فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی گۆڕانکارییەکانی هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئەو گۆڕانکارییانە پێچەوانەی دەستوور و رێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵییە.

دەقی روونکردنەوەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق:

بەداخەوە پێچەوانەی دەستوور و پێچەوانەی ئەو دەقە نووسراوەی پرۆژە بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ( 2023 و 2024 و 2025) کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێكکەوتنی لەسەر کرابوو، هەروەها پێچەوانەی رێكکەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، کۆمەڵێک پەرلەمانتاری لایەنەکان دەنگیان بە زیادکردنی هەندێک بڕگەی نوێ بۆ هەردوو مادەی (13 و 14) ی پرۆژە یاسای بودجە دا، ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دژی ئەم نادادی و غەدرە گەورەیە دەوەستینەوە کە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت و هەوڵەکانمان لە پێناو چەسپاندنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بەگەڕ دەخەین.

ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمانە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جارێکی تر وەکو تەنها حزبی کوردی دەنگی خۆی خستە پاڵ ئەو دەنگانەی کە دژی مافە یاسایی و دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان وەستانەوە، بۆ ئەم دژ وەستانەوەشیان بەرامبەر مافە دەستوری و یاسایەکانی خەڵکی کوردستان دەیانەوێت پاسا و بەوە بهێننەوە گوایە پشتگیری گەڕانەوەی بەشێک لە مووچە پاشەکەوت کراوەکانی فەرمانبەرانی کوردستان دەکەن! ئەمە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و دەمانەوێت بۆ هەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە کە ئەگەر یاسایی بودجە وەکو ئەوەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەکێتی نیشتیمانی و هەندێک لایەنی تر دەنگیان بۆ داوە تێبپەڕێت، ئەوا نەک پاشەکەوت ناگەڕێتەوە بەڵکو چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و سەرجەم شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە!

هۆکاری یەکەمی پاشەکەوتکردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بڕینی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەگەڕێتەوە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئێمەش لە فراکسیۆنی پارتی لە هەوڵی جدیدابووین بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق پابەندێتی خۆی سەبارەت بە دانەوەی بەشێک لە مووچەی پاشەکەوت کراوی فەرمانبەرانی هەرێم جێبەجێبکات، وە لە حاڵەتێکدا ئەگەر حکوومەتی عێراقی فیدراڵ ئەم پابەندیە ئەخلاقیەی خۆیشی جێبەجێ نەکردایە ئەوە بەدڵنیاییەوە لە داهاتوو حکوومەتی هەرێم خۆی پلانی بۆ دانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دەبوو.

ئەمەی یەکێتی و نەیارانی هەرێمی کورستان کردوویانە پیلانێکی ژەهراوییە دژی هەرێمی کوردستان و هیچی لە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کەمتر نییە.

Top