دكتۆر گۆڤەند شێروانی بۆ گوڵان: دەستكاریكردنی ماددەی 13 و 14ی بودجە پێشێلكردنی دەستوور و ڕێككەوتنی ئیدارەی دەوڵەت و ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵیشە
ئەو گۆڕانكارییانەی ئەندام پەرلەمانەكانی یەكێتی و عەسائیب دژی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە دژی قەوارەی هەرێم ئامادەیان كردبوو، مەترسیی گەورەی لەسەر داهات و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، بەتایبەتی ئەو گۆڕانكارییانەی كە سێ مەرجیان داناوە بۆ ڕەوانەكردنی پشكی هەرێم. لە دیدارێكی گۆڤاری گوڵاندا لەگەڵ دكتۆر گۆڤەند شێروانی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری نەوت و ئابووری، تیشكیان خستە سەر نادەستوورییبوونی گۆڕانكارییەكانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* دوابەدوای ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و دەركەوتنی ئومێدێك بۆ چارەسەركردنی دۆسێی نەوت و گاز و بگرە چارەسەری سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان، لێژنەی دارایی گۆڕانكاریی لە كۆمەڵێك بڕگەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق كرد، بە ڕای ئێوە وەك پسپۆڕێكی شارەزا لە بواری نەوت و ئابووریدا ئەم گۆڕانكارییانە تا چەند دەستوورین؟
- گۆڕانكارییەكانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلایەن نوێنەرانی یەكێتی و عەسائیبەوە بە ڕێككەوت نەبوو، بەڵكو پلانی بۆ داڕێژدرا بوو، چونكە بەپێی هەردوو ماددەی دەستووری 112 خاڵی 1 و 121 خاڵی 3 كە لە ناو بودجەی فیدڕاڵیدا بە بێ مەرج و ئاستەنگ زامنی ڕەوانەكردنی پشكی هەرێم و سەرجەم پارێزگاكان دەكات، كەچی ئەوەی هاتووە لە گۆڕانكارییەكاندا سێ مەرجی قورسی بۆ ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان و مووچەی مووچەخۆران داناوە، ئەمە ڕێك نادەستوورییە و تەنانەت دژی هەموو ڕێككەوتنەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی ناو پێكهێنانی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و كارنامە وەزارییەكەیەتی، كە لەسەر ئەو بنەمایە محەمەد شیاع سوودانی ڕەزامەندیی پەرلەمانی وەرگرتووە و كابینە وەزارییەكەش دوای چاوەڕوانییەكی زۆر پێك هێنرا، ئەمەش بە دڵنیاییەوە بە دڵی زۆر لایەنی ناوخۆی هەرێم و عێراقی و تەنانەت وڵاتانی دراوسێ نەبوو، هەروەكو چۆن لە ڕێككەوتنە مێژووییەكەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا بۆ جارێكی دیكە نیگەرانیی نەیارانی كورد و بگرە حكومەتەكەی سوودانیشی لێ كەوتەوە، ئەم گۆڕانكارییانە دژی سەقامگیری و ئارامیی عێراق بە گشتییە و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە گورزێكی توند لە حكومەتەكەی سوودانی بدەن، ئەگینا دانانی مەرج بۆ ناردنی پشكی هەرێم لە بودجە، بەتایبەتی دوای ڕاوەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و تەسلیمكردنی بە كۆمپانیای سۆمۆ، ئیتر نەڕۆشتنی نەوتی هەرێم و كەركووكیش لە بۆری كەركووك – جیهانەوە دەكەوێتە ئەستۆی كۆمپانیای سۆمۆ، زیادكردنی خاڵێكی دیكە بەوەی ناوەند وەكو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكات، لە كاتی بوونی ناكۆكیدا، ئەمە پێشێلكردنی فیدڕاڵییەتی عێراقە لە دژی هەرێمی كوردستان، سەرهەڵدانی ئەم گرفتانە كە هاوكات بوو لەگەڵ دەركردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە نادەستوورییەتی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، پیلان و مەرامێكی تێكدەرانەی لەدوایە، لە چەندین بۆنە و لێدوانمدا ئاماژەم بەم ئاستەنگ و بەربەستانە كردووە، هەرواش دەرچوو، لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر گۆڕانكاری لە چەند بڕگەیەكدا بۆ ماددەی 13 و 14ی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی پێشێلكردنی بڕگەی دووی ماددەی 62ی دەستووری عێراقیشی كرد، كە تایبەتە بە یاسای بودجە، كە تێیدا هاتووە تەنیا پەرلەمان بۆی هەیە گواستنەوە لە بەشەكان و سێكتەرەكان لە ناو بودجەدا بكات، ئەمەش بە مەبەستی كەمكردنەوی ئەو بڕگانەی خەرجییان زۆرن، بەڵام لەم ماددەیەدا بە ڕوونی و ئاشكرایی دەڵێت پەرلەمان بۆی نییە هیچ بڕگەیەك زیاد بكات، یان بگۆڕێت، بۆیە ئەم پێشێلكارییە كە هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراقی بە نادەستووری درێژكردنەوەی ماوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، بە بۆچوونی من هەر دوو ڕووداوەكە پاڵنەری سیاسی لە پشتەوە بووە، بەتایبەتی دەستكاریكردنە نادەستوورییەكەی بڕگەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە ناو لێژنەی دارایی