌گه‌ڵدا بێت، ئه‌گه‌ر منداڵێكی دوو ساڵانه‌ش بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه كوڕ بێت، چونكهو ده‌ڵێت (كوڕ فریشته داره).
* یان له ئه‌ده‌بیاتی میللی كورددا ده‌ڵێت : "بابا گوڕ گوڕ به گوڕ هاتم بۆ كوڕ هاتم" یان ده‌ڵێت :
باغی بێ په‌رژین زینه‌تی نییه
كچی بێ برا قیمه‌تی نییه
زۆرێك له‌م بۆنه و هه‌ڵوێست و كاتانه پیاو ئاماده نه‌بووه، به‌ڵام ئافره‌تان خۆیان ڕۆڵیان به پیاو داوه و زاڵیان كردووه به‌سه‌ر خۆیاندا، به‌پێی سه‌رده‌م و كاته جیاوازه‌كان، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو هه‌ڵوێست و ده‌ربڕینانه له كورده‌واریدا، ئافره‌تان پایه‌ی بڵندیان هه‌بووه و توانیویانه هاوشانی پیاوان بن.