شەیما جەمال كوێخا ڕاوێژكار لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ گوڵان: بۆ ساخكردنەوەی بەروبوومی دانەوێڵە كارگەی گەورە دروست كراوە

شەیما جەمال كوێخا  ڕاوێژكار لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ گوڵان:    بۆ ساخكردنەوەی بەروبوومی دانەوێڵە كارگەی گەورە دروست كراوە

 

 

بۆ ساڵی دووەمە جووتیاران بەروبوومی گەنمەكەیان لێ وەردەگیرێت و پارەیان دەدرێتێ، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا كەرتی كشتوكاڵ گەشەیەكی باشی بە خۆیەوە بینی، ئەمەش جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەكەیە لە گرنگیدان بە فرەچەشنكردنی ئابووری و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ. بۆ قسەكردن لەسەر دواهەنگاوەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ شەیما جەمال كوێخا ڕاوێژكار لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سازدا و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

* جێگەی دڵخۆشییە ئەوە بۆ ساڵی دووەم دەچێت جووتیارانی كوردستان گەنمەكانیان دەدروونەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ لێیان دەكڕێتەوە، ئایا تا چەند ئەم هەنگاوەی حكومەت بووەتە هاندەرێكی باش بۆ ئەوەی جووتیاران زیاتر بایەخ بە بەرهەمەكانی خۆیان بدەن؟

- پاش پەتای كۆڕۆنا و لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆكراینا حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتنە ئەو هەقیقەتەی كە پێویستە بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران پەرەی پێ بدرێت و پارێزگاری لێ بكرێت و، وەك هاندانێك بۆ جووتیاران هەنگاوێكی زۆر گرنگ نراوە پێش پەسندكردنی بودجەی عێراق لەو بودجەی فریاكەوتنەی لە عێراق هەیە، كە بودجەیەكی تایبەتە بە بەروبوومی دانەوێڵەی جووتیارانی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بیكڕنەوە و لە سایلۆكانی هەردوولا پارێزگارییان لێ بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر خەتە و بەردەوام ڕێككەوتننامەمان لە نێوانماندا هەیە، خۆشبەختانە ئەمساڵ بۆ ساڵی دووەم دەچێت كە بەرهەمی دانەوێڵەی هەموو جووتیاران دەكڕنەوە، بەو پێیەی كە نرخی دانەوێڵە لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرز بووەتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بە هاوكاریی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و وەزارەتی بازرگانیی هەرێم بۆ ئەمساڵیش بەرهەمی دانەوێڵەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەكڕنەوە، وەك دەستپێك بڕیارە ئەمساڵ (375) هەزار تەن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت، واتە ئەمساڵیش هەر وەك ساڵی ڕابردوو شاندی تایبەتیی هەرێمی كوردستان لە هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی و نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە عێراق هەوڵیان داوە، بەرهەمی جووتیارانی كوردستان وەك پارێزگاكانی دیكەی عێراق وەربگیردرێت، لە هەوڵ و كار و گفتوگۆداین كە بڕی وەرگرتنی گەنمەكە لەوەی بڕیارە و دانراوە، زیاتر بكرێت، بۆ هەر تەنێكیش (850) هەزار دینار دانراوە، هەر بۆیە ئەو پشتگیری و هاندانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، وای كردووە جووتیاران زیاتر و جددیتر كار بكەن بۆ چاندن و برەودان بە كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا.   

* بەشداریی شەخسی سەرۆك وەزیران لە دروێنەی گەنم لە گەڵ جووتیاران، هەروەها هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی كشتوكاڵییەكان لە دەرەوەی وڵات، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ئەوەی كە حكومەت دەیەوێت بایەخێكی زۆر بە بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ بدات. پرسیار ئەوەیە ئەو ئاسانكارییانە چین كە وەزارەتی كشتوكاڵ پێشكەشی جووتیاران و ئەو كەسانەی دەكەن كە پڕۆژەیان لە سێكتەرە جیاوازەكانی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان پێشكەش دەكەن؟

- بەشداریكردنی بەڕێز سەرۆكی حكومەت لە دوورینەوەی گەنمی جووتیاران كاریگەرییەكی زۆر باشی دەبێت بۆ بەرزكردنەوەی لایەنی مەعنەوی و هاندان و پاڵپشتییەكیشە بۆ جووتیاران، ئەوەی لەو بەشداری و هاوبەشیكردنانە گرنگترە، ئەوەیە كە هاوبەشی و بەشداریكردنەكە بەردەوام و بە جددی بێت و لە هەموو بۆنە و كارەكانی تایبەت بە كەرتی كشتوكاڵ لەگەڵ جووتیاران بەشدار بێت، لە لایەكی دیكەوە پێویستە بەڕێز سەرۆكی حكومەت بە هاوكاریی بەڕێز وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هەوڵ بدات كۆبوونەوە و دیداری وەرزی لەگەڵ جووتیاران ئەنجام بدات، تاوەكو لە نزیكەوە لە كێشە و گیروگرفت و داواكارییەكانی جووتیاران ئاگادار بێت، هەروەها هەنگاو و كارێكی زۆر گرنگ و پاڵپشتییەكی بەهێزە كە كار كراوە بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمی جووتیاران و ساخكردنەوەی، ئێمەش ئەو كارانە و ئەو هەنگاوە بەرز دەنرخێنین. وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەتایبەت بەڕێز وەزیر دەرگامان كراوەیە لە بەردەمی جووتیاران بۆ گوێگرتن لە كێشە و گرفت و داواكارییەكانیان لە نزیكەوە، لەلایەكی دیكەوە لە ئێستادا وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هەنگاوی جددی ناوە بۆ پاڵپشتی و خزمەتی زیاتری جووتیارانی هەرێمی كوردستان كە لێرەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەكەین،

