نەسرین یەحیا: چینی خاوەن پێداویستیی تایبەت پەراوێز خراون و، دەمەوێت ببمە دەنگێك بۆ بە دەستهێنانی مافەكانیان

نەسرین یەحیا:  چینی خاوەن پێداویستیی تایبەت پەراوێز خراون و، دەمەوێت ببمە دەنگێك بۆ بە دەستهێنانی مافەكانیان

 

 

نەسرین یەحیا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری (ڕێكخراوی باوەش) بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و بەرپرسی كارگێڕیی(ڕێكخراوی هەدار) بۆ كارە مرۆییەكان، مامۆستا لە كەرتی پەروەردە، ئەگەرچی ئافرەتێكی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبووە لە خۆپێگەیاندنی و لە تێكشكاندنی بەربەستەكانی بەردەمی سەركەوتوو بووە، لە ماڵەوە هاوسەرێكی سەركەوتوو و دایكێكی پڕ ئەزموونە و لە دەرەوەی ماڵیش مامۆستایە و نەوەی داهاتوو لەسەر دەستەكانی پەروەردە دەكرێن. لەم دیمانەیەشدا باسی ژیانیی تایبەتیی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

نەسرین یەحیا، ساڵی 1992 لە قەڵادزێ لە دایك بووە و لە ئێستادا دانیشتووی شەقڵاوەیە و ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و دایكی دوو منداڵە و وەك خۆی باسی كرد، لە تەمەنی یەك ساڵی بە هۆی ڕووداوێكی نەخوازراو بە سەختی بریندار بووە و قاچی ڕاستی زیانی زۆری بەركەوتووە، 12 نەشتەرگەریشی بۆ كراوە. ئەو خاتوونە بەم جۆرە باسی ژیانی خۆی دەكات: «قوناغەكانی خوێندنم بە زحمەتەت بڕی، بەڵام تا قۆناغی زانكۆشم بە سەركەوتوویی بڕی. دوای خوێندنم ئەوەی كە زۆر شانازی پێوە دەكەم، پیشەكەمە كە وەكو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ڕێكخراوی باوەش بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و جێگری سەرۆكی هەمان ڕێكخراو و خاوەنی پڕۆژەی سمبول بووم لە ڕێكخراوی ناوبراو، كارەكەش دابینكردنی دایبی بوو بۆ منداڵانی ئیفلیجی مێشك، هەروەها ماوەیەك وەكو ژمێریار كارم كردووە لە كارگەیەك و ماوەیەك مامۆستای فێركاری شوفێری بووم بۆ ئافرەتان. وێڕای ئەوەی پیشەم مامۆستاییە لە پەروەردەی شەقڵاوە».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە خێزانەكەت تا چەند هاوكاری بوون و پشتیوانییان كردووی؟ گوتی: «زور سوپاسی دایك و باوكم و خوشك و براكانم دەكەم، بە ڕاستی لە هەموو قۆناغەكانی ژیانمدا زۆر هاوكارم بوون، هەمیشە پاڵپشتم بوون و قوربانییان بۆ پێگەیاندنم داوە، ئەوان جێگەی شانازیی منن». سەبارەت بە ئامانجەكانیشی بۆ داهاتووی خۆی گوتی: «دەمەوێت زیاتر خزمەتی چینی خاوەن پێداویستیی تایبەت بكەم و بتوانم ببمە دەنگێك بۆ بە دەستهێنانی مافەكانیان، چونكە بە ڕاستی چینێكی پەراوێزخراون».

