گەنجێك هاوكاری سەركەوتنەكانی دایكییەتی: دایكم بەم كارەی شەش منداڵی پێگەیاند و هەر هەمووشمان زانكۆمان تەواو كرد

گەنجێك هاوكاری سەركەوتنەكانی دایكییەتی:  دایكم بەم كارەی شەش منداڵی پێگەیاند و هەر هەمووشمان زانكۆمان تەواو كرد

 

 

زمناكۆ حەمەغەریب، گەنجێكی پڕ جوولەی شاری سلێمانییە، دوای تەواوكردنی قۆناغی زانكۆ لە پاڵ پیشەی مامۆستایەتی و وانەوتنەوە، هاوكات لە ڕابردوو و لە ئێستادا پاڵپشت و هاوكارێكی سەرسەختی دایكە پیشەوەرەكەیەتی، وەك خۆی باسی دەكات هەموو هەوڵێك بۆ سەرخستنی پڕۆژەكەی دایكی دەدات كە لە ئێستادا زۆربەی خانەوادەكە كاری تێدا دەكەن. زمناكۆ حەمەغەریب بەمجۆرە باس لە سەركەوتنەكانی خانەوادەكەی لە بواری كار و بازاڕدا دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

زمناكۆ حەمەغەریب ساڵی ١٩٩١ لە شارەزوور لە دایك بووە، ساڵی ٢٠١٣ زانكۆی تەواو كردووە و بەكالۆریۆسی لە فیزیادا هەیە، ئێستاش لە ئامادەیی بنار لە شاری سلێمانی مامۆستایە.

زمناكۆ بەم شێوەیە باس لە ئەزموونی كاركردنی لەگەڵ دایكیدا بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات: «دایكم (فەوزیە خان) خەیاتێكی زۆر باش بوو، سەرەتا لە ماڵەوە كاری دەكرد، دەمزانی لە كارەكەیدا توانایەكی زۆر باشی هەیە، بۆیە هەمیشە دایكم هانم دەدا و پێم دەوت وەرە با كارەكەت گەورە بكەین، دواجار ساڵی ٢٠١٧ بڕیارمان دا، پڕۆژەكە گەورە بكەین و دەستمان پێ كرد، پڕۆژەكەمان ئێستا لە شاری سلێمانییە و بەرهەمەكانمان بۆ هەموو عێراق و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش دەنێرین.

دایكمان نزیكەی ٣٥ ساڵە كاری دروومان دەكات و حەزی بۆ كارەكەی زۆرە، دایكمان هەر چەند تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری زۆر بووە و سەختی زۆری چەشتووە، بەڵام كۆڵی نەداوە و لە كارەكەی بەردەوام بووە، ئەم بەردەوامییەش هۆكاری سەرەكیی سەركەوتنی كارەكەیەتی، پێموایە بەردەوامی گرنگترین شتە بۆ سەركەوتنی هەر كار و پڕۆژەیەك، دایكم بەم كارەی شەش منداڵی پێگەیاند و هەر هەمووشمان زانكۆمان تەواو كرد. دەتوانم بڵێم لە ئێستادا زۆربەی ئەندامانی خێزانەكەمان لە پڕۆژەكەدا خەریكی كاركردنن، لە شوێنی كارەكەمان كە كارگەیەكی گەورەی دوورمانمان هەیە، ٧ كەسین جگە لەوەی چەند خانمێك لە ماڵەكانی خۆیانەوە هەندێك كاری دەستیمان بۆ دەكەن بەتایبەت لە وەرزی بەهاردا.

كاری من لە پڕۆژەكەمان بەڕێوەبردنی سۆشیال میدیاكانە، خۆشبەختانە بینەرێكی زۆرمان هەیە و خانمان كارەكانیان لا پەسەندە، ئێستا لەم سۆشیال میدیایانە پەڕەی تایبەت بە خۆمانمان هەیە(فەیسبوك، ئینستاگرام، تیكتۆك، یوتیوب، سناپچات و تویتەر) جگە لەمانەش كاری پێچانەوە و گەیاندنی پۆستەكان زۆرجار خۆم دەیكەم و لە ڕێگەی كۆمپانیای گەیاندنەكانیشەوە بەرهەمەكانمان دەگاتە دەست كڕیارەكان و لە كاتی پێچانەوەی بەرهەكان زۆر گرنگی بە جوان پێچانەوەی دەدەین، چونكە لە چاوی كڕیار ئەمە زۆر گرنگە».

ئەو مامۆستا ئەوەشی دووپات كردەوە كە زۆر خۆشحاڵە لەوەی كە لەگەڵ دایكی پێكەوە كار دەكەن و گوتی: «ئەوە بۆ من بووەتە شانازییەكی گەورە، جگە لەوەش كاری سەربەخۆ زۆر خۆشتر و بەچێژترە لە كارێك كە لەژێر فەرمانی كەسێكی دیكەدا بیت، چونكە كاری سەربەخۆ ئەگەر بەردەوامیت هەبێت، زۆر خێرا گەشە دەكات و دەكرێت ببێتە سەرچاوەی داهاتێكی باش بۆ خۆمان لە لایەك و لەلایەكی دیكەوە خەڵكانێكی دیكەش دێنە ناو كارەكەوە و سوودمەند دەبن».

گوتیشی: «پاڵپشتیكردنی دایكم ئەركی دینی و ئەخلاقی سەرشانمە هەتا ئەو كاتەی دایكم بیەوێت من لەگەڵی دەبم و هەمیشە خزمەتی دەكەم بۆ كاری باشتر و پرۆژەی جوانتر».

زمناكۆ حەمەغەریب لە كۆتایی وتەكانیدا باسی لە ڕووخۆشیی دایكی كرد و گوتی: «یەكێكی دیكە لە سیفاتە جوان و باشەكانی دایكم لەم پڕۆژەیە، ئەوەیە كە كاتێك موشتەرییەكانی سەردانی دەكەن، هەمیشە دەم بە پێكەنین بە قسەی خۆش و ڕووی خۆشەوە دەچێت بە دەمیانەوە، بۆیە موشتەرییەكانی كە سەردان دەكەن، هەمیشە حەز بە بینینی دەكەن».

 

Top