بێخاڵ عەبدوڵڵا: دوای ماوەیەكی كەم لە ژیانی هاوسەریم، ئاڵتوونەكانم فرۆشت و مەكینەیەكی دروومانم پێی كڕی و دەستم بە كار كرد

بێخاڵ عەبدوڵڵا:  دوای ماوەیەكی كەم لە ژیانی هاوسەریم، ئاڵتوونەكانم فرۆشت و مەكینەیەكی دروومانم پێی كڕی و دەستم بە كار كرد

 

 

مایەی پێزانینە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ڕێژەیەكی بەرچاوی خانمان لە ماڵەكانی خۆیانەوە دەستیان داوەتە كاركردن و تێكەڵ بە بازاڕی كار و سەرمایەداری بوون. بێخاڵ عەبدوڵڵا خانمێكی دەستڕەنگینی پارێزگای هەڵەبجەیە و نزیكەی چل ساڵە كاری دروومان دەكات، لەم دیدارەیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، دیوە شاراوەكەی ژیانی خۆی و ئاریشە و سەركەوتنەكانی بۆ خوێنەران دەخاتەڕوو.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

بێخاڵ عەبدوڵڵا ساڵی 1971 لە تەوێڵە لە ناوچەی هەورامان لە دایك بووە، بەهۆی بارودۆخی ئەوكات، بە حوكمی ئەوەی لە تەوێڵە كەمتر كچ خراوەتە بەر خوێندن، تەنیا تاوەكو پۆلی سێی سەرەتایی خوێندووە. بەڵام وەك خۆی باسی كرد، لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای كاری دروومانی هەبووە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «هەر لە منداڵییەوە لە ساڵی 1982 دەستم بە خەیاتی كردووە و تا ئێستا بەردەوامم، ساڵی 1989 ژیانی هاوبەشیم پێكهێنا، دوای ماوەیەكی كەم لە ژیانی هاوسەریم، ئاڵتوونەكانم فرۆشت و مەكینەیەكی دروومانم پێی كڕی و دەستم بە كار كرد، ئێستاش ئەو مەكینەیەم وەكو یادگارییەك پاراستووە، تەنانەت لە كاتی ئاوارەیی ساڵی 1991 لە ئۆردوگاكانی ئێران وازم لە خەیاتی نەهێنا، بە خۆشحاڵییەوە كچەكەشم لەسەر دەستی خۆم فێری كارەكە بووە و لە ئێستادا وێڕای كاری خەیاتی بەردەوام خولی فێربوونی بڕین و دروومان بۆ فێرخوازان دەكاتەوە».

بێخاڵ عەبدوڵڵا جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە ئێستادا ئاستی كاركردنی ئافرەت لە ناوچەكەیان لە ئاستێكی «زۆر باشدایە و بگرە لە هەموو ناوچەكانی دیكەی كوردستان لە پێشترە». هاوكات دەڵێـت: «هەر لە كۆنەوە لە هەڵەبجە عادیلە خانم دەسەڵاتی گرتوەتە دەست و وەكو قایمقامی هەڵەبجە دەستبەكار بووە، هەرچەندە بۆ ئەو كات كاركردنی ئافرەت لە دەرەوەی ماڵ قورس بووە، بەڵام ئەو نموونەی ژنێكی شۆڕشگێڕ بوو، دەتوانم بڵێم لە هەڵەبجە ئافرەت پێشەنگ بووە، ئەمڕۆش سەرۆكی شارەوانی و سەرۆكی زانكۆمان ئافرەتە. لەم ڕووەوە ئاستی تێگەیشتنی پیاو زۆر باشە و بە چاوی ڕێز و خۆشەویستی سەیری ئافرەتی خاوەنكار دەكەن.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە چ كەسانێك پاڵپشتیت دەكەن و چۆن هاوسەنگیی كاری دروومان و كاری ناوماڵ ڕادەگریت؟ گوتی: « بە حوكمی ئەوەی خاڵۆم و پوورەكانم كاری خەیاتییان كردووە، دەسپێكی كارەكەم زۆر ئاسان بوو، بە خۆشحاڵییەوە هاوسەر و كچەكانم هاوكارم بوون و توانیم تا ئاستێكی باش هاوسەنگی لە نێوان كارەكەم و ئەركی دایكایەتی و ڕاپەڕاندنی كاری ڕۆژانەی ناوماڵ ڕابگرم».

بێخاڵ كۆسپەكانی بەردەمیشی ناشارێتەوە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «دوای گەڕانەوەمان لە ئاوارەیی بە هۆی سەختیی باری ئابووریی ئەو كات كارەكەم زۆر لاواز بوو، خەڵك توانای كڕینی قوماشی زۆر كەم بوو، لەو كاتەدا ئێمە وەك زۆرینەی خەڵكی ناوچەكە باری داراییمان خراپ بوو، كرێچی بووین، بۆیە ناچار بووم كار بكەم و دەستم بە چنینی كڵاش كرد، لە پاڵ كارەكەم ئەركی دایكایەتیشم لەسەر شان بووە و دایكی پێنج منداڵم، بەم جۆرە كارم كرد و بە هەوڵ و ماندووبوونی زۆر تا ئێرەم هێنا، تا ئێستاش نە خۆم و نە كچەكەشم هاوكاریمان لە هیچ كەس و لایەن و ڕێكخراوێك وەرنەگرتووە، تەنیا پشتمان بە خۆمان و تواناكانمان بەستووە و بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆمان بەردەوامین و بەردەوام دەبین».

هەر سەبارەت بە كارەكەی زیاتر گوتی: «لە ڕابردوودا بەراورد بە ئێستا كاری دروومان زۆر زەحمەت بوو، كەوا نۆ پارچە بوو، سەڵتە هەشت پارچە بوو، سەڵتە و هێلەگەكان دەبوو بەتانەی پێوە بێت، زۆربەی خەڵكیش ئەو كات نەدار بوون، قوماشی كۆنەیان بۆ بەتانەی هێلەك و سەڵتە دەهێنا، بە شەو و ڕۆژێك دەمانتوانی سەڵتەیەك بدوورین، بە بڕە پارەیەكی كەم، بەڵام ئێستا لە خوا بەزیاد بێ، ئاسانكاریی زۆر كراوە، دروومانی جل لە جاران سادەتر بووە، بەڵام پوولەكە و كریستاڵی پێوە دەكەین. لە ئێستادا هێشتا شێوازی دروومانی مۆدێلە كۆنەكانی جلوبەرگی ئافرەتان لای زۆربەی خانمان پەسەندە و ڕۆژانە داوای شێوازی مۆدێلە كۆنەكان دەكەن».

 

Top