نەسرین یەحیا ڕای وایە: «هێزی ڕووبەڕووبوونەوە لەو كاتە سەرهەڵدەدات كە ئافرەت هاوسەر و دایكە و خاوەن كاری خۆیەتی و لە دەرەوەی ماڵیش كار دەكات، مرۆڤەكان بۆ ئەوەی بژین پێویستیان بە ڕۆیشتنێكی ئاسۆیی هەیە كە ئەویش بریتییە لە ڕۆتینەكانی ڕۆژانە، ئەم جۆرە ڕۆشتنە گرنگە بۆ ژیانكردن و مانەوە. ڕۆیشتنی دووەم بریتییە لە ڕۆیشتنی ستوونی، واتا بەرزبوونەوەی مرۆڤەكان و هەنگاونان بەرەو پێشەوە، كە ئەو شێوازەیان زۆر گرنگە بۆ گەشەپێدانی (خود) و گەورەبوونی جیهانی ناوەوەی خود. عاریفان بەو شێوەیە باسی دەكەن، كە مرۆڤ دەتوانێت دەریا بێت، چیا بێت، باخ و باخات و بۆنی خۆش و ڕووناكی بێت، دەتوانێت شتانێك ببینێت كە چاوی سەر ناتوانێت بیانبینێت، كە گوێی ئاسایی ناتوانێت بیانبیستێت، مرۆڤ بە ئەزموونكردن دەگاتە قۆناغەكانی گەورەبوونی جیهانی ناوەوەی، مرۆڤەكان كەمینەیەكیان گرنگی بە جیهانی ناخیان دەدەن، لە ژیانی دونیادا مرۆڤەكان پێویستییان بە هەر دوو شێوازی ڕۆیشتن هەیە، هەم بۆ مانەوە و هەم بۆ ئەوەی ترۆپك و سمبول و كاریگەر بن، بەتایبەت ئافرەت كە زۆر پێویستی بە ڕۆیشتنی ستوونی هەیە، چونكە ئافرەت دەبێتە دایك و پەروەردەكار بۆ ئەوەی جیهان لە هێزی لەبننەهاتووی ئافرەت و پەرشبوونی میهرەبانی بێبەش نەبێت.

دەبێت فێری ئەو گەشتە بین بەناو خۆماندا بۆ ئەوەی بگەین بە خۆمان و خۆمان بدۆزینەوە، ئەو بەهرە و هێزەی كە خودا گیان پێی بەخشیوین بیدۆزینەوە و ببینە ڕووناكی بۆ خۆمان، تاكو خۆمان ببینین و چواردەوری خۆمان ڕووناك بكەینەوە، لە كۆتاییدا خێزانێكی تۆكمە و كۆمەڵگەیەكی تەندروست لەدایك ببێت. بەڵام لە ڕۆیشتنی ستوونیدا پێویستمان بە زیرەكی و لێهاتوویی و هێزی بوێری و چاونەترسی هەیە، هەروەها گوێ داخستن لە بەرانبەر قسە نەرێنییەكانی كۆمەڵگە و چاوداخستن لە وێنە نەشیاوەكان. هەروەها لاسایینەكردنەوەی ئەو كارانەی كە سوودیان نییە و مومارەسەكردن بۆ گەورەبوونی خۆمان وەكو بیركردنەوە كە خودای گەورە بە عیبادەت باسی دەكات، خوێندنەوەی كتێب و گوێگرتن لە كەسانی بەئەزموون و پەندوەرگرتن لە هەڵەكان. لە هەمان كاتدا بۆ ئەوەی بگەینە ئەو خاڵەی كە پێی دەگوترێت بەرزبوونەوە، پێویستمان بە بوونی (ئامانج)ـە، چونكە بەرزبوونەوە و ڕۆیشتن بۆ پێشەوە هیچ سوودێكمان پێ ناگەیەنێت، كە نەزانین بۆ كوێ دەڕۆین، چونكە ڕۆیشتنێكی بێ ئامانج ڕەنگە كۆتاییەكەی ونبوون بێت.

ئەو كاتەی كە كات دابەش كرا، ئەو هێزەی كە مرۆڤەكان هەیانە دەتوانن بە گەڕی بخەن بۆ گەیشتن بە ئامانج و لەناوبردنی هەموو لایەنە نەرێنییەكانی دەوروبەر.

لەم ڕۆژگارە ماندووكەر و جەنجاڵەدا كە ژیان بە گشتی بۆ ئافرەت ئەستەمە، كە هاوسەردار و دایك و خاوەن كاری دەرەوەی بێت، زیاتر بۆ ئێمەی خاوەن پێداویستیی تایبەت، چونكە ئێمە كۆمەڵە ئازارێك دەچێژین كە كەسانی جەستەساغ نایچێژن، كە بەو هیوایەم هەمووان ساغ و تەندروست باش بن.

