لەیلا قاسم، بەدەم سروودی كوردستانەوە بەرەو پەتی سێدارە

لەیلا قاسم، بەدەم سروودی كوردستانەوە بەرەو پەتی سێدارە



 

مێژوو، لاپەڕەیەکی پڕ لە قارەمانێتیی کچە کوردێک یاد دەکاتەوە کە بوێری و ئازایەتیی ئەو کچە شۆڕشگیڕە، وای کرد عەرشی دەسەڵاتدارانی بەغدا بهەژێنێ و دوژمنان تووشی لەرزۆکی بکات، بە جۆرێک كە پەتی سێدارە شەرمەزار بێت لە ئاست زوڵف و پەرچەم و گەردنیدا.

لەم ڕۆژەدا و (٤٩) ساڵ بەر لە ئێستا، لەپای هەلویستی كورد و كوردستانپەروەرانەی، گەردنی کچە قوتابیی كوردی خانەقینی (لەیلا قاسم)یان لە بەندیخانەیەكی بەغدا خستە بەر پەتی سێدارە و لەیلای تێکۆشەریش، بەدەم بردنی بەرەو سەكۆی لەسێدارەدان، سروودی شۆڕشگێڕانەی دەگوتەوە و وشەی کوردستانی ڕەنگڕێژی پەتی گەردنی دەکرد.

دوژمن بە شەهیدکردنی لەیلا قاسم، هەزاران لەیلای جۆشدراوی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کرد و ئەو کچە قارەمان و بزێو و ئازا و ڕۆشنبیرە، لە خوێنی هەزاران کچ و کوڕی ئەم نیشتیمانە بریندارە، هەوێنی چاند و ڕۆژ بەڕۆژ شۆڕشی کورد لە جاران زیاتر پەلی دەهاویشت و دوژمنانی دەتاساند، بە جۆڕێک دوژمنی تەنگەتاو کرد تا بە دڵۆپەخوێنێکی خۆی، جۆشی شۆڕشێکی هەمیشەیی بدا و گەلێک وەئاگا بهێنێ و بست بە بستی خاکی کوردستان لە پیسی و پۆستاڵی ڕەشی دوژمنان پاک بکاتەوە.

تا کورد خاوەنی ئەو جۆرە لە تەوار بێت، بێ شک ئاڵای کوردستان هەر شەکاوە دەبێت، چونکە لەیلا قاسمی كچە كورد، لە بەغدای پایتەخت و لە ناوجەرگەی دوژمندا، بە سروودی کوردستانم بەرە و پەتی سێدارە هەنگاوی نا و لەبەردەم پەتی سێدارەدا ترس و لەرزی لە دڵی دوژمنان چاند، لەیلا ئەو پشکۆیە بوو کە تا ئێستاش دوژمنان لە ناوهێنانی دەترسن.

نەتەوەیەك ڕۆڵەی وای هەبێت، هەرگیز ئامادەی ئەوە نیە سەر بۆ دوژمنان و نۆکەرانی دابنەوێنێت، شەهید لەیلا قاسم ڕاستە بە هەڵواسینی گیانی بۆ پێگەی شەهادەت فڕی و بووە سەروێرد و بەستە و هەڵبەست و گۆرانی بۆ تاک بە تاکی کورد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی سەلماند کە گەلێک لەیلایەکی وای هەبێت، جۆشدەری هەزارەها لەیلا دەبێت و گەلی وا سەرەڕای ئاستەنگ و زۆریی دوژمن و بەهێزیی نەیارانی، کاروانەکەی هەر دەگاتە مەنزڵ و دوژمنانیشی شەرمەزار دەکات، بۆیە لەم ڕۆژەدا و لە ئاستی شکۆمەندیی شەهیدی هەمیشە زیندووی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان و ڕیبازی بارزانی، سەری ڕێزم بۆ شەهید لەیلا قاسم و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دادەنەوێنم

Top