ئامادەكارییەكانی قوتابی قۆناغی دوازدە

ئامادەكارییەكانی قوتابی قۆناغی دوازدە


بیرمەند و فەیلەسوفی بە ناوبانگی ئیتالی(نیكولۆ میكاڤیلی)دەلێ" ئەگەر ئامادەكارییەكان گەورە بوون، ئەوا ناتوانرێ ئاستەنگەكان بە گەورەیی بمێنێتەوە".
شكی تێدانییە قوتابی قۆناغی دوازدەی ئامادەیی ماوەیەكە خەریكی خوێندن و خۆ ئامادەكردنن بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی وەزاری كەوا چەند ڕۆژی تر دەست پێ دەكات و ئەو تاقیكردنەوانە بە تاقیكردنەوەی چارەنووسی و دیاری كردنی پاشەڕۆژی قوتابی ناودەبرێت و قوتابی هەموو ئامادەكارییەكی بۆ دەكات تا بتوانێ‌ نمرەی زۆر باش بەدەست بهێنێ‌ و لە كۆلیژێك بە پێی خواستی خۆی وەربگیرێ و ماندووبوونی دوازدە ساڵەی بنەڕەتی و ئامادەیی بحەسێنێتەوە.
ئەوەی گرنگە قوتابی لەو ماوەیە دا چی بكات و چۆن خۆی ئامادە بكات ؟ تاوەكو تاقیكردنەوە بەترس و ئاستەنگ نەبینێ‌، پێش هەموو شتێك پێویستە قوتابی خوێندن و پێداچوونەوەی بابەتەكان بیكاتە كارە هەرە گرنگەكانی، چونكە ئەوەی لای قوتابی گرنگ بێ لە بیری ناكات و ئەوەی لای گرنگ و پێویست نەبێت ئاسانتر لە یادی دەكات، بۆیە پێویستە بەردەوام جەخت لە خوێندن و پێداچوونەوەی بابەتەكان بكاتەوە و لە هەرە گرنگەكان بێ تا فێری ببێ و لە بیری نەكات. بەڵام لەوەش گرنگتر سەرەتا پێویستە متمانەی بە خودی خۆی هەبێت پشت بە خودا ببەستێ‌ و دڵنیا بێت خودای گەورە ماندووبوون و شەونخوونی هیچ كەسێك بە فیرۆ نادات، هەر كاتێك قوتابی بە متمانەوە و بە ئیرادەی تەواو و بێ ترس بخوێنێ‌ خودا لەگەڵی دەبێت و ماندوو بوون و ڕەنجی بە فیڕۆ ناچێ، هەروەها بەردەوام بیركردنەوەی باش بكاتەوە خۆی لە بیركردنەوەی خراپ و ئەرێنی ڕزگار بكات، چونكە بیركردنەوەی خراپ و ترس و ڕاڕایی دووژمنە، پێویستە قوتابی خۆی ڕابهێنێ‌ و بەهێز بێ و هەرگیز نەڵێ من تێ ناگەم بابەتەكە قورسە دەرناچم، بەڵكو بە پێچەوانەوە بەردەوام بلی و بلێتەوە بابەتەکە ئاسانە و دەخوێنم و دەردەچم.بەردەوام بلی
ئەو هەموو قوتابیانەی ساڵەهای ساڵە بەو قۆناغە دا ڕەت بوون منیش بە سەركەوتوویی تێی دەپەڕێنم بە نمرەی زۆر باش، هەمیشە و ڕۆژانە بیركردنەوەی ئەرێنی و باش لەگەڵ خۆی بلێتەوە.
جودا لەوەش پێویستە قوتابی بۆ ئەوەی بیركردنەوە و هزری پەرش و بڵاو و پەرتەوازە نەبێت كە دەخوێنێ‌ لە هەموو ئامیرە ئەلیكرتۆنیەكان وەكو (مۆبایل، ئەنتەرنێت، تەلەفزیۆن، تۆرە كۆمەڵایەتیەكان)دووربكەوێتەوە، چونكە ئاسودەیی تێک دەدەن بیروهزری قوتابی دووردەخەنەوە لە خوێندن، هەروەها قوتابی لەو ماوەیەدا نابێ بیر لە هیچ جۆرە گیروگرفت و كێشەیەك بكاتەوە لە نێوان خێزان و خانەوادە و هاوڕێیەكانی هەرگیز بیریان لێ نەكاتەوە و مێشك و بیركردنەوەی ئاسودە و كۆنترۆڵ بكات و ژینگەیەكی لە باروجێگر و ڕەخساو بۆ خۆی فەراهەم بكات و دووربكەوێتەوە لە دەنگە دەنگی ماڵەوە و تەلەفزیۆن و ئۆتۆمبێل و هەموو ئەوانەی مێشك جەنجاڵ و سەرقاڵ و ماندوو دەكەن. هەركاتێك بابەتێكی دیاری كراو دەخوێنێ‌ هیچ بابەتێكی تر نزیكی نەبێت، تەنها بابەتی كە دەخوێنێ‌. بێگومان پێویستە ڕۆژانە كاتی پێویست بخەوێ لە شەودا بە تایبەت و جەستەی شەكەت و ماندوو نەبێت، بیری دەبێ هاوسەنگ و جێگیر بێت، ترس و ڕاڕا نەبێ، چونكە دوو دڵی و ترس زانیارییەكانی ناو مێشك و هزر دەكەنە هەڵم و لە ناوی دەبەن.
لە كۆتاییدا پێویستە قوتابی ئەوە بزانێ‌ هەموو ئارەزوو و خواست و كارو حەزێك دەكرێ لە كاتی تر ئەنجامی بدەی یان قەرەبووی بكەیتەوە لە كاتی تر، بەڵام تاقیكردنەوەكان كە كاتی تێ پەری هەرگیز نە دووبارە دەكرێتەوە و نەقەرەبوو دەكرێتەوە.

بەرێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

Top