پەرلەماندا، ئەمەش بۆ شكستهێنانی هەنگاوە ئیجابییەكانی كابینەی سوودانییە كە لە تەنیا شەش مانگی ڕابردوودا هەنگاوی زۆر گەورە و ئیجابی گرتووەتەبەر و پەیوەندییەكانی نێوان كابینەكەی و حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕووی لە سەقامگیری و باشی كردووە، بەتایبەتی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە یەكێك لە دەستكەوتە هەرە گەورە ئابوورییەكان دادەنرێت، بە تەئكیدیش ئەمە بە دڵی زۆر لایەنی ناوخۆی هەرێم و عێراق و ناوچەكەش نییە، بۆ نموونە پەرلەمانتارانی یەكێتی و عەسائیب پێشنیارەكانیان كردووە و پێشتر ڕێككەوتنی لەسەر نەكراوە لەلایەن لێژنەكەوە، ئەمەش بۆ ئەو ململانێ و ناكۆكییە دەگەڕێتەوە كە ماوەیەكە لە ناوخۆی هەرێمدا هەیە، هەرچی لایەنی عەسائیبیشە كە ناسراوە بە دژایەتیكردنەكانیان بەرانبەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، ئەمە وێڕای ئەوەی زۆر لە پەرلەمانتارە عەرەبەكان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و موزایەدەیەكی سیاسی بەردەوام لە دژی هەرێمی كوردستان لێدوان و هەڵسوكەوت دەكەن، هەندێك لایەنی ناوخۆیی و زۆر كەس هەن، نایانەوێت كابینەیەكی هەرێمی كوردستان بەهێز بێت، چونكە بەهێزبوونی كابینەكە بە بێهێزبوونی خۆیان دەزانن.
* باسی گۆڕانكاریی چەند بڕگەیەكت كرد لەلایەن لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە، ئایا تا چەند ئەم گۆڕانكارییە نادەستوورییانە لە دژی ڕێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵە؟
- هەر ڕاستەوخۆ دوای ئەم پێشێلكارییە دەستوورییە هەر یەك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئەم گۆڕانكارییانەیان لە هەردوو ماددەی 13 و 14ی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا ڕەت كردەوە، كە لە دژی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستانە، سێ هۆكاریش هەیە بۆ ڕەتكردنەوەی ئەم گۆڕانكارییە، سەرەتا ئەمە دژ و پێچەوانەی ڕێككەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەكانی پێكهێنەری هاوپەیمانێتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، هاوكات ئەم گۆڕانكارییانە بەم شێواز و مەرجانە بە هیچ شێوەیەك ناگونجێت و یەك ناگرنەوە لەگەڵ دەقی ڕێككەوتنەكەی نێوان ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە بە ڕوون و ئاشكرا میكانیزمی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت و چۆنیەتی ڕێكخستنی داهاتەكانی لەخۆ گرتبوو، بگرە ئەمە مەترسییە بۆ سەر بودجە و مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، لە هەمووشی گرنگتر ناكۆكییە دەستوورییەكانە كە زیاتر لە چوار خاڵدا لەگەڵ دەقی دەستوور یەك ناگرێتەوە، كە گرنگترینیان ماددەی 62 ی دەستوورە لە خاڵی یەكەم و دووەمدا ئاماژە بەوە دراوە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و حیسابی خیتامیی كۆتایی بۆ پەرلەمان دەنێرێت بۆ دیراسەتكردن و پەسەندكردنی، بەڵام لێرەدا حیساباتی خیتامیی لەگەڵدا نییە، چونكە ساڵی ڕابردوو یاسای بودجە دەرنەچووە. لە خاڵی دووەمی ماددەی 62ی دەستووری عێراقیشدا دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی دیاری كردووە لە گواستنەوەی تەرخانكردنی پارەكان لە نێوان بەش و بابەتەكان و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، لە حاڵەتی زیادكردنی هەر بەند و بڕگەیەكدا دەبێت ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەكە بگەڕێندرێتەوە بۆ حكومەت، ئەمەش دەری دەخات كە ئەم گۆڕانكارییانە نە لەگەڵ ماددەكانی دەستوور یەك دەگرێتەوە، نە لەگەڵ ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و، نە لەگەڵ دەقی خاڵەكانی ڕێككەوتنەكەی نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لە وەرەقەی ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكانی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئاماژە بەوە كراوە كە سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان ڕوو لە چارەسەركردن بكات و، هیچ كێشەیەك ئاڵۆز نەكرێت و پەیوەندییەكان ئاسایی بكرێنەوە و پارێزگاری لە سەقامگیری و ئارامیی بارودۆخەكە بكرێت، بەداخەوە ڕەنگە هەموو ئەم ڕێككەوتن و خواست و ویستانەی كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراق و كوردستاندایە، نەچێتە خانەی بەرژەوەندیی هەندێك لایەنی سیاسی و پەرلەمانتار و گرووپی چەكداری و تەنانەت لایەنی ئیقلیمیشەوە، بۆیە هەركاتێك لە چارەسەركردن و ئاساییبوونەوەی دۆخەكە نزیك دەبینەوە، كەسانێك بە پاڵپشتیی ئەجندەی دەرەكی ڕیسەكەمان لێ دەكەنەوە بە خوری.
* گەڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە بەهۆی بڕینی بودجە و نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان بە ناچاری جێبەجێ كرا، تا چەند داواكارییەكەی جێگری دووەمی پەرلەمان بەوەی حكومەتی عێراق مادام ئەو بڕگەیەی زیاد كردووە، دەبێت بڕی پارەی دیاریكراویشی بۆ دابنێت، ئەمە تا چەند لە ڕووی واقیعییەوە گونجاوە؟
- بڕگەی یەكەمی تەعدیلاتەكانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بودجە یەكلاكردنەوەی حیساباتەكانە لە نێوان هەرێم و ناوەند، هەر لە ساڵی 2014 تاكو 2022 خۆ ئەگەر ئەم بڕگەیە لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا جێبەجێ بكرێت، ئەوا جیاوازییەكی زۆر لە بەرژەوەندیی هەرێم بەدەست دەهێنرێت و بەشی دانەوەی هەموو ئەو قەرز و پاشەكەوتە بەزۆرەملێیەی مووچەخۆرانیش دەكات، ئەم بڕگەیە لە لایەن هەریەك لە دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم كاری لەسەر كراوە.
* ئەی ناكۆكی لەسەر پشكی هەرێم و پارێزگاكان چۆن چارەسەر دەكرێت؟
- لە هەردوو ماددەی 112 بڕگەی یەك و 121 بڕگە سێ بەپێی ئەم دوو ماددەیە ئەركی سەرشانی حكومەتی فیدڕاڵییە بودجەی تەرخانكراو بۆ هەرێم و پارێزگاكان بنێرێت، بەپێی چڕیی دانیشتووانەكەی و بە ڕەچاوكردنی پارێزگاكانی زیانیان بەركەوتووە لە مومارەسەكانی ڕژێمی پێشوو، یان زیانەكانی شەڕی داعش بێ ئەوەی هیچ مەرجێك دانرێت، كەچی حكومەتی عێراق نەوتەكەی هەرێمیشی خستووەتە ژێر دەستی خۆیەوە و هێشتا دوو مەرجی لە لێژنەی دارایی لەسەر هەرێم داناوە بۆ ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە بنێرێت، ئەویش بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتە ڕۆژانە لەگەڵ ناردنی سەرجەم داهاتە نانەوتییەكان، لە كاتێكدا لەسەر ئەم خاڵەی دوایی ڕێك نەكەوتووین، تەنانەت لە بواری هەناردەكردنی نەوتیشدا ئەوەتا لە 25ی ئاداری ڕابردووەوە نەوتی هەرێم ڕاوەستاوە، ڕاوەستانی هەناردەكردنی نەوت بۆ لایەنی توركی دەگەڕێتەوە، نەوەكو لایەنی ئێمە لە هەرێمی كوردستان، لە رووی یاسایشەوە لە مانگی نیسانەوە هەناردەكردنی نەوت و فرۆشتنی ئەركی سەرشانی كۆمپانیای سۆمۆیە كە نەیتوانیوە لایەنی توركی قەناعەت پێ بكات و ئەم پرۆسە گرنگەی هەناردەكردنی نەوت دەست پێ بكاتەوە.
* وەكو پسپۆڕ و شارەزایەكی نەوتی و ئابووری و دارایی، بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- هەڵسوكەوت و مامەڵەكردنی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە بابەتی نەوت و گاز و مەسەلە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و پشتگوێخستنی ماددە دەستوورییەكانی دیكەی وەكو ماددەی 140 و میلیشیاتە چەكدارەكان و گەندەڵیی گەورە لە عێراقدا هەمووی جێگەی پرسیار و گومانە، هەرچۆنێك بێت لە دوای بڕیاری نادەستوورییەتی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان ڕێز لە بڕیارەكەی دەگرین، بەڵام ئەی نابێت میكانیزمەكانی چارەسەركردنی گرفتەكەش دیاری بكات؟ لەگەڵ هەموو ڕەخنە و تێبینیەكانمان ڕەنگە ئەم بڕیارە ماوەی جێبەجێكردنی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان نزیك بخاتەوە، كە سەرۆكایەتی هەرێم لە مانگی 12ی ساڵی ڕابردووەوە ماوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی دیاری كردووە، بەڵام بڕیارەكانی ئەم دادگایە دژی هەرێمی كوردستان بێ دۆزینەوەی چارەسەر دۆخەكە زۆر بە خراپی ئاراستە دەكات.