یاسایی و دەستووریبوونی ئیدارە سەربەخۆکان

یاسایی و دەستووریبوونی ئیدارە سەربەخۆکان

 

ئەگەر بە ناساندنی دەستەواژەی ئیدارە سەربەخۆکان دەست پێ بکەین، دەكرێ بێژین: بریتین لە یەکەی کارگێڕی ناناوەندیی هەرێمی، کە سنوورێکی جوگرافیای دیاریکراویان هەیە. بنچینە و هاتنەبوونی ئیدارە سەربەخۆکان، دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە 6ی ئابی2006 کە بووە هۆی هێنانەکایەی یەکەمین ئیدارەی سەربەخۆ ، کە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بوو .
دوای ئەوە و رێک بە دیاریکراوی لە کۆبونەوەی ژمارە 1084 لە رێکەوتی 2ی مایسی2011 ئیدارەیەکی دیکەی سەربەخۆ لەدایک بوو کە ئیدارەی راپەڕین بوو . لەم ساڵانەی دواییشدا ئەنجومەنی وەزیران پێیان وابوو کە قەرزاری خەڵکی سۆران و زاخۆن و بڕیاری بوون بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان لە 14ی ئەیلوول و لە 20ی ئەیلوولی 2021یش ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیان خستە بواری جێبەجێکردن .ئیدی دوای ئەمە خەڵکی ئەم سنوورەش بۆ راییکردنی کارەکانیان، پێویست ناکا روو لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بکەن . ئەگەر چی دروستبوونی ئیدارە سەربەخۆکان ، یەکێک بوو لە بڕیارە هەرە گرنگەکان و تێچوو و دووری خەڵک کەمکردۆتەوە و کارئاسانیەکی باش بووە، بەڵام گەلێک پێویستە هەموو بڕیارەکان بە دەستوور و یاساکان ببەستینەوە، لەبەرئەوەی بڕیارەکان گەر پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان بن ، وەک کوردەواری گوتەنی "دیواری سەر بەفرن".
بۆ شیکردنەوەی بابەتەکە، پشت دەبەستین بە دەستووری عێڕاقی فیدڕاڵی 2005 ، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان تاگو ئێستا؛ خاوەنداری دۆکیومێنتێکی دەستووری نەکردووە کە بە دەنگ و ویستی خەڵکی هەرێمی کوردستان یەکلابوبێتەوە و کەوتبێتە واری جێبەجێکردنەوە. لەدەستپێک تا کۆتایی دەستووری عێڕاقی تەنها لەدوو شوێن ئاماژە بە ناناوەندی کراوە ، کە یەکێکیان بەستراوەتەوە بە ناساندنی پارێزگاکان وەک یەکەیەکی پێکهێنەری سیستەمی فیدڕاڵی لە عێڕاق ، کە بەدەق لە ماددەی 116 هاتووە : ( یتكون النظام الفدرالي في جمهورية العراق من عاصمة و اقاليم و محافظات لامركزية و ادارات محلية ) . بەم وەسفە دەستووریەش ، پێگەی پارێزگاکان وەک یەکەیەکی پێکهێنەری سیستەمی سیاسی دیاریکراوە نەک وەک یەکەیەکی ناناوەندی کارگێڕی . لە وێستگەی دووەمی دەستوور ناوهێنانی ناناوەندی لکێنراوە بە کارگێڕیەوە و پێگەی پارێزگاکانی پێدیاریکراوە ، وەک لە ماددەی 122/ دووەم ، هاتووە ( تمنح المحافظات التي لم تنظم في اقليم الصلاحيات الادارية والمالية الواسعة ، بما يمكنها من ادارة شؤنها على وفق مبدأ اللامركزية الادارية ، ينظم بقانون ) . هەرچی سەبارەت بە پارێزگاکانە ، وەک یەکەیەکی کارگێڕی ناناوەندی ، دەستوور باس لە پێکهاتن و دابەشکردنی کردووە بە پێی ماددەی 122/ یەکەم ، یەکە کارگێڕیەکان ؛ قەزا و ناحیە و گوندەکان دەگرێتەوە .