بەرەو نوێكردنەوەی پەیڕەوی پارێزراوە سرووشتییەكان

بەرەو نوێكردنەوەی پەیڕەوی پارێزراوە سرووشتییەكان

 

 

گرنگە لە پڕۆسەی نوێكردنەوەی پەیڕەوی پارێزراوە سرووشتییەكاندا لە سەرەتاوە هەر زاراوەیەك بە مانای خۆی بێتە پێناسەكردن بۆ نموونە:

پارێزراوی سرووشتی: بریتییە لە هەر ڕووبەرێك لە زەوی، یان لە ئاو، كە ڕەهەندی جوگرافیی دیاریكراویان هەیە و، سیستمێكی دەگمەنی سرووشتی، یان زیندەوەران لەخۆ دەگرێت، كە لە نێوان خۆیاندا دەژین، بەپێی سیستمێكی ژینگەیی دیاریكراو كە لەوانەیە هەندێكیان ڕووبەڕووی هەڕەشە، یان تێكچوون، یان لەناوچوون ببنەوە، بۆیە لەبەر بەهای ئەم سیستمانە لەڕووی كەلتووری و زانستی و گەشتیاری و جوانییەوە پارێزگارییەكی یاساییان دەخرێتە سەر بە مەبەستی پاراستن و بەردەوامیی پێدانیان.

پاركی نیشتمانی: بریتییە لە هەر ڕووبەرێك لە زەوی، یان لە ئاو، یان لە كەنار ئاوەكان، یان مێرگەكان، یان دارستانەكان كە وەك پاركێكی نیشتمانی ڕایاندەگەیەندرێت بە مەبەستی پاراستنی سیستمی ژینگەی سرووشتیی.

زەوییە شێدارەكان: بریتییە لە دەریاچە و زۆنگاو و زەوییە بە ئاو داپۆشراوەكان، جا سرووشتی بن، یان دەستكرد، هەمیشەیی بن، یان كاتی، لەبەر ڕۆیشتووی شیرین بن، یان وەستاوی سوێر، بەو ناوچانەی دەریاشەوە كە قووڵاییان لەلای هەرە نزمییەوە زیاتر لە شەش مەتر نییە.

گەشتیاریی ژینگەیی: بریتییە لە سەردانییكردنی ناوچە سرووشتییەكان و ئەنجامدانی چالاكییەكانی گەشتییاری ژینگەیی بەبێ ئەوەی هیچ دەستكارییكردنێك، یان زیانێك بە پێكهاتەكانی سرووشت بگەیەنرێت، ئەمەش وەك پابەندبوونێك بە ڕێنماییە ژینگەییەكانەوە.

نشینگەكان: ئەو شوێنە سرووشتییانەن كە جێگەی خۆڕسكانەی ڕووەك و گیانلەبەرانی ناوچەكەن و سەرچاوەی خۆڕاكیشن بۆیان.

جۆرە هەڕەشە لەسەرەكان: تەواوی ئەو ڕووەك و گیانلەبەرانەن كە لە ڕابردوودا ژمارەیان زۆر بووە و دواتر ژمارەیان لە كەمیی داوە، بە هۆی چالاكییە مرۆییەكانی وەك كشتیاریی و لەوەڕاندن و داربڕین و ڕاوی نایاسایی و پیسبوونی ژینگە و تێكدانی نشینگەكانیان.

كەلەپووری سرووشتی: بریتییە لە شوێنەوارە سرووشتییە دروستبووەكان لە پێكهاتە فیزیاییەكان، یان بایۆڵۆژییەكان، یان جیۆڵۆجییەكان، یان مۆڕفۆڵۆجییەكان، یان لە ژمارەیەك لەو پێكهاتانە كە بەهایەكی جیهانیی ناوازەیان هەیە لە ڕووانگەی جوانی و زانستی و، ئەو ناوچە بە وردی دیاركراوانەش كە وەك جێگەی ڕەسەنی ئەو جۆرە لە گیانلەبەران و ڕووەك ئەژمار دەكرێن كە هەڕەشەی لەناوچوونیان لە سەرە.

ناوچەی ناوەندی: ئەو ناوچەیەیە كە سیستمێكی ژینگەیی ناوازە، یان زیندەوەوەری هەڕەشە لەسەر، یان جۆرێك لە پارێزبەندیی تایبەت، یان بۆماوەیی كەلتووریی گرنگ لەخۆ دەگرێت و، پێویستیی بە دابینكردنی ڕێكارەكانی پاراستنێكی تایبەت هەیە، بۆ پارێزگاریكردن لە پێكهاتەكانی، جا هەر ڕووبەرێكی هەبێت.

ناوچەی لێوار: ئەو ناوچەیەیە كە دەورەی سنووری ناوچە پارێزراوە دیاركراوەكان دەدات، بەكارهێنانیشی بە تەواوكار ئەژمار دەكرێت بۆ ئامانجەكانی دامەزراندنی ناوچە پارێزراوەكان.

بەڕێوەبردنی شوێن: كەسێك، یان ژمارەیەك لە كەسی خاوەن ئەزموون كە بەڕێوەبردنی پارك، یان شوێنە پارێزراوەكەیان پێ دەسپێردرێت.

هەموو ئەم وردەكارییەش لە پێناوی ئەوەدایە كە پەیڕەوی پارێزراوە سرووشتییەكان ئامانجەكانی خۆی بەدی بهێنێت كە ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بریتین لە بەشێكیان:

1- پارێزگاریكردن لە سەرچاوە سرووشتییەكانی وەك فرەچەشنی بایۆڵۆژی و جیۆڵۆجییەكانی ناوچە پارێزراوەكان.

2- توێژینەوەی زانستی لە بواری زیندەزانی و ئیكۆسیستم و پێشكەشكردنی ئاسانكاریی بۆ توێژەران.

3- هاندانی گەشتیاریی ژینگەیی و چالاكییە مرۆییەكان بێ زیان گەیاندن بە سەرچاوە سرووشتییەكان.

4- هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پارێزگاریكردن لە ناوچەی پارێزراوە سرووشتییەكان و سەرچاوەی بۆماوە ڕووەكی و ئاژەڵییەكان وەك كەلەپووری نیشتمانیی هەرێمی كوردستان.

5- پاراستنی شوێنە سرووشتی و كەلتووری و كەلەپوورییە ناوازەكانی شوێنی دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەكە و بەدیهێنانی گەشەپێدان تیایدا لە ڕێگەی باش بەكارهێنانی دەرامەتە ئابوورییەكانی ئەو شوێنانە دوور لە كاریگەریی نەرێنیی چالاكییەكانی مرۆڤ.

 

Top