یادێك لە پەیوەندییەكانی مەلا مستەفای بارزانی و مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس - گەڵاڵە.. لەگەڵ سەرنجێك لە ئاستی بایەخدان و ڕێزی مەلا مستەفا بارزانی بۆ زانایانی ئایینی

   یادێك لە پەیوەندییەكانی  مەلا مستەفای بارزانی و مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس - گەڵاڵە..  لەگەڵ سەرنجێك لە ئاستی بایەخدان و ڕێزی مەلا مستەفا بارزانی بۆ زانایانی ئایینی

 

مەلا مستەفای بارزانی، وەك مەلایەكی وڵاتدۆست و پەروەردەی ماڵباتێكی ئایینی، هەرگیز چەرخە جۆراوجۆرەكانی ڕۆژگار ئەو كاریگەرییەی لەسەر دروست نەكردووە، بیر لە گۆڕینی هزر و پەروەردەی ڕەسەنی ئایینی ونیشتمانیی بنەماڵەی خۆی بكاتەوە، تەنانەت كاتێكیش دەگاتە یەكێتی سۆڤێتی جاران – لە كاتێكدا ئەودەم هەژموونی بیری كۆمۆنیستی سەراپای جیهانی ڕۆژهەڵاتی گرتبوویەوە-، بەڵام ئەمە كەمترین كاریگەری لەسەر فكری ڕێبەرێكی كارێزمای وەك مەلا مستەفا دروست ناكات، كاتێكیش دەگەڕێتەوە كوردستان بە هەمان نەفەسی ڕەسەنی ئایینیی كوردەواری و نەتەوەپەروەریی خۆی دەست بە تێكۆشان دەكاتەوە، لە شۆڕشەكەشیدا شكۆی زانایانی ئایینی خۆمانە دەخاتە سەرووی هەموو متمانە و ڕێز و بایەخێكەوە، لەم بەركوڵە كورت و پوختەدا، باسێك لە پەیوەندیییەكانی (مەلا مستەفای بارزانی) و زانای ناسراوی ئەو كاتەی كوردستان (مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس - گەڵاڵە) دەكەین، لەگەڵ ئاستی بایەخدان و ڕێزی مەلا مستەفا بۆ زانایانی ئایینی.

مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس، ساڵی (1903 ز) لە شاری بۆكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە، ساڵی (1928 ز) لە خزمەت مامۆستا شێخ عومەری ئیبنولقەرەداغی لە شاری سلێمانی، ئیجازەی عیلمی - مەلایەتی وەرگرتووە، پاشان نزیكەی پەنجا ساڵ مەلا و مودەڕیسی ئاوایی (گەڵاڵە) بووە لە ناوچەی شینكایەتیلە باشووری كوردستان، مامۆستا نووسراو و پەڕتووكی زۆری هەن، لەوانە وەرگێڕان و تەفسیری هەموو قورئانی پیرۆز بە زمانی كوردی، و چەندین بەرهەمی دی.

 مامۆستای ڕەئیس لە ماوەی ژیانیدا زیاتر لە هەشتا فەقێ لە خزمەتیدا ئیجازەی عیلمی – مەلایەتییان وەرگرتووە، لەوانە: د. مستەفا زەڵمی، مەلا سەعیدی زمناكۆیی، مامۆستا عەلائەدین سەجادی، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە – سكرتێری پێشووی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، دواجار مامۆستای گەڵاڵە ساڵی (1979 ز) ژیانئاوایی كردووە.

(مەلا مەحموودی گەڵاڵەیی) دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لە سەرەتای شەستەكاندا بوو، تازە شۆڕشی ئەیلوول هەڵایسابوو، هەواڵ هات مەلا مستەفای بارزانی، (گۆڕی پڕ نوور بێت) بە خۆی و ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگەوە بەڕێوەیە بۆ سەردانی (گەڵاڵە) و لەوانەیە بۆ شەو بگاتە جێ. جا بەم بۆنەیەوە (حاجی مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس - گەڵاڵە) پێی فەرمووم: بچۆرە فڵان شوێن (سیلەڕێ). كە (مەلا مستەفا) دەركەوت، خێرا وەرەوە پێمان بڵێ: بۆ ئەوەی خۆم و ژمارەیەك لە پیاوماقووڵانی گەڵاڵە ئامادە بین بۆ پێشوازیكردنی، منیش چووم و وەك پێم گوترابوو، چاودێری ڕێگاكەم كرد، لەو كاتەشدا چەند پێشمەرگەی بارزانی پێشتر هاتبوونە ناو دێ و چاوەڕێی گەیشتنی كاروانەكەیان دەكرد، كە ئەو دەمەیش گەڕان زۆربەی بە پیادە بوو. لە جیاتی ئۆتۆمبێل، تا كات گەیشتە دوای عەسرێكی درەنگ. لە دوورەوە بینیم، دیمەنی كاروانی بارزانی و پێشمەرگەكانی دەركەوت. هاتمەوە و هەواڵم بە (حاجی مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس)دا، ئیدی مامۆستا خۆی و پیاوانی ماقووڵی ئاوایی تەشریفیان هێنا لە دەرەوەی گوند بۆ پێشوازی لە بارزانی و هاوەڵانی وەستان، دوای بەخێرهێنان، میوانەكان بەرەو ماڵ و دیوەخانی (حاجی حەمە ئاغای گەڵاڵە) بەڕێ كەوتن، مامۆستا و فەقێكانیش هاتنەوە بۆ مزگەوت.