(تتکون المحافظات من عدد من الاقضية والنواحي والقرى ). بە گوێرەی ئەم دەق و باسکردنەش بێت ، هیچ یەکەیەکی کارگێڕی بەناوی ئیدارە سەربەخۆکان ، یان هەرناوێکی تر لەنێوان پارێزگا و قەزا باسی لێوەنەکراوە !. بۆ بنچینەی یاساییی ئیدارە سەربەخۆکان پێویستە بە دیاریکراوی لە یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارە (۳)ی سالی ۲۰۰۹ ی هەموارکراو رابمێنین و بكەینە پێوەری دیاریکردن و هەڵسەنگاندی پێگەی ئیدارە سەربەخۆكان لە هەرێمی کوردستان . لە بەرئەوەی یاسای ناوبراو دابەشکاریی یەکە کارگێڕییە ناناوەندییەکان و ئەرک و تایبەتکارییەکانی ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکان دياريدەکات و رێکدەخات. لە وردبوونەوە لە یاسای پارێزگاکان بۆ دیاریکردنی پێگەی ئیدارە سەربەخۆکان پێویست دەکات لە ناساندنی یەکە کارگێڕییەکانەوە دەستپێبکرێت کە لە بڕگەی حەوتەمی ماددەی یەکەمدا بەم شێوەیە ئاماژەی پێکراوە: (یەکەی کارگێری: پارێزگا، قەزا، ناحیە) دەگرێتەوە هەروەها لە بڕگەی هەشتەمی هەمان ماددە هاتووە: (سەرۆکی یەکەی کارگێڕی: پارێزگار، قایمقام، بەڕێوەبەری ناحیە) باسكراوە، هەر لەهەمان یاسا و بەدیاریکراوی لە ماددەی 18 / بڕگەکانی یەکەم و سێیەم هاتووە ، کە پارێزگار دەسەڵاتی وەکیلی وەزارەتە و بە مەڕسومێکی هەرێمی دادەنرێت و سوێندی یاسایی دەخوات لەبەردەم سەرۆکی هەرێم و بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ . لە ماددەی16 / بڕگەی سێ و ماددەی 23 / بڕگەی چواری یاسای پارێزگاکان هاتووە : قایمقام پلەی تایبەتی بەڕێوەبەری گشتیە و بەڕێوبەری ناحیەش یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیە ، سوێندی یاسایی دەخۆن لەبەردەم وەزیری ناوخۆ و بەئامادەبونی پارێزگار . بەڵام سەیر لەوەدایە هیچ دەقێک باسی لە چۆنیەتی سوێندخواردنی سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ناکات!. جگە لە وەى دابەشکاریی پێکهاتەی یەکە کارگێڕییەکان بەم شێوەیە لە بڕگەی شەشەمی هەمان ماددەی پێشوو هاتووە: (پارێزگا: یەکەیەکی کارگێڕیيە لە ناو سنوورە جوگرافییە کە لە قەزا و ناحیە و گوند پێکدێت). سەرەڕای ئەوە، ماددەی سێییەمی یاسای پارێزگاکان لەهەرێمی کوردستان دابەشکاری بۆ هەرێم دەکات ، بەم شێوەیە:(هەرێم لەرووی کارگێڕییەوە دابەشدەکرێ بۆ پارێزگاکان و پاریزگاکانیش بۆ قەزا و ناحیە و هەریەک لە یەکە کارگێڕیەکان، کەسایەتیی مەعنەوی و زیممەتی دارایی سەربەخۆی لەناو بودجەی پارێزگادا دەبێت) .کەواتە پێکهێنانی هیچ یەکەیەکی کارگێڕی بەدەر لەوەی لە یاسا بەرکارەکان باسی لێوە کراوە، یاسایی و دەستووری و رێگەپێدراو نییە!

Top