بەردەوامی ململانێکان لە پایتەختی سودان

بەردەوامی ململانێکان لە پایتەختی سودان

 

 

ئەمڕۆ پێکدادان لە ناوچە جیاجیاکانی پایتەختی سودان دەستیپێکردەوە.

دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستی ٧ ڕۆژە، پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ئەمڕۆ لە ناوچە جیاجیاکانی شاری خەرتوم بەردەوامە.

بە گوتەی ئاناتۆلی، لایەنەکان لەم ململانێیانەدا چەکی جیاوازیان بەکارهێناوە.

هەروەها لە ناوەندی خەرتوم دەنگی تەقینەوە بیسترا و لە ئاسمانی ئەم شارەدا فڕۆکەی جەنگی بینراوە.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای سودان بەشداریکردنی لە دانوستانەکانی ئاشتیی دوێنێی شاری جددە، بەهۆی پابەندنەبوونی یاخیبووان (هێزەکانی پشتیوانی خێرا) بە ڕێککەوتنەکانی نێوان لایەنەکان و پێشێلکردنی دووبارەی ئاگربەست، ڕاگرت.

شاندی سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە کۆبوونەوەیەکدا لە جددە بە نێوەندگیری سعودیە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ٢٢ی ئایاردا ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستی ٧ ڕۆژە. بەڵام لایەنەکان نەگەیشتنە ڕێککەوتن بۆ نوێکردنەوەی.

لە ١٥ی نیسانەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستیپێکرد و چەندین جار ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، بەڵام لایەنەکان بەردەوامن لە پێشێلکردنی.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top