بانگی مەغریب درا. دوای نوێژ و نانی ئێوارە مامۆستا و دەستەیەك لە پیاوماقووڵان و فەقێكان چوون بۆ سەردانی (مەلا مستەفا) لە شوێنی حەوانەوەی. لە مەجلیسەكەدا (مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس) زۆر زانایانە كەوتە قسە ء باس لە هەموو زانستەكان بە مێژوو و جوگرافیاشەوە، تا ئامۆژگاری و شێوەی سیاسەت و ئیدارە و دەوڵەتداری. زیاتر لە نیو كاتژمێر لەم بارەیەوە بێ وەستان قسەی كرد، مەلا مستەفا بە وردی گوێی بۆ ڕاگرتبوو. زۆر تەماشای ڕوخساری نوورانیی مامۆستای دەكرد! زۆری پێ موعجیب بوو، تا دوای كۆتاییهاتنی قسەكانی. مەلا مستەفا پێی وت: ناوی جەنابت؟ فەرمووی: مەلا محەمەد.

مەلا مستەفا لێی پرسی: لەكوێ ئیجازەی عیلمیت وەرگرتووە؟ فەرمووی: لە خزمەت زانای فەرزانە مامۆستا شێخ عومەری ئیبنولقەرەداغی لە سلێمانی.

چەند ساڵە لەم ئاواییە مەلا ومودەڕیسی؟

فەرمووی: زیاتر لە چل ساڵە!

ئەمە یەكەم دیداری (مەلا مستەفای بارزانی) و (مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس - گەڵاڵە) بوو. ئینجا مەلا مستەفا ڕووی كردە مامۆستا و گوتی: سوپاس بۆ خوا كە ئێستا لە كوردستان مەلای ئاوامان هەیە، ئینجا بارزانی ڕووی كردە پیاوماقووڵانی گەڵاڵە وخەڵكی مەجلیس و گوتی: شانازییە بۆ ئێوە كە زاتێكی ئاوا پیرۆز (مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس - گەڵاڵە) مەلاتانە و ڕابەرایەتیتان دەكات، دووبارە سوپاسی خوا دەكەم كە بە خزمەت ئەم زاتە گەیشتم و سوودم لە ئامۆژگارییەكانی وەرگرت، دیسانەوە زۆریش خۆشحاڵم كە بینیم هێشتا لە كوردستان مەلای ئاوا مەزن و زانا و واقیعی هەیە.