یەكەم: پێدانی قەرزی كشتوكاڵییە بۆ جووتیاران لە ڕێگەی بانكێكی عێراقی، بێ ئەوەی سوودی بخرێتە سەر و درێژخایەنە.

دووەم: ڕێككەوتنێك لەلایەن وەزارەتەوە لەگەڵ كۆمپانیایەك كراوە، بۆ هێنانی ئامێری پێشكەوتووی هاوچەرخی كشتوكاڵی بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان.

سێیەم: كەمكردنەوەی نرخی كارەبایە بۆ هەموو كارو پڕۆژەیەكی كەرتی كشتوكاڵی.

چوارەم: لێخۆشبوونی گومركی بۆ هێنانی ئالیك و پێداویستیی دیكەی كەرتی كشتوكاڵ بۆ جووتیاران.

پێنجەم: ساخكردنەوەی بەروبوومی جووتیاران لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

شەشەم: داڕشتنی سیاسەت و بەرنامە و پلانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ حكومەتی هۆڵەندی بۆ نووسینەوەی سیاسەتی وەزارەتی كشتوكاڵ.

حكومەتی هەرێم بەتایبەت كابینەی نۆیەم و جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بەڕێز وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جەختیان لەوە كردووەتەوە كە لە دەرەوەی وڵات بازاڕ بۆ بەروبوومی جووتیارانی كوردستان بدۆزرێتەوە، ئەمەش بە دروستكردنی لێژنەی تایبەتیی ڕاوێژكاران تاوەكو بتوانین بەرهەمی جووتیاران لە دەرەوە ساخ بكەینەوە، لەو بەرهەمانەی هەرێمی كوردستان بۆ ساخكردنەوەی بە هەناردەكردنی هەنار دەستی پێ كرد، لە پاشان چەند بەرهەمێكی دیكەی وەك ترێ و هەنگوینی بۆ زیاد كراوە، هەوڵێكی زۆریش هەیە بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و ساخكردنەوەی بەروبوومی پەلەوەریش لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە دەرەوەی عێراقیش لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و وڵاتانی دیكەی دونیا.       

* لایەنێكی گرنگ بۆ بەپیشەسازیكردنی كشتوكاڵ، هاندانی وەبەرهێنانە بۆ ئەوەی پڕۆژە و كارگە دروست بكەن بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، بۆ ئەوەی لە كاتی بەرهەمهێناندا، جووتیاران بەرهەمەكانیان بە هەرزان نەفرۆشن، یان وەك ساڵانی پێشوو بینیمان جووتیاران ناچار نەبن، بەروبوومیان فڕێ بدەن؟

- وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا لەو بوارەدا كاری زۆری كردووە و خۆشبەختانە ڕێژەی وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵی لە (1.9%) بۆ نزیكەی (9%) بەرز بووەتەوە، ئەمەش بە هەوڵ و كۆششی وەزارەت و حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، بەتایبەت بە هاندانی وەبەرهێنەران و ئاسانكاری بۆیان، كە ئەمەش وای كردووە، گرنگییەكی زۆر بەپیشەسازیی بەرهەمی ناوخۆ بدرێت و پاڵپشتی و ئاسانكارییەكان بۆ وەبەرهێنەران وەك لە پێشتر ئاماژەمان پێ دا، بۆ جووتیاران جێبەجێ كراوە، وەك هەڵگرتن و لێخۆشبوونی گومرگی لەو ئامێر و تەكنەلۆژی و پێداویستییانەی لە دەرەوەی وڵات هاوردەی دەكەن و، ئاسانكاریكردن لە مامەڵەكانیان و ئاسانكاریشیان لە تەرخانكردنی زەوی بۆ ئەنجام دەدەین، هەروەها لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك سێ كارگەی ساخكردنەوەی دانەوێڵە دروست كراون، كە ئەو كارگەیانەش پاڵپشتییەكی گەورەن بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی دانەوێڵەی جووتیاران، هاوكات پشتگیریی وەبەرهێنەران كراوە بۆ دامەزراندنی كارگەی قوتووبەندی و دروستكردنی كۆگای ساردەكەرەوە، بەڵام هێشتا ئەو كارگە و ساردكەرەوانە بەپێی تمووحی ئێمە نییە، هاوكات بۆ ئەو كار و پڕۆژانە پێویستە جووتیاران و وەبەرهێنەران لەلایەن وەزارەتی بازرگانیش زیاتر پاڵپشتی و هاوكاری بكرێن.

