گرنگی ژمارەی لێدانەكانی دڵ لەكاتی حەسانەوەدا

گرنگی ژمارەی لێدانەكانی دڵ لەكاتی حەسانەوەدا

بەگشتی ژمارەی یان تێكڕای ئاسایی لێدانەكانی دڵ Resting heart rate لەكاتی حەسانەوەدا لە كەسانی پێگەیشتوودا لە نێوان 60-100 ترپەدایە لە یەك خولەكدا. لێدانەكانی دڵ كەم و زیاد دەكەن بە گوێرەی گۆڕان لە پێویستیی لەش بە ئۆكسجین لەگەڵ هەر چالاكییەكی ڕۆژانەدا، هەروەها پەیوەندییان هەیە بە: تەندروستیی كەسی، كێشی لەش، لەگەڵ ئاستی چالاكیی فیزیكی و جووڵەدا. تێكڕای لێدانەكانی دڵ لەكاتی حەسانەوەدا نیشاندەرێكی گرنگە بۆ تەندروستی بەگشتی و بەتایبەتیش بۆ ئاستی لیاقەی فیزیكیی هەر كەسێك. لە توێژینەوەكاندا هاتووە كە ژمارەی بەرزی لێدانەكانی دڵ لەكاتی حەسانەوەدا واتە تووشبوون یان ئەگەری بەرزی تووشبوون بە گەلێك حاڵەت و نەخۆشی وەكو: ڕەقبوونی خوێنبەرەكانAtherosclerosis، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆڵ لە خوێندا، نەخۆشیی دڵ، نۆرەی دڵ، كەمخوێنی، هەوكردنەكان، سترێس، پەستی، هەناسەتەنگی لەكاتی خەودا، نەخۆشیی شەكرە، جەڵتەی مێشك، ڕەبوو، هەروەها نەخۆشیی تەسكبوونەوەی درێژخایەنی ڕێڕەوەكانی كۆئەندامی هەناسە COPD.

 

Top