پڕۆفیسۆر گلێن ئەریك ئەندرێ دیزەن بۆ گوڵان:   نابێت ئەگەری بەكارهێنانی چەكی ناوكی لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا نادیدە بگرین

پڕۆفیسۆر گلێن ئەریك ئەندرێ دیزەن بۆ گوڵان:     نابێت ئەگەری بەكارهێنانی چەكی ناوكی لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا نادیدە بگرین

 

پڕۆفیسۆر گلێن ئەریك ئەندرێ دیزەن، زانایەكی سیاسیی نەرویجییە و بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری دامەزراوە و تەنگژە ئەمنییەكان لە زانكۆی ئازاد لە ئەمستردام بەدەست هێناوە. پێشتر نیشتەجێی ڕووسیا بووە و لە سكووڵی باڵای ئابووری لە مۆسكۆ كاری كردووە و، شارەزا و تایبەتمەندی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا و ئاوێتەبوونی ئەوروپایە. لە ئێستادا پڕۆفیسۆرە لە بەشی مێژوو و زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە زانكۆی باشووری ڕۆژهەڵاتی نەرویج. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەو شەڕە و ئەگەر و پەرەسەندەكانی.

 

* لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە باس لەوە دەكرێت- بە تایبەتی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە- كە ئەمە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییە و دژە لەگەڵ ئەو بنەمایانەی كە سیستمی نێودەوڵەتیی لەسەر بنیاد نراوە، ئێوە لەم بارەیەوە ڕاتان چییە؟

- ئەوەی لای هەمووان ئاشكرایە و لە نێو میساقی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا جێگیر كراوە و چەسپێندراوە، ئەوەیە كە سەرجەم وڵاتانی جیهان لە ڕووی سەروەرییەوە یەكسانن و لەم ڕووەوە نابێت و ناكرێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆی لە هەندێ پرەنسیپ و بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و سیستمی نێودەوڵەتی بدزێتەوە، چونكە ئەمریكا خۆی دەستتێوەردانی لە وڵاتانی دیكە كردووە و سنوورەكانی گۆڕیوە و پێشێلكاری كردووە.

* زۆرجار لەگەڵ هەڵكشانی ڕەوتی شەڕەكان و كاتێك ڕووسیا ناتوانێت سەركەوتنی سەربازی بەدەست بهێنێت، یان تووشی پاشەكشە دەبێتەوە، پرسی هەڕەشەی پەنابردنەبەر بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی دێتەوەئارا، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن و پێتان وایە ئەمە تەنها هەڕەشەیەكی بەتاڵە یان ئەگەر بارودۆخەكە بە چەشنێكی نەخوازراو لە دژی ڕووسیا پەرە بستێنێت، ئایا ڕووسیا بیر لە بژاردەیەكی لەم شێوەیە دەكاتەوە؟