ئینجا لەمەش گرنگتر ئەوەیە لە هەمان مەجلیسدا و وەك ڕێزلێنانێك بۆ گەورەیی (مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس) لە كەسێك خۆش دەبێت كە پوختەی چیرۆكەكەی ئەمەیە: لەو ناوچەیە (مەلا عەبدوڵڵا) ناوێك دەبێت، بە هۆی كێشەكانی ئەو كاتەی باڵی ترازاوی مەكتەبی سیاسییەوە. دەگەڵیان دەكەوێ، و تووشی هەڵەیەكی سیاسی دەبێت، و شۆڕش بڕیاری لەناوبردنی دەدات، بەڵام هانا بۆ (مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس) دەهێنێت، لە هەمان مەجلیسدا مامۆستا بە بارزانی دەڵێت: ئەوە فڵان كەسە، و من پێم وتووە نەچێت بەرەو هیچ جێگایەك و بێت، من لای بارزانی داوای بەخشینی دەكەم. دەڵێ: مەلا مستەفا دوای سەركۆنەكردنی لەسەر ئەو كردەوە ناپاكانە و خراپەی. ئامۆژگارییەكی زۆری دەكات، و بە خاتری مامۆستا مەلا محمەدی ڕەئیس دەیبەخشێت. ئەو مەلا عەبدوڵڵایەش لەوەودوا بڕیار دەدات واز لە سیاسەت بهێنێت و لە گوندێك دەست بكاتەوە بە مەلایەتی. كە دەمێك بوو وازی لێ هێنابوو. جا بۆ جارێكی دی كە (مەلا مستەفای بارزانی) ڕێی دەكەوێتەوە (گەڵاڵە) و باسی مەلا عەبدوڵڵا دێتەوە بە ناودا و دەڵێن: ئێستا مەلای یەكێك لەم گوندانەی دەوروبەرە. ڕاستەوخۆ مەلا مستەفا دەڵێت: دەسا وەڵا پێم خۆشە بچم سەردانێكی بكەم و ئاشتیشی بكەمەوە، مادام كەوتووەتەوە سەر ڕێگای ڕاست و خزمەت بە ئایین و نیشتیان، جا ئەوانەی لەوێ دەبن، دەڵێن: قوربان! گوندەكەی مەلا عەبدوڵڵا، (وڵاغلوو) لێرەوە زۆر دوورە، بە لایەنی كەمەوە بە پیادە چوار – پێنج سەعات دەبێ! (جا چوار – پێنج سەعات بۆ كەسێكی مەلادۆستی وەك بارزانی چییە!)، بۆیە لە وەڵامیاندا دەڵێت: هیچ دوور نییە و هەواڵی پێ بدەن بارزانی دێت بۆ دیدارت! بۆیە بۆ ڕۆژی دواتر دەچێتە سەردانی مەلا عەبدوڵڵا و زۆر ستایشی دەكات لە پای ئەوەی ئێستا وەك مەلایەكی نەتەوەپەروەر سەرقاڵی خزمەتی ئایین و نیشتمانەكەیەتی و بە هیچ جۆرێ حیساباتی ڕۆژانی ڕابردووی لەگەڵ باس ناكاتەوە!

نموونەیەكی دیكە كە هەم زانایەتی (مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس) دەردەخات، و هەم مەلادۆستیی (مەلا مستەفای بارزانی):

نووسەری پەڕتووكی (ژیاننامەی مەلای گەڵاڵە) نووسیویەتی و دەڵێت: ئەگەر هەموو پەڕتووكەكانی زانستەكانی شەریعەت لەناو بچوونایە. ئەوا مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس سەرلەنوێ و وەك خۆی دەینووسینەوە! و دواتر دەڵێت: لەو سەردەمەدا فەقێیەك – كە دوا وانەكانی مەلایەتی دەخوێند- ناوبانگی زیرەكییەكەی كوردستانی ئێران و عێراقی گرتبووەوە، ئەو ناوی (مەلا ئەحمەدی حاجی عەدە) بوو، لە زیرەكیدا پێیان دەگوت: شافیعی سەردەم! لە گوندی (بالك)ـی، نزیك شاری مەریوان لای زانای گەورە (مامۆستا مەلا باقری بالك) خوێندبووی، دواتر هاتبووە (بیارە) بۆ لای (مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس) و دواتر چووبووە خوڕماڵ بۆ خزمەت زانای كەم وێنە (مامۆستا سەیید عارفی چۆڕی)، لە هەموو ئەم زانا مەزنانە ئەوەی ویستبووی لە زانست وەریگرتبوو. تا دواجار دەگاتە (گەڵاڵە) و خزمەتی مامۆستا مەلا محمەدی ڕەئیس. نووسەر دەڵێت: (مەلا ئەحمەدی حاجی عەدە) تەنیا سێشەممان وانەی دەخوێند، كە لەو ڕۆژەشدا وانەی حوجرە پشووە. بۆیە وانەخوێندنی مەلا ئەحمەد زیاتر موناقەشاتی زانستی بوو، بەڵام لە ئاستی باڵادا.