* ئێستا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان چەندین كۆلێژی كشتوكاڵیمان هەیە، بەڵام ئەوەی دەبینین، ئەوەیە كە دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵ نە دادەمەزرێن، نە پرۆژەیەكیش هەیە خۆیانی تێدا ببیننەوە، ئایا بۆچی ئەندازیارانی كشتوكاڵی وەبەرهێنیان تێدا ناكرێت و ئەو زانستەی فێری بوون، بیگوزانەوە كێڵگەكان لە سێكتەرە جیاوازەكانی كشتوكاڵ؟

- خۆشبەختانە ئێمە لە ساڵی 2021 پڕۆژە یاسای هەلی كارمان بۆ دەرچووانی كەرتی كشتوكاڵ دانا، كە یاسای ژمارە (20) و ڕێنمایی ژمارە(4)ـە و لەناو ئەو ڕێنماییەدا خولی شیاندنمان بۆ زیاتر لە (11) هەزار دەرچووی كەرتی كشتوكاڵ كە دەرچووی (ئامادەیی، پەیمانگا و كۆلێژەكانی) كشتوكاڵن و وهەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دكتۆراشی تێدایە و، ئەوانەی لەو خولی شیاندنە دەردەچن، بڕوانامەی تایبەتی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویان پێ دراوە، بۆ ئەوەی بتوانن لە كەرتی تایبەت هەلی كاریان دەست بكەوێت، پێویستە ئەوە لەم كارەدا بزانرێت كە ئەمە دامەزراندن نییە لە كەرتی گشتی، بەڵكو بەگەڕخستنی توانایی ئەو كەسانەیە كە لە بوارەكانی كەرتی كشتوكاڵ بڕوانامەیان بەدەست هێناوە، هەروەها لە ڕێنماییەكەدا جەختمان لەوە كردووەتەوە، هیچ هاوكارییەكی پڕۆژەكانی كەرتی كشتوكاڵ نەكەین، ئەگەر ئەو دەرچووانەی خولی شیاندنیان دیتووە، لەلای خۆیان دایاننەمەزرێنن، ڕێكاری دیكەشمان هەیە بۆ وەبەرهێنەر و خاوەن كارگە و كێڵگەكان كە لە كاتی نوێكردنەوەی مۆڵەتەكانیان سەردانمان دەكەن، ئەوە ئیجبار دەكرێن بە دامەزراندنی ئەو كەسانە كە خولی شیاندنیان بینیوە و لە ڕێنمایی و یاساكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە، كە هیچ فەرمانبەرێك ناتوانێت سەرپەرشتیی پڕۆژەكانی كەرتی كشتوكاڵ بكات. لەلایەكی دیكەوە وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگاكان پەیوەستە بە پلانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە دەبێت پلانی تایبەتی هەبێت بەپێی بازاڕ و پێداویستی، قوتابیان لە كۆلێژ و بەشەكان وەربگرێت، هەروەها بەرپرسیاریەتییەكەش زیاتر دەكەوێتە سەر وەزارەتی پلاندانان و خوێندنی باڵا. 

* پرسی وشكە ساڵی، پرسێكی مەترسیدارە لەسەر كەرتی كشتوكاڵ، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دەبێت بەرنامەی بۆ چارەسەری وشكە ساڵی هەبێت، ئایا بەرنامەی وەزارەت بۆ چارەسەری وشكە ساڵی چییە؟

- وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە قورسە، چونكە گۆڕانی كەش و هەوا كاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەبووە و عێراق یەكێك لەو (5) وڵاتانەیە كە زۆرترین كاریگەریی گۆڕانكاریی كەش و هەوای لەسەرە و تووشی وشكەساڵی بووە، خۆشبەختانە كۆمەڵێك پۆند لە شوێنی جیاجیای هەرێمی كوردستان بۆ گلدانەوەی ئاو دروست كراون، هاوكات لە ئێستادا چەند بەنداویش تەواو بوون، وەك بەنداوی خەنس و دێوانە و...تاد، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق هەنگاونراوە كە چوار بەنداو لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێت، بۆ ئەو چوار بەنداوەش پلان و پڕۆپۆزەلەكە دانراوە و زۆربەی كارەكانیان تەواو بووە، تەنیا چاوەڕوانی ئەوەین ئەو بەنداوانە بچێتە بوار جێبەجێكردنەوە، هاوكات لە پلانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كشتوكاڵ هاتووە، هانی جووتیاران بدات و بەشی توێژینەوەی وەزارەت جۆری تازە لە دانەوێڵە و بەرهەمی دیكە بچێنن، هەروەها یاسای تایبەت بەبیر هەڵكەندن دەركراوە، ئەو یاسایە بۆ ئەوەیە بیرهەڵكەندن كەم بكرێتەوە، هاوكات هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت بەرەنگاری وشكەساڵی ببینەوە.

 

Top