-  لە ڕاستیدا من پێم وانییە ئەمە شتێكی ئەستەم و مەحاڵ بێت، ئەویش لەبەر ئەوەی ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ناتۆ ڕایانگەیاندبێت كە ناكرێت و نابێت لەم شەڕەدا ئۆكرانیا تووشی دۆڕان بێت، ئەوا بە هەمان شێوە ڕووسیاش ناتوانێت و بەرگەی ئەوە ناگرێت كە شەڕەكە بدۆڕێنێت. بەڵام كێشەكە ئەو كاتە دەست پێ دەكات، ئەگەر پەرەسەندن و پێشهاتی شەڕەكە بە چەشنێك بێت كە مایەی دۆڕان و شكستی هەر دوو لا بێت، ئەوەتا هەر كاتێك ئۆكرانیا لە سەروبەندی ئەوەدا دەبێت، یان نزیك دەبێتەوە لەوەی شەڕەكە بدۆڕێنێت، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆخەكە بەرەو هەڵكشانی زیاتر دەبات و تەقەمەنیی زیاتر و چەكی قورستر بۆ ئۆكرانیا ڕەوانە دەكات. بەڵام بۆ ئەوەی بە وردی وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە بدەینەوە، ئەوا پێم وایە ئەگەر ئەمریكا هێزی تایبەتیی خۆی لە ئۆكرانیا بەكار بهێنێت و لەژێر ئاڵای ئەمریكادا شەڕەكە و دۆخەكەش بە شێوەیەك پەرە بستێنێت، كە تێیدا تووشی دۆڕان بێت، ئەوا دوور نییە لەم كاتەدا ئەمریكا بیر لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی بكاتەوە. من پێم وایە هەمان شت بۆ ڕووسیاش ڕاستە، واتە لەژێر هیچ هەلومەرجێكدا ڕووسیا قبووڵ ناكات كە هێزەكانی ناتۆ بەرەو هەرێمی كریمیا پێشڕەوی بكەن، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ڕووسیا بكەوێتە باری دۆڕان و ببینێت هێزەكانی ناتۆ بەرەو هەرێمی كریمیا دەڕۆن، ئەوا ڕەنگە لەم ساتەوەختەدا بیر لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی بكاتەوە. ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەینەوە، ئەوا ڕەنگە ڕێی تێنەچێت كە لە ئێستادا بەكار بهێنرێت، بەڵام نابێت وەك ئەگەرێك نادیدەی بگرین.

* زۆرێك لە شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن كە پێویستە لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترێت ململانێی هێزە مەزنەكانی جیهان لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بڕوانین، واتە ئەمە شەڕێك نییە تەنیا لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا بێت، بەڵكو هێزە جیهانییەكانیش تێوەگلاون، لەم ڕووەوە دەمانەوێت پرسیار لە بارەی ووڵاتی چینەوە بكەین، ئایا چۆن لە هەڵوێستی چین دەڕوانن لە ئاست ئەم شەڕەدا؟

- جارێ دەبێت ئەوە ڕوون بكەینە و بیخەینەڕوو كە هەڵوێستی چین لە ئاست ئەم شەڕەدا ئەوەیە كە چین پشتیوانی لەوە نەكردووە كە ڕووسیا وڵاتی ئۆكرانیا داگیر بكات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لە ناكۆكییە بەرفراوانترەكەی نێوان ڕووسیا و ناتۆ بڕوانین، ئەوا چین ئۆباڵی ناكۆكییەكەی خستووەتە ئەستۆی ناتۆ و پێی وایە ناتۆ ڕووسیای ئیستیفزاز كردووە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە شەڕەكە دوو ڕەهەندی هەیە، ڕەهەندێكیان پەیوەستە بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیاوە، ڕەهەندەكەی دیكە ناكۆكییە بەرفراوانترەكەی نێوان ڕووسیا و ناتۆیە. كەواتە دەتوانین لێرەدا ئەوە دووپات بكەینەوە كە چین لەگەڵ ئەوەدا نەبوو ڕووسیا پەنا ببات بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا، بەڵام لە هەمان كاتدا بەرپرسیارێتی ئیستفزازكردنی ڕووسیا دەخاتە ئەستۆی ناتۆ. لێرەدا ئاماژە بەوەش بكەین كە هەر تەنیا چین ئەم هەڵوێستەی نییە، بەڵكو ئەگەر بڕوانین ئەوا دەبینین وڵاتی هیندستانیش هەمان شت دووبارە دەكاتەوە و پێی وایە لە كاتێكدا داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕووسیاوە مایەی قبووڵكردن نییە یان شایانی پشتیوانیلێكردن نییە، بەڵام لە هەمان كاتدا پەنجەی گلەیی بۆ ناتۆ ڕادەكێشێت لەسەر ئیستفزازكردنی ڕووسیا. كەواتە ئەم هەڵوێستەی چین و هیندستان ئیدانەكردنی شەڕەكە لەخۆ ناگرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا دەستەبەركردنی پاڵپشتی و هاوكارییش لەخۆ ناگرێت.