(مەلا مەحموودی گەڵاڵەیی) دەڵێت: لە بیرمە سێ شەممەیەكیان كاتی وانەخوێندن هات، كە هەموو جارێ كاتژمێر هەشتی بەیانی بۆ دوانزەی نیوەڕۆی دەخایاند. جا دوای ئەو تاووتوێ زانستییە قووڵ ء فراوانە (مەلا ئەحمەدی حاجی عەدە) كاتی بانگی نیوەڕۆ هاتە دەرەوە و گوتی: هەموو هەفتەیێ من خۆم پڕچەكی زانست دەكەم بۆ سێشەممان. تا ئەم حەمەیە ڕاگرم! مەبەستی (حاجی مامۆستا مەلا محەمەدی ڕەئیس) بوو! دەی سوێند بە خوا ئەو پرسیارانەی ئاراستەی ئەوم دەكردن، ئەگەر ئاراستەی دانەری خودی زانستەكان كە عەللامە (مەلا سەعدی تەفتازانی)یە. بمكردایە، ڕام دەگرت! بەڵام بە ڕاستی سەرسامم و نازانم ئەم فەرزانەیە. ئەم هەمووە زانست و زانینەی لە كوێ هەڵهێنجاوە!

جا مەبەستی دووەمی من لەم گێڕانەوەیە، مەلادۆستیی (مەلا مستەفای بارزانی)یە، بۆ باش مەلایانی هەم خاوەن زانست و هەم وڵاتپەروەر، بۆیە كاتێك هەواڵی زانایەتی (مەلا ئەحمەدی حاجی عەدە) دەگات بە بارزانی و مەلاكان داوای لێ دەكەن قوتابخانەیەكی ئایینی گەورەی لەسەر خەرجیی خۆی بۆ بكاتەوە، تا فەقێیان و شەیدایانی زانست لە هەموو كوردستانەوە بێن و لە خزمەتیدا سودمەند ببن و بخوێنن، مەلا مستەفا زۆر بە پەرۆشەوە بەو داوایە ڕازی دەبێت، و بڕیارەكە دەردەكات. بەڵام بەداخەوە دواتر بارودۆخی شەڕ ڕێگە بەم ئامانجە مەزنە دەگرێت و سەرناگرێت، تا دواجار مەلا ئەحمەد پەیوەندی بە هێزە شۆڕشگێڕە كوردییەكانی ئەو كاتی دژبەری حكومەتی ئێران و بە دیاریكراوی تەڤلی كاروانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەكات و لەوێ وەك سەرنووسەری ڕۆژنامەی حزب لە بەغدا درێژە بە خزمەت بە نیشتمانەكەی دەدات، تا لە نەوەدەكاندا دەگەڕێتەوە ئێران و خۆی ڕادەست دەكاتەوە، بەڵام بەداخەوە لێی نابوورن، و دەكرێتە زیندانەوە و هەر لە زینداندا– بە تەمەنێكی زۆرەوە- دڵە پڕ لە زانست و شەیداكەی بۆ نیشتمان ونەتەوەكەی. بۆ هەمیشە لە لێدان دەكەوێت و ماڵئاوایی لە ژیان دەكات.

 

ژێدەرەكان:

(1). عُلَماءُنا فِـي خِدمَةِ العِلْمِ وَ الدين، دانانی: مامۆستا مەلا عەبدولكەریـمی مودەڕیس، ل537 - 538، چاپی یەكەم، (بەغدا - 1983).

(2). مێـژووی زانایانـی كورد، نووسینی: مامۆستا مەلا تاهیـری بەحركەیی، چاپی دووەم- 2016، بەرگی سێیەم، لاپەڕە (179 - 181).

(3). كورتەیەك لە ژیانی مەلای گەڵاڵە - حاجی مەلا محەمەدی ڕەئیس، نووسینی: مەلا مەحموودی گەڵاڵەیی، ل66 – 72، هەروەها ل100،چاپی یەكەم- 2019

(4). جُهوُد العُلَماء الكُرد فِي التَّفسيـر فِي العَصر الـحديث، د.أحمـد قاسم عبدالرَّحمن، ل224-226، چاپی یەكەم، بڵاوكردنەوەی: مكتبە دارالفَجر، دیمەشق – نووسینگەی تەفسیـر، هەولێر، 2016

د. عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد- ئەحمەدئاوا

لەدایكبووی (1982)، ئەحمەدئاوا، هەورامان – باشووری كوردستان.

ماستەر لە قورئانناسی – زانكۆی سلێمانی، و ماستەرنامەكەی توێژینەوەی ئەندێشە میانەڕەوانەكانی (دكتۆر مستەفا زەڵمی)یە.

دكتۆرا لە قورئانناسی – زانكۆی سلێمانی، و تێزی دكتۆراكەی توێژینەوەی بیروڕا و ئەندێشە ئایینییە كوردەوارییەكانی (دكتۆر مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیانی مەهابادی)یە.

خاوەنی (35) بەرهەمی چاپكراوە لە پسۆڕییەكەی خۆیدا.

 

Top