من وەكو ئافرەتێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت، كارەكانم بە هۆی دیاریكردنی ئامانجەكان و پلانداڕێژی و ڕێكخستنی كاتەكانم، توانیومە تا ڕاددەیەكی باش سەركەوتن بەدەست بێنم، بەتایبەت وەكو هاوسەر و دایكی دوو منداڵ و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و گرنگیدانم بە پیشەی مامۆستاییم وەكو پەروەردەكار و مامۆستایەك بۆ قوتابییەكانم. هیوادارم هەموو ئافرەتان ئامانجەكانیان ڕوون بێت، بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا ببنە سمبول و ترۆپكی خێزان و كۆمەڵگە».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا ڕەوشی پەروەردە لە قوتابخانەكاندا چۆن دەبینیت؟ ئەو خاتوونە گوتی: «ڕەوشی پەروەردە بە شێوەیەكی گشتی بەرەو لاوازی دەچێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك، لەوانە:

١. دایك و باوك

منداڵ پەڕەیەكی سپی و بێ تاوانە، بە دەستی دایكی و باوكیەتی كە چۆنی پەروەردە دەكەن. دەتوانم بڵێم پەروەردەكردن پڕۆسەیەكە لەگەڵ سەردەم و گۆڕانكارییەكان، لە خێزانێكەوە بۆ خێزانێكی دی و لە ژینگەیەكەوە بۆ ژینگەیەكی دی دەگۆڕێت، هەروەها خودی كەسایەتیی دایك و باوكێك بۆ دایك و باوكێكی دی جیاوازە، ئەتەكێتی قسەكردن و توانای تێگەیاندنی دایك و باوكەكان بۆ منداڵەكان جیاوازە و ئەو جیاوازیانە منداڵی جیاواز بەرهەم دەهێنن، چونكە منداڵ تاكو تەمەنی پێنج ساڵی زۆربەی كردارەكانی لاساییكردنەوەن، ئەگەر توانای لاساییكردنەوەی نەبێت، ئەوا لە هزر و مێشكیدا دەمێنێتەوە، كەواتا هەتا بۆ ئەو تەمەنە نەڕۆیشتووە، دەبێت فریای منداڵەكانمان بكەوین و هەوڵ بدەین بەردەوام گۆڕانكاری بەرەو چاكەخوازی لە خۆماندا بكەین، تا بتوانین گۆڕانكاریی ئەرێنی لە منداڵەكانمان بكەین و بتوانین فێریان بكەین، تێیانبگەیەنین و پێیان بگەیەنین، كەسایەتییەكی بەهێزیان بۆ دروست بكەین و توانای بڕیاردانیان هەبێت، لە هزریاندا ئامانجێكیان بۆ دروست بكەین و، فێری پلانی ڕۆژانەیان بكەین، فێریان بكەین چۆن كاتەكانیان ڕێك بخەن، بەتایبەت كاتی خەو كە زۆر گرنگە بۆیان دیاری بكرێت، هەروەها دروستبوونی پەیوەندیی هاوڕێیانە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی دایك و باوكان بتوانن ئامانجەكەیان بپێكن لەگەڵ هەر هەنگاوێك كە بۆ بەرەو پێشچوونی منداڵەكانمان مەبەستمانە، دەبێت خۆمان دوو هەنگاو بەرەو پێشەوە بڕۆین، چونكە نابێت خۆمان كەسایەتیی لاوازمان هەبێت، بەڵام بڵێین دەبێت منداڵەكانمان بەهێز بن، كەواتا ئێمە ئاوێنەی منداڵەكانمانین، جگە لەوەی كە كۆمەڵگە و ژینگەی دەوروبەریش كاریگەریی خۆیان هەیە. منداڵ هێزێكی زۆری هەیە، ئەگەر ئەو هێزانەی منداڵ ئاڕاستە نەكەین، بە دڵنیاییەوە ئەو هێزە دەگۆڕێت بۆ هەڵچوون كە زیانی بۆ خۆی و خێزان و كۆمەڵگەش دەبێت . بەڕاستی ئەركی دایك و باوكە، پێش چوونی منداڵەكانیان بۆ باخچە و قوتابخانە بتوانن پەروەردەیەكی دروستی منداڵەكانیان بكەن، چونكە چوونی منداڵ بۆ قوتابخانە تەنیا كڕینی جلوبەرگ و قەڵەم و دەفتەر و جانتا نییە، بەڵكو بە لایەنی كەمەوە دەبێت منداڵ پێش چوونە قوتابخانە فێری چۆنیەتی لەخەوهەستان و سڵاوكردن و نانخواردن و خۆئامادەكردن و پاكوخاوێنی و ڕێزگرتن لە كتێب و كەلوپەلەكانی ناو قوتابخانە و ڕێزگرتن لە هاوپۆلەكانی و مامۆستاكان و خۆدوورخستنەوە لە شتە لاوەكییەكان و ڕێزگرتن لە پەیوەندییە كۆمەڵاتییەكان و ئاڵای پیرۆزی نیشتمان و سەروەرییەكانی وڵات و پاكڕاگرتنی ژینگە بكرێن، بەڵام بەداخەوە ئاستی هۆشیاریی زۆربەی دایك و باوكان زۆر لاوازە بەرانبەر پەروەردەكردنی منداڵەكانیان، بۆیە بە پێویستی دەزانم كە دایك و باوكان لەو تەمەنەی پێش چوونی منداڵەكانیان بۆ قوتابخانە، تەواو منداڵەكانیان ئامادەبكەن، ئەو ئاستە خراپەی كە ئێستا لە قوتابخانەكان هەستی پێ دەكرێت دایك و باوكان لێی خەتابارن و پێویستە هۆشیارتر بن.