*  ئاشكرایە كە ئەم شەڕە كاریگەری و دەرهاویشتەیەكی زۆری هەبووە و دەبێت لەسەر وڵاتانی ئەوروپا، ئایا پێتان وایە ئەو ئاڵوگۆڕە چییە لە حیساباتی وڵاتانی ئەوروپادا ڕووی داوە و ڕوو دەدات لە پەیوەندی بە ئاسایشی وزە و ئاسایشی سەربازیی ئەم كیشوەرەوە؟

- ئێمە دەبێت سەرەتا ئاماژە بەوە بكەین كە ئەم كێشەیە و ئەم پرسە تەنیا پەیوەست نییە بەم شەڕەی ئێستا و بە دەرهاویشتەكانیەوە، بەڵكو ئێمە دەزانین كە پێشتریش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵی دەدا كە قەناعەت بە وڵاتانی ئەوروپا بكات كە دەست هەڵگرن لە هاوردەكردن و كڕینی وزە (نەوت و غاز)ی ڕووسیا و دەستەبەرداری كڕینی تەكنەلۆژیای چین بن، هەروەها هانی داون دووبارە سزاكان بەسەر ئێراندا بسەپێننەوە، واتە ڕایەڵ و پەیوەندییەكانی ببڕێت لەگەڵ هەندێ ناوەند و هێزی دیكەدا، ئەوروپاش توانیویەتی بەرهەڵستیی ئەم هەوڵانە بكات، بەڵام هەروەك ئاشكرایە لە سەروەختی شەڕدا وڵاتانی ئەوروپا بە ڕاددەیەكی زیاتر و زۆرتر پشتبەستوو دەبن بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە پەیوەندی بە پرسی ئاسایشەوە، لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەمریكا كاریگەری و دەستڕۆیشتووییەكی زیاتری هەیە لەسەر وڵاتانی ئەوروپا و فشاری زیاتر دەكات بۆ ئەوەی ئەم وڵاتانە خۆیان بە دوور بگرن لە پشتبەستن بە هاوردەكردنی وزە لە ڕووسیا و لە كڕینی تەكنەلۆژیای چین. كەواتە لە ئێستادا دۆخێك دروست بووە كە ئەوروپا زیاتر پشتبەستووە بە ئەمریكا تا ئەو ڕاددەیەی كە سەرۆك ماكرۆن هۆشداری دا لەوەی ئەوروپا ببێتە پاشكۆی ئەمریكا، كە ئەمەش مایەی قبووڵكردن نییە. لە ڕاستیدا زۆر كەس لە ئەوروپا هەمان بیركردنەوە و تێڕوانینی سەرۆك ئیمانۆیڵ ماكرۆنیان هەیە، بەڵام زۆربەیان بوێریی ئەوەیان نییە بە دەنگێكی بڵند گوزارشتی لێ بكەن.

* دوا پرسیارمان پەیوەستە بە پێشبینییەكانتانەوە بۆ ئەم شەڕە، ئایا پێتان وایە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بەردەوام دەبێت، یان لە ئایندەیەكی نزیكدا هەر دوولا دەگەنە ئەو قەناعەتەی كە ناتوانن بە شێوەیەكی سەربازی یەكلای بكەنەوە و دەبێت ڕازی بن بە ڕێگای گفتوگۆ كۆتایی پێ بهێنن؟

- من هەمیشە بە حەزەر بوومە لەبارەی پێشبینیكردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی ئەوە دەكەم كە لە هاوینی ئەم ساڵدا سوپای ئۆكرانیا بە ڕاددەیەكی گەورە تووشی تێكشكان ببێت، ئەو كاتەش ڕووسیا پێشڕەوییەكی خێرا دەكات، لەو هەلومەرجەشدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا دەگەنە ئەو قەناعەتەی كە ناتوانن شكست بە ڕووسیا بهێنن، یان بەر بە پێشڕەوییەكەی بگرن، ئەو كاتە ڕازی دەبن كە گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیا بكەن و بەدیلی بۆ بخەنەڕوو. هەرچۆنێك بێت ئەگەر هەردوولا پێیان وابێت دەتوانن سەركەوتن بەدەست بهێنن لەم شەڕەدا، ئەوا هیچ لایەك ئامادە نابێت، سازش بكات.

Top