باشترین سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین C

باشترین سەرچاوە  خۆراكییەكانی ڤیتامین C

   ڤیتامین C كە بە ترشی ئەسكۆربیك Ascorbic acid ناسراوە، لە ئاودا دەتوێتەوە، سیفەتی دژەئۆكسانی بەهێزی هەیە، لە لەشدا ڕۆڵی زۆری بۆ ئەنجامدانی گەلێك فرمانی گرنگ هەیە، بۆنموونە پاراستنی خانەكانی لەش لە كاریگەریی فشاری ئۆكسان، ركۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن، هاندانی هەڵمژینی كانزای ئاسن لە كۆئەندامی هەرسدا، بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، پاراستن و باشتركردنی تەندورستیی پێست، پاراستنی تەندروستیی بۆڕییەكانی خوێن، پاراستنی تەندروستیی ئێسك و كڕكڕاگەكان، هەروەها هاندانی زوو چاكبوونەوەی برین. ڤیتامین C لە لەشدا خەزن ناكرێت بۆیە پێویستە كە ڕۆژانە بە بڕی پێویست لە خۆراكەوە وەربگیرێت، پێویستیی ڕۆژانە بۆ كەسانی پێگەیشتوو بریتییە لە 90 ملگم بۆ پیاو و 75 ملگم بۆ ئافرەت، بۆ كەسانی جگەرەكێش 125 ملگم، هەروە ها بۆ ئافرەتی دووگیان 85-120 ملگم. دەوڵەمەندترین سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین C بریتین لە: برۆكۆلی، كیوی، بیبەری شیرینی ڕەنگاوڕەنگ، كاڵەك، میوە مزرەكانی وەكو پرتەقاڵ و لیمۆ و لالەنگی، قەرنابیت، ئەناناس، فەراولە، گرێپ فروتی پەمەیی، میوەی پاپایا Papaya، پەتاتە، تەماتە.

 

Top