٢. بەڕێوبەرایەتیی قوتابخانەكان و مامۆستایان بەتایبەتی:

بەڕاستی مامۆستا ڕۆڵێكی زۆر گرنگی هەیە لە پەروەردە و فێركردنی نەوەكانمان و لە دوای دایك و باوك شیاوترین مرۆڤە بتوانێت منداڵەكانمان ئاڕاستە بكات،(سەعیدی نوورسی) دەفەرموێت: «ئەو كەسەی كاكڵەی دەست نەكەوێ بە توێكڵەوە سەرقاڵ دەبێت».

بۆیە ئەركی مامۆستایە قوتابی ئاڕاستە بكات، ئەو هێزەی كە هەیەتی بتوانێت بیدۆزێتەوە و پەروەردەیەكی دروستی قوتابی بكات، مامۆستا دەتوانێت مرۆڤی بەرهەمهێنەر دروست بكات، ئەگەر مرۆڤی بەرهەمهێنەر بەرهەم نەیەت، ئەوا كۆمەڵگەیەكی ناتەندروست لەدایك دەبێت، بۆیە ئەگەر قوتابی پەروەردە نەكرا، ئەوا تەنیا بە توێكڵەوە خەریك دەبێت و دەبێتە نیشانەیەك بۆ هەموو تیرەكان.

٣. وەزارەتی پەروەردە:

وەزارەتی پەروەردە دەتوانێت زیاتر سیستەمی پەروەردە بەرەو پێشەوە ببات بە دابینكردنی بژێویی باشتر بۆ مامۆستایان بۆ ئەوەی چیتر مامۆستایان لە خەمی پەیداكردنی بژێویی ژیانی خۆیان نەبن، بەڵكو تەنیا ئامانجیان پەروەردەكردنی ڕۆڵەكانی نیشتمان بێت. ئەوەی لە توانایدایە بیكات لە قوتابخانەكاندا لە ڕووی گەشەپێدانی هزری قوتابیان لە ڕێگای سمینار و چالاكی و هۆشیاكردنەوەی قوتابیان و پەروەردەیەكی دروستی قوتابیان.

كاتێك كە دایك و بابان و مامۆستا و وەزارەتی پەروەردە ئامانجیان بوو و توانیان پەروەدەیەكی دروستی منداڵەكان بكەن» ئەوا بە دڵنیاییەوە خێزانی تەندروست، كۆمەڵگەی تەندروست و مرۆڤی بەرهەمهێنەر بەرهەم دێنێت.

 

Top